کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی توندوتیژی، خوکوژی و دەستهەڵگرتن لە خوێندن لەناو خوێندکاراندا

61965978

وەزارەتی ئامووزش و پەروەرشی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا خوکوژی یەکێک لەو سێ مەترسییەی یەکەم بووە کە هەڕەشەی لە گیانی خوێندکاران کردووە. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ئیسنا، لە سێ ساڵی ڕابردوودا، لەناو ڕەفتارە پڕ مەترسییەکاندا، توندوتیژی پلەی یەکەمی بووە و خوکوژی ” بەردەوام یەکێک لەو سێ مەترسییەی یەکەم بووە کە هەڕەشەی لە گیانی خوێندکاران کردووە”. لە ماوەی ٨ مانگدا لانیکەم ٣٥ کەسی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ تەنیا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران خویان کوشتووە. ساڵی ڕابردوو لە ماوەی چەند حەفتەدا، هەواڵی ٧ خوکوژیی خوێندکاران لە ڕامهۆرمۆز بڵاوبۆوە.

بە پێی ئاکامی لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئازارە کۆمەڵایەتییەکانی خوێندکاران، کە داتاکانی لە شەش ساڵ لەمەوبەرەوە کۆکراوەتەوە، مەترسیی سەر خوێندکاران لەم مەودا زەمانیەدا نزیکەی ١٠ بەرابەر زیادی کردووە. کۆمەڵێکی بەرچاو لە خوێندکاران پێویستیان بە هەوڵی خێرا و پسپۆڕانە هەیە کە ئەگەر بایەخیان پێنەدرێت، دەروونپەریشیەکانی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و تووڕەییان لێ توندتر دەبێتەوە و لە ئاکامدا ڕەفتاری پڕمەترسیی وەک خوکوژی، هەڵاتن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری لێدەکەوێتەوە.

سیستمی خوێندنی مەزهەبی و دواکەوتووی مەدرەسەکان، دوژمنایەتی لەگەڵ زانست و پێشکەوتن، ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێتی هەرزان و یان بەخۆڕایی، ڕێگری لە خوێندن بە زمانی دایک، دەخاڵەتی ئاخوند و دەزگای مەزهەب لە کاروباری دەرسی و تەنانەت بەڕێوەبردنی مەدرەسەکان، خوێندکارانی زیاتر لە ڕابردوو خستووەتە بەردەم توندوتیژی و خوکوژییەوە.

ئەگەر دەرسی خورافی کاریگەر نەبێت، سیاسەتی بەسیجگیری بێ ئاکام بمێنێتەوە و کردەوەی سەرکوتگەرانە و سیخوڕانەش کارساز نەبێت، ئەوجار لە ئاستێکی بەرین و هەرزاندا ماددەی هۆشبەر بڵاودەکرێتەوە و دەخرێتە بەر دەست. بڵاوکردنەوەی سیستماتیکی ماددەی هۆشبەر لە لایەن دەست و پێوەندەکانی ڕژیم لەناو مەدرەسەکان، لەسەر بەستێنی نەهامەتییە فراوانە کۆمەڵایەتییەکان، بووەتە ڕێگاخۆشکەری گیرۆدەبوونی تازەلاوان بە ماددەی هۆشبەر.

مەترسییەکی دیکە، دەستهەڵگرتن لە خوێندنی منداڵان و تازەلاوانە. لە ساڵی ١٤٠٠دا سێ ملیۆن خوێندکار لە چەرخەی خوێندن چوونەتە دەرێ. هەژاری، لێکهەڵوەشانی بنەماڵە، بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئەڵکۆڵ، گیرۆدەبوونی دایک و باوک بە ماددەی هۆشبەر، منداڵ ئازاری، پێویستی بە داهاتی کاری منداڵ، وەخۆنەگرتنی منداڵ، لەدەستدانی دایک و باوک بەهۆی ڕووداو و نەخۆشی، لە زومرەی ئەو هۆکارانەن کە منداڵێکی دەرسخوێنی مەدرەسە دەکاتە منداڵێکی بێسەرپەنای قەراغ شەقام و یان دەیکاتە منداڵی کار.

کەمبوونی شوێنی فێرکاری بۆ خوێندکارانی بەجێماو لە خوێندن، وەرگرتنی پارەی زۆر لەو بنەماڵانەی کە لە کەمترین توانای ماڵی بێبەرین. هێندێک لە مەدرەسەکان تەنانەت ئەگەر لە سەرەتای ناونووسیشەوە پارەیەک وەرنەگرن، لە ماوەی ساڵدا لەژێرناوەکانی وەک “بەشداری لە دابینکردنی سەرچاوەکان” و هیتر، منداڵان ناچار بە دانی بڕە پارەیەک دەکەن. لە پەنا هەموو ئەوانەوە بەڕێوەچوونی ناونووسی لە ڕێگەی کارتی پێناس و کارتی ئیقامەت بۆ منداڵانی ئەفغانستانی لە ئێران، لەباقیی هۆکارەکانی دەستهەڵگرتنی منداڵان و تازەلاوان لە خوێندن دێتە ئەژمار.

کچانی بنەماڵە کەم داهات و هەژارەکان تەنانەت ئەگەر نەچنە ناو بازاڕی کاریشەوە، بەهۆی هەژاری و دەستکورتیی بنەماڵەکەیان بەپێچەوانەی مەیلی خۆیان لە تەمەنی کەمدا بەشوو دەدرێن. لە پەنا هەموو ئەم بێبەشی و بێ مافیانەوە، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هاوسەرگیریی کچانی کەم تەمەن شەرعی و یاساییە.

لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، چەندین ملیۆن خوێندکار بەهۆی هەژاریی بنەماڵە و نەبوونی پێداویستییەکانی خوێندن، بەناچار دەست لە خوێندن هەڵدەگرن و بە لەشکری منداڵانی کار پەیوەست دەبن و یان تووشی گیروگرفتە کۆمەڵایەتییەکانی وەک توندوتیژی، خەمۆکی و خوکوژی و گیرودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و زیندان و ئاوارەیی دەبن.

کارکردنی منداڵان کاریگەریی درێژماوە جەستەیی و دەروونی لەسەر منداڵان دادەنێت و دەتوانێ لە منداڵدا ببێتە زیانێکی قەرەبوونەکراوە. منداڵانێک کە دەکەونە وەها باروودۆخێکەوە، بەهۆی سەعاتی دوورودرێژی کار و ڕووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ سترێسی جەستەیی، کۆمەڵایەتی و دەروونی، لە منداڵیی خۆیان بێبەری دەبن. کاری منداڵ بەدەر لەوەیکە بۆ گەشەی کامڵی کۆمەڵایەتیی منداڵ بەزیانە، هێندێک جار بەدڕەفتاریی جەستەیی و دەروونیشی دژبە منداڵ لێدەکەوێتەوە. داهاتی کەم، بەرپرسایەتیی زۆر و بێبەری بوون لە خوێندن، هەر هەموویان دەبنە هۆی هاتنەخوارەوەی پێگە و ڕێز و حورمەتی منداڵی کار و توندوتیژییەکن کە بە ئاشکرا و شاراوە بەسەر منداڵدا دەسەپێن.

خوێندکاران سەرمایەی ئینسانی و سازێنەرانی داهاتووی کۆمەڵن. سڵامەتی دەروونی و جەستەیی خوێندکاران، دابین کردنی شوێنی پەروەردەی گونجاو بۆ پشکوتنی هەموو تواناکان و دابین و زەمانەت کردنی شوێنی پەروەردەی سالم، مۆدێرن و پێشکەوتوو، لە ئەولەوییەتە سەرەکییەکانی نیزامی سۆسیالیستیی داهاتوویە.