ڕۆژی دووشەممە ١٨ی مانگی ڕێبەندان په‌رله‌مانی ئیسڕائیل له ڕێگه‌ی پەسه‌ندکردنی یاسایەکه‌وه، لایەنی ڕەسمیی دایه داگیرکردنه‌وه‌ی بەشێکی زیاتر لە سەرزەوییە فەلەستینییەکان لە لایەن شارۆمەندانی ئیسڕائیلەوە. به‌دوای پەسه‌ندکرانی ئەم یاسایه، ٤ هەزار خانوو کە پێشتر بە بێ ئیجازەی خاوەنە فەلهستینییەکانی ئەو زەوییانە و بە زۆر و زۆرداریی لە لایەن یەهودییەکانەوە درووست کراون، وەک مڵکی داگیرکەرانی یەهودیی بە شێوەی یاسایی بە ڕەسمییەت دەناسرێت. ئەم یاسایه لەمه‌ودواش ڕێگه به درووست‌کردنی بینای نیشتەجێبوون له‌سه‌ر مڵکی شەخسیی فەلەستینیەکان ده‌دات، بەڵام بۆ خاڵی نەبوونی عەریزە وتراوە، لە بریدا، بڕێک پارە دەدرێت یان ده‌نا لە شوێنی دیكه کە دیار نییە ده‌كه‌وێته کامه بیابان، زەویی وەردەگرن. پەسه‌ندکرانی ئەم یاسایە بۆتە جێی ڕەخنە و ناڕەزایەتیی خەڵکی فەلەستین و مرۆڤه چەپ و پێشکەوتنخوازەکان و بزووتنەوەی ئیسڕائیلی “ئاشتیی ئێستا” و تەنانەت نوێنەرانی نەیاری دەوڵەت لە “کنێسێت” واته په‌رله‌مانی ئیسڕائیل” و ناوەندەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤیش. ڕێبەرانی ئۆپۆزۆسیۆن لە مەجلێسی ئیسڕائیل پەسه‌ندکرانی ئەم یاسایەیان بە بێزلێكراو زانی و ڕێكخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش پەسه‌ندکرانی ئەم یاسایه‌ی لە لایەن “کنێسێت”ه‌وه مەحکووم کرد و به دژی یاسا نێونەتەوەییەکانی وەسف کرد. ئەم ڕێكخراوه‌یه هۆشداریی ئه‌وه‌شی داوەتە دەوڵەتی ئیسڕائیل کە لە دادگای سزادان، لەبەر پەسه‌ندکردنی ئەم یاسایه، سكاڵا لەسه‌ر ئه‌م دەوڵەتە تۆمار دەکات. بەڵام نێتانیاهوو نەك هه‌ر هیچ گرنگییەکی بەم ناڕەزایەتییانە نەداوە، بەڵکوو ئیزنی درووست‌کردنی ٦ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکەشی لە لێواری ڕۆژئاوای ئۆردۆن و ڕۆژهەڵاتی بەیتۆلمۆقه‌ده‌س دەرکردووە کە مڵکی فەلهستینییەکانە و لەوێدا نیشتەجێن. بەدوای پەسه‌ندکرانی ئەم یاسایه، مالیکییەتی فەلەستینییەکان لە لێواری ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆن بەسەر مڵک و زەوییە شەخسییەکانیاندا، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەستدرێژیی دەکرێتە سەر و زەوییەکانیان لە لایەن ئیسڕائیلەوە داگیر دەکرێت.
دەوڵەتی دەستە ڕاستیی ئیسڕائیل لە بارودۆخێکدا دەست دەداتە ئەمکارە کە وا هەست دەکات گه‌رایش و مه‌یلی فاشیستیی لە وڵاتانی سەرمایەداریی بە تایبەت لە ئۆرووپا و ئامریکا لە حاڵی گەشەدایە. گەشەکردنی ئەم مه‌یل و گهرایشاتە کە خۆی یەکێک لە ئاسەوارەکانی درێژەی قەیرانی نیزامیی سەرمایەدارییە، هەستی ڕەگەزپەرهستانە لە هەموو جێگایەک بەهێز دەکات و فەزا بۆ ئەمجۆرە هێرشانە بەتایبەت لەو وڵاتانەش خۆش ده‌كات کە دەوڵەتە دەستە ڕاستییەکانی تێدا لەسەر کارن. لەم پێوەندهدا هاتنەسەر کاری ترامپ لە ئامریکا بۆتە هۆی هاندان و دڵگەرمیی دەوڵەتی نێتانیاهوو بۆ پەسه‌ندکردنی وەها یاسایەک. ناوبراو ڕایگەیاند کە بەرنامەی درووست‌کردنی شارۆچکەکان لە لێواری ڕۆژئاوا درێژە پێدەدات.
لە ماوه‌ی دوو دەیەی ڕابردوودا ئەوە یەکەمجارە کە دەوڵەتی ئیسڕائیل لەم ناوچانەدا دەست دەداتە درووست‌کردنی شارۆچکه. چرای سەوزی ترامپ، ئەو نوێنەرە ڕاستەقینەی بەرژەوەندیی سەرمایەداران بۆتە هۆی هاندانی نێتانیاهوو لە پەسه‌ندکردنی ئەمجۆرە یاسا دژه ئینسانییە. ئەندامانی پارتی فاشیستی ” ماڵی یەهود” کە هاوپه‌یمانی حكوومه‌تیشه به هاوبه‌شیی پارتی لیکوود، به بۆنه‌ی پەسه‌ندکرانی ئەم یاسایەوه خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕیوه. یەکێک لە ئه‌ندامانی دەڵێ: “بەبێ ترامپ، پەسه‌ندکرانی ئەم یاسایه ئیمکانی نەبوو” وە سپاسی خەڵکی ئامریکاشی کرد له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه ترامپیان هه‌ڵبژاردووه. شیاوی ئاماژەپێدانه کە دەوڵەتی ئیسڕائیل لە کاتی هاتنەسەر کاری ترامپەوە لە ئامریکا، ڕێگه‌ی به درووست‌کردنی ٦ هەزار یه‌كه‌ی نیشتەجێبوونی دیكه بۆ یەهودییەکان لە ڕۆژهەڵاتی بەیتۆلمۆقه‌ده‌س و لێواری ڕۆژئاوای ڕووباری ئۆردۆن ده‌ركردووه کە له‌ناو ئه‌و به‌شه كه‌مه‌ی سەرزەوییە فەلەستینییەکاندایه كه بۆیان ماوه‌ته‌وه.
سیاسەتی داگیرکاریی، هه‌ر لە هەمان سەرەتای پێکهاتنی دەوڵەتی ئیسڕائیلەوە له ساڵی ١٩٤٧، یەکێک لە پایەکانی شۆڤێنسمی دەوڵەتانی یه‌ك له‌دوای یه‌كی ئیسڕائیل بووە. لەسەر بنەمای ئەم سیاسەتە، دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ساڵی ١٩٦٧ەوە هه‌تا ئێستا لە لێواری ڕۆژئاوا و شەرقی بەیتۆلمۆقه‌ده‌س، له ڕێگه‌ی درووست‌کردنی زیاد لە ١٤٠ شارۆچکە لە سەرزەوییە داگیرکراوەکان، زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەسی یەهودییان لێ نیشتەجێ کردووه. ئەوە له حاڵێکدایە کە بە میلیۆن کەس لە خەڵکی فەلەستین لە ماڵ و حاڵیان دەرکراون و ئەوانەش وا لە ناوچەکانی ژێر حاکمییەتی ڕێكخراوه فەلەستینییەکاندا دەژین، به کەمترین ئیمکاناته‌وه ده‌ژین. سیاسەتی داگیرکارانە و سەرکوتگەرانەی دەوڵەتی ئیسڕائیل خەڵکی زۆرلێکراوی فەلەستینی ناچار کردووە كه لە ئاست ئەم ههقکوژیی و زۆروێژییانەی دەوڵەتی ئیسڕائیلدا، ڕۆژانە بە هەر شێوەیەک كه بۆیان بکرێت و لە ئاستی توانایی خۆیاندا، دەست بدەنە خۆڕاگریی و خەبات لەدژی داگیرکاریی. دوو ڕۆژ دوای پەسه‌ندکرانی ئەم یاسا دژه مرۆییه، فەلەستینییەک کە شۆفێری کامیونێک بووە، بە وەبەردانی كۆمه‌ڵێك لە سەربازانی ئیسڕائیلیی، ١٩ کەسی كوژراو و بریندار کرد. بەڵام بەداخەوە خەباتی فەلەستینییەکان پرژوبڵاو و بێ بەرنامەیە و ئەوان لەم خەباتەدا بە ته‌نیا ماونەتەوە.
کەربەدەستانی ده‌سه‌ڵاتی خۆبەڕیوەبەری فەلهستینیی لە لێواری ڕۆژئاوا نوقمی گەندەڵیی بوون و بێجگەلە بەشداریکردن لە هه‌ندێ لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان و هیواداربوون بە دەوڵەتانی سەرمایەداری جیهانیی و ناوچەیی، کارێکی دیکەیان لەدەست نایەت. ده‌سه‌ڵاته کۆنەپەرسته ئیسلامییه‌كه‌ی “حەماس” لە لێواری غەززەش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا کە ماوه‌ی ساڵانێکە لەبەر پاراستنی ده‌سه‌ڵاته ئیسلامییەکەیان، خەڵکیان بەرەوڕووی هەژاریی و برسێتیی زیاتر کردۆتەوە، بۆ ڕاکێشانی سه‌رنج و فریودانی خەڵکی ئاسایی، هه‌ندێجار له‌ڕێگه‌ی هاویشتنی مووشەک بەرەو ئیسڕائیل، مه‌یل و گهرایشی ئیدئۆلۆژیکیی خۆی وەبیر ئەوان ده‌هێنێتەوە. بەم هۆیەوە ئەم دوو دەسەڵاتە، نەك هه‌ر ئێعتیبارێکیان له لای ڕای گشتیی خەڵک نه‌بووه و نییە، بەڵکوو لە ڕوانگەی ئەوانەوە بێزلێكراویشن. خەڵکی فەلەستین هیوایەکیان به‌مانه نییە و تەنانەت دەزانن كه ڕێگه‌چارەی ” پێکهاتنی دوو دەوڵەت”یش ئەگەر قەرار بێت لەژێر حاکمییەتی ئەواندا بێت، ناتوانێ مەرهەمێک بێت بۆ زام و ئێش و ئازارەکانیان. ماوه‌ی دەیان ساڵە کە دەوڵەتی ئیسڕائیل و باقی دەوڵەتانی سەرمایەداریی بە هاوکاریی دەوڵەتە کۆنەپەره‌ستە عەڕەبییەکان، له ڕێگه‌ی سەرکوتی بەرینی خۆڕاگریی و خەباتی خەڵک و هەوڵدان بۆ درووست‌کردنی ڕه‌وته ئیسلامییه فەلەستینییه‌كان، بۆ بەلاڕێدابردنی خەباتی خەڵکی فەلەستین و لاوازکردن و لە مەیدان وەدەرنانی بزووتنەوەی چەپ و ڕادیکاڵ، کاریان کردووە و کاری بۆ دەکەن.
به‌ڵام هه‌تا کاتێک کە خەڵکی ئازارچه‌شتووی فەلەستین لەژێر ستەمدا بن، خەڵکی ئیسڕائیلیش ناتوانن لە هیچ جێگه‌یەک هەست بە ئەمنییەت و ئاسایش بکەن. لە مەیداندا نەبوونی چینی کرێکاری وشیار و ڕێکخراو و نەبوونی تەشەکۆلی کرێکاریی سەربەخۆ و ڕادیکاڵ و ڕه‌وت و جه‌ریاناتی چەپ و کۆمۆنیست کە بتوانن خەباتی پرژوبڵاوی خەڵکی زۆرلێکراوی فەلەستین پشت بەستوو بە بەرنامە و ئیستراتیژی پێشڕەو و پێشکەتووانە نوێنەرایەتیی بکەن، كه‌موكووڕیی و زه‌عفێكی ئەساسیی و گەورەیە کە خەباتی خەڵکی فەلەستین به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت.