رۆژی هەینی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سازمانی مێلەل ڕایگەیاند کە هەواڵێک لە چارەنووسی کەشتیهێکی سەربە ناوگانی دەریایی ئەمریکا کە لە چوار چێوەی پەیمانی ناتۆدا بۆ بەرگرتن لە هاتنی کۆچبەران بۆ نێو قەڵای ئوروپا لە حەرەکەتدا بوو نییە. بەپێی هەمان ڕاپۆرت ئەو کەشتیە رۆژی سێشەممە لە نزیک سنوورەکانی لیبی پەنابەرانی لە ئاودا گرتۆتەوە و دوازدە پەنابەری نوقم بووی لەو ناوچەیەدا به جێ هێشتوه. هاوکات وێنەی کەشتیەکی سەربە سازمانە نا حکومیەکانی ڕزگار کەری پەنابەران لە مێدایاکاندا بڵاو بۆوە. لەنێو ئەو کەشتیەدا ٦٢٩ پەنابەری ڕزگار کراو کە ١٢٣ کەس لەوان منداڵ و تازەلاوی ژێر ١٨ ساڵ بوون، دەبیندرا. ئەوان سەرنشینانی چەند بەلەم بوون کە شەوی یەکشەممەلە لایەن ئەو کەشتیوە لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا کۆکرابوونەوە. ئەوان ئێستا بوونەتە تۆپی یاری ئیتالیا و ماڵتا. ئەو کەشتیە لە مەودای ٣٥ مایلی ساحلی ئیتالیا و ٢٧ مایلی ساحیلی ماڵتادا سەرگەردان بوون لەگەڵ ئەوەی کە بە پێی یاسای نیونەتەوەیی هەردوی ئەو دەوڵەتانە موەزەف بوون کە ئیجازەی لەنگەر گرتن بەو کەشتیە بدەن، بەڵام هیچکامیان ئیجازەیان نەدا. دوای ٥ رۆژ دەوڵەتی ئیسپانیا ئامادەیی پیشاندا بۆ قەبوڵ کردنیان. زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی سودان، نیجیریە و ئیریترە بوون. وتەبێژی ئەو کەشتیە رایگەیاند کە ئێمە لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا گیانی زیاتر لە ٣٠ هەزار پەنابەرمان ڕزگار کردوە بەڵام وێڕای بوونی تیمێکی پزیشکانی بێ سنور لەنێو کەشتیەکەدا ئیمکاناتی لۆجستیکی ئێمە بۆ ئەو ژمارەیە لە پەنابەران لە دوو سی رۆژ زیاتر نییە. وەزیری نێوخۆی دەوڵەتی ئیئتیلافی نویی ئیتالیا پێکهاتو لە دوو حیزبی ڕاسیستی و پوپۆلیستی” لیگ ی شمال” و ” پێنج ئەستێرە” لە نامەیەکدا روو بە پەیمانی نیزامی ناتۆ خوازیاری دیفاعی هێزەکانی ئەو پەیمانە لە ئیتالیا بوون لە بەرانبەر ئەوەی کە ئەو” ناوی نا ” هێرش لە باشورەوە”. کاتێک وشەکان مەفاهیمی خۆیان لەدەست ئەدەن، پەنابەران دەبنە ئەڕتەشێکی هێرش بەر و ئەوانەی کە ئەم وڵاتانەیان کردۆتە مەیدانی ڕقابەت و شەڕئەنگێزی، خۆیان دەبنە هێزی دیفاع لە ” هێرشی” ئەم هێرشبەرانە و ئەمە هەڵبەت زۆریش چاوەڕوان نەکراو نەبوو لەبەر ئەوەی کە حیزبی ڕاسیستی ” لیگ ی شمال” خەبات بۆ بەرگرتن لە چوون بۆ ئیتالیای کردبووە ئالای هەڵبژاردنی. تەنانەت سەرۆک وەزیری ئیتالیا کە گۆیا تیکنوکراتێکە کە بە ڕواڵەت ئەندامی هیچکام لەم دوو حیزبە نییە خوازیاری چالاک بوونەوەی هێزەکانی ناتۆ لە سنورەکانی نێوان ئیتالیا و ساحیلی ئەفریقادا بوو. سەرۆکی پەیمانی نیزامی ناتۆ لە دیدارێکی حوزوریدا بەڵێنیدا کە ئەم بابەتەی لە رۆژەکانی ١١ و ١٢ ی مانگی داهاتودا لە دهستوری کاری ئیجلاسی ناتۆدا دابنێت. ناردنی هێزی نیزامی ناتۆ بۆ نیو دەریای مەدیتەرانە شتێک نییە بێجگە لە دانانی گورگ بۆ پاسەوانی ڕانە مەڕ.
لە ڕاستیدا رۆژ نییە کە هەواڵی بەڕیارەکان و کرداری ڕاسیستی کاربەدەستانی ئەوروپایی سەبارەت بە پەنابەران بڵاو نەبێتەوە. ئەگەر لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا، پەنابەرانی گیان بەدەر بردوو لە شەپۆلی خورۆشاو دبنە تۆپی یاری وڵاتانی سنوری دەرەوەی ئوروپا، لەنێو ئوروپاشدا هێرش بۆسەر ئەوان ئاستێکی تازەتری بەخۆیەوە گرتوە. دروست کردنی فەزا لەدژی پەنابەران نە تەنیا بۆتە یەکێک لە تێمە سەرەکیەکانی ئەحزاب و جەریاناتی ڕاسیستی و فاشیستی و دەوڵەتانەی وەک لەهستان، رۆمانی، مەجارستان و ئێستا ئیتالیا و ئوتریش، بەڵکو ئەحزابی محافزەکار و تەنانەت سۆسیال دیموکرات بۆ کەنار خستنی ئاحزابی راسیستی و فاشیستی لە هەمان گوفتمانی دژی پەنابەری کەڵک وەردەگرن. دروست کردنی کەمپەکانی پەنابەری و یان ئۆردوگاکانی ئیجباری نێشتەجێ کردنی پەنابەران لە سەر سنوری ئاڵمان خۆی ئێستا بۆتە یەکیک لە دەمەقاڵەکانی نێو دەڵەتی ئیئتیلافی ئاڵمان تا جێگایەک کە گەلێک کەس باس لە هەڵوەشانەوەی ئەو دەولەتە دەکەن. ئەگەر سەدری ئەعزەمی ئاڵمان لە ” ئەحزابی دیموکرات مەسیحی” هیوادارە کە لە ئیجلاسی کۆتایی حەفتەدا یەکێتی ئوروپا ڕێگاچارەی بۆ ئەم ” قەیرانە بدۆزێتەوە، بەڵام وەزیری نیوخۆ لە حیزبی ” سۆاسیال مەسیحی” تا رۆژی دووشەممە مۆڵەتی داوەتێ لە گەل پێشنیارەکەی ئەودا سەبارەت بە دروست کردنی ئۆردوگا لە سنورەکانی ئاڵمان موافقەت بکات. بەپێی تەرحەکەی ئەو، پەنابەران لەم ئۆردوگایانەدا بۆ ماوەی ١٨ مانگ تا یەکلایی کرانەوەی کۆتایی داخوازی پەنابەرئتێیان لەوێدا رادەگیرێن تا لەئەگەری قەبوڵ نەبوون، دەربکرێن و ئیمکانی چوون بۆنێو ئاڵمانیان نەبێت. لە هەموو ئەم ماوەیەدا ئەوان ئیجازەی دەرچوونیان لەم ئۆردوگایە نابێت. هەر لە ئێستاوە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئوروپایی ڕایانگەیاندوەکە بەهیچ شێوەیەک تەسلیمی تەوافوقێک نابن کە ئیجازەی چوونی پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان فەراهەم بکات.
راستیەکەی ئەوەیە کە هەموو ئەو تەرحانەی کە یەکێتی ئوروپا لە دووساڵی ڕابردودا بۆ چارەسەر کردنی ئەم ” قەیرانە” گرتویەتە بەر، هیچ شتێک نەبووە بێچگە لە ڕاگەیاندنی شەڕ لەدژی پەنابەران. تەنانەت کاتێک کە تراژیدیە گەورە ئینسانیەکان لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا گیانی بە هەزاران ئینسان لە چاوتروکانێکدا دەستێنێ و کاربەدەستانی دەوڵەتی ئوروپایی فرمێسکی درۆینەیان بۆ دەڕێژن، هاوکات لە پشت دەرگا داخراوەکاندا، خەریکی تەنزیم کردنی ئەو تەرح و تەوافوقنامانەن کە قەڵای ئەروپا لە هێرشی ” هێرش بەرانی باکوری” بپارێزن.
لە ساڵی ڕابردودا یەکێتی ئەروپا کۆمەڵێک قەرادادی کەڵانی لەگەڵ وڵاتانی وەک نیجێریە، مالی، سودان، میسر و لیبی بۆ دروست کردنی کەمپی پەنابەری بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرانێک کە لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا دەکەوتنە چنگ ناوگانەکانی یەکێتی ئەروپا و گاردی ساحیلی لیبی واژۆ كرد. بەڵام هیچکام لە لەم کردارانە شەپۆلی حەرەکەتی پەنابەرانی رانەگرت. تەنیا ئەکامی ئەم تەرحانە قوربانی بوونی ژمارەیەکی زیاتر لە پەنابەران و بە کۆیلەتی کێشرانی هەزاران کەس لەوان لە بازاڕی فرۆشتنی کۆیلەکان لە لیبیدا بووە. هەڵبەت ئەم تەرحانە زۆر بە ئاو تاوەوە لەژێر ناوی خەبات لەدژی بەناو ئەو قاچاقچیانەیە کە حەرەکەتی پەنابەران لە سەواحلی لیبیەوە و لە مەسیری مەدیتەرانەدا دەگەیەننە دەرەکی ترین سنورەکانی قەڵای ئوروپا به ڕێوه دهچێت و هەموو ئەمانە هەڵبەت بەیانی ” ئەرزشە بەشەر دۆستانەکانی ئوروپایی”یە کە لە بەیانیەوە تا ئیوارە فو بە زورنادا دەکرێت و هەڵبەت لەسەر بنەمای ئەم ئەرزشانەیە” کە خاکی ئەم ولاتانە بە تورەکە دەکێشن، ئەوان تاڵان دەکەن و دانێشتوانی دەکەنە کۆیلەکانی بەرهەمی ئەرزشی ئیزافی بۆ کارکردی سەرمایەداری. لەم روەوەماندو نابین کە بەردەوام بڵێین کە ڕێگا چارەی سەرمایەدارانە بۆ زاڵ بوون بەسەر تراژیدی ملیۆنی پەنابەران بوونی نییە. لەم روەوە کە کارکردی ئەم سیستمە خۆی سەرەکی ترین هۆکاری شەڕە ناوچەییەکان، قەومی، مەزهەبی و وێران کردنی ژینگە و لە ئاکامیاندا هەڵکەندەرانی ملیۆنی ئینسانەکانە لە ماڵوحاڵیان.