کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی پەرەساندنی خەباتی کرێکاری لەدژی گۆڕینی قانونی کار

لە رۆژانی ڕابردودا سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی تاران و دەوروبەر لە درێژەی کارزارێکدا کە بە شێوەی ئامادە کردنی تۆماری ناڕەزایەتی سەبارەت بە لایەحەی ئیسلاحی قانونی کار دەستی پێکردبوو بانگەوازی لە کرێکاران کرد کە رۆژی ٢٥ ی خەزەڵوەر لە ناڕەزایەتی بە گۆڕینی یاسای کار لەبەردەم مەجلیسی ڕژیم کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرن. بەشوێن بانگە وازەکەدا کاتژمێر ١٠ ی بەیانی رۆژی سێشەممە ٢٥ ی مانگ سەدان کەس لە کرێکارانی تاران لە کارخانە و ناوەندە کرێکاریە جۆرا و جۆرەکانەوە لە ناڕەزایەتی بە لایەحەی دەوڵەت بۆ گۆڕینی قانونی کار لەبەردەم مەجلیسی ڕژیمی ئیسلامیدا دەستیاندایە بەرپا کردنی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی و ڕێپێوان.

بە پێی ڕاپۆرتی یەکێتی ئازادی کرێکارانی ئێران لەم کۆبونەوە کرێکاریەدا کە به‌ بانگه‌وازی سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی تاران ڕێكخرابوو، گەلێک دروشمی جۆراو جۆر لە دژایەتی لەگەڵ لایەحەی دەوڵەت بۆ گۆڕینی یاسای کاریان بەرز كرایه‌وه‌. کرێکاران لە جەریانی ئەم کۆبونەوەیەدا بەدانی دروشمی وەک :” قەراردادی کاتی کۆیلەتی کرێکار”، ” قەراردادی دایم دەبێ بێتەوە گۆڕێ”، ” کرێکار موعەلیم یەکگرتن یەکگرتن”، ” کرێکار موعەلیم دانشجو یەکگرتن یەکگرتن”، ” لایەحەی ئەم دەوڵەتە زەمانەت کاری ئەم کۆیلەتیە”، ” بەڕێچوون مەنزەلەت مافی سەلمێندراوی ئێمەیە”، ” ئیسلاحی یاسای کار بە قازانجی سەرمایەدار”، ” کرێکارانی ئێران یەکگرتن یەکگرتن”، ” مانگرتن کۆبوونەوە تەشەکول مافی ڕەوای ئێمەیە”، ” وەزیری کارفەرمایی خەجاڵەت خەجاڵەت”، ” کوموسیۆنی کۆمەڵایەتی لایەحەکە بنێرەوە”، ” کرێکارانی زیندانی دەبێ ئازاد بکرێن”، ” شیرکەتی پەیمانکاری بەردەگی کرێکاری”، و هیتر ناڕەزایەتی خۆیان لەدژی گۆڕینی قانونی کار و بۆ دیفاع لە داخوازیە هەنوکەییەکانی کرێکاران ڕاگەیاند. هەروەها کۆمەڵێک لە خوێندکاران شان بەشانی کرێکاران لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەدا بەشدار بوون. هێزە ئەمنیەتی و ئینتیزامیەکانیش کە لە شوێنەکەدا ئامادە بوون دەستیان کرد بە گرتن و دوو کەسیان لە بەشدارانی کۆبوونەوە کە خوێندکار بوون گرت بەڵام بە دانی دروشمی ” خوێندکارەکان ئازاد کەن، فکرێک بە حاڵی ئێمەبکەن” لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە ناچار کران ئازادیان بکەن.

لەم کۆبونەوە ناڕەزایەتیەدا هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە سوخەنرانیەکانی خۆیاندا وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر وەرگرتنەوەی خێرای لایەحەی ئیسلاحیەی دەوڵەت، سەبارەت بە بارودۆخێکی کۆیلە ئاسا کە لە ئاکامی یاسای کاری ئێستادا بەسەر کرێکارانی ئێراندا سەپاوە، خوازیاری گۆڕانی ئەم قانونی کارەی ئێستا لە ڕاستای تێکەوە پێچرانی قەراردادی کاتی و شیرکەتە پەیمانکاریەکان، سەرلەنوێ بوژاندنەوەی قەراردادی دایم و ڕاستەوخۆ و مافی بەرپا کردنی تەشەکولە سەربەخۆ کرێکاریەکان لە گشت ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و خزمەتگوزاریدا بوون. لە کۆتاییدا کرێکارانی خۆپیشاندەر ڕایانگەیاند کە ئەگەر بێت و لایەحەی ئیسلاحیەی دەوڵەت لە سەر قانونی کار هەروا لەدەستوری کاری مەجلیسی شوڕای ئیسلامیدا بمێنێتەوە لە ماوەی حەفتەکانی داهاتودا ناڕەزایەتیەکانمان زیاتر و دەستیش ئەدەینە مانگرتن لەبەردەم مەجلیسی شوڕای ئیسلامی.
852

ئەوەی کە روون و ئاشکرایە و لە دروشمی کرێکارانی ناڕازی و ناوەرۆکی سوخەنڕانی هەڵسوڕاوانی کرێکاریشدا دەردەکەوێ، زۆرێک لە مادە و بەندەکانی لایەحەی ئیسلاحیەی قانونی کار بەبێ ئەوەی کە لە لایەن مەجلیسەوە پەسند بکرێن و لایەنی یاساییان هەبێت لە ژیانی واقعیدا بە کردەوە دەرهاتون. هەموو رۆژێک کرێکاران دەستە دەستە و بەبێ کۆسپی یاسایی لە لایەن خاوەنکارانەوە دەردەکرێن. بەبێ بەربەستی یاسایی قەرادادی کاتی و سپی ئیمزا جێگای قەراردادی دایم دەگرنەوە. بەبێ کۆسپی یاسایی لە زۆربەی کارگا و ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراویش بە کرێکاران نادرێت. بەبێ بەربەستی قانونی خاوەنکار تا هەر کاتێک بیەوێ دانی حەقدەستی کرێکارەکان دوادەخات. بەبێ مانعی قانونی لە نێو ئۆروی ملیۆنی منداڵانی کاردا منداڵی کەمتر لە ١٥ ساڵ بەکاردێنن. کەوایە دەوڵەت لە خزمەت سودئاوەر تر کردنی سەرمایەکاندا لە داسەپاندنی بارودۆخی کۆیلەیی هێنەر بەسەر کرێکاراندا دەستی کراوەیە.

وێڕای ئەمانە ئەگەر دەوڵەتی رۆحانی لە ڕاستای داسەپاندنی بێ مافی زیاتر بەسەر کرێکاراندا لە هەوڵی گۆڕینی یاسای کاردایە، ئەو هەوڵانە ئەساسەن روو بە داهاتون. دەوڵەتی رۆحانی لە نەزەریدایە ئەگەر بێت و کۆسپەکانی بەردەم ئیجرایی بوونی بەرجام لابەرێت و دۆخێکی لەبار بۆ تێکەڵ بوونی زیاتر لەگەڵ بازاڕی جیهانی دابین بکات، ئەوکات بۆ ڕاکێشانی سەرمایە گوزارانی خاریجی بۆ سەرمایە گوزاری کردن لە ئێران پێویستی بە قانونی کردنی داسەپاندنی بارودۆخی کۆیلە ئاسا و بێ مافی کرێکارانە تا ئاستێک کە ئیمکانی هەیە. دەوڵەتی رۆحانی دەیەوێ تا ئەو جێگایەی کە مومکینە لایەنی یاسایی بداتە بەهرە گیری لە هێزی کاری هەرزانی کرێکاران. دەوڵەتی رۆحانی دەیەوێ لە هاوسەنگی هێزی ئێستا و لە بارودۆخێکدا کە کرێکاران خاوەنی ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەری سەربەخۆ لە دەوڵەت نین لایەنی قانانی بداتە ئەم بێ مافیانە.

بەم جۆرە هەوڵی دەوڵەت بۆ گۆڕینی ئەم قانونی کار دژی کرێکاریە لە بارودۆخی ئێستادا دەبێ وەک جۆرێک چاوداگرتنی دەوڵەتی رۆحانی لە کۆمپانیا و سەرمایەدارانی دەرەکی ئەرزیابی بکرێت، کە لە گەری بەرەپێش چوونیدا لە بە کرداری کردنی بەرجام بارودۆخی جێی سرنجی ئەو شیرکەت و کۆمپانیانەی کە مایل بە سەرمایە گوزارین لە ئێراندا، دابین و لەم بارەیەوە گومانیان نەبێت و دڵنیا بن. لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتی ” تەدبیر و ئومید” جیا لە هەوڵدان بۆ هەرزان ڕاگرتنی هێزی کار لە ئێران، لە هەمانحاڵدا هەوڵ ئەدات بەستنی قەرارداد تا درکردنی کرێکار بە تەواوی بخاتە ئیختیار خاوەنکارەوە و گشت کۆسپە یاساییەکان لەم پێوەندەدا لەسەر ڕێگای لابات. لەم روەوەیە کە دیسان پەروەندەی مەڕبوت بە گۆڕینی قانونی کار لە بایەگانی دەرهاتۆتەوە. یەکەم خاڵ لەم ڕاستایەدا، هەوڵدانە بۆ دابین بوونی بارودۆخێک کە تێیدا حەقدەستی کرێکاران لە نزم ترین ئاستدا ڕابگیرێت و پڕۆسەیەک بۆ دیاری کردنی لانی کەمی حەقدەستەکان دیاری بکرێت کە بەرۆکی دەوڵەت لە کێشەکانی ساڵانەی ئەم بابەتە ڕزگار بکات. واتە دەوڵەت بەکردەوە دخاڵەتێکی ڕاستوخۆی لە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستەکاندا نەبێت. بەم کارە یەکەم دەستی خاوەناکاران و خاوەن سەرمایەکان لە دیاری کردنی حەقدەستەکاندا لە حاڵێكدا کە کرێکاران بەبێ تەشەکول و ڕێکخراون کراوە دەبێت تا حەقدەستی جیی سرنجی خۆیان بەسەر کرێکاراندا بسەپێنن و دووهەم ئەوەیکە قین و توڕەیی کرێکاران لە بارودۆخی دژواری کار و ژیان لە دەوڵەت دوور بخەنەوە و بەرەو رووی خاوەنانی سەرمایە جۆراو جۆرەکانی بکەنەوە و بەکردەوە نەک یەک ناوەند بەڵکو کۆمەڵێک لە ناوەندی جۆراو جۆر لە سەرمایەداری، وەک ئەژدیهایەکی حەوت سەر لە بەرانبەر کرێکاراندا ڕابگرن بەو هیوایەی کە بتوانن بە گرتنەبەری شێوازی جیاواز زەمینەی بەردەوامی و پڕژو بڵاوی و بێ کاریگەر بوونی خەباتی کرێکاران فەراهەم بکەن.

سیاسەتە دەژی کرێکاریەکانی ڕژیمی ئیسلامی سەرمایە ئەرکێکی دژوار دنێتە بەردەم بزوتنەوەی کرێکاری. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە پوتانسیەلی بزوتنەوەی کرێکاری بیلقوە خاوەنی هێز و توانایەکی زۆرە. بەڵام گرفتی ئەم بزوتنەوەیە نەبوونی تەشەکول و سازمانیابیە کە ئیجازەی نەداوە ئەم هێز و تواناییە بکەوێتە کار. ئەگەر دەوڵەت و سەرمایەداران بەم شێوەیە ئیجازە بە خۆیان ئەدەن کە گیان و ماڵی کرێکارانی ئێران بدەنە بەر هێرش بەم هۆیەوەیە کە ئامرازی دیفاع لەخۆی نییە. کەوایە، ئەم وەسیلەیە کە شتێک نییە بێجگە لە تەشەکول، کرێکارانی بەم شێوەیە ئاسیب پەزیر کردوە. دەوڵەت و سەرمایەدارانیش لەسەر ئەم بێ سازمانیەی کرێکار حێسابیان کردوە وا بەم شێوەیە هێرش دەکەنەسەر سفرەی نانیان. بەڵام ئەم تەشەکولە نە لە ڕێگای تەبلیغ و نە بە ئیرادە بەڵکو لە ڕەوتێکی واقعیدا و لەسەر بەستێنی گەشە و پەرەسەندنی خەباتی کرێکاری ڕێگای خۆی لە بزوتنەوەی کرێکاریدا دەکاتەوە. گومانی تێدا نییە کە یەکێتی و هاوپشتی بزوتنەوەی کرێکاری لەگەڵ بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی خوێندکاری، بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و باقی بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکان و پێشڕەوانی ئەم بزوتنەوانە دایە کە بۆ پاشەکشە کردن بە ئیختیناقی سیاسی حاکم هاوسەنگی هێزێکی گونجاو تر بۆ دروست کردنی تەشەکولە جەماوەری و چینایەتیە کرێکاریەکان فەراهەم دەکات و ئاسۆیەکی هیوابەخش بەرووی کۆمەڵگادا دەکاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

-

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-