کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەرەسەندنی بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان پێویستییەکی کۆمەڵایەتی

IMG 5562

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ، لە کاتێکدا چەند بەشێکی جیاواز لە خەڵکی ناڕازی بەشێوەی هاوکات دەهاتنە سەر شەقامەکان و لە بەردەم فەرمانگە حکومییەکاندا کۆدەبوونەوە، گۆشەیەک لە قووڵایی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کەوتە بەرچاوی هەمووان. خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە کرماشان، شوش، ئەهواز، تاران و ڕەشت بە دروشمگەلێک لەدژی هەڵاوسان، گرانی و دابەزینی بەردەوامی توانایی کڕین کۆبوونەوە. کرێکارانی بەشی چاککردنەوە و پاراستنی هێڵ و پێکهاتە تەکنیکییەکانی هێڵی ئاسن لە ناوچەی کەرەج، بۆ دووهەمین ڕۆژی لەسەریەک، لەدژی دواکەوتنی چەند مانگەی حەقدەستەکانیان، نەدانی جەژنانه و بێ‌ ئاکام مانەوەی مافی بیمەی ١٤ مانگەیان، درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانیان دا. لە هەمان ڕۆژدا، پەرستارانی یەزدیش لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کەمتەرخەمی لە ئاست بژێوی و بارودۆخی پیشەییان کۆبوونەوە و هۆشدارییان دا کە بەردەوامیی ئەم دۆخە دەتوانێت ڕاستەوخۆ کواڵیتی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بکاتە قوربانی.

ئەم سێ ڕووداوە، لە سێ ناوچەی جوگرافی جیاواز و لەلایەن سێ توێژی کۆمەڵایەتی جیاوازەوە، لە ڕاستیدا یەک چیرۆکی هاوبەش دەگێڕنەوە: بزووتنەوەی داواکاری تەوەر لە ئێران ڕەوتێکی بەشێنەیی، بەردەوام و ڕوو لە پەرەسەندنە و هیچ توێژێک لە کۆمەڵگای کار و زەحمەت لە دەرەوەی ئەم بازنەیەدا نەماوەتەوە.

ئەوەی خانەنشینکراوانی کرماشان و ئەهواز، کرێکارانی هێڵی ئاسنی کەرەج و پەرستارانی یەزد دەهێنێتە مەیدان، دیاردەیەکی جیاواز و بەڕێکەوت نییە. هەژاری لە کۆمەڵگای ئێراندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوخسارێکی ترسناکتر بە خۆیەوە دەگرێت. گرانی، بێکاری، هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو و دابەزینی بەردەوامی بەهای دراوی نیشتمانی، فشارێکی تاقەتپڕووکێنی بەسەر زۆرینەی خەڵکدا سەپاندووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بە پێداگری لەسەر پڕۆژە سەربازییە سەرکێشییەکانی و هەروەها تەرخانکردنی ملیارەها دۆلار بۆ گەشەپێدانی دامەزراوە ئاینییەکان لەسەر بەستێنی گەندەڵییەکی دارایی ڕێکخراو، تریلیۆنەها دۆلار لەو سامانەی کە بە ڕەنج و ماندووبوونی خەڵک بەدەست هاتووە، بەفیڕۆ داوە. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتانە دەکرێت لە یەک ئاماری کارەساتباردا کورت بکرێتەوە: ئەمڕۆ زیاتر لە حەفتا لەسەدی خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

ئەم بارودۆخە ئابوورییە، بووەتە هۆکاری دروستبوونی شەپۆلێکی بەربڵاو لە زیان و لادانە کۆمەڵایەتییەکان، لە لەشفرۆشی و گورچیلەفرۆشییەوە بگرە تا خەوتن لەناو گۆڕد و پاسی گواستنەوە، توندوتیژی سەرشەقام، ئاڵودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، گەڕان بەناو زبڵگەداندا، کارتۆن‌خەوی، وازهێنان لە خوێندن، کاری منداڵان و خۆکوژی. حکومەت بۆ دابینکردنی تێچووە زەبەلاحەکانی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و خرافەپەرستییەکان، دەستدرێژی کردووەتە سەر سفرەی کرێکاران، زەحمەتکێشان و زۆربەی هەرەزۆری بێبەشانی کۆمەڵگا و بە کەمکردنەوەی بەردەوامی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ژیانی بۆ ئەم زۆرینەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دژوارتر کردووە.

خەڵکێکی کە لە ژێر ئەم فشارە بژێوییەدا کارد گەیشتووەتە سەر ئێسکیان، چاوەڕوانی هیچ ناکەن و بۆ ڕزگاربوون لەو دۆزەخەی کە حکومەتی ئیسلامی دروستی کردووە، چارەیەکی تریان نییە جگە لەوەی کە قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵن و لێبڕاوانەتر لە جاران، لە هەموو بوارەکاندا، خەباتی چارەنووسسازی خۆیان لەدژی سەبەبکاران و خوڵقێنەرانی ئەم هەژاری و نەهامەتییە، بەرەوپێش ببەن. لەمڕووەوەیە کە، پێویستیی پەرەسەندنی بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان و گرنگیی هاوپشتی و یەکگرتوویی نێوانیان، زیاتر لە هەر کاتێکی تر دەردەکەوێت.

کۆماری ئیسلامی بەهۆی سروشتی سەرکوتکارانە و پێکهاتە ئەمنییەکەیەوە، ناتوانێت تەنانەت ساکارترین داواکاری پیشەیی و بژێویش بەبێ ترس و  نیگەرانی ئەمنییەتی قبووڵ بکات، چونکە دەزانێت هەر پاشەکشەیەک، تەنانەت ئەگەر بچووکیش بێت، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی متمانەبەخۆبوونی کۆمەڵگا و درێژبوونەوەی زنجیرەی داواکارییەکانیان. گرنگیی ستراتیژیی بزووتنەوەی داواکاری تەوەر ڕێک لەم خاڵەدایە. هەر لەم ڕێگایەوەیە کە ئەم خەباتە لە ناخی خۆیدا، ڕێکخستن، ڕێبەریی و ئەزموونی پێویست بۆ پێشڕەویی گەورەتر پێک دەهێنێت.

داواکارییەکانی وەک نان، کار، شوێنی نیشتەجێبوون، دەوا و دەرمان، خوێندن، ئازادیی جلوبەرگ، ئازادیی ڕێکخراوەیی، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی زیندانیانی سیاسی، یەکسانیی ژن و پیاو، مافی مانگرتن، مافی کۆبوونەوە و کۆتاییهێنان بە سەرکوت، هەرگیز داواکاریی گەلێکی جیا لەیەک نەبوون، بەڵکوو ئەمانە ئەڵقەکانی یەک زنجیرن. لە هەر شوێنێک کرێکارێک بۆ حەقدەستە دواکەوتووەکەی مان دەگرێت، لە هەر شوێنێک موعەلیمێک بۆ خوێندنی بێبەرامبەر و بژێوێکی ئینسانیی کۆدەبێتەوە، لە هەر شوێنێک پەرستارێک لەدژی فشاری کار و هەڵاواردن دەوەستێتەوە، لە هەر شوێنێک خانەنشینکراوێک بۆ داوای مافی ژیان دەکات، ڕێک لەوێدا سیاسەتی ڕاستەقینە لە خوارەوە شکڵ دەگرێت، سیاسەتێکی کە لە مەیدانی کۆبوونەوە و مانگرتندا لەدایک دەبێت.

لەو ئاراستەیەدا، بزووتنەوەی کرێکاریی پێگەیەکی سەرەکی و کاریگەری هەیە. کرێکارانی ژن و پیاوی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا بە مانگرتن، خستنەڕووی داواکاریی دادپەروەرانە و هەڵوێستە ڕوون و ڕاشکاوەکانیان نیشانیان داوە کە توانای ئەوەیان هەیە ببنە کۆڵەکەی سەرەکیی خەباتی ڕزگاریخوازانە. بەڵام ئەم بزووتنەوەیە تەنیا کاتێک دەبێتە هێزێکی یەکلاکەرەوە کە لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان، موعەلیمان، خانەنشینان، پەرستاران، دادخوازان، داکۆکیکارانی ژینگە، گەنجان، ئازادیخوازان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا گرێ بدرێت. حزووری بەهێزتری هەر کام لەم بزووتنەوانە لەدەوری داواکارییە تایبەتەکانی خۆیان و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەست بوونیان بە یەکترەوە، ڕێک ئەو کلیلەیە کە دەتوانێت پڕۆسەی گەشەکردن و گەیشتن بە بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانە لە ئێران دەستەبەر بکات.

لە بارودۆخی ئێستادا، تەنیا بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی داواکاری تەوەری بەهێز دەتوانرێت ڕێگری لەو نەهامەتییە بکرێت کە کۆمەڵگای داگرتووە، بزووتنەوەیەکی کە نان، کار، ئازادی و ژیانێکی شایستە بۆ هەر مرۆڤێک دابین بکات. بزووتنەوەیەکی کە بتوانێت هاوسەنگیی هێز بە قازانجی بەرەی ڕزگاریخوازی کرێکاران و زەحمەتکێشان بگۆڕێت.

کەواتە، پەرەسەندنی بزووتنەوە داواکاری تەوەرەکان چیتر تەنیا بژاردەیەکی سیاسی لە نێوان بژاردەکانی تردا نییە، بەڵکوو پێویستییەکی کۆمەڵایەتییە. ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی پووشپەڕ لە کرماشان، شوش، ئەهواز، تاران، ڕەشت، کەرەج و یەزد ڕووی دا، تەنیا نموونەیەکی بچووک بوو لەم ڕەوتە بەربڵاوە، ڕەوتێکی کە هەموان، ڕۆژانە و لە هەر گۆشەیەکی ئێران، ئەڵقەیەکی نوێ بە زنجیرەی داواکارییەکانی جەماوەر زیاد دەکات و هەنگاو بە هەنگاو، زەمینەی یەکگرتوویی و هاوخەباتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو تێپەڕبوون لەو دۆخەی ئێستا خۆش دەکات.