کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
به‌لگه‌ نامه‌كان

پەیامی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە بۆ کرێکارانی ئێران

final 2 360

 

ژنان و پیاوانی کرێکار، هاوڕێیان

جیهانی سەرمایە لەگەڵ قەیرانێکی قووڵ بەرەوڕوو بۆتەوە و وایرۆسی کڕۆنا ئاستی ئەو قەیرانەی بەڕوونی دەرخستووە. سەرمایەداران و نوێنەرە سیاسییەکانیان هەتا ئێستا نەیانتوانیوە ڕێگاچارەیەک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە بدۆزنەوە. ئەوان لە رابردوودا کاتێک لە دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بێ هومێد دەبوون، شەڕی جیهانییان وەڕێ دەخست. بەڵام ئێستا بەچند هۆکار ناتوانن پەنا ببەنەبەر شەڕی جیهانی. یەکەم ئەوەیکە: تەواوی نەیار و ڕەقیبە زلهێزە جیهانییەکان بەشی چەندجار لەناو بردن و سڕینەوەی هەل و مەرجەکانی ژیان لەسەر گۆی زەوی، بۆمب و چەک و چۆڵی ناوەکی و کۆمەڵکوژیان لەبەردەستدایە. دووهەم: بە ترلیۆن دۆلار سەرمایەی سوپێرملیاردێرەکان لەو وڵاتانەدا تێکهەڵپێکراوە. سێهەم: لە ئەگەری درووست بوونی شەڕێکی جیهانیدا و هەروەها بەهۆیەوە ئەگەری لەبەریەک ترازانی سیستەمە ئابوورییە جیهانییەکەیان، ئەو گرێبەستانەی کە بەشێوەی ئاشکرا و شاراوە بەستراون و هەروەها ئەو قەرزانەی کە لە نێوانیاندا ئەملاولای پێکراوە، نیزامەکەیان بە گشتی لەگەڵ مەترسی داڕمان و لەناوچوون بەرەوڕوو دەبێتەوە. لەم ڕووەوە جیهان لە قۆناغێکی تێثەڕین ( گوزار) و هەروەها لە لێواری هەڵدێرێکی مەترسیداردا قەراری گرتووە و مرۆڤایەتی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە پڕ مەترسییە تەنیا ڕێگایەکی لەبەردەمدایە و ئەوەیش بریتییە لە پشت بەستنن بە هێزی چینی کرێکار بۆ دامەزراندنی نیزامێکی سوسیالیستی.

کۆمەڵگای ئێمە ” ئێران” دەنگی هەنگاوە پتەو و چینایەتییەکانی ئێوەی، بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا لە لایەن گوردانە خەباتکارەکانی ئێوە لەوانە کرێکارانی کۆمەڵگەی پیشەسازی “هەفت تەپە” کرێکارانی “فوولاد”، کرێکارانی “هپکۆ”، کرێکارانی کانەکان، کرێکارانی قەردادی و کاتی نەوت، کرێکارانی ڕێگای ئاسن و پتڕۆشیمیەکان و گاز و هەروەها مامۆستایانەوە بۆ داکۆکی و بەدواداچوون لەپێناو بەدەستهێنانی داواکارییە ڕەواکانتانی بەگوێ گەیشتووە. خەبات و ناڕەزایەتێکانی ئێوە تۆوی هیوا بە سەرکەوتنی لەناو دڵی جەماوەردا چاندووە. ئەم گەشبینی و هیواداربوونە لە تەواوی قسە و باس و پەسەندکراوەکانی کۆنگرەدا ڕەنگی داوەتەوە.

لەژێر تیشکی ئەو هیوا و هومێدەوارییەدا بوو لە کۆنگرەدا لەسەر ئەوە جەختمان کردەوە کە چینی کرێکار بەهۆی جێگا و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی و هەروەها بەهۆی خەبات و ناڕەزایەتیەکانی تا ئێستای، بەرەو ئەوە دەچێت کە ببێتە چەق و ناوەندی ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگا. ئێمە لەو باوڕەداین کە چینی کرێکاری ئێران لە زاتی خۆیدا توانایی و پتانسێلی ئەوەی هەیە کە خۆی لە سەرەوەی هەموو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تردا ببنێتەتوە و بە پشتیوانی لێبڕاوانەی خۆی لەو بزوتنەوانە، مەیدانی مانۆڕ و پەلەقاژەی رژیمی ئیسلامی بەرتەسک بکاتەوە  و ئامرازەکانی سەرکوتی بێ کاریگەر بکات. لە کۆنگرەکەدا هەروەها جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە ئەمڕۆ ئیمکانی ئەوە هەیە کە دروشمی کار، نان، ئازادی و ئیدارەی  شۆڕایی، ببێتە هەوێن و ئاڵقەی پێوەندی و لێک هەڵپێکانی هەموو بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکانی تر و پتانسێل و تواناییەکانی بزوتەوەی کرێکاری بۆ هیدایەت و ڕێبەریکردنی ئەو بزوتنەوانە بە کردەوە دەربێت.

کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی چەپ و کۆمۆنیست کە لە ئاوا سیاسەتێک هێز وەردەگرێت، بە ئەرکی خۆی زانی کە لە کۆنگرەی ١٨ی خۆیدا و لە سەنگەری کوردستانی شۆڕشگێڕەوە،  پەیمانی هاوسۆزی و هاوخەباتی خۆی لەگەڵ ئێوە کرێکاران سەرلەنوێ دووپات بکاتەوە.

بژی هاوپشتی و هاوخەباتی کرێکاری، بژی سوسیالیزم

کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە

رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢