ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام دەرفەتێکی نوێی بۆ بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم لە ئاستە جۆراو جۆرەکاندا فەراهەم کرد تا لەو بارودۆخه بۆ پەرەدان بە دزی و سوئیستیفادەی ماڵی کەڵک وەربگرن. دزی و گەندەڵی ماڵی چەند لایەنە و نیهادینە بوو لە حاکمیەتی ئیسلامیدا، وەک یەکێک لە هۆکارەکانی بەرین تر بوونەوەی قەیرانی ئابووری لە ئێران لە بارودۆخی ئێستادا پایەکانی حاکمیەتی زیاتر خستۆتە لەرزە و کاربەدەستانی ڕژیمی زیاتر لە پێشو نیگەران کردوە. تا ئەو جێگایەی کە ئەمرۆکە کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی لە سەرەوە تا خوارەوە دان بە پەرەسەندنی گەندەڵی ماڵیدا دەنێن. لە ئاستی سەرەوەی ڕژیمیش ئەمە بە هۆکاری شکستی تەرح و بهرنامهكانیان دەزانن. رۆژی شەممە ٢٧ ی مانگی گەلاوێژ ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار و بەناو ستادی فەرماندەیی ئابووری مقاومەتی، لە جهریانی بازدید لە ئیدارهی هەواڵنێریی “ئیرنا” وێرای دەربڕینی نیگەرانی لە بارودۆخێکی هەستیار و مەترسیدار کە ڕژیم تێی کەوتوە، ڕایگەیاند کە ” گەندەڵی لە وڵاتدا وەها پهرهیسهندۆه کە بەرپرسانی سەرەوەشی گرتۆتەوە.” ئەو دانی بهوهدانا کە بەرپرسان لە ڕانتی ئیتلاعاتی کەڵک وەردەگرن کە خۆی گەورە ترین زەمینەی گەندەڵی فەراهەم دەکات.
لەم پێوەندیەدا جەهانگیری ئاماژەی بە هێندێک نمونه كرد کە تێیدا بەرپرسانی حکومەتی بە کەڵک وەرگرتن لە ڕانتی حکومەتی بە میلیار دۆلاریان دەست کەوتوە و ووتی كه ئەوە هۆکاری شکستی بەرنامە ئابووریەکانی دەوڵەتن. لەوانە لە یەک حاڵەتدا بە زەد و بەند لە نێوان بانکی ناوەندی، گومرک و نیزامی دابەش کردنی ئەرز دە میلیارد دۆلار بۆ هاوردە کردنی کالا وەرگیراوە کە دیار نییە چێ لێهاتوە. ئەو هەروەها ئیعتیڕافی کرد کە ” نیزامی ماڵیاتی وڵات” خۆی یەکێک لە کانونەکانی گرنگی خۆ دزینهوه له دانی ماڵیات بووە کە مەبلەغی ساڵانەی نزیکەی ٢٢ هەزار میلیارد تمهنه.
ههڵبهت كهس باوهڕی به قسەکانی ڕێبەران و بەرپرسانی ڕژیم لە پێوەند لەگەڵ بهربهرهكانێ لەگەڵ گەندەڵی نییە. گشت ئەمانە خۆیان بەشێوەیەک لەو دزی و گەندەڵیانەدا بەشدارن. ئەحمەد تەوەکولی نوێنەری پێشوی مەجلیس ڕایگەیاند کە ” گەندەڵی سیستماتیک لە ئێراندا بە ڕادەیەک بەرین بۆتەوە کە تەنانەت ناوەندە بەرپرسەکانی بهربهرهكانێ لەدژی گەندەڵیش خۆیان تا ئاستێک گیرۆدەی بوون.” خامنەیی کە گەندەڵی بە ” ئەژدیهای حهوت سەر” ناو دەبات و دەڵێ دەستەویەخە بوون لەگەڵی دژوارە، ناوەندەکانی ژێر چاودێری خۆی بە سەروەتی زیاتر لە ٩٥ میلیارد دۆلاریەوە وەک مافیای ئابووری لە ئێراندا حیسابیان بۆ دەکرێت کە وڵامدەرەوەی کەس نین. یان ئەگەر روحانی گەندەڵی وەک غودەی سەرەتانی ناو دەبات ژمارەیەکی زۆر لە هاوکاران و مودیرەکانی بەم دواییانە بە تاوانی ئیختیلاس و گەندەڵی ماڵی گیراون. ئیفتیزاحی ماڵی سادق لاریجانی سەرۆکی قوەی قەزاییەی ڕژیم لە واریز کردنی پوڵەکانی پێوەندیدار بە پەروەندە قەزاییەکانەوە بۆنێو حیسابی شەخسی خۆی کە تەنیا سودی مانگانەکەی نزیکەی ٢٠ میلیارد تمەن بووە، نمونەیەکی دیکەیە لە گەندەڵی سەرانی ڕژیم. ئێستا ئەو وەک مودەعی خەبات لەدژی گەندەڵی پێشنیاری پێکهێنانی دادگایەکی فەرمایشی بە خامنەیی دەکات کە گۆیا ئامانجی پێڕاگەیشتنی خێرایە بە پەروەندەکانی گەندەڵی ئابووری بەبێ هەبوونی مافی توێژینەوە و پێدا چوونە تێیاندا. پەروەندەی گەندەڵی ماڵی ئەو بەرپرسانەی ڕژیم لەهەر باڵێکی ئەوەندە زۆر و بەرینن کە هەر كامیان ئەگەر بیەوێ لە شەڕی دەسەڵاتی نێوان خۆیاندا کەڵکیان لێوەر بگرێت گهلێك بهڵگهی دهست دهكهوێ و توشی گرفت نایەت.
بەڵام ئامانجی سەرەکی ڕژیم لە وەڕێخستنی وەها بێدادگایەک نەک خەبات لەدژی گەندەڵی ئابووری بەڵکو دروست کردنی فەزای ترس و تۆقاندنە لەنێو کرێکاران و خەڵکی ناڕازیدا. ڕژیم دەیهەوێ بە محاکەمەی چەند کەس لە قازانج پهرهستان و دەڵاڵەکانی دەستی چەندەم لەم بێدادگایانەدا و تەنانەت قوربانی کردنیان، ڕواڵەتی مۆرە سەرەکیەکانی دز و تاڵان چیە واقعیەکانی سەروەتی کۆمەڵگا کە هەمان سەران و بەرپرسانی ئاستی سەرەوەی نیزامی ئیسلامین ئاڕایش بکات. کۆماری ئیسلامی بە خەیاڵی خۆی دەتوانێ بە وەها شگردگەلێک خەڵک فریو بدات و چەند کەس وەک هۆکاری هەژاری و فەلاکەت و بێکاری و برسیەتی بە خەڵک بناسێنێ.
بەڵام کرێکاران و جەماوەری زۆر لێکراوی ئێران چڵ ساڵە ئاشنای ماهیەتی سەرمایەدارانە و ڕیاکارانەی ڕژیمی ئیسلامین. ئەم خەڵکە لە دەورەی پێشوی گەمارۆ و تەحریمەکانیشدا بینیان کە کاربەدەستانی ڕژیم چلۆن لە دەرفەتی تەحریمەکان بۆ ڕانت خۆری و دزی و پڕ کردنی گیرفانیان کەڵکیان وەرگرت. بینیان کە چلۆن ئەم ڕژیمە بە بیانوی بوونی تەحریمەکان خۆی لە دابین کردنی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک دەدزیەوە، بەڵام لە هەمان حاڵدا بە سەدان میلیون دۆلاری بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجی پاوان خوازانە و یارمەتی بە جەریاناتی کۆنەپەرستی دەست پەروەردەی خەرج دەکرد. ئێستا کە سەرلەنوێ لە لایەن ئامریکاوە بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئاستی دەسەڵات خوازی و زێدەخوازیەکانی خراوەتە ژێر گوشارەوە، دەیهەوێ بە سەرف کردنی هەزینەیەکی زۆر تر لە سفرەی خەڵکی ئێران بۆ نیشاندانی بونیە و توانایی نیزامی خۆی بە ئامریکا هەنگاو هەڵێنێتەوە. لەم پێوەندیەدا وەزیری بەرگری کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە لەم دەورەیەدا ئەولەویەتیان بەرز کردنەوەی توانایی موشەکییە و رۆژی چوارشەممە ٣١ ی مانگی گەلاوێژ پەردە لەسەر فرۆکەیەکی جەنگی و پشتیوانی دروست کراوی دەستی کۆماری ئیسلامی لادەدەن.
کۆماری ئیسلامی بەم فڕوفێڵانە و بە بیانوی تەحریمەکان و مەترسی شەڕ و بەرەوروو بوونەوە لەگەڵ ئامریکا ناتوانێ داخوازی و داواکاری کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ناڕازی پشت گوێ بخات. مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیەکانی سەر شەقام کە ئێستا لە ئێراندا لە ئارادایە، پەرە دەستێنێ. لەبەر ئەوەی نە ڕژیمی ئیسلامی بەو قەیرانانەی کە لەنێوخۆ و لە ئاستی ناوچەییدا دەستەویەخەیەتی، ئەتوانێ داخوازی و داواکاریەکانی خەڵک وڵام بداتەوە و نە کرێکاران و خەڵکی وەگیانهاتو لە هەژاری و برسیەتی تەحەمولی درێژەدان بەم ژیانە فەلاکەتباریان هەیە و درەنگ یان زوو بە درێژەدان بە خەباتی ڕێکخراو و ئامانجداری خۆیان کۆتایی بە تەمەنی پڕ لە جەنایەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دێنن.