ڕۆژی هەینی ٥ ی ئۆکتۆبر ڕۆژی موعەلیم بوو. ئەو ڕۆژە لە ٤٤ مین ئیجلاسی وەزیرانی ئاموزش و پەروەرش، لە ٥ ی مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٩٤، لە لایەن یۆنسکۆوە وەک ڕۆژی جیهانی مۆعهلیم دیاری کرا. لە ڕۆژژمێری تاریخی ئێرانیشدا هەڵبەت ڕۆژێک هەر بەم ناوە بوونی هەیە. ١٢ی مانگی گوڵان، ڕۆژی ڕەسمیی موعەلیمە لە ئێران. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام هەوڵیداوە و هەوڵ ئەدات تا بۆنەی ئەم ڕۆژە بکاتە ڕۆژی مەرگی یەکێک لە ئاخوندەکان، بە ناوی” موتەهەری”، بەڵام بەشێوەی واقعی پێشینەی ئەم ڕۆژەی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ١٣٤١ ی هەتاوی و ساڵڕۆژی مەرگی” ئەبوالحەسەن خانعەلی”. لەو ساڵەدا، مامۆستایانی تاران لە ناڕەزایەتیی بە گهڵاڵهیهك کە حقوقی فەرهەنگیانی لەبەرچاو نەدەگرت، لە مەیدانی بەهارستان خۆپیشاندانێکی گەورەیان بەڕێوەبرد کە بەرەوڕووی هێرش و تەقەی پۆلیس بۆوە. لە جەریانی ئەم تەقە کردنەدا یەکێک لە مامۆستایان بەناوی حەسەن خانعەلی گوللەی بەرکەوت و گیانی لەدەست دا. بەشوێن ئەم هێرش و تەقە کردنەدا بەردەوام بوونی خۆپیشاندان و مانگرتنی مۆعهلیمان لە ڕۆژەکانی دواتردا، کۆمەلێک ئاڵوگۆڕی بەسەر ڕژیمدا سەپاند و ڕۆژی ١٢ی مانگی گوڵان، واتە ڕۆژی کوژرانی” خانعەلی” وەک ڕۆژی موعەلیم دیاری کرا. لەو کاتەوە تا ئێستا لایەنگرانی ڕاستەقینەی ئازادی و جەماوەری مۆعهلیمانی تێکۆشەر، ئەم ڕۆژەش بەو ئیعتیبارەوە وەک ڕۆژی موعەلیم دەناسن.
لە ئیجلاسی ساڵی ١٩٩٤ کە بوو بە هۆی بە ڕەسمی بوونی ڕۆژی موعەلیم، تەوسیە نامەیەک پەسند کرا کە تێیدا جەخت دەکرێتەوە: بۆ بەرز کردنەوەی کەیفیەتی ئاموزش و پەروەرش، دەبێ کەیفیەتی کار و ژیانی مۆعهلیمان بەرز بکرێتەوە و پێویستە موعەلیمان لە پێگەیەکی کۆمەڵایەتی شایستە بەهرەمەند بن. لهڕاستیدا تەنیا کاتێک مەدرەسەکان بۆ خوێندكاران شوێنێکی دڵ خۆشکەر و پڕ لە شادی و ئامادەی فێر بوون دەبێ، کە مامۆستاکان بە بێ دڵەراوکێ سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی ژیان، خاوەن وزە و خاوەن شور و نیشات لەسەر کلاسەکانی دەرس ئامادە بن. ئەمەش مومکین نییە مەگەر ئەوەی مامۆستا بە دوور لە هەر چەشنە گرفتێکی بەڕێچوون تەنیا لەبیری فێر کردن و ئاموزشدان دا بێت.
بەپێی ئامارەکانی یۆنسکۆ، یەك لەسەر سێی موعەلیمان لە دنیادا لەژیر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەوە لە حاڵێکدایە کە سەرمایەداران، زانست و زانیاری وەک کالا دەفرۆشن و لە زەحمەتەکانی مۆعهلیمان سود و قازانجی زۆر دەخەنە گیرفانیانەوە. لە ناڕەزایەتیی بەم بارودۆخە، مۆعهلیمان وەک بەشێک لە چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش لەم ساڵانەی داواییدا لە خەبات لەدژی سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری کە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە پەیڕەو کراوە بە تایبەت لە ئۆرووپا و ئەمریکا دەورێکی بەرچاویان نواندوە.
لەوێوە کە یەکەم چهخماخه بیر کردنەوە، لە مەدرەسەکانەوە لێ ئەدرێت و دەپشکوێن، دنیای ئەمرۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێویستی بە مۆعهلیمی شارەزا، خاترجەم، کەم کێشە و گرفت و خاوەن ورەی بەرزی ئینسانی، هەیە. بەڵام ئایا لە کۆمەڵگای ئێراندا ڕێز و کەرامەتی موعەلیم ئەو جۆرەی کە شایانیەتی، دەپارێزرێت؟ ئایا وەها ئاوڕ لە موعەلیم کە سەربە توێژی زەحمەتکێشی کۆمەڵگان، ئەدریتەوە کە بەبێ دڵەڕاوکێ سەبارەت بە نیازە مادییە هەنوکەییەکانی لەبیری دەوڵەمەند کردنی زانست و زانیاریەکانی خۆیدا بێت؟
لهڕاستیدا ژیانی ڕۆژانەی مۆعهلیمان دەرخەری ئەوەیە کە زۆربەی مۆعهلیمان زیاتر لەوەیه کە دەبێ لەبیری دەوڵەمەند کردنی زانست و وشیاری خۆیاندا بن، بە ناچار بە شوێن دۆزینەوەی کاری دووهەم و سێهەمەوەن. لە ئێران بە پێچەوانەی گەلێک لە وڵاتانی تر، مامۆستایان کار و ژیانێکی نا ئەمنیان هەیە و بە هۆی كێشهوگرفتی بەڕێچوونەوە، ماندو و بێ حاڵ بە کەمترین ئامادەییەوە دەگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان، کاریگەری ئاموزشی ئەوان لەسەر خوێندكاران لە ئاستێکی باش دا نییە. گەلێک لە مامۆستایانیش بە تاوانی خۆشناو بوون و تێکۆشەر بوونیان لە سەر کار دەر دەکرێن و لە چەرخەی ئاموزش دەکرێنە دەرەوە و دەخرێنە گۆشەی زیندان. هەر ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی خۆشناو و تێکۆشەر و هەڵسوڕاوی سێنفی فەرهەنگیان لە زیندان دان و لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا گەلێک لە مامۆستایانی مەدرەسەکان دەر کراون.
لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا، مۆعهلیمان وەک هێزی سەرەکی و یەکلا کەرەوە لە کاروباری ئاموزشدا، خاوەنی ئیمکاناتی شارۆمەندی کە کاریگەر ترین دەوریان لە کاروباری پهروهرده و بارهێنان دا هەیە، بەهرەمەند نین. بەڵام كێشهی کاری ئەم توێژە بێبەشە، تەنیا لەوەدا کورت نابێتەوە کە خاوەنی ژیانێکی شایستە نین، بەڵکوو ئەوان ناچار دەبن، ڕەواجدەری ئاموزش و پەروەرشێکیش بن کە زۆر بەخەستی ئاوێتەی خورافە و کۆنەپەرستی بووە. یەکێک لە ئازارە گەورەکانی موعەلیمانی شەریف و تێکۆشەر، نفوزی مەزهەبە لە کاروباری ئاموزش و پەروروەرشدا. مۆعهلیمان ئێران مەحکووم بەوەن کە لە نزیکەوە شایهتی ئیجرای تەرحە دژی فەرهەنگی و سوکایەتی ئامێزەکانی ڕژیم بن لە ناوەندە ئاموزشیەکاندا. لەم ڕووەوە سهرهكی ترین داخوازی مۆعهلیمانی ئێران لە پاڵ داخوازی دابین بوونی بەڕێچوونیاندا، جیایی دین لە نیزامی پهروهرده و بارهێنانه.
سەرەڕای گوشار و سەرکوت گەریەکان، خەباتی مۆعهلیمان بۆ ئازادی هاوکارەکانیان و بۆ دەستەبەر بوونی داخوازیە ڕەواکانیان درێژەی هەیە. موعەلیمان لە جەریانی خەباتی سەرتاسەری خۆیان لەم دەورەیەدا خوازیاری زیاد کردنی حقوقی پایەی سهرتر لە هێڵی هەژاری، ئازادی مۆعهلیمانی بهندكراو، دامەزراندنی موعەلیمانی ناڕەسمی، خوێندنی بە خۆڕایی، کۆتایی هێنان بە خوسوسی سازی قوتابخانە، مافی بەرپا کردنی ڕێكخراو و هیتریان تەرح کردووە. بەرەو پێش چوونی خەباتی مۆعهلیمان لەم دەورەیەدا لە گرەوی پەیگیری و بەدوادا چوونی ئەم داخوازیانە دایە.
هەر ئێستا ژمارەیەک لە مۆعهلیمانی تێکۆشەر لەوانە “محەممەد حەبیبی، مەحموود بێهشتی لەنگەروودی، ئیسماعیل عەبدی، محەممەد سانی، بەختیار عارفی، هاشم خواستار، ڕەسوڵ بۆداقی، ڕوحۆڵڵا مەردانی، عەلی ئەکبەر باغبانی، تاهیر قادەر زادە، نهبیوڵڵا باستان فارسانی، عەبدوالڕەزا قەنبەری، مەحموود باقری، محەممەد داوەری، عەلیڕەزا هاشمی، جەعفەر ئیبڕاهیمی و مۆحسین عومرانی” ئەندامانی کانونی سینفی فەرهەنگیان بە حوکمی دەزگای قەزایی زیندانی کراون. بنەماڵەی بەشێک لەو مۆعهلیمانی کە لەماوەی ساڵەکانی ڕابردوودا گیراون و زیندانی کراون، وتویانە کە وەزارەتی ئاموزش و پەروەرش دوای زیندانی کرانیان، حقوقەکانیانی بڕیوە و حوکمی دەرکرانیانی سادر کردووە. لەگەڵ گشت ئەم گوشار و گرتنانەدا، مۆعهلیمان هەروا لەسەر داخوازیە ڕەواکانیان پێداگری دهكهن. چاوەڕوان دەکرێت کە خوێندكاران و کەسوکاریان، هەڵسوراوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری و سەرجەم ئینسانە ئازادیخوازەکان لە هەر ڕێگایەکەوە بێت و ئیمكانی ههبێت پشتیوانی لە خواست وداواکاری ئێستای مۆعهلیمان و بە تایبەت لە ئازادی بەبێشەرتومەرج و خێرایان له زیندان بکەن.