کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

چارەسەرکردنی کێشەی منداڵانی کار و خیابان بە شێوازی ڕژیمی ئیسلامیی

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ئیلنا لە ماوەی ئەم ڕۆژانەی دواییدا جارێکیتر بابەتی منداڵانی کار و خیابان لە جەلەسەکانی شوڕای شاری تاراندا گەرم بووە و قسە و باسێك زۆر لەم بوارەدا لە ئارادان. ئەوەی کە بەر لە هەموو شتێک بەرچاو دەکەوێت لە زمان بەرپرسانی شارەداری و ئیدارەی بێهزیستی و هێزی ئینتیزامی و هیترەوە لەم بارەیەوە، شێوازی دەربڕینی سووکایەتی ئامێزە کە سەبارەت بەم نازەنین ترین ئینسانە ئاسیب و ئازار دیتوانە بەکاری دێنن. وەک نمونە یەکێک لە ئەندامانی شوڕای شاری تاران سەربارەت بە ناکارا بوونی گەڵاڵەکانی شارەداری و ئیدارەی بێهزیستی ئەڵێ، “بە کۆکردنەوە! و لە بێژنگدان! شەقامەکانی شار لە وجودی ئەم منداڵانە پاک نابێتەوە.”

ئیلنا لە ڕاپۆرتی دوێنێیدا لەم بارەیەوە نووسی:” جەلەسەی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون. چەندین دامودەزگا لە وڵاتدا بە یەکەوە کۆبوونەوە. بە میلیارد تمەن خەرج کرا تا منداڵانی بێ سەرپەنای شار لەبەر چاوان دوور بخەنەوە. ئەو منداڵانەی کە نەخوازراو و بە ناچاری فڕێدراونەتە دنیای سارد و پڕ توندتیژی گەورە ساڵیەوە، بەبێ ئەوەی کە ئیمکانی ئەزمونێکی چێژ بەخشی ساتەکانی سەرخۆشی منداڵانەیان هەبێت، ئەو منداڵانەی کە لەبەر هەژاری و باقی بارودۆخەکان خەسار دیتویی بنەماڵە، ناچار بەکار کردنن لە خیابانەکاندا، ئێستا چەندین دەزگا کۆبوونەتەوە تا ئەم بەجێماوانە لە منداڵی و مێهرەبانی لەبەرچاوان دوور بخەنەوە، نەکا ببنە ئامرازی نیگەرانی کەسانی تر.”

ڕەواڵی کار بەم جۆرەیە کە منداڵانی کار لە سەرشەقامەکان شناسایی و دەچن بە دوایاندا و بە گەمارۆدان و بەرگرتن لە هەڵاتن، ئەوان زۆر جار بە شێوازی توند و تیژ ئامێز و سوکایەتی پێکردن و لە ڕێگای ماشێنەکانی شارەدارییەوە دەبرێن بۆ گرتوخانە کاتییەکان. لەوێوە کە ئەم منداڵانە بنەماڵەیەکیان هەیە کە بە شوێن منداڵە بە بارمتە گیراوەکەیاندا بگەرێن، دوای پرسیار و هاتووچۆیەکی زۆر منداڵەکەیان لە یەکێک لەم گرتوخانانەدا ئەدۆزنەوە و لەوێ بە دانی تەعەهودی کەتبی وەریان دەگرنەوە، تا جارێکی تر و لە دەورێکی باتڵدا، بەناچار منداڵی بێبەش ڕەوانەی ناوچە و شەقامێکی دیکە دەکرێت. ئەم جۆرە تەرحە گەمژانە هەموو ساڵێک لانیکەم جارێک ئیجرا دەکرێت و قەتیش ئاکامێکی نەبووە. هێندێک حاڵەتی هەژێنەری تریش سەبارەت بە منداڵانی ئەفغانستانی بوونی هەیە کە بنەماڵەکانیان دەرفەتی ئەوەیان نییە منداڵەکانیان بدۆزنەوە. ئەوان لەگەڵ کاروانی ئەفغانستانییە بە تەمەنەکان، دگوازنەوە بۆ سەر سنوور و لە خاکی ئەفغانستاندا وێڵیان دەکەن. مەبەست لە ” لەهێڵەکدان”یش جیاکردنەوەی منداڵانی ئێرانی لە منداڵانی ئەفغانستانییە.

خانمێک کە دڵی لەم گشتە ئازارە وە ئێش هاتووە بە هەواڵنێری ئیلنای وتووە، “دەرەقەتی هۆکارەکان نایەین، بە جێگای ئەو یەخەی بەرئەنجام و مەعلولەکان دەگرین کە هەناسەدان و ژیانیان لە ژێر خەسارەکانی بەرهەمهاتوو لە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانەوە دژوار بووە.؟ دەرەقەتی سڕینەوەی هۆکارەکان نایەین، لێکەوتەکانی بۆ ماوەیەکیش بووە لا ئەدەین.؟ مەگەر ئەم بنەماڵانە لەبەر تێری و منداڵ ئازاری جگەر گۆشەکانیان ڕەوانەی سەر سەقامەکان دەکەن؟ ئایا قانون ئەوەیە کە ئینسانەکان لەبەر هەژاری و نەداری و ناچار بوونیان توشی ڕەنج و ئازاری چەند بەرابەر بکەیت؟ ئایا چاوی بە فرمێسکی دایکەکان و دەستی لەرزۆکی ئەو باوکانەی کە ئیمزای تەعەهود ئەدەن، کێشەی کاری منداڵ چارەسەر دەکات؟ ئێوە خەریکن کێ فریو ئەدەن؟”236

بەڵام گرفتی منداڵان لە ئێران تەنیا منداڵانی سەرگەردان لە شەقامەکاندا نییە. کاتێک کە لەسەر بنەمای قانونی کاری کۆماری ئیسلامیی، کارگا چکۆلەکانی کەمتر لە ١٠ کرێکار، مەشمولی هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی نین و هیچ کۆنترۆڵێک بەسەر ئەم ناوەندانەدا زاڵ نییە، ئەم ناوەندانە، پڕن لە منداڵی کار کە بە وەحشیانە ترین شێوە دەچەوسێنەوە و روح و جەستەیان بەرەو لەنیوچوون دەچێت. لەم کارگایانەدا هەر ئەو کارەی کە بە کەسێکی بەتەمەن دەکرێت، بە بەسەر منداڵانیشدا دەسەپێت و ناچاریان دەکەن کە لە بەرانبەر هەموو ئەوەدا بەسەریاندا دێنن ڕازی و مل کەچ بن.

منداڵانی کار لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ئیسلامیدا بەشێک لەو دەستەیە لە قوربانیانی نیزامی سەرمایەدارین ، کە بە شێوەی جۆراو جۆر سوئیستیفادەیان لێدەکرێت. ئەوان وەک بێ ماف ترین کرێکاران بە بێدەنگی دەچەوسێنەوە. گەلێك لەوان بە هاسانی دەکەونە داوی تۆڕەکانی قاچاخ و بڵاو کەرەوەی مادەی هۆشبەر، بە هاسانی دەکەونە داوی مافیای توجاڕەتی سێکس و دەڵالانی لەشفرۆشی و باندەکانی دزی کردن، سوک و چروک و بەڕەڵا دەبرێن، و لێیان ئەدرێت.

لە کۆمەڵگایەکدا کە زۆربەی خەڵکەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، و لە هەر ٣ کەسی ئامادەی کار یەکێکیان بێکار بێت، دەبێ منداڵی کرێکاران و باقی چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگە لە ئاستێکی ملیۆنیدا لە کەناری پیادە ڕەوی شەقامەکان کەوش بۆیاغ بکەن، زبڵدانی کۆڵانەکان بگەرێن و زبڵ کۆبکەنەوە، لەسەر جوار ڕێیانە پڕ لە هاتووچۆ و مەترسیدارەکان شوشەی ماشێنەکان پاک بکەنەوە و فاڵی حافز و بنێشت و جگەرە بفرۆشن. یان لە کارگاکاندا شیلەی گیانیان بکێشرێت.

تەرح و گەڵاڵەی دژە ئینسانی شارەدارییەکان و ئیدارەکانی بێهزیستی بۆ چارەسەر کردنی گرفتی منداڵانی کار و خیابانی چارەساز نییە. چارەی کار لە ” کۆکردنەوە و لەبێژنگدانی” مشە خۆر و کۆنەپەرستەکان لە سەحنەی کۆمەڵگا و ڕووخاندن و ژێر و ژوور کردنی دەوڵەت و نیزامی چەوسێنەرانەدایە.