کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی خەباتی پەرستارانی ناڕازی و خۆگێلکردنی تەواوەتی، دەوڵەتی پزیشکیان

image 5

نزیکەی دوو هەفتە بەسەر خولی نوێی ناڕەزایەتی سەرتاسەری پەرستاران لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران تێدەپەڕێت و تا ئێستا دەنگ و دروشمەکانیان بەگوێی بەرپرسانی ڕێژیم نەگەیشتووە. لەم خولەی ناڕەزایەتییەکاندا پەرستاران سەرەتا لە کەرەج و نەخۆشخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز و دواتر لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای فارس، دەستیان لەکار کێشاوە. ناڕەزایەتی پەرستاران پارێزگاکانی دیکە لەوان زەنجان و پارێزگاکانی باکووریشی گرتەوە و ڕۆژی ٢٧ی گەلاوێژ، پەرستارانی دوو نەخۆشخانەی سەرەکی شاری مەشهەدیش دەستیان لەکار هەڵگرت و بە ڕیزی پەرستارانی ناڕازی شارەکانی دیکەی ئێران پەیوەست بوون. لە دە ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆک کۆماری نوێ و جێگرە دەستنیشانکراوەکانی هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بە ناڕەزایەتی پەرستاران نیشان نەداوە. هەر لەو پێوەندییەدا یەکێک لە کرێکارە ناڕازییەکان بە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ئیلنا دەڵێت: چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە سەرۆک کۆماری نوێ کە خۆیشی پزیشکە، لانیکەم نوێنەرێک بنێرێت بۆ ئەوەی گوێ بۆ قسەی پەرستارەکان ڕابگرێت و بزانێت گرفتیان چییە. “محەممەد شەریفی موقەدەمئەمینداری گشتی خانەی پەرستار لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی پەرستاران دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی سەرتاسەریی؟بە ئیلانای وت، نزیکەی دوو هەفتە بەسەر ناڕەزایەتی  پەرستاراندا تێپەڕ دەبێت، ئێمە لە چەند مانگ لەمەوبەرەوە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانمان دەست پێکردبوو، بەڵام مانگرتنی درێژخایەنی لەم چەشنە هەرگیز وێنەی نەبووە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لەبری قبوڵکردنی واقیعییەتەکە، هەوڵیاندا بە بانگهێشتکردنی پەرستاران بۆ کۆمیسیۆنی سەرپێچی و فشارخستنە سەر پەرستارانی ناڕازی، کێشەکە بسڕنەوە و لە ئاکامدا داخوازی و ناڕەزایەتییەکان کەڵەکە بوون.

لە ئێستادا ٢٢٠ هەزار پەرستار لە بەشە دەرمانی و نەخۆشخانەکاندا کاردەکەن و زیاتر لە ٩٠ لەسەدیان ناڕازین و حەقدەست و یارمەتییەکی کەم وەردەگرن و تەنانەت هەندێک جار ئەم حەقدەستە کەمەشیان لە کاتی خۆیدا پێنادرێت. جگە لە کەمی حەقدەست و یارمەتییەکان، یەکێک لە هۆکارەکانی ناڕازیبوونی پەرستاران بریتییە لە گوشاری کاری تاقەت پروکێن، چونکە ئێران هەر ئێستا پێوستی بە زیاتر لە ١٠٠ هەزار پەرستاری دیکە هەیە. ئەمە لە دۆخێکدایە کە نزیکەی ٢٠ هەزار پەرستاری ڕاهێنراو بێکارن و لەبری دامەزراندنی نوێ، ئەرکە  زیادییەکان لەژێر ناوی ئیزافەکاریدا بەسەر ئەو بەشە لە پارستاراندا دەسەپێنن کە لەسەر کارن. زۆرێک لە پەرستاران ناچارن شیفتی کاریی زیاتر تەحەمول بکەن بۆ ئەوەی کەمی هێزی کار قەرەبوو بکرێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە حەقدەستی پێویستیان پێنادرێت. ئەمەش بەهۆی سەختی کارەکە، بۆتەهۆی گرتنی وزە و تواناییەکی زۆر و ئەگەری لەکارکەوتوویی زیاتر دەکات. یاسایەکی کە سەبارەت بە دژواربوونی پیشەی پەرستاری پەسەند کراوە، جێبەجێ ناکرێت، بەپێی ئەم یاسا نیوە و ناتەواوە، پەرستاران دەتوانن دوای بیست ساڵ خزمەت خانەنشین بکرێن و ساڵانە مافی دوو مانگ مەرەخەسییان بە حەقدەستەوە هەبێ و هەروەها حەقدەستێکی زیاتریان پێ بدرێت بە هۆی سەختی کارەکانیانەوە. یارمەتیەکی کە بەهۆی دۆخی ئێستای دەسەڵاتەوە، پێناچێت بگاتە دەستی پەرستاران و یەکێک لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتییەکانیش هەر ئەم بابەتەیە. هەموو ئەم سەختیانەی کە لە دۆخێکی ئاساییدا بەسەر ستافی دەرمانی و لەوانە پەرستارەکاندا دەسەپێنرێن، لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا بە چەند قات زیاتر بوون. پەرستاران جگە لە تەحەمولکردنی کاری قورس و تاقەت پروکێن، لەژێر مەترسی ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەکەشدا بوون و دەیان کەسیان بوونە قوربانی، کە ئامارەکەیان هەرگیز ئاشکرا نەکرا.

پەرستاران بە شێوەیەکی سەرەکی بە مەبەستی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەو بارودۆخە دژوارە بژێوی و سیاسی و کۆمەڵایەتییە، دەست دەدەنە خەبات و ناڕەزایەتی. بەڵام ئەو بەشەش کە توانایی ئەوەیان هەیە، کۆچ دەکەن. بەجۆرێک کە بەپێی ئامارە بەردەستەکان، ساڵانە نزیکەی سێ هەزار پەرستار لە ئێرانەوە کۆچ دەکەن. پەرستارانی ڕاهێنراو، ڕوودەکەنە وڵاتەکانی کەنداو یان وڵاتانی ئورووپا، ئوسترالیا، کانەدا و ئەمریکا. ئەو وڵاتانە لە ڕێگەی پێدانی حەقدەستی باشتر و ڕێکخستنی سەعات کاری گونجاوەوە، هەلومەرج و ڕێوشوێنەکانیان بۆ پەرستارانی خاوەن ئەزموون و خوێندەوار، ئاسان کردووە. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە چاپەمەنییە ناوخۆییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، کۆچکردن و چوونەدەرەوەی پزیشک و پەرستاران سەرەڕای سنووردارکردنی ئیمکانی سەفەر و هاتووچۆ، بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە. بەجۆرێک کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ هەزار پزیشک لە بوارە جۆراوجۆرەکانی گشتی، پسپۆڕی و  پسپۆڕی باڵا و هەروەها پەرستاری خوێندەوار، کۆچیان کردووە. بەپێی ئامارێکی ڕۆژنامەی فەرهیختەگان کە ساڵی ١٤٠٢ بڵاوی کردووە، ٢٣٠٠ پزیشکی پسپۆڕ و چوار هەزار و ٢٠٠ پزیشکی گشتی، ئێرانیان بەجێهێشتووە، کە ئەم ڕێژەیە ٣٠% زیاترە لە تێکڕای ئەو پزیشکانەی دێنە ناو بازاڕی کاری ئێرانەوە. بەڵام ئەو پەرستارانەی کە جگە لە پەنابرنەبەر خەبات و ناڕەزایەتی بەردەوام لە ناوخۆی ئێراندا هیچ ڕێگایەکی دیکە شک نابەن، بەردەوام لە مەیدانی خەبات و ناڕەزایەتیدا حزووریان هەیە. ئەوان لە درێژەی چەندین ساڵ خەباتدا هەوڵیانداوە جۆرێک لە پەیوەندیی لە نێوان خۆیاندا دروست بکەن کە بتوانن لە یەک کاتدا لە چەندین شار بڕژێنە سەر شەقامەکان و ویست و داواکارییە هاوبەشەکانیان بخەنەڕوو. گومان لەوەدا نییە کە کەڵەکەبوونی ویست و داواکارییەکانی پەرستاران، کرێکاران، خانەنشینان و چین و توێژە بێبەشەکانی دیکەی ئەم کۆمەڵگایە و بێتوانایی ڕژیم لە ئاست وەڵامدانەوەیان، زەمینەیەکی لەباری بۆ سەرهەڵدانی ئاخێزە جەماوەرییەکان خوڵقاندووە و هەروەها بەستێنێکی گونجاوە بۆ هەنگاونانی کۆمەڵگا بەرەو یەکلایی کردنەوەی تەکلیفی خۆیان لەگەڵ ئەم ڕژێمەدا.