لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە و ژمارەی هێرشکان بە شێوەیەکی زیادیکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم هێرشانە ژێرخانی سەربازی، ئەتۆمی و هەندێک ناوچەی مەدەنییان گرتووەتەوە و ڕێژەیەکی بەرچاو زیان و قوربانیی لێکەوتووەتەوە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ناوچەکانی سنە، ورمێ و کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها شارەکانی یەزد، ئەراک، پارچین، ئەهواز، دیزفول و فارسان بوونەتە ئامانجی هێرشەکان، کە لە هەندێک شوێن دەنگی تەقینەوە و چالاکیی بەرگریی ئاسمانیی تۆمار کراوە. بەپێی زانیارییەکان، شوێنە ستراتیجییەکانی وەک وێستگەی ئاوی قورس لە ئەراک و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە فۆردۆ و ناوچەکانی دەوروبەری تاران کراونەتە ئامانج. لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتی بەرکەوتنی مووشەک لە ناوچەی گوناباد و هێرش بۆ سەر ناوەندە پیشەسازییەکان لە ئیسفەهان بڵاوکراوەتەوە. هەروەها فڕۆکەخانەی بوشێهر و ناوچەی کوهەک کە پەیوەندیی بە ژێرخانە سەربازییەکانەوە هەیە بە ئامانج گیراون. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، هەرچەندە وردەکارییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە، تەنها لە یەک ڕۆژدا سەدان هێرش لە چەندین پارێزگا تۆمار کراوە کە بە هۆیەوە دەیان کەس کوژراو یان بریندار بوون. لە هەمان کاتدا، ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی هاوکات لە چەندین ناوچە ئەنجام دراون و ئامانجیان تێکشکاندنی ژێرخانە سەربازی و پیشەسازییەکانی کۆماری ئیسلامی بووە، کە ئەمە نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەکانە لە ناوچەکەدا.
