کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی یەکگرتوویی کرداری و هاریکاریی بەربڵاو لە دەوری دروشمی دیفاع لە ئازادیی زیندانیانی سیاسی

Untitled 77

پێویستی یەکگرتوویی کرداری و هاریکاریی بەربڵاو لە دەوری دروشمی دیفاع لە ئازادیی زیندانیانی سیاسی

دوابەدوای مانگرتنی گشتی شکۆدار و بەربڵاوی خەڵکی کوردستان لە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستیکردووە بە دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە هەڵسووڕاوانی ئاشکرا و مەدەنی بوارە جیاجیاکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان. ئەم دەستگیرکردنانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا نزیکەی ١٠٠ چالاکی مەدەنی و سیاسی بە بیانووی جۆراوجۆر دەستبەسەر کراون. ڕژیمی  کۆماری ئیسلامی کە لە یەکڕیزی و ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی کوردستان کە  نمونەیەکی درەوشاوەیمان، لە مانگرتنی گشتی ڕۆژی چوارشەممەدا بینی دەترسێت، دەیەوێت لە ڕێگەی سەرکوت و ترس و تۆقاندنەوە تۆڵە لە جەماوەری مافخواز و تێکۆشەر بکاتەوە. بەڵام ئەم ڕژێمە دەبێ ئەوە بزانێت کە مێژوو و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، چەندین جار ئەوەی سەلماندووە کە هیچ ئاستێک لە سەرکوت، ناتوانێ ڕێگری بکات لە ئیرادەی بەکۆمەڵ، لە ساتەوەختە هەستیارەکاندا و پێشبگرێت بە خەباتی ئازادیخوازانەی ئەو جەماوەرەی کە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە سەرەتایی و ئینسانییەکانی خۆیدا تێدەکۆشێت. یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان زۆر لەوە بەهێزترە کە بەم هەوڵە دزێو و داماوانەیە، تێکبشکێنرێت.

کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا دەستدەداتە ئەم هەوڵە دزێو و داماوانە، کە لەگەڵ چەندین قەیرانی قووڵ و چارەهەڵنەگردا بەرەوڕووە. لە ناوخۆی وڵاتدا لەگەڵ شەپۆلی خەباتی داواکاری تەوەری کرێکاران، خانەنشینان، پەرستاران و دادخوازان بەرەوڕووە. ئەم ڕێژیمە هیچ شەرعیەتێکی نییە و لەسەر دەریایەک لە نەفرەت و بێزاریی جەماوەر، ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات. هاوکات لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، ئەو هێزانەی کە بڕیار بوو قووڵایی ئەمنییەتی ڕێژیم دابین بکەن، یەک لە دوای یەک شکست دەهێنن و چیتر توانایی دابینکردنی پێداویستییەکانی مانەوەی ڕێژیمیان نییە. کۆماری ئیسلامی توانایی بەرپەرچدانەوەی شەپۆلی خەبات و ناڕەزایەتی جەماوەری نییە، خەڵکی کوردستان ئەم قۆناغەیان تێپەڕاندووە و ڕێژیم ناتوانێت ئەو کەشی ترس و تۆقاندنەی کە مەبەستییەتی، بەسەر کۆمەڵگادا زاڵبکات. کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی و بێزار لە کۆماری ئیسلامی، لە بەرامبەر ئەم شەپۆلی دەستبەسەرکردنانە لە کوردستان بێدەنگ نابن. خەڵکی کوردستان، لە هەنگاوێکی مەدەنیدا، بە مانگرتنی گشتی خۆیان لە دژی دەرکردنی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانەی کە نەک هەر ئەو سزایە، بەڵکوو تەنانەت گرتن و زیندانیکردنیشیان، کردەوەیەکی جینایەتکارانە و دژە مرۆییە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

واقیعییەت ئەوەیە کە حکوومەتی ئیسلامی، بەبێ بوونی زیندان و زیندانیی سیاسیی، یەک ڕۆژ لە دەسەڵاتدا نامێنێت. بۆیە خەبات لەپێناو ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و بەرگری لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، هەنگاوێکی جیددییە لە خزمەت بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و بنیاتنانی سیستەمێکی کە تێیدا هیچ ئاسەوارێک لە ئێعدام و زیندانیانی سیاسیی بوونی نەبێت. بێ گومان لەگەڵ ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامی، دەرگای زیندانە سیاسییەکان تێکدەشکێن و ئەو ئینسانە شەریفانەی کە لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەریدا ئەشکەنجە و مرگیان قبوڵ کردووە، بە شانازییەوە دەگەڕێنەوە ناو باوەشی جەماوەر. بەڵام تا ئەو ڕۆژەی دەرگای زیندانەکان دەکرێنەوە، پێویستە ئەو ملیۆنان جەماوەرە ناڕازییە، لە هیچ هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە لەسێدارەدان و ئەشکەی زیندانیانی سیاسی و ئازادکردنیان، درێغ نەکەن. دەبێ دروشمی ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، لە هەموو شوێنێک دەنگ بداتەوە. نابێ هیچکەس بە تاوانی خەبات لەپێناو مافەکانیدا، بە تاوانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە نەهامەتییە ئابووری و ستەم و سەرکوتگەرییەکانی ئێستا، یان بە تاوانی هەبوونی بیروباوەڕی جیاواز و کار و چالاکیی سیاسی، بگیرێت و زیندانی بکرێت.

ئەگەر بڕیارە کەسێک بخرێتە کونجی زیندانەکان، ئەوە، تاوانباران و سەبەبکارانی ئەم دۆخەی ئێستان کە دەبێ بکەونە زیندان، واتە هەمان ئەو کەسانەی کە منداڵانی خەڵک زیندانی دەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن، هەر ئەو کەسانەی کە جگەرگۆشەکانی خەڵک دەکوژن و لە گۆڕە بێ نیشانەکاندا دەیاننێژن، واتە ئەوانەی کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بەتاڵان دەبەن و ئەم بارودۆخە پڕ لە ئازار و بێبەشی و بێ مافییەیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. لە وەها هەلومەرجێکدا، یەکگرتوویی کرداری و هاوکاریی بەربڵاو لە دەوری دروشمی داکۆکی لە ئازادیی زیندانیانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی جینایەتکارانە، کارێکی بەکردەوە و کاریگەر دەبێت، پێویستە دەستی کۆماری ئیسلامی لەسەر گیانی ئەو ئازیزە دەستبەسەرکراوانە کورت بکرێتەوە، بەڵام تەنیا ئەو جەماوەرە دەتوانێت کارێکی ئاوا مەزن ئەنجام بدات کە سەرەنجام شووشەی تەمەنی ڕژیم لە دەستی بەتوانای ئەواندایە. تەنیا بە خەباتی یەکگرتووانە و ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەریی دەتوانرێت ڕێژیم ناچار بکرێت کە دەست لەمجۆرە کردەوە نامرۆڤانەیە هەڵبگرێت.