هەواڵنێری مافی مرۆڤی هێرانا، لە ڕۆژێکدا کە هەواڵی تەسلیم بوونی خامنەیی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ترامپ بۆ ڕەتکردنەوەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا، بڵاوکرایەوە، ڕاپۆرتێکی مەترسیداری بڵاوکردەوە: “بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوە، فەرهاد شاکری، عەبدولحەکیم عەزیم گورگیج، عەبدولڕەحمان گورگیج، تاج محەممەد خورماڵی و مالیک عەلی فەدایی نەسەب، زیندانیانی سیاسی–ئەمنییەتی زیندانی وەکیلابادی مەشهەد، لەسێدارەدران.” بنەماڵەی دوو کەس لە زیندانییە ئێعدام کراوەکان لە گفتوگۆ لەگەڵ هێرانا، هەواڵەکەیان پشتڕاست کردەوە.
چوار کەس لە ئێعدام کراوەکان لە شوێنکەوتووانی ئههلیسوننە بوون و مالیک عەلی فەدایی نەسەب تەنیا تاوانبارێکی شێعە بوو لەم دۆسیەیەدا. بەڵام هەموویان لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا و بە تاوانی “بەغی” لە ڕێگەی “ئەندامێتی لە گرووپە سەلەفییەکان” و “بەرەی یەکگرتووی نیشتمانی ئههلیسوننەتی ئێران” بە ئێعدام محکووم کرابوون.
بە وتەی بنەماڵەی ئەم کەسانە کە هێشتا لە بەردەم زیندانی مەشهەد چاوەڕێی وەرگرتنی تەرمی ئازیزەکانیانن، “جێبەجێکردنی سزای ئێعدامەکان بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بە بێ پێدانی دەرفەتی دیداری کۆتایی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بەڕێوە چووە.” یەکێک لە ئەندامانی ئەم بنەماڵانە بە هێرانای وت: “بنەماڵەکان تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییانە ئاگادارکراونەتەوە.”
ئەم دۆسیەیە ١٢ تاوانباری لەخۆگرتبوو کە لە نێویاندا ١١ کەسیان ئههلیسوننە و یەک کەسیان واتە (مالیک عەلی فەدایی نەسەب) شیعە بوون. ئەم هاووڵاتیانە ساڵی ١٣٩٤ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران. نزیکەی ساڵێکی خایاند تا لە زیندانە نهێنییەکانەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی وەکیلابادی مەشهەد. ئەم زیندانییانە مانگی بەفرانباری ١٤٠٣ لە نامەیەکدا ئازار و ئەشکەنجە و وەحشیگەرییەکانی ناو زیندانەکانی ڕژیمیان ئاشکرا کردبوو. ناوەڕۆکی نامەکە بەم سەردێڕە لەسەر ماڵپەڕەکان بڵاوکرایەوە: “زۆر جاران شاهیدی ئەوە بووین کە لە زیندانەکانی ئێراندا چی بەسەر هاوڵاتیانی بێ دیفاعماندا هاتووە.” ئەم زیندانییە سیاسی–ئەقیدەتییانە لە ٦٣ەمین ڕۆژی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان“دا ئێعدام کران. ئەم کەمپەینە لە ڕاگەیاندنی ئەم هەفتەیەی خۆیدا نیگەرانی خۆی لە ئەگەری لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییە سیاسی–ئەقیدەتییانە دەربڕیبوو. ڕاگەیاندنەکە بەم شێوەیە دەستپێدەکات:
“لەگەڵ کۆتاییهاتنی پشووی نەورۆز، کە تێیدا ژمارەی ئێعدامەکان بە شێوەیەکی ڕێژەیی کەم ببووەوە، سەرلەنوێ شاهیدی پەرەسەندنی بەرچاوی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانین. لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکان بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان گواستراونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی. بۆ نموونە ڕۆژی دووشەممە، لایەنیکەم ١٠ زیندانیی لە زیندانی قزڵحەسار گواسترانەوە بۆ بەندی ئەمن، ئەوە بەو مانایەیە کە ئەگەری لەسێدارەدرانیان نزیکە.”
هاوکات لەگەڵ ئەوە، واتە ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوە، بەرامبەر لەگەڵ ٨ی ئاوریلی ٢٠٢٥، ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەر ماڵپەڕەکان بڵاوکرایەوە. ئاگنێس کالامار، سکرتێری گشتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە بارەی ئێرانەوە وتی: “لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ئێران لەسەر کەڵک وەرگرتن لە بەکارهێنانی سیستەماتیکی لەسێدارەدان بەمەبەستی سزادانی ناڕازیانی دژبە حکوومەت لە سەردەمی بزووتنەوەی ‘ژن، ژیان، ئازادی‘دا بەردەوام بوو.”
ئامارەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، کە بە وتەی نووسەرەکانی، ئامارێکی تێروتەسەل نییە، نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٤دا ژمارەی لەسێدارەدانەکانی گەیاندووەتە ٩٧٢ حاڵەت و بەم شێوەیە بە تەنیایی بەرپرسیارە لە ٦٤ لەسەدی کۆی گشتی لەسێدارەدانەکانی ناو ڕاپۆرتەکەی ساڵی ٢٠٢٤. ئەم ئامارە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی، بە شێوەیەکی موتڵەق لەبواری ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە پلەی یەکەمدایە.
ڕاپۆرتەکەی لێبوردنی نێودەوڵەتی نیشان دەدات کە بەلووچەکان لانیکەم ١٠ لەسەدی لەسێدارەدراوەکان پێکدێنن، لە کاتێکدا تەنها پێنج لەسەدی کۆی گشتی دانیشتوانی ئێرانن. هەروەها هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی هەڵسوکەوتی هەڵاواردن و جیاکاری لە دژی کۆچبەرانی ئەفغانستان لە ئێران، لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەش سێ هێندە زیادی کردووە و لە ٢٥ کەس لە ساڵی ٢٠٢٣وە گەیشتووەتە ٨٠ کەس لە ساڵی ٢٠٢٤دا، کە نیوەیان بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر لەسێدارە دراون. لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٣٠ ژن لە ئێران لەسێدارە دران کە هەندێکیان قوربانی توندوتیژی خێزانی بوون. چوار کەسیش کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوان، تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە، لەسێدارە دران. لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ چالاکانی وەک شەریفە محەممەدی، چالاکی مافەکانی ژنان و کرێکاران، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی کوردستانیش کردووە.
ئەم ڕۆژانە ئاژانسە هەواڵییە ڕاستڕەوەکان بە ئەنقەست هەوڵدەدەن هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە وەک مەترسی سەرەکی بۆ سەر ڕژێم و بە قازانجی هاووڵاتیانی ئازادیخواز، نیشان بدەن. بەڵام خودی خامنەیی مەترسی ناوخۆیی، واتە پەرەسەندنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری، بۆ حکوومەتی ئیسلامی، بە مەترسییەکی گەلێک گەورەتر لە هەڕەشە دەرەکییەکانی لە قەڵەم داوە. پەرەسەندنی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لەم چوارچێوەیەدا خۆی دەبینێتەوە. بەڵام هەموو بەڵگەکان نیشان دەدەن کە چڕبوونەوەی هەنگاوە سەرکوتکارییەکان و بەتایبەتی پەرەسەندنی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان، تەنها تووڕەیی و ئیرادەی ئازادیخوازان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی سەرمایە، بەهێزتر دەکات و دواڕۆژی دەسەڵاتی ڕێژیم نزیکتر دەکاتەوە.