ساڵ و نیوێک بەسەر ڕێككه‌وتنی هەستەیی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ دەوڵەتانی ١+٥ ناسراو به “به‌رجام” تێدەپەڕێت. هەروەک چاوەڕوان دەکرا ئەم ڕێككه‌وتنه نەیتوانیوه گۆڕانكارییه‌ك به ئاراسته‌ی کۆنتڕۆڵکرانی قەیرانی ئابووریی داوێنگیری ڕژیمدا پێك بهێنێت و ژیانی خەڵکیش به‌ره‌و باشیی ببات. ئەوە ڕاستە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی توندبوونەوەی قەیرانی ئابووریی ئێران وەک بەشێک لە نیزامی سەرمایەداریی، هه‌ر لەو قەیرانەوە سه‌رچاوه ده‌گرێت کە ماوه‌ی زیاتر لە ٨ ساڵ ده‌بێ كه ئابووریی سەرمایەداریی جیهانیی داگرتووە، بەڵام لە هەمانحاڵدا قەیرانی سەرمایەداریی ئێران ڕیشەی لە پێكهاته‌ی نیزامی سیاسیی زاڵ به‌سه‌ر ئێراندایە. هه‌ر بەم هۆیەوە سەرەڕای ئەوەیکە بەشێک لە تەحریمە نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە بەرنامەی هەستەیی لابراون و بەربەستەکانی فرۆشتنی نەوتیش هەڵگیراون و بەملیارد دۆلار لە سپۆردە بانکییەکانی ئێران له لایه‌ن بانکە بیانییه‌كانیشه‌وه ئازاد كراون، بەڵام بارودۆخی ژیانی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، هەروا لەگەڵ کێشە و گرفتێکی ڕیشەداردا بەرەوڕوویە. هەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریی کرێکاران و نەدرانی سه‌روه‌ختی هه‌ر ئەم هەقدەسته كه‌مانه‌ش، دەرخەری بارودۆخێکی ئاڵۆسكاو و فەلاکتبارە کە بەسەر کرێکارانی ئێران‌دا سەپاوە. ئێستا بەپێچەوانەی ئیددیعاكه‌ی ڕوحانیی دەبینین کە دوای تەوافوقی بەرجام، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه چه‌رخی سانتریفیووژەکان ڕاگیران، بەڵام بەرجام نەبووه‌تە هۆی هەڵسووڕانی چه‌رخی ژیانی خەڵک.ماوه‌ی دوو هەفتە لەمه‌وبه‌ر وەزارەتی سه‌نعه‌ت، مەعدەن و تیجاڕەت، ددانی به‌وه‌دانا کە لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، حەوت هەزار یەکەی پیشەسازیی دیكه‌ی ئێران داخراون و ١٦ هەزار و ٤٦١ یەکەی دیكه به‌و بۆنگا بەرهەمهێنه‌ر و سەنعەتییانه‌ش زیاد بوون كه داخراون. ئەم ڕێژەیە بە بەراورد له‌گه‌ڵ ساڵی به‌ر له ڕێككه‌وتنی بەرجام، ٦ هەزار یەکە زیاتر بووە. هەڵبەت ئەمە ئاماری دەوڵەتییە کە مەعموولەن هەموو یه‌كه داخراوه‌كانیش ناگرێته‌وه. دیارە کە کرێکارانی ئەم یەکه بەرهەمهێنه‌ر و سەنعەتییانه‌ش بەگشتیی بێکار کراون. كورتهێنانی بودجەی دەزگاکانی ڕژیم لە ماوه‌ی ئه‌مساڵدا بێوێنەیە. لە حاڵێکدا کە حەسەن ڕوحانی ئیددیعای چوونه‌ده‌ر لە ڕکوود و گەیشتنە ئاستی گەشەی پێنج لەسەدیی دەکات، “ئیسماعیل جەلیلی” ڕاوێژکاری سەرۆکی سازمانی بەرنامە و بوودجە ڕایگەیاندووە کە كورتهێنانی بوودجەی دەوڵەت هه‌تا کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە زیاتر لە ٢٢ هەزار میلیارد تمەن. “تەیێب نیا” وەزیری ئابووریی و دارایی‌ش وتوویەتی کە دەوڵەت بۆ دانی یارانە نەغدییەکان، بەرەوڕووی کورتهێنانێكی یازدە هەزار میلیارد تمەنیی” بۆتەوە. سندووقەکانی خانەنشینیش لەگەڵ کورتهێنانی بوودجەی ٥٠ هەزار میلیارد تمەنیدا بەرەوڕوون. کورتهێنانی بوودجەی دەوڵەت لە باقی بوارەکانی خزمەتگوزاریدا، هه‌ر لە ئامووزش و پەروەرش”ەوە گرتوویە هه‌تا بێهداشت و دەرمان و هه‌تا تەرح و گەڵاڵە نیوەکارە عۆمرانییەکانیش دەگرێتەوە. سندووقەکانی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی و بیمەی دەرمانیش هەر بەم شێوەیە بەرەوڕووی كورتهێنانێكی کەڵانی بوودجە بوونەتەوە. .
ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەناردە و فرۆشی نەوتی ئێران ئەمساڵ بە بەراورد له‌گه‌ڵ ساڵی ڕابردوو، دوو هێنده زیاتر بووه و تەنانەت زیاتریشه لە ڕێژەی هەناردەی نەوت له سه‌رده‌می بەر لە تەحریمەکان و به‌م هۆیه‌وه ڕێژه‌ی داهاتی دەوڵەت لە فرۆشی نەوت دوو هێنده‌ی پارەکە بووە. بەڵام هه‌تا ئێستا نە زیادبوونی داهاتی بەدەستهاتوو لە فرۆشی نەوت وەک ئابوورییه‌كی تاک بەرهەمی و نە ئازادبوونی بە میلیارد دۆلار لە پارە بلۆکەکراوەکانیش، نەك هه‌ر نەبوونەتە هۆی ڕەونەقی ئابووریی و کەمبوونەوەی ڕێژه‌ی بێکاریی، بەڵکوو بارودۆخێکی پێكهێناوه کە ئابووریی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی له لێواری وەرشکستەبوون و لێکهەڵوەشان نزیكتر كردووه‌ته‌وه..
ئێستا پرسیار ئەوەیه کە پارە و داهاتی دەوڵەت لەکوێ و سەرفی چ کارگه‌لێك دەکرێت؟ لەمبارەوە دەبێ ئه‌وه‌ش بزانین كه سه‌ره‌ڕای ئەو قەیرانانەی کە وەک فاكته‌ری سەرەکیی بارودۆخی خراپی ئابووریی ئێران ئاماژەیان پێدرا، هۆکاری دیکەش لە درووستبوونی ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابوورییەی ئێران‌دا دەخیلن. یەکێک لەم هۆکارانە دزیی، گەندەڵیی و ئیختلاسێکە کە سەرتاپای داموده‌زگای ڕژیمی ئیسلامیی داگرتووە و نه‌هادینەش بووە. هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا مه‌به‌ست له‌و دزیی و ئیختلاسانەیه كه لە ئاستی هەزران میلیارد تمەنیدا ده‌كرێن. هه‌ندێک لەم دزیی و ئیختیلاسانە جاروبار و لەكاتێكدا توندبوونەوەی ناکۆکیی باڵەکاندا ئاشکرا ده‌كرێن و لەقاو دەدرێن. تازه‌ترینیان ئاشکرابوونی ڕووداوی ٦٣ حیسابه بانکییه شەخسییه‌كه‌ی “سادق لاریجانی” سەرۆکی قۆوەی قەزاییەی ڕژیم بوو. ساڵانە ٢٥٠ میلیار تمەن کراوەتە ئەم حیسابانەوە و ناوبراو مانگانە سوودێکی نزیک له ٢٠ میلیارد تمەنیی ئاخنیوه‌ته گیرفانەوە. ئەم مەسەلەیە ڕۆژی ٢٤ ی خەزەڵوەر لە دانیشتنی عەلەنیی مجلیسیشدا هێنرایه گۆڕێ و بووه هۆی دەرکرانی حوکمی ده‌ستبه‌سه‌ركران بۆ نوێنەرێک کە ئەو ته‌وه‌ره‌ی هێنابووه گۆڕێ. “تەیێب نیا” وەزیری ئیقتساد و دارایی ڕژیم لەم پێوەندەدا وتبووی کە ئەم حیسابانە لە بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه پێوه‌ندیی بە قۆوەی قەزائییە بووە. ئیختلاسی ١٢٠٠ میلیاڕد تمەنیی دوو بانکی میللی و میللەتیش، لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ و ئیختلاسی هەشت سەد هەزار میلیار تمەنیی لە سندووقی فەرهەنگییانیش کە لە لایەن “جامێعەی مۆدەڕرێسینی حەوزەی عێلمییەوە لەدژی باڵی دەوڵەت ئاشکرا کرا، نموونەیەکی دیکەی ئەم دزیی و ئیختلاسانە بوون. به‌سه‌رهاتی ئاشكرابوونی دزیی محەممەدڕەزا ڕەحیمیی جێگری ئەحمەدی نه‌ژاد، ئیختلاسی ٣ هەزار میلیاردیی لە بانک لە لایەن “مەهافەرید ئەمیر خۆسرەویی، بابەک زەنجانییەکان و …. ئه‌مانه‌ش، لەو زومرەیەن. بێگوومان ئەم ئیختیلاس و دزیانە بارودۆخی قەیران لێدراوی ئابووریی ئێرانی هێنده‌ی دیكه شپرزە و ئاڵۆز کردووە..
هەزینە و تێچووی کەڵانی ئەو جه‌نگانه‌ی کە کۆماری ئیسلامیی لەسه‌ر ئاستی ناوچەکەدا خۆی تێوه‌گلاندوون، هۆکارێکی بنچینه‌یی تره کە کاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووریی ڕژیم و لە ئه‌نجامدا ژیان و بەڕێچوونی جەماوەری خەڵک داناوە. کۆماری ئیسلامیی لە ئێستادا ده‌ست لە كاروباری ناوخۆیی سوورییە، یەمەن، عێراق و لوبناندا وه‌ر ده‌دات و ده‌توانین بڵێین كه ڕاستەوخۆ دەرگیری جه‌نگه و یارمەتییە تەسلیحاتی و ماڵییەکانی بۆ تالیبان لە ئەفغانستانیش لە کەس شاراوە نییە. کۆماری ئیسلامیی دوای درووست‌کردنی حیزبۆڵڵای لوبنان لە ساڵی ١٣٦١، مه‌سره‌ف و هەزینەکانی ئەم حیزبەی وەئەستۆ گرتووە. بە پێی راپۆرتی “ئیشپیگێل ئانلاین” ڕێژەی یارمەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی بە حیزبۆڵڵا، ١٥ میلیارد دۆلار بووە. حەسەن نەسرۆڵڵا ڕێبەری ئەم حیزبەش مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەڕێی سوخه‌نڕانییه‌كه‌وه ڕایگەیاند کە “سەرجەمی هەزینەکانی خواردن و خواردنەوە و دەرمانی و چەکوچۆڵی نیزامیمان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دابین دەبێت. “بەشێکی زۆر له هەزینەی شەڕی ٦ ساڵه‌ی شه‌ڕی سوورییه و هەزینەی ناردنی هێز بۆ ئه‌م وڵاته كه به مه‌به‌ستی هێشتنه‌وه‌ی ڕژیمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رف ده‌كرێت و هەروەها بەشێکی زۆر لە هەزینەی شەڕی حووسییەکان لە یەمەن لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دابین دەكرێت..
بە دڵنیاییەوە ئەم هەزینە زۆرانە باری گرفتەکان قوورستر دەکەن و قەیرانی ئابووریی ڕژیم قووڵتر و بەرینتر دەکەنەوە. ڕکوود و دابەزینی چەندین ساڵەی گەشەی ئابووریی ئێران، ئاوسانی بەرزی چل لەسەدیی، داخران و وەرشکستەبوونی کارخانە و کارگه‌کان، بێکاریی بەرینی کرێکاران و پەرەسەندنی هەژاریی، لە ده‌رهاویشته‌كانی بارودۆخی قەیراناویی و گەندەڵیی و ڕانتخۆریی جێكه‌وتووی ناو داموده‌زگای کۆماری ئیسلامیی و پەیڕەوکرانی سیاسەتی شەڕئەنگێزانەی ئەم ڕژیمە دژه مرۆییه‌ن. بەدڵنیاییەوە هه‌تا كاتێك کە ئەم ڕژیمە ده‌سه‌ڵاتدار بێت، نابێ لەچاوەڕوانی گۆڕانی بارودۆخی ژیانی جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران‌دا بین..
وه‌ڵامی هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست و پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاریی و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەم دۆخە، پەرەدانە بە ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان. هەڵخڕاندنی ناڕەزایەتیی کرێکاری و پەرەدان بە بزووتنەوەی موتالباتی کرێکاران لەدەوری داخوازیی دابینكرانی بیمەی بێکاریی و داخوازیی خێرای دیكه، دخاڵەتی چالاکانە لەو خەباته‌ی كه هه‌ر ئێستا لەئارادایە و هەوڵدان بۆ لێكگرێدانی خەباتی پڕژوبڵاویان، لە گرنگترین ئەولەوییەتەکانی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکارین. لە سۆنگه‌ی پەرەدان بەم خەباتە و هەوڵدان بۆ پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه و سەرتاسەریکردنەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە و به یەکیتیی و هاوپشتیی نێوان بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان و توێژی زۆرلێکراو و هەژاری کۆمەڵگەیە کە دەکرێ فەزای کۆمەڵگه بگۆڕێت و له هه‌مان كاتدا ئیختیناقی زاڵكراو به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ش پاشەکشەی پێ ده‌كرێت و بوار بۆ ڕێكخراوبوونی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ئازاردیتووش ده‌ڕه‌خسێت. نابێت ڕێگه به‌وه بدرێت كه ڕژیمی جه‌نایه‌تكاری ئیسلامیی، هه‌رچی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه كه له‌ڕاستیدا ده‌بێ بۆ ڕفاه و ئاسایش و ژیان و گوزه‌رانی گشت خه‌ڵك ته‌رخان بكرێت، بۆ هه‌ڵگیرساندن یاخود درێژه‌ی جه‌نگی كۆنه‌په‌رستانه له ناوچه‌كه خه‌رج بكرێت. خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و بەرپاکردنی کۆمەڵگه‌یەکی ئازاد و پڕاوپڕ لە ڕیفاه و بەدوور لە گشت ستەم و بێمافیەک، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت.