کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

پەیامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەبۆنەی بەڕێوەچونی سەرکەوتوانەی مانگرتنی گشتی لە کوردستان

IMG 20240915 160349 816

پیرۆزبایی بەبۆنەی سەرکەوتنێکی گەورە

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

 ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ مانگی خەرمانان، لە ساڵیادی دەستپێکی شۆڕشی ( ژن، ژیان،ئازادی) دا لاپەڕەیەکی پڕشنگداری دیکەتاند بە مێژووی خەباتی هاوچەرخی کۆمەڵگای کوردستان زیاد کرد. بانگەوازی مانگرتنی گشتی بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئەو شۆڕشەی کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە کاتی ئەسپردەکردنی ژینای ئازیز دا، بە هیممەتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە کوردستانی سەربەرزەوە چەخماحەکەی لێدرا، وەڵامێکی لێبڕاوانەی وەرگرتەوە.

لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردودا کە لە ساڵیادی شۆڕشی ژینا نزیک دەبوینەوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەرچی لە توانایدا بوو بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی مانگرتن و رێوڕەسمەکانی یادی گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژینا بە کاری هێنا، بە دەستبەسەرکردنی دەیان کەس لە هەڵسووڕاوانی ناسراوی مەدەنی، کە پێی وابوو ڕەنگە دەوریان هەبێ لە بەڕێوەبردنی ئەم مانگرتنەدا، بە میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان  بە هەڕەشە و ترساندن، بە بەڕێوەبردنی بۆنەی فریوکارانە بە تایبەت لە شاری سنە، پێشگرتن لە ئامادەبوونی خەڵک لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان  و بە تایبەت بۆ سەر گڵکۆی ژینا لە ئارامستانی ئایچی، ڕێگا سەرەکییەکانیان داخست، ئاوی بەنداوی چراغ وەیسیان بەرداوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێگا لاوەکیانەی کە دەچنەوە ئارامستانی ئایچی دابخەن. ئەمە جارێکی تر بە ڕوونی نیشانی ئەدات کە جەماوەری خەڵک، هێز و توانایی لەبن نەهاتووی خۆیان، لە سیما و کرداری دوژمنیش دا دەتوانن ببینن.

بەم بۆنەوە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان پێشکەش بە جەماوەری شۆڕشگێڕی کوردستان دەکەین کە ئەم ئەزموونە مێژووییەیان بە سەرکەوتن گەیاند. ماندوونەبوونی بە سەرجەم هاوڕێیانی کۆمەڵە لە ناوخۆی وڵات و هاوڕێیانی بەشی هەواڵ و ڕاگەیاندن و تەلەویزیۆنی کۆمەڵە و توڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین کە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، بەوپەڕی جۆش و خرۆش و ماندوویی نەناسی و بێوچان هەموو کاتەکانی خۆیان خستە خزمەت سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە گشتییە شکۆدارە، دەستیان بەگەرمی دەگوشین. هەروەها ڕێز و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ئەو کەس و لایەنانە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتییانە دەکەین کە شانازی بەشداریکردن لە ڕێکخستن و بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم مانگرتنەیان هەبووە.

پەیامی سیاسی ئەم مانگرتنە گشتیە ڕوون و ئاشکرایە: شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بەردەوامە و خەڵکی زۆرلێکراو و بێبەش ورە و ئیرادەیان بۆ سەرکەوتن بەرزە.

ئێمە دەزانین کە تا گەیشتن بە سەرکەوتنێکی چارەنووسساز، هێشتا ڕێگای پڕ هەوراز ونشێوی زۆرمان لەپێشدایە کە دەبێت هەنگاو بە هەنگاو هەموو هێز و توانایی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو مەودایە. سەرکەوتنی مانگرتنی ٢٥ خەرمانانی ١٤٠٣، هەنگاوێکی پتەو بوو بەو ئاراستەیە دا. 

مانگرتنی سیاسی گشتی سوننەتێکی جێکەوتووە لە کومەڵگای کوردستاندا. ئەم جارەش خەڵک، هێزی یەکگرتووانەی خۆیان لەم شێوازەی ناڕەزایەتی دەربڕینی سیاسیدا ئەزموون کرد. بەم حاڵەوە ئێمە هێشتا لە ڕێگای گەیشتن بە سەرکوتنی کۆتایی، هێندێک قۆناغمان لەبەردەمدایە کە دەبێ بە ژیریی سیاسی و بە هەمان ئیرادە و ڕۆحیەی خەباتکارانەی تا ئێستا، خۆمان بۆ تێپەڕ کردنییان ئامادە بکەین. مانگرتنی گشتی، کاریگەربوونی خۆی لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بۆ زەمینگیرکردنی هێزە سەرکوتگەرەکان نیشانداوە. خەڵکی کوردستان بە گرتنەبەری ئەم شێوازەی خەباتی جەماوەریی، تا ئێستا چەندین جار هێزە سەرکوتگەرەکانیان لە بەرامبەر ئیرادەی یەکگرتووانەی خۆیاندا بە چۆکدا هێناوە. ئەم مانگرتنە جارێکی تر، سیمای جەماوەریی بوون و کۆمەڵایەتی بوونی ئەم ئاخێزەی ئێستای دژ بە ڕژیمی ئیسلامی و بۆ دامەزراندنی داهاتویەکی باشتر، بە ڕوونی بە خەڵکی دنیا نیشاندا. سەرکەوتنی ئەو مانگرتنە لە هەمان کاتدا پەپامێکیش بوو بۆ ئەو لایەنانەی دەرەوە کە ڕادەی پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە کۆمەڵە و حیزبە سیاسییەکانی چالاک لە کوردستان، بە کەم دەگرن و ئاو ڕاستییە لە بیر دەبەنەوە کە مێژوو لەگەڵ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

مانگرتنی گشتی ئەمڕۆ ٢٥ی مانگی خەرمانان، یەکێکە لە مەیدانەکانی دروستکردنی ئەو مێژووە. دەستی هەموو تێکۆشەران و هەڵسووڕاوان و جەماوەری خەڵکی یەکگرتوو، کە ئەم سەرکوتنەیان مسۆگەر کرد، بەگەرمی دەگوشین و سڵاو دەنێرین بۆ یاد و بیرەوەری سەرجەم گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.

بژی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٥ خەرمانانی ١٤٠٣