کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی پشتیوانی هەمەلایەنە، بە گشت تواناوە، بەرین و بەردەوام، لە خەڵکی ماف خوازی عەفرین

 ئەمرۆ چوارشەممە ۲۳ی مانگی ڕەشەمە، ٥٥ رۆژ بەسەر خۆڕاگری سەربەرزانەی، تێکۆشەرانی رۆژئاوا لە بەرانبەر هێرشی وەحشیانەی دەوڵەتی تورکیە و بەکرێگیراوانیدا بۆسەر عەفرین تێدەپەڕیت. لە ماوەی ئەم رۆژانەی دواییدا لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران، لە پێتەختی وڵاتانی ئوروپایی، لە تاران و چەندین شاری ئێران، خەڵک بۆ دیفاع لە خۆڕاگری قارەمانانەی خەڵکی عەفرین و ژنان و پیاوانی چەک بەدەست و گیانبازی بزوتنەوەی رۆژئاوا هاتنە سەر شەقامەکان. مەراسمەکانی چوارشەممە سوری ئەمساڵ لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، سەرتاسەر کەوتنە ژێر کاریگەری دروشمەکانی پشتیوانی لە خۆراگریی عەفرینەوە.

ئەم پشتیوانیە جەماوەریانە لە حاڵێکدا بەڕێوەدەچن کە دەوڵەتای ئیمپڕیالیستی و دەوڵەتانی ناوچەیی، لە دان و ستانێکی قێزەوندا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە و لە پێناو بەرژەوەندیە درێژ ماوەکانیاندا لە سوریە، چاوی خۆیان له‌ حه‌نای کوشتاری خەڵکی ئاشتی خواز و خۆڕاگری عەفرین گرتوە. زۆر ترین تەلەفاتی خەڵکی غەیرە نیزامی و تەنانەت هێزە چەک بەدەستە تێکۆشەرەکان لە عەفرین، لە ئاکامی بۆمبارانە ئاسمانیەکانی ئەڕتەشی تورکیەدایە، بەڵام ئاسمانی عەفرین لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی روسیە دایە. ئەوەی کە دەوڵەتی روسیە چاو پۆشی لە فڕینی فرۆکە جەنگیەکانی تورکیە بەسەر ناوچەکەدا و بۆمباران کردنی دەکات، نیشانەی هاوئاهەنگی بە تەواوەتی ئەو دوو دەوڵەتەیە لەم بوارەدا. بەشار ئەسەد و دارودەستەی حاکم بەسەر دیمشق یش دا کە بە پشتیوانی روسیە و کۆماری ئیسلامی بەسەر پێوە وێستاون، داماو تر لەوەن کە خۆیان ناو بنێن دەوڵەتی سوریە و بەم ئیعتیبارەوە پارێزگاری لە سنورەکانی بەناو وڵاتەکەیان بکەن لە بەرانبەر هێرشی تورکیەدا. سەرەڕای ئەوەی کە هیزەکانی رۆژئاوا کۆسپێکیان نەخستۆتە سەر ڕێگایان بۆ ئەوەی تا لە بەرانبەر هێرشی ئەڕتەشی تورکیەدا دەوریان هەبێت و لانیکەم دیفاعی دژی هەوایی خۆیان لەم ناوچەیەدا دامەزرێنن، بەڵام ئەوانیش بە پەیڕەوی لە تەوافوقاتی پشتی پەردەی نیوان تورکیە و روسیە، بە کردەوە هاوئاهەنگیان لەگەڵ ئەم هێرشەدا کرد. دەوڵەتی ئەمریکا کە لە تەوافوقی کەڵانی پشتی پەردەدا لەگەڵ روسیە بە ڕواڵەت ئاست و سنوری سەهمی خۆی لە دیاری کردنی تەکلیفی داهاتوی سوریە دەستەبەر کردوە، بە بەرچاوی هەموو خەڵکی دنیاوە، هەر ئەو جۆرەی پێشبینی دەکرا، پشتی کردە بزوتنەوەی رۆژئاوا. دەوڵەتی ئەمریکا نەتەنیا کۆسپێکی لەسەر ڕێگای هێرشی تورکیە بۆسەر عەفرین دروست نەکرد، بەڵکو دوای چاوپێکەوتنی وەزیری درەوەی ئەمریکا لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیە، بە ڕەسمی ڕایگەیاند کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیە لەپێناو زەمانەت کردنی ئەمنیەتی سنورەکانی دایە، واتە هێرش بۆسەر عەفرین بە ڕەسمی دەناسێت و ئەو بە ڕەوا دەزانێ. دەوڵەتی ئەمریکا نایشارێتەوە کە نیگەرانی چارەنووسی عەفرین نییە بەڵکو نیگەرانی زێدەخوازیەکانی دەوڵەتی تورکیەیە لە سوریە. شوێنی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کە پشتیوانی ڕژیمی بەشار ئەسەدە و بەشێک لە هێزەکانی لە سوریە جێگیر کردوە، لەم ریزبەندیەدا روون و ئاشکرایە. دەوڵەتانی عەرەبستانی سعودی و قەتەریش کە پشتیوانانی سەرەکی پاشماوەی گوروپە چه‌کدارە ئیسلامیەکانن لە سوریە، بە کردەوە هێزەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان خستۆتە ئیختیار ئۆردوغانەوە و ئەوانیش بونەتە بەشێک لە پیادە نیزامی ئەڕتەشی تورکیە لە هێرش بۆسەر عەفرین.

بەڵام ئیئتیلافی قیزەون لەدژی بزوتنەوەی رۆژئاوا، لە شەوێکدا بەدی نەهاتوە. ئەوەی کە لەمرۆدا لە عەفرین روو ئەدات، روداوێکی بێ بوار و پێشینە و هەنوکەیی و تەنانەت پێش بینی نەکراویش نەبوو. نیشانەکانی ئەم هاوئاهەنگیە بەکردەوە و هەمە لایەنەیەی زل هێزە جیهانیەکان و کۆنەپەرستانی ناوچەکە، لە دژایەتی لەگەڵ بزوتنەوەی ماف خوازانەی رۆژئاوا زۆر بەر لە هێرشی تورکیە بۆسەر عەفرین دەکرا ببیندرێت: کاتێک لە وتووێژەکانی چەند ساڵی ڕابردودا، لەسەر یەكلا کرانەوەی داهاتوی سوریە، لە ئارادا بوون، هه‌موویان لە تەوافوقێکی ڕانەگەیەندراودا، لەگەڵ بەشداری کردنی نوێنەرانی رۆژئاوا لەم وتووێژانە دژایه‌تیان كرد. لەو کاتەوە نیشانەکانی دوژمنایەتیان لەگەڵ ئەم بزوتنەوەیە دەتوانین ببینین. هەوڵدان بۆ لادانی بزوتنەوەی رۆژئاوا لە پرۆسەی وتووێژەکان سەبارەت بە یەکلا کرانەوەی داهاتوی سوریە لە حاڵێکدا بەڕێوە دەچوو کە یەکەم، ئەم بزوتنەوەیە هیزی سەرەکی و یەکلا کەرەوەی نەبەرد لەگەڵ داعش بوو، دووهەم، بەکردەوە بەشێکی گەورەی لە خاکی سوریەی لەژیر کۆنترۆڵدا بوو، سێهەم، لە ناوچەی ژیر کۆنترۆڵی خۆیدا خاوەنی پشتیوانی خەڵکی کورد و غەیرە کورد بوو وە لەم بوارەدا لە لایەن خەڵکی دنیاوە بە شێوەیەکی بەرین تەحسین و پشتیوانی دەکرا. بەڵام سه‌ره‌ڕای ئەم موقعیەتە عەینیە بۆچی لە وتووێژەکاندا لەبەرچاو نەگیرا؟ وڵامەکەی روونە، لەبەر ئەوەی کە هێزەکانی رۆژئاوا گوێ لەمستی هیچ هێزیکی، ناوچەیی و جیهانی نەبوون. لەبەر ئەوەی پیام هێنەری داهاتویەکی تر بوون بۆ وڵاتی سوریە، داهاتویەک کە لەگەڵ تەرح و گەڵاڵەی زل هێزەکان و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەدا نەدەهاتەوە. لەم روەوە ئەم هێزانە دەیانزانی کە ناتوانن ئەم هێزە بکەنە مۆرەی شەتڕينجی یاری خۆیان لە کۆنفرانسەکان و ئەو وتووێژانەدا کە لەژێر چاودێری روسیە یان ئەمریکا و یان تەنانەت ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا، بەڕیوەدەچوون.

بەڵام بابەتی ئیئتیلافی دژی خەڵکیی لێرەدا کۆتایی نایەت. لە حاڵێکدا کە فرۆکە جەنگیەکانی تورکیە خەڵکی بێ دیفاعی عەفرین خەڵتانی خوین دەکەن و دەوڵەتی تورکیە هەموو تواناییەکانی سەرکوت وێرانگەریی خۆی لەدژی خەڵکی ئەو ناوچەیە خستۆتە گەڕ، تەنانەت ڕاگەیەنەرە رۆژئاواییەکانیش بە پەیڕەوی لە سیاسەت و بەرژەوەندی دەولەتەکانیان، خۆیان لە بڵاو کردنەوەی ڕاستیەکانی پیوه‌ندیدار بە جەنایەتە جەنگیەکانی ئەڕتەشی تورکیە دەپارێزن. لە ئاوا بارودۆخێکدا بۆ خۆراگری رۆژئاوا چی ماوەتەوە، بێجگە لە پشت بەستن بە هێزی خەڵکێک کە بڕیاری داوە پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی و لە ئازادی و کەرامەتی ئینسانی خۆی بکات. لێرەدایە کە دەبێ داوا لە خەڵکی ئازادی خواز و شەریف، وێژدانە زیندوەکان، لە سەرجەم ناوچەکە و دنیادا بکرێت تا بێن بە یارمەتی ئەم خەڵکەوە. لە ئاوا بارودۆخێکدا دەبێ ئاستی پشتیوانیەکانی خەڵک له‌ بزوتنەوەی رۆژئاوا بەرین و بەر بڵاو تر بکرێتەوە. پێویستە ئەم پشتیوانیانە رۆژانە، بەرین و بەردەوام بێت، تا دەولەتی فاشیستی تورکیە بۆ ڕاگرتنی هێرشە وەحشیانەکانی بخرێتە ژێر گوشارەوە و سەرکەوتنی خەڵکی ئازادی خواز و تێکۆشەر لە رۆژئاوا لەم نەبەردە عادلانە و ڕەوایەدا زەمانەت بکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-