کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
به‌لگه‌ نامه‌كانراگه‌یاندنه‌كان

پەیامی کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بۆ کرێکاران

پەیامی کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بۆ کرێکاران

ژنان و پیاوانی کرێکار!

ئێوە وەک بەشێک لە چینی جیهانیی کرێکار، بەهۆی ڕۆڵی سەرەکیتان لە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا، لە ڕووی مێژووییەوە خاوەنی توانایی و پۆتانسێلی ڕزگاریی مرۆڤایەتین لە دەست نەهامەتیی و وێرانکارییەکانی نیزامی سەرمایەداری. ئێوەن کە دەتوانن کۆتایی بە چەوساندنەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ بهێنن و ژینگەی مرۆڤەکان لەو مەترسیانەی نیزامی سەرمایەداریی پێکی هێناوە، ڕزگار بکەن. کرێکارانی ئێران لە سەردەمی شۆڕشی مەشرووتەوە تا ئێستا، بەردەوام لە خەبات و تێکۆشان لەدژی دیکتاتۆرییەتی چینی دەسەڵاتدار، هەر لە ڕێژیمی پەهلەویەوە بگرە تا ڕێژیمی ئیسلامی، ڕۆڵی پێشەنگ و حاشا هەڵنەگریان بینیوە. خەبات و تێکۆشانی بێ پسانەوەتان لە سەردەمی ئێستادا، ڕاستەوخۆ چینی سەرمایەدار و حکوومەتە پشتیوانەکەی و سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵییەکانی ئەوانی کردۆتە ئامانج. لە بارودۆخی سیاسی ئێستای کۆمەڵگای ئێراندا، تەنانەت بزووتنەوە داواکاریی تەوەرەکانی ئێوەش، ئەستێرەیەکی درەوشاوەیە لە شەوەزەنگی دیکتاتۆریی دەسەڵاتدار و بە کردەوە جێگە و پێگەیەکی سیاسی گرنگی بەدەستهێناوە. بەشی پێشڕەوی چینی کرێکاری ئێران، بە هۆی خەبات و تێکۆشانی درێژماوە، وشیاریی چینایەتی و سیاسی و هەروەها ئەزموون وەرگرتن لە خەباتی جیهانیی چینی کرێکار، سەرەڕای تەنگوچەڵەمە و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان، هەنگاوی گرنگی لە بواری پێکهێنانی ڕێکخراوەی سەربەخۆی چینایەتیدا، ناوە. لە درێژەی ئەم ڕەوتەدایە کە دەکرێ ئومێدەوار بین کە لەگەڵ هەر درزێک کە لە دیواری دیکتاتۆری سەرمایەداریی دەسەڵاتداردا دروست دەبێت، هاوسەنگی هێزی خەباتکارانە، هەرچی زیاتر لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکاراندا بگۆڕدرێ و شاهیدی پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەریی و سەربەخۆکانی کرێکاران بین. لە ڕاپۆرتی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا بە کۆنگرەی سێزدەیەم، لەسەر پێویستی بەشداریی چالاکانەی چینی کرێکار لە شکڵ پێدان بە ئەڵتەرناتیڤی سیاسیی جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی، جەخت کراوەتەوە. ئەمە ئیمکانێکی واقیعییە. ئەم ئەڵتەرناتیڤە دەتوانێ لە ڕێگەی درێژەدان بە خەبات و تێکۆشانی ئامانجدار و شێلگیرانەوە، گوتاری سۆسیالیستی لە هەناوی ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانەی ئێستادا زاڵ بکات. تەنیا لەم ڕێگایەوەیە کە بەرهەمی ڕەنج و خەباتی چینی کرێکار، نابێتە هۆی گۆڕینی باڵی سەرمایەداریی دەسەڵاتدار و جێگرەوەی لە لایەن باڵێکی دیکەی سەرمایەداریی ناو ئۆپۆزسیۆنەوە. بەشداربووانی کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، جارێکی دیکە، پەیامی هاوڕێیەتی، هاوپشتی و هاوخەباتی خۆیان لەگەڵ ئێوە ژنان و پیاوانی کرێکاری ئێران، دووپات دەکەنەوە.

کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

ئۆکتۆبری ٢٠٢٤/ ڕەزبەری ١٤٠٣