کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

پەیامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەبۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی مانگرتنی گشتی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاویی

photo 2025 01 22 20 08 24

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی مانگی رێبەندان، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر به کۆمەڵێک حوکمی ناڕەوای لەسێدارەدان که بە سەر ژومارەیەک لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنی و لەوانە “پەخشان عەزیزی” و “وریشەی مورادی” دا سەپاوە، لاپەڕەیەکی پڕشنگداری دیکە له مێژووی خەباتی هاوچەرخی کۆمەڵگای کوردستان هەڵدرایەوە. کۆماری ئیسلامی هەرچی لە توانایدا بوو بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ئەو مانگرتنە لە هەڕەشە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە، بەکاری هێنا و سەرەڕای هەمووی ئەوانە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لێبڕاوانە و بەبێ ڕاڕایی بە دەم بانگەوازی مانگرتنی گشتیەوە هاتن و سەرکەوتنێکی مێژوویی دیکەیان بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان تۆمار کرد.
بەم بۆنەوە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان پێشکەش بە جەماوەری شۆڕشگێڕی کوردستان دەکەین و ماندوونەبوونی بە سەرجەم هاوڕێیانی کۆمەڵە لە ناوخۆی وڵات و هاوڕێیانی بەشی هەواڵ و ڕاگەیاندن و تەلەویزیۆنی کۆمەڵە و توڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بەوپەڕی جۆش و خرۆش و ماندوویی نەناسی و بێوچان هەموو کاتەکانی خۆیان خستە خزمەت سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە گشتییە شکۆدارە، دەستیان بەگەرمی دەگوشین.

ئێمە دەزانین کە تا گەیشتن بە سەرکەوتنێکی چارەنووسساز، هێشتا ڕێگای پڕ هەوراز ونشێومان لەپێشدایە کە دەبێ هەنگاو بە هەنگاو و بە پشودرێژی، هەموو هێز و توانای خۆمان بخەینەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو مەودایە. سەرکەوتنی مانگرتنی ٣ی رێبەندانی ١٤٠٣، هەنگاوێکی پتەو بوو بەو ئاراستەیەدا. کۆمەڵە کە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی بە دوور لە چەوسانەوە و ستەم، ئاشتی و تاسایش و ژیانێکى ئاسوودە و یەکسان بۆ هەموان خەبات دەکات هەوڵدەدا ئەو ئامانجه بە کەمترین ئێش و ئازار وەدی بێنێت، هەر بۆیە بەردەوام لە سەر ئەو تاکتیک و ڕێکارانە پێداگریی دەکات که هێزی لەبن نەهاتووی جەماوەر دەخاتە کار. مانگرتنی سیاسی گشتی، یەکێکە لەو رێکارانە و بووەتە نەریتێکی جێکەوتوو لە کۆمەڵگای کوردستاندا. مانگرتنی گشتی، کاریگەربوونی خۆی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بۆ ئیفلیج کردنی هێزی سەرکوتگەر، بە کردەوە نیشان داوە. جەماوەری خەڵکی کوردستان بە گرتنەبەری ئەم شێوازە لە خەباتی مەدەنی، تا ئێستا چەندین جار دوژمنیان بەرامبەر بە ئیرادەی یەکگرتووانەی خۆیان بە چۆکدا هێناوە. مانگرتنی گشتی ئەمڕۆ ٣ی مانگی رێبەندان، ئەو ئەزموونەی دەوڵەمەندتر کرد. بە تایبەت کە ئاکامی کۆدەنگییەکی هێوابەخش بوو.

بژی ئازادی

بژی سۆسیالیزم

سەرکەوتووبێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاویی