کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

پەیامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەبۆنەی ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە

IMG 20230622 003710

مێژووی خەباتی ماندوویی نەناسانەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، مێژووی خەبات و خۆڕاگری و مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانە. ٤٤ ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵه لە بارودۆخێکدا دانرا کە کۆمەڵگای ئێران لە بەردەم وەرچەرخان و گۆڕانکارییەکی مێژووییدا بوو. لە لایەکەوە کۆمەڵانی خەڵک که بە شۆڕشێکی جەماوەریی لە چنگ دەسەڵاتی دیکتاتۆری پاشایەتی ڕزگاریان ببوو ، دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسا تا هەناسەیەک بە ئازادیی هەڵبکێشن و لە لایەکی دیکەشەوە ترس له زاڵبوونی ڕژێمێکی لە ڕادەبەدەر کۆنەپەرست و دوژمنی ئازادی کە خۆی ئامادە دەکرد بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات، کۆمەڵگەی ئێرانی داگرتبوو. ڕەوتی ئیسلامی ئەرکی بێدەنگکردنی دەنگی شۆڕشی ئێرانی لە ئەستۆ گرتبووە و لە هەموو گۆشەیەکی ئێران پڕۆسەی سەرکوتکردنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی به ریه وه دەبرد.

بەڵام لە کوردستان دۆخەکە جیاواز بوو.  لاوازیی ڕەوتی ئیسلامی و کاریگەریی سیاسەت و هزری چەپ و سکولار  لە نێو خەڵکدا و هەروەها بوونی حیزبە سیاسییەکان و هتدبەشێوەیەکی گشتی هاوسەنگییەکی جیاوازیان پیک هینابوو. کرێکارانی چەوساوە، خوازیاری ژیانێکی باشتر بوون، زەحمەتکێشانی گوند کە لە ژێر کۆت و بەندەکانی پاشماوەی سیستەمی کۆنی دەرەبەگایەتی، ڕزگاریان ببوو، ژنانی تینووی مافی یەکسان و ئەو جەماوەرە خەڵکەی کە نەیاندەویست چیتر باری ستەمی نەتەوەیی لەسەرشانیان قورسایی بکات، سەرجەم ئەو ویست و ئاوات و ئامانجانە لە بزووتنەوەیەکی بەرخۆدانی جەماوەریدا خۆی نیشاندا.

بزووتنەوەیەک کە خۆی ئامادە دەکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕژیمە تازە بەدەسەڵات گەیشتووەی کە هەڕەشە بوو بۆسەر دەستکەوتەکانی شۆڕشی کۆمەڵانی ئازادیخواز. سەرەتا کۆنەپەرستانی ناوخۆیی و پاشماوەی سیستەمی ڕزیوی دەرەبەگایەتی، هەوڵیاندا بە پشتبەستن بە حکوومەتی ناوەندی پێگەی لەدەستچووی خۆیان سەرلەنوێ بەدەست بهێننەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەستیان کردبوو بە پیکهینانی باندی چەکداری و هەڕەشەیان لە زەحمەتکێشانی گوندەکان دەکرد. کۆمەڵە بەمەبەستی پووچەڵکردنەوەی ئەم ڕەوتە، بانگەوازی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانی کرد کە لە نێو یەکێتێکانی جووتیاراندا کۆببنەوە و بە شێوەیەکی ڕێکخراو و چەکدارانە داکۆکی لە مافەکانیان بکەن. هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی هێرشی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان، ناوەندەکانی مەشق و بارهێنانی نیزامی کۆمەڵە لە باکوور و باشووری کوردستان بۆ ئامادەکردن و پەروەردە کردنی کادر بۆ هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دامەزران. بڕبڕەی پشتی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە لایەن ئەو خەباتکارانەوە پێکهات کە لەو ناوەندانەدا مەشق و ڕاهێنانیان پێکرابوو. هێزی یەکێتێکانی جووتیاران بە ڕێبەرایەتی کۆمەڵە، لەمەریوان، دیواندره، کامیاران، سەردەشت، بۆکان و مەهاباد، ئەرکەکانی خۆیان سەرکەوتووانە بە ئەنجام گەیاند. زەوی و زارەکان بەسەر جووتیارە هەژارەکاندا دابەشکران و گروپە چەکدارەکانی ئاغاکان لەبەریەک هەڵوەشێنرانەوە. جۆش و خرۆشی ئەو زەحمەتکێشانەی کە بە دەستی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەستهێنابوو و بە داهاتویه کی گەش ئومێدەوار ببوون و هەروەها ئەو کەشوهەوا سیاسیدێموکراتیکەی کە هەموو کۆمەڵگای کوردستانی داگرتبوو، ئەم ناوچەیەی کردە سەنگەرێکی بەهێز بۆ بەردەوام بوونی شۆڕشی ئێران.

بەرفراوانبوونی نفوزی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵە و گەشەکردنی تواناکانی، لە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی جەماوەردا کە لە چەندین ڕووداوی مێژوویی وەک کۆچی خەڵکی مەریوان و مانگرتنی گشتی یەک مانگەی خەڵکی شاری سنە، بەمەبەستی دەرکردنی سپای پاسداران لەو شارانه، ڕێپێوانگەلێکی گەورە و پڕشکۆ بەرەو شاری مەریوان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئەم شارە و چەککردنی هێزی کۆنەپەرستی ناسراو بەسپای ڕزگاری، کە لەلایەن شێخەکانی ناوچەکەوە ڕێکخرابوو، خۆی نیشاندا. هیچکام لەمانە کە ئاسۆیەکی جیاوازیان بۆ داهاتووی شۆڕشی ئێران لەبەردەمدا بوو، لە لایەن ئەو ڕێژیمە ئیسلامییە کۆنەپەرستەوە کە تازە بەدەسەڵات گەیشتبوو، تەحەمول نەدەکرا. هەر بەو هۆیەشەوە، دوای ماوەیەک فریوکاری و کات کوشتن، هەموو دەرگاکانی دیالۆگ و دانوستانی داخست و دوای خوڵقاندنی چەند کارەساتێکی وەک کۆمەڵکوژییقاڕنا و قەڵاتانو شوێنەکانی دیکە، بە فەرمانی خومەینی لە ٢٨ی گه لاویژی سالی١٣٥٨دا لەشکرکێشییەکی بەرفراوان و دڕندانە بۆسەر کوردستان دەستی پێکرد.

کۆمەڵە بانگەوازی خەڵکی کوردستانی کرد کە لە هەموو بوارەکاندا بەرەنگاری ئەم لەشکرکێشییە ببنەوە.  خەڵکی کوردستان بە گەرم و گوڕی پێشوازییان لەو بانگەوازە کرد و مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێو و پڕ لە وانە و ئەزموونی چل و چوار ساڵی ڕابردوویان خوڵقاند. لەو کاتەوە تا ئێستا هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵه بەردەوام هاندەری خەبات و خۆڕاگریی کۆمەڵانی خەڵک بووە و بۆخۆی وەک پێشەنگ و سەرقافڵەی ئەو خۆڕاگری و فیداکارییە ڕۆڵی بینیوە. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵه لە ماوەی بوونی خۆی لە مەیدانی خەباتی سیاسی و چەکداریی لە دژی چەوساندنەوە و سەرکوتگەرییەکانی حکوومەتی ناوەندی و داکۆکیکردن لە مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، بە چەندین هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە و کۆمەلێک نەریتی بەنرخی لەم کۆمەڵگایەدا جێخستووە. پێشمەرگەی کۆمەڵە نەک هەر خەباتکارێکی ئازا و خۆنەویست بووە لە مەیدانەکانی شەڕدا، بەڵکوو لە هەمان کاتدا ڕێکخەر و لایەنگرێکی شێلگیری خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشە لەپێناو گەیشتن بە ژیانێکی باشتردا بوه. بەبێ دوودڵی و ڕاڕایی لە بەرامبەر نەریت و کولتوورە دواکەوتووەکاندا وەستاوەتەوە و بانگەشەکار و پەرەپێدەری کولتوورێکی پێشکەوتنخوازنە و ئینسانی تر بووە. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵه نەک هەر حەماسەخوڵقێنی مەیدانی نەبەرد، بەڵکوو لە هەمان کاتدا ئاڵاهەڵگری یەکسانی ژن و پیاو بووە.  هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵه، لە هەرکوێیەک بووبێت، گەلێک یادگاریی بەنرخی لە بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ باشترکردنی باری گوزەرانی خەڵک بەجێهێشتووە. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵه، لە هەر شوێنێک بووبێت، تۆوی هۆشیاریی چاندووە و ئاسۆی سۆسیالیزمی بەڕووی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و زەحمەتکێشدا کردۆتەوە. بەم هۆکارانە بوو کە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵه زۆر زوو بوو بە یەکێک لە کۆڵەکە بەهێزەکانی بەرخۆدانێکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی. خۆڕاگرییەک کە لە ئاکامدا خەڵکی کوردستان سەریان بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دانەنەواند و پێشمەرگەی کۆمەڵە، بەهۆی مانەوە و پێداگریی لەم سەنگەری خۆڕاگری و بەرخۆدانەدا بوو کە لەناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا جێگای خۆی کردەوە.

هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە نەک هەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بێ ئەرک ناکات و لە چاوەڕوانی سەرکەوتنی نیزامیی خۆیدا ڕاناگرێت، بەڵکوو متمانە بەخۆبوون و پشتبەستنیان بە هێزی خۆیان پتەوتر دەکات. ئاسۆی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵه بۆ ڕزگاری خەڵکی زەحمەتکێش شۆڕشە،  شۆڕشێک کە هێزی بزوێنەرەکەی لە کرێکاران و زەحمەتکێشان پێکدێت. شۆڕشێکی لەم شێوەیە نەک سەرچاوەگرتوو لە ئیرادەی ئێمە، بەڵکوو پشت ئەستوورە بە واقیعە بنەڕەتییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، ناکۆکییە چینایەتییەکان، نایەکسانی و هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی، نەبوونی ئازادی تاکه کەسی و پێشگرتن لە بیرکردنەوەی ئازاد و ژیانی ئازاد ، واتا ئه و ناکوکیه بنه ره تیانه ی کە کۆمەڵگا بەرەو شۆڕش پاڵ پێوەدنێن. شۆڕش بەواتای گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە کەمینەیەکی بچووکەوە بۆ زۆرینەی بەرهەمهێنەرانی سەروەت و سامان و نێعمەتەکانی کۆمەڵگە، ئەمەش بە واتای خوڵقاندنی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ژیانی خەڵکدا دێت. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەش بەحاڵی خۆی هەوڵدەدات هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بگۆڕێت و هەلومەرجی شۆڕش و ڕاپەڕینی جەماوەری نزیکتر بکاتەوە. لە ئەنجامی چالاکییەکانی ئەم هێزە، سەرکەوتنی کۆتایی لە خەبات بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان و دەستەبەرکردنی ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین بە شێوەیەکی ئاسانتر و زیانێکی کەمتر مسۆگەر دەبێت.

خەڵکی کوردستان بە پشتیوانیکردن لەم هێزە و بەشداریکردن لە چالاکییەکانیدا، لە ڕاستیدا بەرگرییان لە کەرامەتی ئینسانی خۆیان کردووە. هەزاران کەس بەشێک لە باشترین ساڵەکانی تەمەنیان لە ڕیزەکانی ئەم هێزەدا بەسەر بردووە و بە حەق شانازی بە ڕابردووی خۆیانەوە دەکەن.  ژمارەیەکی زۆر ئینسانی کۆمۆنیست و کەسایەتی خۆشناو و ناسراوی خەڵکی کوردستان، کە ئاواتی ڕزگاربوونی خەڵک لە ستەم و چەوسانەوە و کاری کرێگرتەیان لەدڵدابوو، لە ڕیزەکانی ئەم هێزەدا گیانیان بەختکرد.

ئەگەرچی زیاتر له دوو دەیەیە ئەم هێزه، که لەلایەن کۆمەڵەی کۆمۆنیستەوە ڕێبەرایەتی دەکرێت، به پێی سیاسەتێکى ​​ڕاگەیەنراو، هیچ چالاکییەکی نیزامی له دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئەنجام نەداوە، بەڵام پێگەی خەباتی چەکداری و بەرخۆدان ، لە چوارچێوەی مافی بەرگری ڕەوادا هەرگیز لە ستراتیژی ئێمەدا نەچووەتە ژێر پرسیارەوە. واقیعییەت ئەوەیە کە خەباتی چەکداریی، بە لەشکرکێشی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپێنرا. خەڵکی کوردستان ئازادییان دەویست و لەبەر ئەوەی بڕیاریان دابوو بەرگریی لەو دەستکەوتە دێموکراتیکانە بکەن کە لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی شادا بەدەستیان هێنابوو، ناچار بوون چەک هەڵبگرن. بەرگریکردن لەو ئازادییە بەبێ فیداکاری و قوربانیدان مومکین نەبوو. ئەوان پەنایان بۆ توندوتیژی نەبرد، بەڵکوو دژی توندوتیژی وەستانەوە و بەرگرییان لە کەرامەتی ئینسانی خۆیان کرد. کاتێک پاشەکشەیان بە هێزەکانی ڕژیم کرد و جارێکی دیکە کوردستانیان لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سەرکوتگەر ڕزگار کرد، لە زۆر شوێنی کوردستان نموونەگەلێکی بەنرخیان لە شێوازی ژیانی مەدەنی و هەروەها کەشوهەوای دێموکراتیک ئەزموون کرد.

بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە، یادی هاوڕێ سەعید موعینی،کاکه خانه، یەکەم پێشمەرگە و یەکەم گیانبەختکردووی کۆمەڵە، کە ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە بۆ ڕێزلێنان لە یاد و بیرەوەری و ڕۆژی گیانبەختکردنی ئەو ئازیزە، ناونراوە و هەروەها یادی هەزاران تێکۆشەر و مرۆڤی شەریف کە لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا لەدژی یەکێک لە جینایەتکارترین و کۆنەپەرست ترین دیکتاتۆرییەکانی ئەم سەردەمەدا گیانیان بەختکردووە، بەرز و بەڕێز ڕادەگرین و سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵە سەربەرز و خۆڕاگرەکانیان.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢