ئیرنا هەواڵنێریی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامی لەسەر زاری مێهران سەمەدی، سەرۆکی “قەرارگای بووژاندنەوەی ڕوانگەی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر” ڕایگەیاند کە ستادی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر قەرارە ڕشتەیەک هەر بەم ناوە لە قۆناغی کارناسیی باڵا و دوکتورا لە زانکۆکانی ئێران دابمەزرێنێت. یەکێک لە دیارترین هێماکانی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر لە ئێران پێکهاتنی “گەشتی کۆمیتە” پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧، بە فەرمانی خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامییە. ئامانجی سەرەکیی پێکهێنانی ئەم ڕێکخراوە نیزامییە، شناسایی و لەناوبردنی گرووپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، بەڵام بەرەبەرە هەڵسووکەوت دژبە ژنان بەهۆی گونجاونەبوونی پۆششیان لەگەڵ پێوەرە دیاریکراوەکانی دەسەڵات و سیخوڕی کردن دەربارەی نیسبەتی هاووڵاتیان لەگەڵ یەکتر لەسەر شەقامەکان، بە ئیختیاراتی ئەم گرووپە زیاد بوو. ئەم گرووپە دواتر وەک “گەشتی ئیرشاد” لەژێر چاوەدێریی هێزی ئینتزامیدا درێژەی بە چالاکی دا و هەر چەند وەخت جارێک هەواڵی پێوەندیدار بە هەڵسووکەوتی توندی مەئمووران دژبە ژنان و کچان و دەستبەسەرکردنیان بەهۆی ئەوەیکە پێی وترێ “بەد حیجابی”، دەبێتە سەردێڕی هەواڵەکان. بە پیێ ڕاپۆرتی سایتی تەوانا: “پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧، خومەینی زۆر جار زانکۆی بە ناوەندی فەساد پێناسە کردووە و مەترسیی زانکۆی لە مەترسیی بۆمبی خووشەیی بە زیاتر زانیوە”. بە پێی ئەم ڕوانگەیە کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی خۆی دا تا بە سەهمییە و وەرگرتنی خوێندکاری بێ سەواد لە ڕەشتە گرینگەکاندا و پاشان دامەزراندنی ڕشتەی مەداحی و ئێستاش ڕشتەی “ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر”، زانکۆکان لە ناوەرۆکدا بگۆڕێت. ڕشتەی مەداحی لە ساڵی ١٣٩٥دا لە زانکۆکاندا پێکهات. ڕۆژی ڕابردووش باس لە پێکهاتنی ڕشتەی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر تەنانەت لە قۆناغی دوکتۆرادا کرا. گۆڕینی پێناسەی زانکۆ وەک ناوەندەێکی مۆدێرن، بەردەوام ئەولەوییەتی کۆماری ئیسلامی بووە. لەپشت ڕستەی بێ مانای خومەینی کە وتی: “زانکۆ پێویستە زانکۆ بێت، زانکۆیەک کە زانکۆ نەبێت، زانکۆ نییە”، ئامانجێک شاراوە بوو ئەویش گۆڕینی زانکۆ بە حەوزە علمییەی دواکەوتوو و کۆنەپەرستیی ئیسلامی بە ڕەوایەتی مەزهەبی شیعە بوو. حکوومەتی ئیسلامی بە وەڕێخستنی ئینقلابی دژەفەرهەنگیی خۆی کە ناوی نابوو ئینقلابی فەرهەنگی، هەزاران مامۆستای زانکۆی لەسەر کار لابرد، زیندانی و یان ناچار بە جێهێشتنی وڵاتی کردن، خوێندکارانی ئەستێرەدار کرد و دەستی دایە دەرکردنی بەرینیان، حەراسەت و ئەنجومەنە ئسیلامییەکانی کردە هەمەکارە، بۆ ماوەیەک گشت زانکۆکانی داخست، کەسانێکی بەبێ هەبوونی چکۆلەترین شارەزایی زانستی کرد بە ڕێبەر و سەرۆکی زانکۆکان، هەوڵی دا زانکۆ و حەوزە ئیسلامییەکان بەرەو یەک ئاراستە هیدایەت و ڕێبەری بکات، دژبە زانست بەتایبەت زانستی مرۆیی دەستی دایە دوژمنایەتییەکی ئاشکرا، بۆ تەڵەبە و بەسیج و بنەماڵەی کوژراوەکانی حکوومەت، ئاسانکاریی چوونە زانکۆی دابین کرد، بەڵام ڕژیم سەرەڕای هەموو ئەم کارانە پاش پتر لە چل ساڵ هێشتا نەیتوانیوە زانکۆکان ئیسلامی بکات. هەواڵنێریی ئیسلامیی “مەوج” هۆکاری سەرکەوتوو نەبوونی ئیسلامی کردنی زانکۆکان بەمجۆرە کۆبەندی دەکات: “هەر لە سەرەتاوە کە مەسەلەی ئینقلابی فەرهەنگی هاتە بەرەوە، یەکێک لەو تەوەرانەی کە هەمووان باسیان لێدەکرد تەوەری گۆڕینی کتێبە دەرسیەکانی زانکۆ بوو، بەڵام بەداخەوە بەرنامەیەکی ڕێکوپێک بۆ ئەم کارە دانەڕێژرا کە چۆن ئەم کتێبانە دەگۆڕن؟ چەندەی کات پێویستە؟ چەندەی هێز دەوێ؟ چەندە دەخایەنێت؟ و پێویستە لە چەند قۆناغدا ئەنجام بدرێت؟ بۆ کاری زۆر چکۆلەتر بەڕنامەڕێژی دەکرێت، بەڵام کارێک بەم گەورەییە بە فەرامۆشی دەسپێردرێت. ئەوەیکە مەسەلەن بێین و لە کتێبی دەروونناسیدا بنووسین ئیمام سادق لەم بارەوە ڕوانگەی چی بووە و لە بواری ئابوورییەوە چی دەفەرمێ، ئەم کارانە ئەنجام نەدراون. ئەو کارە سەرەکییەی کە پێویستە ئەنجام بدرێت ئەوەیە کە کتێبە دەرسییەکان، مامۆستایانی زانکۆ، پەروەردەی خوێندکاران و بەرنامەکان ئیسلامی بکرێن، بەڵام هەتا ئێستا کاری ئەرێنی بەرچاو لەم بوارەدا ئەنجام نەدراوە”. حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ زانست، عەقڵانییەت، پێشکەوتن و ئازادی دوژمنایەتییەکی ئاشکرای هەیە، بە توندترین شێوە خوێندکاران و مامۆستایانی نەیاری ڕژیم سەرکوت دەکات و بە جەماعەتێک ئاخوند و کەسانی ناشارەزا لە بوار زانستی، کارتێل و کۆمپانیی گەورەیان بەناوی زانکۆی ئازاد پێکهێناوە تا کەسانێک باربێنن کە پاراستن و مانەوەی حکوومەتی ئیسلامی ئەولەوییەتیان بێت. لەو نێوەدا زانکۆی ئیمام سادق نموونەیەکیانە. ئەم “زانکۆ”یە بەتەواو مانا لەژێر کۆنتڕۆڵی بنەماڵە و نزیکانی ئاخوند “مەهدەوی کەنی” دایە. وانەبێژان و مامۆستایانی ئەم “زانکۆ”یە لە تاوانبارانی شەڕی ڕژیم و ئاخوندە توندڕەوە شیعەکانن و دەرچووانی گرینگیشی، کاربەدەستانی ورد و درشتی ڕژیمن.
حکوومەتی ئیسلامی زانستی خستووەتە پەراوێزەوە و نفووزی حەوزە و ئاخوندەکان لە زانکۆکان بەردەوام زیاتر دەکات. ئەم ڕژیمە بە بەهێز کردنی خورافە و کۆنەپەرستیی و شێوەزانست، زانکۆکان زیاتر لە ڕابردوو دەکاتە حەوزەی ئیسلامی. ئێمە ئەوجار لەگەڵ ساختەچیانی زیاتر بەرەوڕوو دەبینەوە کە دوکتۆرای نەوحە خوێنی، ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر، ئابووری ئیسلامی، بەڕێوەبەریی قورئانی، مەکتەبی تێب و دەرووننساسیی ئیمام سادق و هاوشێوەکانی وەک زانست بەسەر کۆمەڵدا دەسەپێنن.