کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

پەیامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی  دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ١٤٠٤-١٤٠٥

156598594 2

پەیامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی

 دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ١٤٠٤١٤٠٥

ساڵی نوێی خوێندن لە ڕۆژی سێشەممە، یەکی مانگی ڕەزبەر لە کوردستان وەک باقی شوێنەکانی ئێران دەستپێدەکات. بەم بۆنەوە بە گەرمی پیرۆزبایی لە خوێندکارانی کوردستان لە ئاستی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

ئامار و زانیاریی ورد لە سەر ڕێژەی خوێندکاران لە کوردستان لەبەردەست نییە و ڕژیم خۆی لە بڵاوکردنەوەی زانیاری دروست لە سەر ناوچە کوردنشینەکان دەبوێرێت، بەڵام ڕاستییەکان ناشاردرێنەوە و هەموان هەستیان پێدەکەن و بە چاو دەیان بینن.

ئەگەرچی گرفتەکانی پەروەردە لە کوردستان لە ناوەرۆکی خۆیدا جیاواز نییە لەو کێشە و ناتەواوییانەی کە پرسی پەروەردە لە هەموو ئێران پێوەی گرفتارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پرسی هەڵاواردن بەرامبەر بە فێرکردن و بارهێنانیش وەک گەلێک لە بوارەکانی دیکە بەپێی جوگرافیای ئێران لە هەموو شوێنێک وەک یەک وانییە. بۆ نموونە، ڕێژەی نەخوێندەواری لە پارێزگا جۆراوجۆرەکانی ئێران یەکسان نییە. ئەگەرچی ڕێژەی نەخوێندەواری لە ئێران بەگشتی لەچاو وڵاتانی دەوروبەری ئێران تەنها لەگەڵ وڵاتی ئەفغانستان بەراورد دەکرێت و ئەوە لە سەدەی بیست و یەکەمدا شەرمەزارییە بە ناوچاوانی حکوومەتێکەوە کە ٤٧ ساڵە لەم وڵاتەدا لەسەر دەسەڵاتە، بەڵام بەم حاڵەشەوە ڕێژەی نەخوێندەواری و کەمسەوادی لە کوردستان لەچاو باقی شوێنەکانی دیکەی ئێران تەنها لەگەڵ پارێزگای سیستان و بەلووچستان بەراورد دەکرێت.

ئەگەر بۆ نموونە تەنها باسی کاریگەری دوو بابەتی: خوێندن بە زمانی دایکی و هەژاریی و دواکەوتوویی ئابووریی لەسەر پرسی پەروەردە بکەین، ڕاستییەکانی ئەم هەڵاواردنە کارەساتبارەمان زیاتر بۆ دەرکەوێت.

خوێندکارانی کوردستان لە خوێندن بە زمانی دایکی بێبەش کراون. ئەوە لە حاڵێکدایە کە زانستی کۆمەڵناسی و دەروونناسی ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە فێربوون و خوێندن بە زمانی دایکی هۆکارێکی جدییە لە گەشەکردنی زەینی و فێربوونی منداڵان و بە فەرمی نەناسینی ئەم مافە دەبێتە هۆی زیان و سەدەمە و گیروگرفتی زۆر لە بواری کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و گەشە و هەڵدانی منداڵاندا.

توێژینەوەی کۆمەڵناسان لە بواری ئاموزش و پەروەرشدا لە ئێران دەریخستووە کە ڕێژەی دوورکەوتنەوە لە خوێندن و سەرنەکەوتن لە هەندێک ناوچەی ئێران کە زمانی خەڵک فارسی نییە، بەرزبووەتەوە و شادی و ڕەزامەندی منداڵان و قوتابیان گەلێک نزمترە بە بەراورد بە ناوچە فارسزمانەکان. ئەم سیاسەتە زیان و سەدەمەی جدی دەگەیەنێت بە گەشەی زەینی منداڵان کە کاریگەری دەبێت لەسەر هەموو ماوەی تەمەنیان. ئەوە ئەو ستەمە دامەزراوەیە کە کۆماری ئیسلامی بەسەر هەموو نەتەوەکانی غەیرەفارسزمانی ئێرانیدا سەپاندووە.

دواکەوتووی ئابووری کوردستان وایکردووە فەزای ئاموزشی مەدرەسەکان بەرتەسک بێت، پۆلەکان قەرباڵغ و تەنانەت دووشیفت بن. بارودۆخی مەدرەسەکان لە باری بیناسازییەوە خراپ و نائەمن بێت، تاقیگە و کەرەستەی پێویست بۆ یارمەتیدان بۆ فێربوون لە بەردەست نەبێت، فەزای تەفریحی و وەرزشی گونجاو بۆ خوێندکاران دابین نەکرێت، مامۆستایان لە ژێر هێڵی هەژاریدا بژین و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان بە شوێن پیشەی دووهەمەوە بن و ماندوو و شەکەت وانە بڵێنەوە.

لەپاڵ دواکەوتوویی ئابوورییدا هەژاری بنەماڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و پەراوێزنشینی شارەکان، پەروەردەی منداڵانی کوردستانی بردووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە: گرانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر، دابینکردنی کەرەستەکانی خوێندنی کردووەتە بارگرانی بۆ بنەماڵەکان، پارەی ناونووسکردن واتە شەهرییە بە فەرمی و بە غەیرەفەرمی لە مەدرەسەکان گوشاری مادی ئەوەندەی تر زیادکردووە. ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوە کە بەشێکی بەرچاو لە بنەماڵەکان ناچار بن دەست لە خوێندنی منداڵەکانیان هەڵگرن. ئاکامەکەشی چوونەسەرەوەی ڕێژەی منداڵانی کارە لە کوردستان. لەو ناوەدا کچان زیاتر کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەم بارودۆخە دژوارەی بنەماڵەکانیان و خۆی لە هاوسەرگیری بە ناچاری لە تەمەنی کەمدا دەبینێتەوە.

ئەم بارودۆخە چارەنووسی چارەهەڵنەگرەی فێرکردن و بارهێنان لە کوردستان و لە ئێران نییە. هەموو پێداویستییەکانی مادی دابینبوونی فێرکردن و بارهێنانێکی تەندروست، یەکسان و بێجیاوازی تێیدا ئامادەیە، تەنها کێشە ئەوەیە کە ئەو وڵاتە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژیمێکدایە دژ بە ئازادی، دژ بە یەکسانی، گەندەڵ و ناکارامە کە هیچ ڕەواییەکی بۆ دەسەڵات بەسەر ئەو وڵاتەدا نەماوە. بێگومان کلیلی گۆڕینی ئەو بارودۆخە لە دەستی بەهێزی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراو بە خەباتی هوشیارانە و ڕێکخراودایە.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران

٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی