کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

 پەیامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵی نوێکی زایینی ٢٠٢٦

IMG 20251228 174636 126

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتایی ساڵی زایینی ٢٠٢٥ و هاتنی ساڵی ٢٠٢٦،  سەری ساڵی نوێ لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە سەرانسەری جیهان بەتایبەت کرێکاران و زەحمەتکێشان، بێکاران، ژنان، لاوان، کۆچبەران و پەنابەران و سەرجە بێبەشان و ستەملێکراوان پیرۆزبایی دەکەین. هیوادارین ساڵی داهاتوو ساڵێکی پڕ لە یەکگرتوویی، خۆڕاگریی، ڕێکخستن و دەستکەوتی بەرچاو بێت بۆ زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگا، واتە بۆ ئەوانەی کە لە ژێر گوشاری هەژاری، هەڵاواردن و شەڕ و سەرکوتدا دەژین.

ساڵی ٢٠٢٥ جارێکی تر نیشانیدا نەزمی زاڵی جیهانی، کە نەزمێکی پشتبەستووە بە کێبڕکێی زلهێزەکان، قازانجی سەرمایە و دام و دەزگای نیزامی، جگە لە نائەمنی و ئاوارەیی و ماڵوێرانی بۆ خەڵکی ئاسایی هیچی تر بە دیاری ناهێنێت. شەڕ و کوشتار لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان، لەوانە لە ئۆکراین و فەلەستین بەردەوام بوو. لەم شەڕانەدا قوربانیانی سەرەکی، نەک هەر دەوڵەتەکان و سەرمایەداران و چەوسێنەران نین، بەڵکوو مرۆڤی ئاسایین، کرێکاران و زەحمەتکێشان، منداڵان، ژنان، بەساڵاچووان و ئەو توێژە کەمداهاتەی کە ماڵ و کار و داهاتوویان بە بارمتە گیراوە. شەڕ ژیان لە خەڵک زەوت دەکات و هاوکات دەبێتە بیانوویەک بۆ ئەمنییەتیکردنی کۆمەڵگا، سنووردارکردنی ئازادییەکان و بەهێزتر بوونی دام و دەزگا نیزامی و هەواڵگرییەکان.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیدا، دەزگای سەرکوت بێوچان کاری کرد و ژمارەی ئێعدامەکان پەرەی سەند، سیاسەتێکی کە نیشانەیەکی ڕوونە لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکان و بێتوانایی دەسەڵات لە وەڵامدانەوە بە داواکارییەکانی خەڵک، بەبێ پەنابردنە بەر ترس و تۆقاندن، توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە لە کۆمەڵگا بەرەوپێش ناچێت. لەسێدارەدان، زیندان، پەروەندەسازی، سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و گوشارخستنەسەر هەڵسووڕاوانی کرێکاری، ژنان و لاوان، لە زومرەی ئەو ئامرازانەن بۆ پاراستنی نەزمێکی کە لەسەر بنەمای هەژاری و هەڵاواردن و بێ مافی دامەزراوە.

هاوکات لە هەندێک شوێنی جیهان شاهیدی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی ڕەوتگەلێکی ڕاستی توندڕەو، شێوە فاشیستی و دژە پەنابەریی بووین. لە ئەمریکاوە تا مەجارستان، لە شیلییەوە تا ئاڵمان و وڵاتەکانی تر. ئەم ڕەوتانە هەوڵ دەدەن توڕەیی و بێزارییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرچاوەگرتوو لە نایەکسانی، هەڵاوسان، نائەمنی پیشەیی و دابەزینی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، بکەنە تۆوی ڕق و کینە و ڕەگەزپەرستی و کۆچبەران و پەنابەران وەک هۆکار و سەبەبکاری ئەو دۆخە بناسێنن و تاکەکانی کۆمەڵگا لە بە گژ یەکتردا بکەن. ئامانجی واقیعی ئەوان ڕوونە، کە ئەویش بریتییە لە پاراستنی دۆخی ئێستا لە بەرژەوەندی سەرمایە و خاوەن هێز و دەسەڵاتەکان، بە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، لاوازکردنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و بەهێزکردنی دام و دەزگا و ئامرازەکانی سەرکوت. بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو شەپۆلە، بەبێ دیفاعی لێبڕاوانە لە مافی یەکسان بۆ هەموو مرۆڤەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوە، ئایین و ڕەگەز و باری نیشتەجێبوون مومکین نییە.

بەڵام ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرچاو بوو، تەنیا بابەتی شەڕ و سەرکوت نەبوو. لە بەرامبەر ئەم تاریکی و ڕۆژڕەشیانەدا مرۆڤایەتی پێشکەوتنخوازیش دەستەوئەژنۆ دانەنیشت و لە زۆر شوێنی جیهان کاردانەوەی ئومێدبەخش پێکهات، لەوانە ناڕەزایەتی لە دژی شەڕ و داگیرکاری، خۆڕاگریی لە دژی ڕەگەزپەرستی و بڵاوکردنەوەی تۆوی ڕق و نەفرەت، هەوڵدان بۆ داکۆکیکردن لە مافی کرێکاران و موچەخۆران و هەروەها خەباتی ژنان و لاوان لەپێناو ئازادی و یەکسانیدا. هاوکات پێکهاتنی هاوپشتی و هاوسۆزی نێونەتەوەیی لەگەڵ قوربانیانی سەرکوت و هەڵاواردن دەریخست کە هێشتا ئیمکانی تێکشکاندنی دیوارەکانی سنوور و ترس و دووبەرەکی نانەوە بوونی هەیە.

ئەم ئەزموونانە ئەوەمان بیردەخەنەوە کە مێژوو تەنیا بەرهەمی بڕیاری دەسەڵاتداران و گەمەی دەسەڵات نییە، بەڵکوو خەبات و هۆشیاری و ڕێکخستنی جەماوەریش مێژوو دەخوڵقێنێت. لە هەر شوێنێک جەماوەر توانیبێتیان سەربەخۆ لە دەوڵەت و بلۆکەکانی دەسەڵات، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی خۆیان یەکبگرن، ئاسۆیەکی ڕوون و  هیوابەخش بەڕوویاندا کراوەتەوە.

ئێمە لە سەروبەندی سەری ساڵی نوێدا، بە پشتبەستن بەم هیوا و هێزی کۆمەڵایەتییە، ئاواتەخوازین کە ساڵی ٢٠٢٦ ساڵێکی باشتر بێت، ساڵێک بێت لە بەرژەوەندی خەڵکی ستەملێکراو و چەوساوە، ساڵی پاشەکشەی شەڕخوازان و ستەمکاران، ساڵی پەرەسەندنی هاوپشتی و هاوخەباتی مرۆڤایەتی و چینایەتی، ساڵی پتەوکردنی ڕێکخستنە سەربەخۆکان و بەرگریکردن لە مافی ناڕەزایەتی و مافی مانگرتن و ژیانێکی شایستە و هەروەها ساڵی هەنگاونانی ڕاستەقینە بەرەو ئازادی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی و ئەمنییەت بۆ هەمووان.

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥

٧ی بەفرانباری ١٤٠٤