بە شوێن دەربڕینی نەفرەتی گشتی سەبارەت بە کرداری جەنایەتکارانەی کەسانی سەربە ڕژیم لە سنورەکانی کوردستان لەدژی کۆڵبەران و مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی دوێنێی خەڵکی شاری بانە بۆ مەحکوم کردنی ئەم جەنایەتە، ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتون باس لە ئامادەگی خەڵکی باقی شارەکانی دیکەی کوردستان بۆ پەیوەست بوون بەم ناڕەزایەتیانەوە دەکەن.
ئەم ناڕەزایەتیانە کە رۆژی دوو شەممە ١٣ ی مانگی خهرمانان بە بەرپا کردنی کۆبوونەوەی خەڵک و بنەماڵەی گیانبەختکردوان لەبەردەم بینای فەرمانداری ڕژیم لە شاری بانه دەستی پێکرد، رۆژی سێشەممە بە مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندانی خەڵکی ئەم شارە درێژەی پێدرا. بەڵام خۆپیشاندانی ئاشتیانەی خەڵک کەوتە بەر هێرشی هێزەکانی ڕژیم و لە جەریانی هێرشی ئەم هێزانەدا بۆسەر ڕیزی خۆپیشاندەران، ژمارەیەک لە شارۆمەندان گیران و ژمارەیەکیش بریندار بوون. هەر ئێستا هێزی تایبەتی ڕژیم لە ئاستی شاردا جێگیرن و هەواڵێکی روونیش سەبارەت بە چارەنووسی گیراوەکان لەبەر دەستدا نییە.
خەڵکی ناڕازیی شاری بانە لە جەریانی مانگرتن و ڕێپێوانی دوێنێدا داخوازیەکانی خۆیان هێناوەتە گۆڕێ کە بەم شێوەی خوارەوەن:
١ – دادگایی کردن و سزا دانی ئامران و عامڵانی کوشتنی ئەو دوو کۆڵبەرەی رۆژی دووشەممە کە بە تەقەی ڕاستەوخۆ گیانیان لەدەستدا. ٢ – کۆتایی هێنان بە کوشتاری کۆڵبەران و پارێزراو بوونی ئەمنیەتیان. ٣ – ڕەخساندنی هەلی کار بۆ لاوان، بە شێوەیەک کە ناچار نەبن روو بکەنە کاری پڕ مەترسی کۆڵبەری. ٤ – ئاسایی بوونەوەی فەزای ئەمنیەتی شارەکان و گێڕانەوەی هێزە سەرکوتگەرەکان بۆ شوێنەکانی پێشویان. ٥ – لابردنی فەرمانداری ڕژیم و دادگایی کردن و سزادانی بە هۆی دانی دەستوری کوشتنی کۆڵبەران.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو بوونەتەوە، ئێستا کەش و فەزای گشتی بە جۆرێکە کە خەڵک لە باقی شارەکانی کوردستان و بە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆر پشتیوانی لە داخوازیەکانی خەڵکی شاری بانە دەکەن و بۆ پەیوەست بوون بە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی شاری بانەوە ئامادە دەبن. لەم پێوەندەدا ڕژیم لە لایەکەوە لە ڕێگای نوێنەرانی سەرسپوردەی خۆیەوە لە مەجلیسی ئیسلامی بە دانی کۆمەڵێک وەعدە و بەڵێن کە هیچ زەمانەتێکی بە کرداری بوونیان نییە هەوڵ ئەدات بەر بە پەرەسەندنی خەباتی خەڵک بۆ باقی شارەکانی دیکەی کوردستان بگرێت و لە لایەکی دیکەوە بە جێگیر کردنی هێزی تایبەت، فەزای شارەکانی کوردستانی بە توندی ئەمنیەتی کردووە.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا کە مەسەلەی کۆڵبەران، بە هۆی جەنایەتەکانی ڕژیم و نێونەتەوەیی بوونەوەی بابەتەکە، بەشێوەیەکی بەربڵاو تر هاتبووە گۆڕێ، لەژێر گوشاری ڕای گشتیدا لە ئێران و لە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەوەی کە بە شێوەی کاتی مەترسی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە خۆی دوور بخاتەوە، دەستیکرد بە دانی کۆمەڵێک وەعدە و بەڵێن سەبارەت بە باشتر کردنی بارودۆخی کاریی کۆڵبەرەکان و دابین کردنی ئەمنیەتیان و بە ناو نوێنەرانی خەڵکی کوردستان لە مەجلیسی ئیسلامی ڕاسپاردبوو کە بە تەبلیغی ئەم وەعدە بێ بنەمایانە، زەحمەتکێشانی ناوچە سنوریەکان لە چاوەڕوانیدا ڕابگرن و لەم مەودایەدا بە دانی هێندێک ئیمتیاز بە چەند کەسێک، چەند بەرەکی لەنێویاندا دروست بکەن. بەڵام ئەوەی کە بە کردەوە خەڵکی کوردستان و کۆڵبەرەکان شاهیدی بوون، کوشتاری زیاتری کۆڵبەرەکان و داسەپاندنی دۆخێکی سەخت و دژوار تر بەسەریاندا بوو.
لە جەریانی ناڕەزایەتیی دوو رۆژی ڕابردوشدا ڕژیم هەر ئەم شێوازەی گرتۆتە پێش. هەم هێزی زیاتری هیناوە بۆ کوردستان و پایەگا ئەمنیەتیەکانی بەهیز کردووە و هەم نوێنەرانی فریوکاری لەم پێوەندەدا چالاک کردۆتەوە.
ئەزمونی خەڵکی کوردستان نیشانی داوە کە دەکرێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدا ناچار بە پاشەکشە بکرێت. ڕژیم دەزانێ کە ئاستی تەحەمولی خەڵک لە کوردستان و لە هەموو ئێران بەرتەسک تر بۆتەوە. کۆمەڵگای ئێران لەژێر گوشارەکانی حاکمیەتی ئەم ڕژیمە لە دۆخێک دایە کە هەر پڕیشکەیەک دەتوانێ ببێتە بڵێسەیەکی گەورە. سەرانی ئەم ڕژیمە بە تەجروبە بۆیان دەرکەوتوە کە لە ئاوا بارودۆخێکدا ئیتر نە سەرکوت و نە فریوکاری بوردی نابێت. بەڵام گوشار هێنان بۆ وادار کردنی ڕژیم بە پاشەکشە و دابین بوونی ئەم داخوازیانەی کە خاڵەکانی لە هەمان هەنگاوی یەکەم لە خۆپیشاندان و مانگرتن و حەرەکەتی گشتی خەڵکی شاری بانەدا دیاری کرابوو، تەنیا بە مانگرتن و حەرەکەتی خەڵکی شارێک، هەرچەند خسڵەتێکی جەماوەری و خەباتکارانە و شیاوی تەحسینیش بێت، مسۆگەر نابێت. دیاردەی دژی ئینسانی کۆڵبەری تەنیا گرفتی خەڵکی بانە و یان موشکلی خەڵکی باقی شار و دێهاتەکانی سەر سنور نییە، بەڵکوو کێشەی سەرجەم زەحمەتکێشانی کوردستانە. گرفتی بێکارییە، گرفتی هەژارییە، بابەتی ئەمنیەتی گیانی خەڵکە، مەسەلەی میلیتاریزە بوونی کوردستانە. بابەتی قەدەر قودرەتی سپای پاسدارانە. ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ وەها دیاردەیەک، هەرچەند کۆمەڵێک داخوازی سنوردار، لەو ئاستەدا کە لە لایەن خەڵکی تێکۆشەری بانەوە هاتۆتە گۆڕێی، هەبێت، سەرکەوتن تێیدا پێویستی بە گوشار و هێزێکی خەباتکارانەی زیاتر و بەرینترە. دابین بوونی ئەم داخوازیە ڕەوا و سەرەتاییانە تەنیا بە هاوپشتی خەباتکارانەی زۆربەی خەڵکی کوردستان مومکین دەبێت. هێزی ناڕەزایەتیی و خەباتی هەموو خەڵک دەبێ بچێت بە یارمەتی ئەم زەحمەتکێشانەوە، کە دەردی هاوبەش، مافی هاوبەش و ئاڕمان و ئارەزوی هاوبەشیان هەیە. دەبێ بەدوای ئامادەیی پێویست دا بن بۆ ئەنجامدانی حەرەکەتی بەردەوامتر، پەیگیر و سەرتاسەری تر، لانیکەم لە ئاستی کوردستاندا، تا ئەو کاتەی پاشەکشەی ڕەسمی و بە کردەوەی ڕژیم و دەست ڕاگەیشتن بە داخوازیە ڕاگەیەندراوەکان مسۆگەر دەبن. کۆمەڵە بە ئامانجی دروستکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان هێزە سیاسیە چالاکەکان لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات، بە ئامانجی بەکارهێنانی ئەوپەڕی توانایی لەدژی کرداری دژی ئینسانی ڕژیم لە کوردستان و بۆ دیفاع لە داخوازی خەڵک لە پێوەند لەگەڵ بێکاری، کۆڵبەری و ئەمنیەت، لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکات.