کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەیامی هەڵبژاردنی فەڕانسە

دەنگەدەرانی فەڕانسەوی رۆژی یەکشەممە لە دەوری دووهەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا چوونەوە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و ئەو کارەیان کرد کە بۆرژوازی لە هەموو وڵاتاندا لە شارۆمەندانی چاوەڕوان دەکات. هەر چوار یان پێنج ساڵ جارێک بچنە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و لەنێو دەسەڵاتداراندا کەسێک هەڵبژێرن تا چارەنووسی دەورەیەک لە ژیانیانی بدەنە دەست و هیوایەکی پوچیان هەبێت کە ئەم بەشە لە فراکسیۆنی بۆرژوازی وڵام دەرەوەی داخوازیەکانیان بێت. ئەو داخوازیانەی کە ساڵانێکی زۆرە لەسەر یەک کەڵەکە بووە و فراکسیۆنە جۆراو جۆرەکانی بۆرژوازی وڵامدەرەوەی نەبوون.دەنگدەرانی فەڕانسەوی چوون بۆ بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و لە نێوان خراپ و خراپتردا یەکێکیان هەڵبژارد و لەم ڕێگایەوە وەفاداری خۆیان بە سوننەتێک دەربڕی کە ئۆلگوە بۆرژوازیەکان و مێدیای سەر بە وان لە فریوکاریەکی گشتیدا ئەوەیان بە خەڵک باوەڕ پێهێنا کە وڵامی داخوازیەکانیان لە نێو سندوقەکانی دەنگدان و لە ناردنی ئامانۆیل ماکرون و یان ماری لۆپێن بۆ کۆشکی ئیلیزە دا وەردەگرنەوە.کاتێک کە ئەم دووانە بە کۆتایی هاتنی دەورەی یەکەم دەرچوون بۆ دەوری دووهەمی هەڵبژاردن نە تەنیا لە فەڕانسە بەڵکو لە سەرتاسەری ئوروپا لایەنگرانیان دەستیان کرد بە شایی لۆغان. ماکرون ئەستێرەی نوێی ئاسمانی نیئۆ لیبڕالیزمی ئوروپا بە ٢٤ لەسەدی دەنگەکان و ماری لۆپێنی کاندیدی حیزبی ڕاسیستی بەرەی نەتەوەیی فەڕانسە بە ٢١ و ٤٣ دەهوم لەسەدی دەنگەکان گەیشتنە دەورەی دووهەم. گەیشتنە دەورەی دووهەمی هەڵبژاردنی ئەم دووانە بۆ فەڕانسە وەک بومەلەرزەیەک وابوو ” حیزبی کۆماری خواز” و ” حیزبی سۆسیالیست” کە بە نۆبە و بەردەوام لە کاتی دروست بوونی کۆماری پێنجەمەوە لە ساڵی ١٩٥٨ دا دەچوونە کۆشکی ئیلیزەوە، تەنانەت نەگەیشتنە قۆناغی دووهەمیش. ئێستا ” بەرەی میللی” فەڕانسە تۆڵەی خۆی لێ کردونەتەوە لەبەر ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٠٢ شدا لە ڕقابەتی هەڵبژاردنی ژاک شیراک لە کۆماری خوازەکان و ژان مارین لۆپێن دامەزرێنەری بەرەی میللیدا ئەو دوو حیزبە یەکیان گرت و ژان ماری لۆپێنیان شکست دا. هەڵبەت نابێ لەبیر بکرێت کە هەر ئەمانە ڕێگا خۆشکەری گەشە کردنی بەرەی نەتەوەیی بوون.114

دەستەبەر کردنی زیاتر لە ١٩ لەسەدی دەنگەکان لە لایەن لوک ملانشون کاندیدای چەپ لەگەڵ بزوتنەوەی ” فەڕانسەی تەسلیم ناپەزیر” نیشانەی ئەوە بوو کە پتانسیەلێکی جێی سرنج لە کۆمەڵگادا لەئاست خەبات بۆ بەدیلێکی دیکە بوونی هەیە. لە پشت سەری ئەو بەشێکی زۆر لە کرێکارانی ڕێکخراو و لاوانی نێوان ١٨ بۆ ٢٤ ساڵان هەبوون كه‌ ئەو کارەیان کرد کە دەبوو بیکەن، واتە بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی دەورەی دووهەمدا. هەر چەند کە چەپی کۆمەڵگا نەیتوانی کاندیدی خۆی بەگەیەنێتە دەورەی دووهەمی هەڵبژاردن، بەڵام بێگومان ئەم شکستە گەلێک پرسیاری ئازاردەری خستۆتە بەردەم چەپی ڕادیکاڵ، بەردەم چینی کرێکاری شۆڕشگێڕ و بەردەم بزوتنەوە دژی ڕەوتە ڕاسیستیەکان کە وڵامیان لێیان دەوێت.

بە سەرکەوتنی ماکرون بەشێکی زۆری سەرانی یەکێتی ئوروپا ڕەنگە بە ئارامی سەر بنێنە سەر سەرین، لەبەر ئەوەی کە لانیکەم بە سەرکەوتنی ئەو مەترسی دەرچوونی فەرانسە لە یەکێتی ئوروپایان لەکۆڵ بۆتەوە. لەم نێوانەدا هەڵبەت دابەزینی ده‌گه‌كانی حیزبی ” سۆسیالیستی” فەڕانسە بۆ ژێر ٧ لەسەد لانیکەم ئەوان بۆ ساڵانێکی زۆر توشی کێشەی دەروونی دەکات. ئەم داڕمانە ئاکامی گشت ئەو سیاسەتانە بوو کە ئۆلاند و کابینە جیاوازەکانی لەدژی حه‌قده‌ست و حقوق بگیرانی کۆمەڵگا بەرەو پێشیان دەبرد. ئۆلاند کە بە دروشمی بەرەنگار بوونەوەی ” سەرمایەی ماڵی” چووبوە سەر کورسی سەرەک کۆماری، بە خێرایی بانکدارێکی پێشوی وەک ڕاوێژکاری ماڵی ئابووری خۆی دیاری کرد و دواتر ئەوی کردە وەزیری ئابووری. ئەو کە قەولی دابوو تا بەر لە ساڵی ٢٠١٣ بەر بە گەشەی بێکاری بگرێت نە تەنیا نەیتوانی ئەم کارە بکات بەڵکو بێکاری زیادی کرد و بە تەرحی ” ڕیفۆڕمی بازاڕکاری” هێرشێکی وەحشیانەی بۆسەر کرێکاران ڕیکخست. لە ناوەندی ئەم هێرشەدا زیاد کرانی ساعاتی کار و زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی هەبوون کە بەرەو رووی ناڕەزایەتی ملیۆنی و بەردەوامی یەکێتیە کرێکاریەکان، دانش ئاموزان و خوێندکاران و توێژە جۆراو جۆرەکانی خەڵک بۆوە. ئەم هێرشە بە چەشنێک بێ ڕەحمانە بوو کە حیزبی سۆسیالیستی فەڕانسەی کرد بە دوو بەشەوە و نوێنەرانی باڵی چەپی پاڕلمان لە دەنگدان بە گەڵاڵەکەی ئۆلاند خۆیان بوارد. ئەویش ناچار بوو بە پشت بەستن بە مادەی ٤٩ ی قانونی ئەساسی کە مافێکی تایبەتی ئەدات بە سەرۆک وەزیران، تەرحەکەی بەکردەوە دەربێنێ.

ماکرون سەرەک کۆماری داهاتوو و ئەندامی پێشوی حیزبی سۆسیالیستی فەڕانسە، ساڵانێک یەکێک لە کاربەدەستانی پلە بەرزی وەزارەتی دارایی فەڕانسە، دواتر یەکێک لە مۆرە گرنگەکانی ” ژووری فکری” سەرمایەی ماڵی فەڕانسە، لە زومڕەی سەرۆکە گرنگەکانی بونگای ماڵی روتشیلد، ڕاوێژکاری ئۆلاند لە کاروباری ماڵی و ئابووری و لە کۆتاییدا دوو ساڵ وەزیری ئابووری و پیشەسازی ئەو بوو. ئەو بەرچاوترین نوێنەری باڵی ڕاستی سوسیال دیموکراسی فەڕانسەیە. ئەو داهێنەری کەم کردنەوەی ماڵیاتەکان بۆ سەرمایەداران بە بڕی ٣٠ تا ٤٠ ملیارد یۆرۆ لە ماوەی ٣ ساڵدا بووە. ئەو یەکێک لە تەڕاحانی سەرەکی ” ڕیفۆڕمی بازاڕکاری” ئۆلاند بوو. هەڵسوکەوتی توندوتیژ ئامێزی دژ به‌ یەکێتیە کرێکاریەکان و ناکام مانەوەی لە هیدایەت کردنی کاروباری ماڵی، بە چەشنێک بوو کە لە ساڵی ٢٠١٦ دا ئۆلاند هەڕەشەی دەرکردنی لە کابینەکەی لێکرد. ئەو پێشدەستی کرد و خۆی لە کابینەی دەوڵەت هاتەدەر و بزوتنەوەی ” بەرەو پێشی” دامەزراند. بە چاوگێڕانێک بەسەر ئەم کارنامە کورتەدا دەبێ بڵێین کە ئەوە لەخۆڕا نەبووە کە ئەو تێزی دانشگاییەکەشی سەبارەت بە ماکیاولی نووسیوە و هەڵبەت دەزانین کە ماکیاولی بەرچاوترین هێما و سیمبولی ئەو سیاسەتەیە کە خاوەنی هەرچەشنە ئەخلاق و وێژدانێکە و بەرژەوەندی خۆی دەخاتە سەرو هەموو بەرژەوەندیە گشتیەکانی کۆمەڵگاوە.

دەنگدەرانی فەڕانسەوی بە گومانی هەڵبژاردنی خراپ لە خراپتر، بە پاڵپێوەنانی ماکرون بەرەو کۆشکی ئیلیزە چارەنوسی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان دایە دەستی تا پێنج ساڵی داهاتوو بۆیان ئاشکرا بێت هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتردا ڕێگا چارەی کۆتایی هێنان بە بارودۆخی موسیبەتباری زاڵ بەسەر ژیان و بەڕێچوونیاندا نییە. تا کاتێک کە خەڵک هەست نەکەن کە چارەنووسی حەتمی ئەوان هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتردا نییە ناتوانن کە ئەم چەرخە پێچەوانەیە بوەستێنن. بەشی وشیاری چینی کرێکاری فەڕانسە و کومونیستە ڕادیکاڵەکان دەبێ هاوسەنگی هێزی نێوان هەردوو چینی دژ بە یەکی کۆمەڵگای سەرمایەداری بە قازانجی چینی کرێکار بگۆڕن. و ئەمەش ڕەنگە گرنگترین دەرسی هەڵبژاردنی فەڕانسە بێت بۆ ئەوانەی کە لەبیری دروست کردنی بەدیلێکدان بۆ نەزمی پێچەوانەی حاکم.