کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەگرتنی خەباتی جەماوەری و داماوی ڕژیم

کەشی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا، چ لە ڕیزی خەڵک و چ لە ڕیزی دوژمنانی خەڵکدا گومانێکی نەهێشتۆتەوە کە ئاخێزی جەماوەری مانگی بەفرانبار خاڵێکی گرنگی وەرچەرخان لە هاوسەنگی هێزی مەوجودی نێوان شۆڕش و دژی شۆڕش پیشان ئەدات. ئەگەرچی ئەو ئاخیزە بە توند ترین شێوە سەرکوت کراوه‌ و بێجگە لەمەش لە ڕژیمێک کە لە هەمان سەرەتای بە دەسه‌ڵات گەیشتنیەوە دەستی دابوو سەرکوتی هەموو چەشنە ناڕه‌زایەتیەک، حه‌ره‌كه‌تێكی جگه‌ له‌وه‌ چاوەڕوان نەدەکرا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بەستێنەی ناڕەزایەتیی هەمەجۆر کە ئاخیزی مانگی بەفرانبار لە نێویدا شکڵی گرت نە تەنیا لە پێ نەکەوتوە بەڵکوو خۆی لە مانگەکانی ڕابردوودا هەوێنی ناڕەزایەتیە گشتیەکانی تر بووە. مانگرتنی قارەمانانەی کرێکارانی فولادی ئەهواز تا ئازادی کرێکارانی گیراو و دەستەبەر کردنی هێندێک لە داخوازیەنیان، فڕێدانی حیجاب لە لایەن ژنانی خیابانی ئینقلابەوە، ناڕەزایەتیی بەرین لە شارەکانی خوزستان، مانگرتنی بازاڕیانی تاران، ئیسفەهان، شیراز و هێندێک لە شارەکانی تر و لە کۆتاییدا لەم رۆژانەی دواییدا ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵک لە خوڕەمشار و بەرەو ڕوو بوونەوەی لاوان لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم و بەرین بوونەوەی ناڕەزایەتیی و پەل هاویشتنی بۆ باقی شارەکانی خوزستان تەنیا چەند نمونەیەکن کە ئاشکرا ترین بەیانی گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە کۆمەڵگادا و بەرەو پێش چوونی وشیارانەی خەڵک لە دروست کردنی خاکریزی نوێدا بۆ ئامادەکاری نەبەردی کۆتایی لەگەڵ ڕژیمە. ئەم بارودۆخەیە کە سەرەکی ترین فاکتۆڕی داماوی ڕژی بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە قەیراناویە پیشان ئەدات.157

ئەگەرچی کاربەدەستانی ڕژیم گەلێک ئادرەسی هەڵەیان داوە و باس لە شەڕی ڕەوانی دوژمنانی ئیسلام دەکەن کە گۆیا دەستی شاراوەی ئەوان هەم لە مانگرتنەکانی بازاڕدا، هەم لە ناڕەزایەتیەکانی دژ بە بێ ئاوی لە شارەکانی خوزستان و بە گشتی لە هەموو جێگایەک بەرچاو دەکەوت بەڵام خەڵکێک کە لە گەرمای ٤٥ پلەدا ئاوی خواردنەوەیان نییە، خەڵکێک کە شاهیدی دابەزینی ٥٠ لەسەدی ئەرزشی ڕیاڵن لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردودا و دەبێ بۆ هەر کیلۆ گوشت ١٢٠ هەزار تمەن بدەن و هاوکات دەبیستین کە ٢٢٠ ملیۆن دۆلار ئەرزی دەوڵەتی بە نرخی ٤٢٠٠ تمەن تەنیا دراوە بە ژمارەیەک شیرکەتی هاوردەکاری تەلەفۆنی موبایل کە گرێدراوی کاربەدەستانی سەرەوەی ڕژیمیشن، دەزانن کە هۆکاری سەرەکی هەموو ئەم گرفتە کۆمەڵایەتیانە سه‌رجه‌م حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیە. ئەگەرچی باڵە جۆراو جۆرەکان هەوڵ ئەدەن کە ڕەقیبەکەیان بە هۆکاری سەرەکی ئەم بارودۆخە نابەسامانە نیشانبدەن، بەڵام خەڵک لە ٤٠ ساڵ حاکمیەتی هەموو باڵەکانی ڕژیم و تەیفەکانی نێو ئەم باڵ بەندیانەی دیوە. خەڵک بە چاو بینیویانە کە هیچکام لەوان ڕێگا چارەیەکیان بۆ زاڵ بوون بەسەر قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا نییە. ئەگەرچی باڵەکانی حاکم لێرە و لەوێ تا ئاستێک دەستیان داوەتە حەسەر کردنی ڕەقیبەکانیان بەڵام لەگەڵکو بەرەو رووی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان دەبنەوە، ساتێک لەوەی کە یەک دەست، دەست بدەنە سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان، سەبر ناگرن و ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە لە زمان نوێنەرانی ڕەسمی و نا ڕەسمی باندەکانی حکومەتی و تەنانەت ئوپوزسیۆنی قانونیەوە لەژێر واژەگەلی وەک لێک هەڵوەشانی ڕژیم باسی دەکرێت.

ئەگەر زەمانێک ئەم هۆشداریە نێهزەتی ئازادی ئەیدا کە “ناڕەزایەتیی ماڵ باختەگانی دامەزراوە ماڵی و ئیعتیباریەکان و یان کرێکارانی بێ کار کراو و کەسانێک کە چەندین مانگ حقوق و حەقدەستیان وەرنەگرتوە، دەرگیری بێ وێنە لەگەڵ دەروێشە گونئابادیەکان، لێکدان و کێشمەکێش لەسەر شێوازی دابەش کردنی سەرچاوەکانی ئاو لە شارەکانی ئوستانی ئیسفەهان کە باس لە هەستانی تۆفانەکانی مەترسیدار لە بواری مناسباتی کەڵانی کۆمەڵگادا دەکەن”و لەوانەی کە لە سەروی دەسەڵات دان داوا دەکات کە” دەست بدەنە کۆمەڵێک ڕیفۆڕمی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی”تا” بەر بە پەرەسەندنی قەیرانێکی گشت گیری ئەمنیەتی و توندوتیژی ڕێکخراو لە وڵاتدا بگرن” و ئەگەر ژمارەیەک لە فڕێدراوان بەرەو ئوپوزسیۆنی قانونی کە خۆیان هێندێکیان لە مێعماران و ستراتیژیستە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم بوون، لە نوستالژی نۆهەمین ساڵیادی بەناو بزوتنەوەی سەوزدا” بەیانیەی ڕزگار بوونی ئێران”یان بڵاو کردەوە و بانگەوازی سەرجەم باڵەکانی ڕژیم دەکەن بۆ “بوژاندنەوەی وەحدەت” و گەڕانەوەی حکومەت بۆ لای خەڵک “بۆ” ڕزگاری بە تەواوەتی ئێران لەو مەترسیانەی کە هەموان لێی ئاگادارن و لە کۆتاییدا حسێن موسەویان کە ماوەی ٨ ساڵە جێگری حەسەن روحانی بووە لە کاتێکدا کە ئەو دەبیری شوڕای ئەمنیەتی نەتەوەیی بوو لە پیوەند لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و بێ سەمەر بوونی بڕیارە جۆراو جۆر و یەک لەدوای یەکەکان بۆ کۆنترۆڵ کردنی نرخی ئەرز، مەترسی تەنانەت لە کورت ترین ماوەدا ئەرزیابی کردوە و دەنووسێ” گەورەکانی نیزام دەبێ بەر لە هەرشتێک لەم بارەیەوە لەبیری چارە کردندا بن، بە قیمەتی دەستکاریەکی ئەساسی لە دەوڵەتدا و یان دەست لەکار کێشانەوەی دەوڵەتی ئێستا و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پێشوەختە، لەبەر ئەوەی بەردەوامبوونی ئەم بارودۆخەی ئێستا تا دوو ساڵی تر ڕەنگە ببێتە هۆی کۆمەڵێک زیانی قەرەبوو نەکرا”، ئه‌مڕۆ هه‌موو جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك ئه‌مانه‌ ده‌زانن. بێگومان ئەم هۆشدار و ئەرزیابیانە چەند نمونەیەکن لە بارودۆخی شپرزەی ڕژیم کە بە ئاشکرایی باس دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا نابێ توشی خۆشباوەڕی بین و تواناییەکانی ڕژیم بۆ سەرکوتی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان دەستی کەم بگرین. لەبەر ئەوەی کە بۆ ئەم بزوتنەوانە زۆر گرنگە کە بە لەبەرچاو گرتنی هاوسەنگی هێزی مەوجود خەبات و ناڕەزایەتیەکانیان ڕێکبخەن. بە هەر رادەیەک کە بزوتنەوەی گشتی خەڵک بۆ نان و ئازادی بتوانێ لە جەریانی ناڕەزایەتیی رۆژانەی خۆیاندا بەرەو سازماندان و پێوەندی سەرتاسەری بچن، بەهەمان ڕادە توانایی بەرەنگار بوونەوەی لەگەڵ هێرشەکانی ڕژیم زیاتر دەبێت. بە هەر ئەندازە خەباتی کرێکاری بە تایبەت لە پیشەسازی گەورە و کلیدی دا شکڵ بگرێت و پەرە بستێنێ و بەهەر رادەیەک کە بزوتنەوەی کرێکاری، بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزوتنەوەی لاوان و هەڵسوڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی ئەم بزوتنەوانە بتوانن رادەیەک لە سازماندەهی خۆیان زیاتر بکەن و دەستبدەنە یارمه‌تیدانی بزوتنەوە ناڕەزایەتیە گشتیەکان بە هەمان ئەندازەش سەنگەری تازە لە پەیکاری خەڵکدا بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی دروست دەبێت. ئەمانە بەشێک لە ئەرکە گرنگەکانن بۆ تێپەڕ بوون لەم قۆناغە و چوونە نێو دەورەی گەشە و هەڵدانی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگاوە. نابێ دەرفەتەکان لە کیس بچن.