کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەروەندەی سەعید موڕتەزەوی، لاپەڕەیەک لە کارنامەی جەنایەتکارانەی ڕژیمی ئیسلامی

رۆژنامەکان و هەواڵنێریە حکومەتیەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران لە بەیانی رۆژی سێشەممە ٧ی مانگی سەرماوەزدا، هەواڵی قەتعی بوونی حوکمی ٢ ساڵ زیندان بۆ سەعید موڕتەزەوی دادستانی پێشوی ڕژیم لە دادگای پێداچوونەوەیان بڵاو كرده‌وه‌، بە تاوانی هاوکاری لە کوشتنی یەکێک لە قوربانیانی رووداوەکانی ساڵی ٨٨ لە کەهریزەک. هەواڵی پێوەندیدار بە جەنایەتەکانی ئۆردوگای مەرگی کەهریزەک کە دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە ٨ ساڵ موڕتەزەوی جەنایەتکاری جەللاد بە هۆیەوە ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا دراوە، بەدوای رووداوی ١٨ی مانگی پوشپەڕی ساڵی ٨٨دا ڕەسانەیی بۆنەوە و لە حافزەی تاریخیی خەڵکی ئێڕاندا ماونەتەوە. رۆژی ١٨ی مانگی پوشپەڕی ٨٨، لە حاڵێکدا کە تاران هەروا رۆژە ئاڵۆز و فەزای ناڕەزایەتیەکانی دوای شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دەورەی دەیەمی تیدەپەڕاند، جەمعیەتێکی تا ڕادەیەک بەرین لە لاوان و خوێندکاران بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی هێرش کرانەسەر کوی دانیشگا هاتبوونە سەرشەقام تا جارێکی تر نەفرەت و بێزاری خۆیان لەو جەنایەتانەی کە بەڕێوەچوبوون دەرببڕن. لەو رۆژەشدا هێزە ئینتیزامی و لیباس شەخسیەکان بۆ بەرگرتن لە پەرەگرتنی ئەم ناڕەزایەتیانە و کۆبوونەوە خوێندکاریەکان هێرشیان کردە سەریان و دوای ئەزیەت و ئازاردانیان زیاتر لە ٢٠٠ کەسیان لێ گرتن. گیراوەکان بە دستوری قازی سەعید موڕتەزەوی گوازرانەوە بۆ کەهریزەک. دوای ٤ رۆژ هەواڵی ئەزیەت و ئازاردان، دەست درێژی، ئازاری جنسی و ئەشکەنجەدانی گیراوەکان کە بوو بە هۆی گیان لەدەست دانی موحسین روحۆلئه‌مینی، محەممەد کامەرانی و ئەمیرجەوادی فەڕ سەرەتا لە مەحافلی حکومەتیدا و دوای ئەوە گوازرایەوە بۆ نێو ڕاگەیەنەرەکان. لەو رۆژانەدا کە ئەشکەنجە و مەرگ سێبەری خستبوە سەر گرتوخانەی کەهریزەک، دەیان بنەماڵە کە هیچ هەواڵێکیان لە چارەنووسی منداڵە زیندانی و یان ون بووەکانیان نەبوو، کەوتبوونە ترس و نیگەرانیەکی زۆرەوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ٣ ساڵ دوای سەرکوتی خوێناوی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ساڵی ٨٨ سەرئەنجام لەژێر گوشاری ڕای گشتی و هەوڵی بنەماڵەی قوربانیانی کارەساتی کەهریزەک، پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی جەنایەتەکانی سەعید موڕتەزەوییان دایە دەست دادگای کەیفەری ئوستانی تاران. بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە قەرار بوو دادگای پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی تاوانبارانی کەهریزەک بە شێوەی ئاشکرا بەڕێوەبچێت، بەر لە بەڕێوەچوونی یەکەم جەلەسەی ئەم دادگایە لە رۆژی ٩ی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩١دا، ڕاگەیەندرا کە ئەم دادگایە بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئامادە بوونی هەواڵنێران و کەسوکاری شاکیەکان بەڕێوەدەچێت. کاربەدەستانی ڕژیم لەوێوە کە قەرار بوو سەعید موڕتەزەوی بۆ دیفاع لە خۆی نەواری قسە کردنی لەگەڵ ” موجتەبا خامنەیی” سەبارەت بە بارودۆخ و شێوەی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ گیراوەکانی ١٨ی تیر لە کەهریزەک و دوای یەکلایی کرانەوەی بابەتەکە لەگەڵ خۆی بەرێتە دادگا، بەریان بە ئاشکرا بەڕێوەچوونی دادگا گرت. بەم جۆرە هەروەک پێش بینی دەکرا سەعید موڕتەزەوی کە وێڕای تاوانی دەست تێدا بوونی ڕاستەوخۆی لە کوشتنی ژمارەیەک لە گیراوەکانی ١٨ی مانگی پوشپەڕ لە کەهریزەک، تاوانی کوشتنی زارا کازمی هەواڵنێری ئێرانی- کانادایی و تاوانی دانی ڕشوە بە نوێنەرانی مەجلیس و کاربەدەستانی دەوڵەتی مەحمود ئەحمەدی نیژادیشی لە پەروەندەدا هەبوو، دوای بەڕێوەچوونی چەند جەلەسەی دادگا، سەرئەنجام لە ئاکامی ئەو زەدوبەندانەدا کە لە پشتی پەردەوە بەڕێوەچوون لە سەرجەم ئەو تاوانانەی خرابوونە پاڵی بێبەری کرا.

ئێستا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٨ ساڵ بەسەر جەنایەتەکانی موڕتەزەویدا لە کەهریزەک و دوای تێپەڕبوونی ٢ ساڵ بەسەر کاتێکدا کە یەکێک لە بێدادگاکانی ڕژیم لەتاران ئەم جەنایەتکارە پیشەییەی تەبرەئە کرد، دادگای پێداچوونەوە ناوبراو بە ٢ ساڵ زیندان مەحکوم دەکات. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە لە ئێراندا چی روویداوە کە پەروەندی سەعید موڕتەزەوی وا ماوەیەکە خراوەتە بایەگانی دەزگای قەزایی ڕژیمەوە، لەوێ دەردەکێشرێت و ئەم مۆرەیەی ڕژیم بە ٢ ساڵ زیندان مەحکوم دەکرێت بی گومان فەعالیەت و چالاکیەکانی شێلگیرانەی بنەماڵەی گیانبەخت کردوانی کەهریزەک و چالاکی هێزە سیاسیەکان و ئەو ناوەندانەی کە ساتێک لە ئاشکرا کردنی جەنایەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی غافڵ نەبوون لە دووباره‌ کرانەوەی ئەم پەروەندەیەدا دەور و نەخشێکی بەرچایان هەبووە. بەڵام هۆکاری سەرەکی دەبێ لە پەرەگرتنی فەزای ناڕەزایەتیی لە کۆمەڵگای ئێراندا بدۆزینەوە. لەم دوو، سێ مانگەی دواییدا وێڕای مانگرتن و ڕێپێوانی کرێکارانی شیرکەتی ماشێن سازی هێپکۆ و ئازەرئابی ئەراک و مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی لاستیک سازی پارس و ناڕەزایەتیی کرێکارانی پۆلی ئەکریل، بۆڵبرینگ سازی، نەیشەکەری حەفت تەپە، شاهیدی دەیان ناڕەزایەتیی و مانگرتنی کرێکاری تر بووین کە تییاندا کرێکاران بۆ گەیشتن بە داخوازیەکانیان دەوڵەت و خاوەنکارانیان توشی کێشە و گرفت کردوە. ناڕەزایەتیی لەدژی گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری، ناڕەزایەتیی بەردەوامی ماڵباختەکان، ناڕەزایەتی مۆعه‌لیمان، ناڕەزایەتیی خانەنشینان و هیتر بۆتە بەشێک لە واقعیەتی رۆژانەی ئەم کۆمەڵگایە. لە کوردستان کۆبوونەوەی جەماوەری خەڵکی شاری بانە لە ناڕەزایەتیی بە کوشتاری کۆڵبەران و ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی کوردستانی عێڕاق کە بۆ دیفاع لە مافی سەربەخۆیی کوردستان چوبوونە بەردەم سندوقەکانی ڕێفڕاندۆم، بزوتنەوەیەکی جەماوەری و ڕێکخراوی یارمەتی گەیاندن بە بومەلەرزە لێدراوانی کرماشان کە لە هەمانحاڵدا لوتکەی داماوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پیشاندا، تەنیا چەند گۆشەیەک لە زەرفیەتەکانی مەوجود لە بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستانی سەرلەنوێ پێشان دایەوە. ئەو پوتانسیەل و زەرفیەتانەی کە ئەگەر بە شێوەی ڕێکخراو بێنە مەیدان دەتوانێ لە هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا کۆتایی بە میلیتاریزم و داگیرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بێنێ.

لە ڕاستدا لەژێر گوشاری ئەم فەزای ناڕەزایەتیەی لە کۆمەڵگە دایە و لە بارۆدۆخێکدا کە تەنانەت خودیەکانی نیزامی ویلایەتی فەقیەی ئیسلامیش باس لە بوونی گەندەڵی و دیکتاتۆڕی حاکم لە قوەی قەزاییدا دەکەن، پەروەندەی سەعید موڕتەزەوی یەکێک لە ناسراوترین جەنایەتکارانی ڕژیم کە ناوبانگی جیهانی هەیە، سەرلەنوێ دەکرێتەوە و بە ٢ ساڵ زیندان مەحکوم دەکرێت. بەو حاڵەشەوە خەڵکی ئازادیخوازی ئێران دەزانن کە بە مەحکووم کرانی موڕتەزەوی بە ٢ ساڵ زیندان، نە پەروەندەی ئەم جەنایەتکارە و نە پەروەندەی چل ساڵەی جەنایەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی داناخرێن. سەرجەم سەرانی ڕژیمی ئیسلامی و کەسان و مۆرەکانی کە دەور و نەخشی ڕاستەوخۆیان لە به‌سه‌رپێوه‌ هێشتنەوەی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارەدا لە ئەستۆیە، دەستیان بە خوێنی لاوان و خەڵکی ئەم وڵاتە سورە. ئەو جەنایەتانەی کە تەنیا لە ماوەی چەند رۆژ لە ئەشکەنجەگای کەهریزەک و بە مودیریەتی قازی سەعید موڕتەزەوی رویدا، تەنیا لاپەڕەیەکە لە کارنامەی جەنایەتباری ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی. سەرئەنجام ئەو رۆژە دێت کە کرێکاران و خەڵکی مافخواز و ئازار چێشتوی ئێران ئەم ڕژیمە بە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە بروخێنن و سەران و دەست و پێوەندەکانی بەخاتری جەنایەتی کەهریزەک، کوشتاری زیندانیانی سیاسی هاوینی ساڵی ٦٧ و ئازیزانی بێ ناو و نیشان کە لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی خاوەراندا نێژراون و باقی جەنایەتەکانی دیکەی لە دادگایەکی ئاشکرای جەماوەریدا محاکەمە و بە سزای کردارەکانیان بگەیەنن.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-