بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵنێریی ئیسنا ” عەسکەر جەللالیان” جێگری پهرلهمنی زانکۆی پەیامی نوور و یەکێک لە نوێنەرانی پێشوی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ڕژیم لە وتووێژێکی ڕادیۆییدا وتویەتی:” لە ئێستادا نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس لە وڵاتدا دەرگیری گرفتی حاشیە نشینین و لە ئەگەری ئاوڕ لێنەدانەوەیان دەبێتە قەیرانێکی کۆمەڵایەتی”. پێشتریش ” عەباس ئاخوندی” وەزیری ڕێگا و شارسازی دەوڵەتی ڕووحانی ئاماری حاشیە نشینانی لە ئێران١٩ ملیۆن کەس ڕاگەیاندبوو. تا ساڵێک لەوەپێش ناوەند و کاربەدەستانی حکومەتی خۆیان لە ڕاگەیاندنی ئاماری دەقیقی جەمعیەتی حاشیە نشینان دەدزیەوە و بڵاو کرانەوەی ئاماری ڕاستەقینەی جەمعیەتی” شوێنەکانی نیشتەجێبوونی ناڕەسمی” لە لایەن ناوەندەکانی توێژینەوەی نا حکومیەتییان بە ناڕاست و بە دوور لە بهرژهوهندی میللی دەزانی. بەڵام ئێستا کاربەدەستانی حکومەتیش لەژێر گوشاری واقعیەتە سەر سەختە کۆمەڵایەتیەکاندا و پەرەسەندنی چالاکی ناوەندەکانی توێژینەوەی ناحکومیدا، ئاماژە بە چەند گۆشەیەکی ئەم ڕاستییە دەکەن. ئەم ئامارە هەژێنەرانە دەرخەری ئەوەن کە نیزامی کۆماری ئیسلامی کە بە وەعدەی سڕینەوەی حەڵەبی ئاواکان لە سیمای شارە گەورەکانی ئێران بە دەسەڵات گەیشت لە ماوەی حاکمیەتیدا جەمعیەتی حاشیە نشینەکان و هەژارانی بۆ ئاست و قوڵاییەکی بێ وێنە پەرەپێداوە. بەپێی وتەی شارەداری پێشوی تاران ٢٥ تا ٣٠ لەسەدی جەمعیەتی تاران واتە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە جەمعیەتی تاران پەراوێز نشینن. بە پێی لێكۆڵینەوە ئاماریەکان لە مەشهەد ٢٥ لەسەد، لە تەورێز، ٢٥ لەسەد، لە زاهدان ٤٢ لەسەد، لە ئهراک ٢٦ لەسەد، لە ورمێ ٢٩ لەسەد و لە کرماشان ٣٤ لەسەد لە جەمعیەتی شار پەڕاوێز نشینن و لە ” نشینگه نا ڕەسمیەکاندا” دەژین. ناوچە حاشیە نشینەکانی شاری سنە زیاتر لە نیوەی جەمعەیتی شار واتە ٥٤ لەسەدی جەمعەیتی ئەم شارەیان لەخۆیاندا جێ کردووهتەوە. ئەم ئامارانە نیشانی ئەدەن کە لە شارەگەورەکانی ئێران حاشیە نشینی وەک پێوهرێك بۆ جەمعیەتی هەژارانی شاری، چ ئاستێکی کارەساتباری بەخۆیەوە گرتووە.
ئەم ئامارانە ئەگەرچی هەموو ڕاستییەکان دەرناخەن، بەڵام نیشانی ئەدەن کە چلۆن لەژێر حاکمیەتی سەرمایەداری ئیسلامیدا و ئیجرای سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵییەکان و نەبوونی تەعەهودی دەوڵەت بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری شاری، هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بێ مەسکەنی و بێبەشی لە سەرەتایی ترین خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتییەکان، شارە گەورەکانی ئێرانیان گەمارۆ داوە. پەراوێز نشینان ئەو هاووڵاتیانهن کە ئاسەواری شەڕ و ئاوارەیی، گۆڕانی ئیقلیمی و وەشکە ساڵییە بەردەوامەکان، بە ماشێنی بوونی هەرچی زیاتری کەشاوەرزی، گوشاری هەژاری و بێکاری و بێبەش بوون لە ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان، ئەوانی لە دێهاتەکان و شاری شوێنی ژیانیان هەڵکەندووە و ڕەوانەی شارە گەورەکانی کردوون و لە حاشیەی ئەو شارانەدا گیرساونەتەوە. شوێنی نیشتەجێ بوونی پەڕاوێز نشینەکان بەپێی ئیمکاناتی بەرتەسکی خەڵکی ئەو ناوچانە بە مەواد و کەرەستەی کەم دەوام و مەعمولەن لە لایەن خودی دانیشتوانیەوە دروست کراون. ئەم بەشە لە هاووڵاتییان بە کردەوە لە مافی هاووڵاتیی بوون بێبەش کراو و بە نارەسمی ناو بردنی شوینەکانی نیشتەجێبوونیان لەژێر چەتری یاسا خراونەتە دەرەوە. زۆرێک لە گەڕەکە حاشیە نشینەکان خاوەنی هیچ خزمەتگوزارییەکی شاری وەک ئاسفالت، ئاو و بەرق و گاز و سیستمی ئاوەرۆ نین. ئەم ناوچانە بەهۆی ئەم بێبەش بوونەیانەوە بوونەتە ناوەندی پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا پێ بەپێی ئیجرای سیاسەتە نیئۆ لیبڕاڵییەکان و پاشەکشەی دەوڵەت لە دانی سەرەتایی ترین خزمەتگوزاری شاری و کۆمەڵایەتی، دەزگای پۆلیس و هێزی ئەمنییەتی و ناوەندەکانی ئیدئۆلۆژی ڕژیم بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی جەمعیەتی هەژاران، لەم ناوچانەدا بە هێز بووە. ئەم هێزە سەرکوتگەرانە لە هەماحاڵدا کە وەک باسکی دەوڵەت بۆ وێران کردنی ماڵەکانی دەرەوەی مەحدوودە و بێ مەسکەن کردنی ئەم خەڵکە هەژارە جوڵاونەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بە ئامانجی کپ کردنی ئاگری ناڕەزایەتیی ئەگەری ڕاپەڕینی ئەم خەڵکەی کە كارد گەیشتۆتە سەر ئێسقانیان ئاموزش دراون و لەم ناوچانەدا دامەزراون. بە لەبەرچاو گرتنی پێشینەی مێژویی خەباتی حاشیەنشینان، کاربەدەستانی ڕژیم دەزانن کە ئەگەر پریشكهی ئەم ناڕەزایەتییانە لێبدرێت، ئەویش لە بارودۆخی قەیراناوی ئێستادا بەهاسانی کۆنتڕۆڵ ناکرێت.
ئەگەرچی هێندێک لە کۆمەڵناسانی چینی دەسەڵاتدار، كێشهوگرفتی حاشیەنشینان و بێکاری بەرین لەم گەڕەکانەدا بە میراتی فەرهەنگی دێهاتی ئەوان دەناسێنن، بەڵام ئەم ئیدیعایە زۆر بێ ئیعتیبارە. بەشێک لە پەڕاوێز نشینەکان کرێکارانی لەسەر کار یان بێکار، ژنانی سەرپەرستی بنەماڵە، کارمەندانی ئیداری و یان ئەو موعەلیمانەن کە بە هۆی بێ توانایی لە دابین کردنی هەزینەی قورسی ئیجارەی مەسکەن، لە ناوەندی شارەکانەوە پەنایان بردووهتەبەر حاشیە نشینی. زانیارییهكانی تر نیشانی ئەدەن کە نهوهی دووهەم و سێهەمی حاشیە نشینانیش بە هۆی دەست ڕانەگەیشتنیان بە ئیمکاناتی ژیانی شاری و ئاموزش و پەوروەرش و بارهێنانی حیرفەیی و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی بوونی بەملیۆن بێکار لە سەرتاسەری وڵاتدا شانسێکی کەمیان بۆ دەست ڕاگەیشتن بە دەرفەتە پیشەییەکان هەیە.
لەگەڵ ئەوەی کە سەران و کاربەدەستانی ڕژیم بەردەوام ترسیان لە هەڵچوون و ئاخێزی خۆڕسکی کۆمەڵایەتی لە ناوچەی حاشیەی شارەکان هەبووە، بەڵام هەڕەشە خەڵکی دانیشتوی ئەو ناوچانە کە زیاتر بافتی کرێکاریان هەیە، بێجگە لە جەریانی ئاخیزی مانگی بەفرانبار ئەویش لە هێندێک لە شارەگەورەکانی ئێران هێشتا توانایی ڕاستەقینەی خۆیان لە خەبات لهدژی کۆماری ئیسلامی و بۆ دهستهبهركردنی داخوازییهكانیان پیشان نەداوە. ئەگەرچی ناڕەزایەتیی و خەباتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی دانیشتوی حاشیەی شارەکان لە بواری دابین کردنی خزمەتگوزاری شاری ئاو و بەرق و گازدا بە شێوەی پڕژو بڵاو لە جەریاندا بووە و درێژەی پێدراوە، بەڵام ئەم ناڕەزایەتیی و مانگرتنانە لە ناوەندە گەورە کرێکاریەکاندا و دهوری هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە ڕێبەری کردنی ئەم ناڕەزایەتیانەدا کە بە دەیان هەودا بە هەژارانی حاشیەی شارەکانەوە گرێدراون، ئەم بارودۆخە دەگۆڕێت و زهمینهی گهشهكردنی خهباتی جهماوهری لهو ناوچانهدا دهخۆلقێنێت.