کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پەروەندەسازی لە دژی ژنانی گیلان، نابێتە هۆی وازهێنان لە بەدواداچوونی ئامانجەکانیان

images 2 3

دوابەدوای کۆتایی هاتنی گاڵتەجاڕی بەناو هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی سەرۆک کۆماری نوێ، گوشارەکان بۆ سەر هەڵسووڕاوانی مەدەنی و بەتایبەت هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ژنان زیادی کردووە. کۆماری ئیسلامی کە لەلایەنبزووتنەوەی بایکۆتی هەڵبژاردنەوە گورزێکی قورسی بەرکەوتووە و مەترسی تەقینەوەی ڕق و توڕەیی جەماوەر، بە ئەگەرێکی جیددی و نزیک دەبینێت، بە مەبەستی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا و سەرکوتکردنی هەرچەشنە توانایەک بۆ ڕێکخستن و کاری وشیاریدەرانە، ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە مەدەنییەکان و تەنانەت زیندانیانی سیاسی دەگرێتەبەر. هەر لەم پێوەندییەدا کەمپەینیدژ بە حوکمی ٦٠ ساڵ زیندان بۆ چالاکانی مافەکانی ژنان لە گیلانڕۆژی ٢٦ی پووشپەڕ  بەیاننامەی سێیەمی خۆی بڵاوکردەوە. لەم بەیاننامەیەدا، پەیامنێری تایبەتی بواری دیفاع لە  مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پۆستێکدا لەسەر ماڵپەڕی ئێکس نووسیویەتی: شەش داکۆکیکاری مافەکانی ژنان، سزای درێژخایەنی زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە و هەروەها هەواڵەکان باس لە دەستگیرکردنی تووندوتیژانە، ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژی و کوشتن، لە کاتی لێپرسینەوەکاندا دەکەن. داوا لە حکوومەتی ئێران دەکەم دەستبەجێ ئازادیان بکات و دەست لە سەرکوتی داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان هەڵبگرێت. فرووغ سەمیعنیا، جلوە جەواهێری، نگین ڕەزایی، شیوا شاهسیا، ئازادە چاوشیان و زۆهرە دادڕەسیش بە چەند داکۆکیکارێکی دیکەی مافەکانی ژنان لە گیلان لەوانە سارا جیهانی، یاسەمین حەشدەری، مەتین یەزدانی و هومەن تاهیرییەوە پەیوەست بوون. وەزارەتی ئیتلاعات دوای دەستگیرکردنی ئەو هەڵسووڕاوە لاوانە، بەهەوڵدان بۆ دروستکردنی نائارامی لە گیلان و کوردستان تۆمەتباری کردوون“. بەنەفشە جەماڵی، یەکێک لە چالاکانی مافەکانی ژنان، دەرکردنی ئەو حوکمانەی بە ناڕەوا و هەژێنەر ناو بردووە، بەڵام لەو بڕوایەدایە کە گوشارە ئەمنییەتییەکان ناتوانن بەر بە کار و چالاکی ژنان بگرن لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە پێشێلکراوەکانیاندا. ناوبراو وێڕای ئاماژە بە ڕەوڕەوەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و چەند شەپۆلێکی ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ساڵی ١٣٨٨ بەملاوە، وتی: ئەمڕۆ ژنان لە شەقام دژی حیجابی ئیجباری و لە ماڵەوە دژی توندوتیژی بنەماڵەیی خەبات دەکەن. ئەم ڕێگایە ناتوانرێت پێچەوانە بکرێتەوە.

هەوڵ و خەباتەکانی ئێستا لەدژی پیاوسالاری، سیاسەت و هەڵسوکەوت و ڕێوشوێنی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی کە بە پێشەنگایەتی خودی ژنان بەرەوپێش دەچێت، مژدەبەخشی بەدیهاتنی ئەو ڕاستییەیە. هەروەها دایکانی پارکی لالەش لە وتارێکدا بە ناونیشانیدەستکەوتە ناوازەکانی ئاخێزیژن، ژیان، ئازادیگەڕانەوەیان نییە!” لەسەر ئەو بابەتە جەختیان کردەوە. بزووتنەوەی ژنان کە پێشەنگی خەباتی دژ بە ڕێژیمی ئیسلامی و داب و نەریتە ڕزیوەکانی پیاوسالارییە، هێشتا نەیتوانیوە هێزی جەماوەری ژنان بە تایبەت ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش ڕێکبخات و بییان هێنێتە ناو مەیدانی خەباتەوە. یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەدیهێنانی ئامانجێکی لەو شێوەیە، بريتييە لە سەرکوت و وەحشیگەری ڕێژیمی ئیسلامی دەسەڵاتدار لە ئێران. هەموو کردارێکی وحشیانه و سەرکوتگەرانەی ئەم ڕێژیمە بەرامبەر بە ژنان و لەوانە دەرکردنی حوکمی نامرۆڤانەی لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەممەدی و سزای زیاتر لە ٦٠ ساڵ زیندان بۆ ئەو هەڵسووڕاوە لاوانەش کە تاوانەکەیان تەنیا ئەوەیە گروپێکی تەلەگرامیان ڕێکخستبوو، بەم ئاڕاستەیە بەڕێوە چووە. بزووتنەوەی ژنان، کە یەکێک لە بوارە هەرە دیارەکانی بریتییە لە بزاڤی نافەرمانی مەدەنی ژنانی ئازادیخواز و ئازاد پۆش، بەیانگەری ئەو ڕاستییە کە ئەم بزووتنەوەیە ئامانجی خۆی لە خەبات لەدژی ڕێژیمی ئیسلامیدا، بە دروستی دیاریکردووە. بەرەوپێشبردنی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و جۆرەکانی تری سزای دژە ئینسانی بێدادگاکان، هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادیبەڕێوەدەچێت. بێگومان خەباتێکی لەو شێوەیە، کۆماری ئیسلامی تێپەڕ دەکات و ئاراستەیەکی سۆسیالیستی دەگرێتەبەر. ئەم خەباتە هەرئێستا لە ئارادایە و بەردەوامیش ڕوو لە پەرەسەندنە. دایکانی پارکی لالەش لەم بابەتەوە نووسیویانە:

ژنانی بوێر و تێکۆشەری ئێمە ساڵانێکە بەردەوام لە نێو ماڵ و کۆمەڵگا و لە شەقامەکاندا دژی ئاپارتایدی جێندەری و هەر جۆرە جیاکارییەک خەبات دەکەن و لەو چوارچێوەیەشدا دایکانی پارکی لالە بە خەباتی بەردەوام و ڕۆژانەیان نیشانیان داوە کە سەرەڕای بەردەوامی سەرکوتی وەحشیانەی ئەم دەسەڵاتە دژە ژنە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی دوای ئاخێزی بوێرانەیژن، ژیان، ئازادی، ئیتر نایانەوێت بەرەودواوە بگەڕێنەوە و چیتر ڕێگە نادەن وەک جنسی دووەم لەقەڵەم بدرێن و دەسەڵات و کۆمەڵگای پیاوسالار و باوکسالار بڕیار لەسەر چارەنووسیان بدەن. بێ گومان ژنان لەم خەباتە چارەنووسسازەدا تەنیا نین، ئەوان هێزێکی بەرینی پیاوانی ئازادیخوازیان لەگەڵدایە کە لە ستەم و سەرکوت بەرامبەر بە ژنان بێزارن. کۆماری ئیسلامی زۆر هەوڵیدا کە کەشێکی تاڵیبانی بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. سنووردارکردنەکان لە دژی ژنان یەک لە دوای یەک لە مەیدانی نەبەرد لە شەقامەکان، قوتابخانە و زانکۆکان، بە هەوڵی جەماوەری ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، تووشی ئاڵەنگاری دەبن و لەگەڵ شکست بەرەوڕوو دەبنەوە.