کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی شەپۆلی کۆچ کردنی لاوان بەرەو ئوروپا، دژواری و مەترسیەکانی

دوێنێ جارێکی تر کەشتیەکی هەڵگری پەنابەران لە دەریای مەدیرەتانەدا نوقم بووە و ژمارەیەک لەو کۆچبەرانەی کە لە یۆنانەوە وەڕێکەوتبون و دەیانەویست خۆیان بگەیەننە ئیتالیا، لە نزیک ساحل و لێوارەکانی ئەم وڵاتە گیانیان لەدەستدا. هێشتا زانیاری ورد سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی نوقم بوون بەدەستەوە نییە، بەڵام راپۆرتە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە ١٢ کەس لە گیانبەخت کردووەکان خەڵکی کوردستانی عێراق بوون. ئەوە لەحاڵێکدایە کە لەم رۆژانەدا راگەیەنەرەکانی ئەم هەرێمە باس لە دەستپێکی شەپۆلێکی نوێ و بەرین لە رۆیشتنی گەنجانی ئەم ناوچەیە بەرەو وڵاتانی ئوروپایی دەکەن.477بەپێی راپۆرتی کومیساریای باڵای پانابەری، لە یەکساڵی رابردودا ٥٩ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئینسان بەهۆی نەبوونی ئەمنیەت لە شوێنی ژیانیان، ناچار بە کۆچ کردن بوون. ئەم راپۆرتە لە درێژەدا دەنووسێ: ” لە ٦ مانگی رابردودا ١٨٦٨ پەنابەر لە مەسیری گەیشتن بە مەقسەد، گیانیان لەدەست داوە. ئەم رەقەمە بە بەراورد بە زەمانی هاوشێوەی ساڵی رابردوو ٣ بەرابەر زیاتر نیشان ئەدات.ئەو پەنابەرانەی کە بەم شێوەیە گیان و هیواکانیان لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا دەنێژرێت، زیاتر لە ناوچە شەڕ لێدراوەکانی خاوەرمیانە و لە ناوچەی هەژار و شەڕلێدراوی ئافریقا یان لەچنگ ئیستبداد و سەرکوتگەری دەوڵەتەکانی وەک ئێران رایان کردوە. ئەوان هیوایان گەیشتن بە ئوروپایە. سەفەر و بڕیارێکی کە دەست پێکردنی لەدەست کەسەکە دایە، بەڵام چارەنووسی درێژە و کۆتاییەکەی نادیارە. کەوتنە داوی مافیای قاچاغچیانی ئینسان، روو بە روو بوونەوە لەگەڵ سنورپارێزانی توڕە و نوقمی گەندەڵی و رشوەخۆری وڵاتانی سەر رێ، پیادەڕەوی چەند حەفتەیی بە دارستان و مەسیرە کوێستانیەکاندا، بەرەو روو بووونەوە لەگەڵ کۆسپ و دیواری دەست کرد لەسەر سنورەکانی وڵاتانی سەر رێ و یان نقوم بوون لە دەریا و ئوقیانوسەکاندا لە دژواری و مەترسیەکانی سەرچاوە گرتوو لەم بڕیارە لە رووی ناچارییەوەیە و هەوڵێکە بۆ مانەوە.تێپەڕ بوون بەسەر ئەو دژواریانەدا کە ئاماژەیان پێکرا، تەنیا سەرەتای ژیانێکی کۆیلە ئاسایە لە وڵاتانی پەنابەر پەزیر. روو بە روو بوونەوە لەگەڵ قانونی سەخت گیرانەی پەنابەر پەزیری، چندین مانگ و جاری وایە دەبێ چەندین ساڵ بۆی لە چاوەڕوانی و بیلاتەکلیفیدا بمێنیەوە و توند بوونەوەی بارودۆخی بازاڕی کار، لە زومڕەی ئەو گرفتانەیە کە لە هەنگاوی دواییدا دێتەسەر رێی ئەو کەسانەی رزگاریان بووە. ئەم توێژە دوای ئەوەی کە نیشتەجێ بوو ئەوکات لە پاڵ چینی کرێکاری ئەو وڵاتەدا باری قورسی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری دەکەوێتە ئەستۆی. زۆربەی ئەم شەپۆلە ملیۆنیە بەهەر مەوقعیەت و شەهادە و کارنامەیەکەوە کە لە وڵاتەکەی خۆیدا هەیبووە، بەشێوەی ئوتوماتیک پاڵ پێوەدەندرێت بۆ رێزی چینی کرێکاری ئەم وڵاتانە. لەمرۆدا بەملیۆن لاوی پەنابەر و کۆچبەر لە وڵاتانی ئوروپاییدا بە کەمترین حەقدەست و لە دژوارترن بارودۆخی کاریدا دەچەوسێنەوە. ئەوان لەزومڕەی بێ مافترین بەشی چینی کرێکاری ئوروپا بەحێساب دێن. لەگەڵ ئەم بارودۆخە دژوارەدا، گەیشتنی ژمارەیەک لە ئەحزاب و جەریاناتی نیئۆنازیست و رەگەز پەرست بە پاڕلمانی وڵاتانی ئوروپایی دەبێ لەبەرچاو بگیرێت. ئەو حێزبانەی کە چالاکیەکانیان بە هێرش بۆسەر پەنابەران و کۆچبەران لە وڵاتەکانیاندا دەست پێدەکەن و بە گەیشتن بە ئەهرومەکانی دەسەڵات و حزور لە پاڕلمانی ناوچەیی و سەرتاسەریدا دەست دەکەن بە پەسند کردنی قانونی دژی کۆچبەری. فەڕانسە، ئوتریش، ئاڵمان، بلژیک، هولەند، دانمارک، نۆروێژ، سوئێد، مەجارستان، بولغارستان و رۆمانی لە زومڕەی ئەو وڵاتانەن.ئەم ئینسانانە کە رۆژانە هەواڵی قوربانی بوونی ژمارەیەکیان دەبیستین، ئەگەر لە وڵاتەکەی خۆیاندا کاریان هەبوایە، ئەمنیەتیان هەبوایە، ئاسۆیەکی روونیان بۆ داهاتوو هەبوایە، ئەگەر لەژێر گوشاری پۆلیسی سیاسیدا گیان و ئامنیەتیان لە مەترسیدا نەبوایە، ئەگەر کارەساتی شەڕە داسەپاوەکانیان بەسەردا نەڕژایە، بۆچی بەم شێوەیە دڵیان لەدەریا ئەدا و گیان و هەستیی خۆیان بە دەستی گێژاوەکان ئەسپارد؟ بۆچی بەم جۆرە سوکایەتی هەموو رۆژەیان لە لایەن رەگەز پەرستان و دەوڵەتەکانی پشتیوانیانەوە لە ئوروپا و ئوسترالیا و ئامریکا تەحەمول دەکرد؟ ئاشکرایە کە سەبەبکاری هەموو ئەم قوربانیانەی کە لە دڵی دەریاکاندا دەدرێن، سەبەبکاری هەموو ئەم سوکایەتی و تەوهینانەی لە وڵاتانی پەنابەر پەزیر بەرانبەر بە پەنابەران دەکرێت، نیزامی سەرمایەداری حاکم بەسەر دنیادایە. ئەم پەنابەرانە مافی خۆیانە لە وڵاتی خۆیاندا لە ئەمنیەت و رێفاه و ئازادی بەهرەمەند بن و کاتێکیش کە روو دەکەنە وڵاتێکی تر لەگەڵیان بەڕێزەوە و وەک شارۆمەندێک کە خاوەنی مافی یەکسانە رەفتار بکرێت. بەڵام کاتێک وانیە، دڵ لەدەریا دان بە گومانی دۆزینەوەی بەختەوەری لەوبەری دەریاکان رێگا چارە نییە. لە هەرکوێیەکین، دەبێ قۆڵی لێ هەڵماڵین، بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و نائەمنی و هەژاری و برسیەتی، پشت بە هێزی وشیاری و یەکێتی و هاوپشتی خۆمان ببەستین و بەرنگاری نیزامی زاڵمانەی حاکم بەسەر وڵاتەکانی خۆماندا بینەوە. گومانی تێدا نییە کە بەم شێوەیە دەتوانین لە تەوانی نێونەتەوەیی ئینسانە هاوچارە نووسەکانمان و ویژدانە وەخەبەر هاتووەکانی بەشەریەتی وشیاریش هێز وەربگرین. ئەگەر ئەم رێگایە زۆریش هاسان و بێ کۆسپ نەبێت، کە نییە، بەڵام بێگومان مەترسیەکانی زیاتر نییە لە مەترسی ئەو رێگایەی کە کۆچبەرانی بەرەو ئوروپا بەشوێن تراویلکەی بەختەوەریدا، گرتویانەتە بەر.