کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی مانگرتن، نیزامی ئیسلامیی توشی ململانێ کردووە

237

مانگرتن و ناڕەزایەتی روو لە زیاد بوون کە لە یەک مانگی ڕابردودا سەرەڕای ئێقدامات و هەڕەشەی دەزگا ئەمنیەتیەکان و سەرکوتی ڕژیم درێژەی هەبووە، سەرجەم نیزامی ئیسلامی توشی ململانێ کردووە. مانگرتن و ناڕەزایەتی ئەم دەورەیە تەنیا بە کرێکاران و یان توێژ و گوروپێکی کۆمەڵایەتی بەرتەسک نەبۆتەوە و تەنیا شارێک و ناوچەیەک و لە رۆژ و کاتێکی تایبەتدا بەڕێوەنەچوون، بەڵکو لە لایەن چین و توێژە جۆراو جۆرەکانەوە، لە شار و ناوچە جۆراو جۆرەکاندا درێژەی هەبووە. لەگەڵ ئەوانەدا گەلێک لە مانگرتنەکان، ڕاگەیاندنی پشتیوانی و هاوپشتی باقی چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکانی لە گەلێک لە شارەکانی ئێڕانیشی لەگەڵدا بووە. ئەمەش لایه‌نێكی دیكه‌ لە تایەبەت مەندیەکانی مانگرتن و ناڕەزایەتی ئەم دورەیە کە سەرانی ڕژیمی بە شێوەیەکی جیدی نیگەران کردوە.

هەر لەم حەفتەی ڕابردودا، مانگرتنی سەرتاسەری و ٢٢ رۆژەی شۆفیر کامیۆنەکان هێشتا کۆتایی نەهاتبوو کە رۆژی پێنج شەممە ١٩ ی مانگی خەزەڵوەر نانەواکانی تەورێز لە ناڕزایەتی بە زیاد بوونی نرخی ئارد دەستیان دایە مانگرتن و بە شوێن ئەودا بانگەوازێک بۆ مانگرتنی سەرتاسەری سەرجەم نانەواکانی وڵات لە رۆژەکانی سێشەممە و چوارشەممە ی ئەم حەفتەیە لە ناڕەزایەتی بە بەرز بوونەوەی هەزینەی ئاو و بەرق و گاز بڵاو کرایەوە. بانگەوازەکەی شوڕای هاوئاهەنگی تەشەکولە فەرهەنگیەکان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژەکانی ٢١ و ٢٢ مانگی خەزەڵوەر له‌گه‌ڵ پێشوازی فەرهەنگیان لە هەموو ئێران به‌ره‌وڕوو بوو. کۆبوونەوەی فەرهەنگیانی خانه‌نشین له‌ مەشهەد لە بەردەم سازمانی بەرنامە و بودجە، درێژەی مانگرتنی کرێکارانی شارەداری مەسجد سولەیمان و مانگرتنی کرێکارانی پاڵاوگەی نەوتی قیشم لە رۆژی چوارشەممە، هەروەها مانگرتنی کرێکارانی ئیدارەی ئابفای خوزستان لە رۆژی پێنجشەممە ٢٦ ی مانگی خەزەڵوەر و درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ژمارەیەک لە خوێندکارانی عولوم پزیشکی تاران لەهەمان رۆژدا، ئه‌مانه‌ سه‌رجه‌م ده‌نگی كۆتایی ڕژیمی كۆماری ئیسلامییه‌ كه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

خامنەیی و باقی سەرانی ڕژیمی ئیسلامی خۆیان شاهیدی گەشە و هەڵدان و پەرەسەندنی رۆژانەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگان. ئەوان بەمەش دەزانن کە لەم بارودۆخە خراپە ئابووریەدا ناتوانن وڵامدەره‌وه‌ی نیازەکانی خەڵک بن. هەر بەم هۆکارە تەنانەت لە بارودۆخی قەیرانێکی توندی ئابووریدا کە ڕژیم لەگەڵی دەستە و یەخەیە، ئامادەن بودجەی زیاتر بۆ پاراستنی دامودەزگا و هێزە ئەمنیەتی و سەرکوتگەرەکانی دابین بکەن. ئەوان دەزانن بە نزیک بوونەوە لە کاتی داسەپاندنی قۆناغی دووهەمی تەحریمەکانی ئەمریکا، قەیرانی ئابووری قوڵتر دەبێتەوە و بە توند بوونەوەی قەیرانەکەش، بێکاری و توانایی کڕینی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش زیاتر لەپێشوو کەم دەبێتەوە و ژیان و بەڕێچوونیان بەرەو رووی تەنگ و چەڵەمەی زیاتر دەبێتەوە. لە ئاکامدا گەشە و هەڵدانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاسۆدا دەبینن و خۆیان بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئامادە دەکەن. ڕێژە و مانۆڕە نیزامیەکان دەبێ وەک بەشێک لە ئێقداماتی ڕژیم لەم ڕاستایە دان.

دەرکەوتنی زیاتری خامنەیی لەم دەورەیەدا و کۆکردنەوەی دەستەو دایەرەکانی نیزامی و بەسیج و مەوعیزەی فریوکارانە و هەڵخڕاندنی هه‌ستی لایه‌نگرانیان بەشێکی دیکەیە کە بە ئامانجی پێکهێنانی ئامادەیی تێیاندا بۆ بەرەو روو بوونەوەی وەحشیانە و توندوتیژ لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ناڕازی بەڕێوەدەچێت. کۆکردنەوەی ٢ هەزار کەس لە بەکرێکیراوانی بەسیجی لەژێر ناوی” نوخبە لاوەکان” لە رۆژی چوارشەممە ٢٥ ی مانگ یەکێک لە نمونەکانی بوو. خامنەیی حەوتوی ڕابردوش کۆمەڵێکی تر لە بەسیجیەکانی لەدەوری خۆی کۆکردوە. ئەو لەم کۆبوونەیەدا و بە پیاهەڵدانی بێ بنەما له‌ئاست بارودۆخی شپرزەی ئێستا خۆی له‌ گێلیدا و ڕه‌خنه‌ی له‌وانه‌ گرت كه‌ تووشی بێ هیوایی بوون. ئەو داوای لێکردن سەبارەت بە خەسارە کۆمەڵاتیەکان بێ خەم نەبن و لە فەزای بەناو ” تەخەسوسیدا” نوقم نەبن بەڵکو ئاگایان لە مەترسیەکان بێت. ئەو هەروەها ڕایگەیاند کە :” دوژمن دەیەوێ میللەتی ئێران بەم ئاکامە بگه‌یه‌نێ كه‌ خۆی ده‌ی هه‌وێ و ڕێگایەکی دیكه‌ بوونی نییە. کەسانێکیش لەنێوخۆی وڵاتدا بیری چۆکدادان لەبەرانبەر ئەمریکادا ڕەواچ ئەدەن کە ئەوەش بەدڵێ دوژمنە. ئەوان خەیانەت دەکەن و من بە یارمەتی ئێوە تا تواناییم هەبێت ناهێڵم ئەمە روبدات. خۆگێل کردن لەوەی کە تووشی بونبەستێکی ئابووری بوون و وا پیشاندان کە ڕژیم ڕێگا چارەی هەیە، دەبێ بە شێوەیەکی شەیادانە لەسەر مینبەرەکانەوە تەبلیغی بۆ بکرێت. خامنەیی و باقی سەرانی کۆماری ئیسلامی کە سالانێک بە دروشمی” نە شەرقی و نەغەربی” هەوڵیان ئەدا خەڵک فریو بدەن، ئیستا بۆ لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتنی خەڵک بەدیلی ” بەرەو شەرق چوون” وەک ڕێگا چارە دێننە گۆڕێ. گۆیا تا ئێستا تەنیا سەرنجیان لەسەر غەرب بووە و لایان لە شەرق نەکردۆتەوە. عەلی ئەکبەر ویلایەتی ڕاوێژکارکەشی چەند مانگ لەوەپێش ڕایگەیاند کە :” ڕوانگەی ستڕاتێژیك بەرەو رۆژهەڵات هاسان ترین کارێکە کە شەڕی رۆژئاوامان لە کۆڵ دەکاتەوە.”

بۆ سەران و کاربەدەستانی ڕژیم کە گیرفانی خۆیان لە سەروەتی جەماوەری خەڵک پڕ کردوە، گرنگ نییە کە خەڵک لەگەڵ چ ئاستێک لە هەژاری و برسیەتیدا بەرەو روون. خامنەیی لە سوخەنرانیەکەی بۆ بەسیجیەکان بێ شەرمانە باس لە ئاکامی ئەرێنی گوشارە ئابووریەکان دەکات. بەڵام بۆ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ستەمدیتوی ئێران کە بارودۆخی ئابووری هێزی لێبڕیون گرنگ نییە کە ئاڕاستەی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە بەرەو شەرقە یان غەرب. ئەوان دوژمنی خۆیان دەناسن. چل ساڵ ژیان بەسەربردن لەژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا گومانی بۆ کەس نەهێشتۆتەوە کە هۆکار و سەبەبکاری سەرەکی ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارەی ژیانیان ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامیە. بەم هۆیەوە جەماوەری خەڵکی کرێكار و زەحمەتکێش عەزمیان جەزم کردوە کە نابێ هیوایەکیان بە باشتر بوونی بارودۆخی ژیان و بەڕێچوون لەژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا هەبێت. ئێستا روخاندنی ئەم ڕژیمە بۆتە بەستێن و ئامانجی خەباتی خەڵک. گەشە و پەرەگرتنی ناڕەزایەتی و مانگرتن و هەوڵی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لە پێشیانەوە هەڵسوڕاوانی سوسیالیستی کرێکاری بۆ هاوئاهەنگ کردن و تەشەکول یابی و هیدایەت و ڕێبەری کردنی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان تەنیا ڕێگایەکە کە دەبێ بگیرێتەبەر.