کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی پشتیوانی لە خەڵکی فەلەستین له‌ ئه‌و په‌ڕی ئامانجی کۆنەپەرستانەی ڕژیمی ئیسلامی ئێراندا

هەموو ساڵێک له‌ دوایین هه‌ینی مانگی ڕەمەزاندا لە ئێران مەڕاسمێکی دەوڵەتی لەژێر ناوی “رۆژی قودس”، بە ڕواڵەت بۆ دیفاع لە خەڵکی فەلەستین بەڕێوەدەچێت. کاربەدەستانی ڕژیم ئەمساڵیش هەر بەم بۆنەیەوە کۆمەڵێک ڕێپێوانیان لە تاران و هێندێک لە شارە گەورەکانی ئێران بەڕێوەبرد. ڕاستیە حاشا هەڵنەگەرەکان نیشانی ئەدەن کە ئەم حەرەکەتە سازماندراوە دەوڵەتیە پێوەندی بە هەر شتێکەوە هەبێت، پێوه‌ندی بە دیفاع لە خەڵکی ستم دیتوی فەلستینەوە نییە. وەک نمونە لە ڕێپێوانی ئەمساڵدا، پەراوێزەکانی مەراسمەکە گەلێک زیاتر هەرای نایەوە تا ناوەرۆکەکەی. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیلنا لە جەریانی ڕێپێوانی تاراندا ژمارەیەک کە دەوری روحانییان دابوو دروشمی وەک “مردن بۆ فیتنەگەر، مردن بۆ منافق”، و ” رووحانی، بەنی سەدر پێوەندتان پیرۆزه‌”یان ئەوتەوە. زۆربەی هەواڵنێریەکان ئەم رووداوەیان ڕاگەیاند و هێچکامیان باسی ئەم ڕێپێوانەیان وەک حەرەکەتێک بۆ دیفاع لە خەڵکی فەلەستین نەکرد.

لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا سەرجەمی ئەو حەرەکەتانەی کۆماری ئیسلامی کە بە ڕواڵەت بۆ دیفاع لە خەڵکی فەلەستین کردونی، بە کردەوە لەتمەی لەم بزوتنەوەیە و ئامانجە ڕەواکەی بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین داوە. ئەگەر دەوڵەتانی کۆنەپەرستی عەرەب بە پێوەندی ئاشکرا و شاراوەیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرایل، مۆری تەئید ئەدەن لە جەنایەتەکانی ئەم دەوڵەتە داگیرکەرە لەدژی خەڵکی فەلەستین، کۆماری ئیسلامی لەژێر پەرچەمی درۆینەی دیفاع لە خەڵکی فەلەستیندا گەورە ترین گورزی لە جەستەی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی فەلەستین داوە. بەردی بناغەی ئەم سیاسەتە دژی فەلەستینیە لە هەمان ئەو رۆژەوە دانرا کە خومەینی ئاخرین جومعەی مانگی ڕەمەزانی وەک رۆژی قودس ڕاگەیاند. خومەینی لە هەمان ئەو ساڵەوە کە ئاخرین هەینی مانگی ڕەمەزانی وەک رۆژی قودس ناو لێنا، ئامانجە پان ئیسلامیستیەکانی خۆی لەم بارەیەوە نەشاردەوە و بە ڕاشکاوی وتی کە: “رۆژی قودس تەنیا پێوه‌ندی بە فەلەستین نییە، رۆژی قودس ڕۆژی ئیسلامە. رۆژی قودس رۆژێکە کە دەبێ ئیسلامی تێدا ببوژێنینەوە و یاساکانی ئیسلام لە وڵاتانی ئیسلامیدا به‌ڕێوه‌ به‌رین. “بە شوێنیدا و لە ساڵەکانی دواتردا، ڕژیمی ئیسلامی رۆڵ و دەورێکی یەکلاکەرەوەی لە بە مەزهەبی کردنی بزوتنەوەی سیکۆلاری فەلەستیندا گێڕا و لەم بارەیەوە بە کردەوە ئاوی کردە ئاشی دەوڵەتی مەزهەبی ئیسرائیلەوە. ئامانجی فەلەستین بەرەنگار بوونەوەی مەزهەبەکان نەبوو، ئامانجی بزوتنەوەی فەلەستین مادی و روون و ئاشکرابوون. ئەوان خوازیاری گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان، پێکهاتنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی ئازاد و ئینسانی بوون لە سەرزەویە داگیراوەکانی خۆیاندا. بەڵام کۆماری ئیسلامی هەوڵیدا کە خسڵەتی ئەم بزوتنەوەیە وەک بەشێک لە هەوڵە جیهانیەکان بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی ئیسلامی بگۆڕێت.155

کۆماری ئیسلامی تەفرەقە و چەند بەرەکی لەنێو خۆی بزوتنەوەی فەلەستیندا پەرەپێدا. بە بەهێز کردنی “حەماس” لە بەرانبەر “سازمانی ئازادی بەخشی فەلەستین”دا بوو بە هۆی دوو لەت بوونی بزوتنەوەی فەلەستین و هێزه‌ چەکداریەکانیان. بە بیانوی دیفاع لە ” ئازادی فەلەستین و سڕینەوەی ئیسرائیل” کۆنەپەرستی ئیسلامی لە ناوچەکەدا بەهێز کرد و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیی و سیکۆلارەکانی لە ناوچەکەدا خستە ژێر گوشارەوە. بە تەحریکاتی ماجەراجۆیانەی، لە لوبنان و سوریە ئەم ناوچەیەی کردە زەڕادخانەی چەکە ئامریکاییەکان و بە تاڵانچوونی داهاتە نەوتیەکانی ناوچەکە و به‌كرده‌وه‌ ئاڕمانی فەلەستنی خستە پەڕاوێزەوە. دەوڵەتی ئیسڕائیل زۆرترین بەهرەبەرداری لەم سیاسەتە کرد بە بیانوی بەهێز کردنی ئەمنیەتی خەڵکی ئیسرایل، شارۆچکە سازی لە سەر زەویە داگیرکراوەکانی زیاتر پەرە پێدا، تا ئاواتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ هەتا هەتایە لەگۆڕ بنێت.

سەرانی کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی دیفاع لە خەڵکی فەلەستین و بە کەڵک وەرگرتنی ئامرازی لە بزوتنەوەی ڕەوای ئەم خەڵکە، سیاسەتی مانەوەی خۆی و داسەپاندنی مەوجودیەتی خۆی بەسەر ئامریکا و وڵاتانی رۆژئاواییدا پەێڕەو دەکرد. ئەوان بە بێشەرمی تەواوەوە باسیان لە مەسەلەی فەلەستین وەک یەکێک لە خاکریزەکانی دیفاع لە ڕژیمی ئیسلامی دەکرد. ئێستا لە کەس شاراوە نییە کە کێشمەکێشی مەوجود لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا و قسەکانی سەرانی ڕژیم لە ڕاستای سڕینەوەی ئیسرائیل و ڕەد کردنەوەی هۆلۆکاست و هیتر بەگشتی بە قازانجی دەوڵەتی ڕەگەز پەرستی ئیسرائیل تەواو بووە. دەستە ڕاستی ترین هێزەکان لە نێوخۆی ئیسرائیلدا بە گەورە کردنەوەی مەترسی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەدا هاتونەتە سەرکار.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێپێوانی “رۆژی قودس” لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە حەرەکەتێک نییە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی بێبەش و ئازار چەشتوی فەلستین، بەڵکو شانۆیەکە لە ڕاستای سیاسەت و ئامانجە ناوچەییە کۆنەپەرستانەکانی کۆماری ئیسلامی، لە بەرانبەردا کۆمونیستەکانی ئێران، کرێکارانی وشیار و خەڵکی شەریف و تێکۆشەر له‌ ئه‌و په‌ڕی ڕیاکاریەکانی کۆماری ئیسلامی، داکۆکی کاری خەڵکی فەلەستینن و پێشتریشهه‌ر پشتیوانی بوون. كۆماری ئیسلامی کە لە رۆژی قودسدا ڕێپێوان وەڕێ دەخات تا به‌ ڕواڵه‌ت دیفاع لە خەڵکی فەلەستین بکات، له‌ هه‌مان كاتدا هەموو جۆرە خۆپیشاندانێکی خەڵکی ئێران بۆ دیفاع لە ئازادی و مافە ئینسانیەکانیان خڵتانی خوێن دەکات، وه‌ها ڕژیمێك ڕیاکار و درۆزنە.

لە بەرانبەر ئەنگیزە و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەوڵەت و ئەڕتەشی ئیسرائیل قەراری گرتووە کە وەحشیانە کەوتونەتە گیانی خەڵکی فەلەستین. زیاتر لە ١١ هەزار زیندانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل دان. دەوڵەتی ئیسرائیل دوو میلیۆن کەس لە دانیشتوانی لێوارەی غەزەی گەمارۆ داوە و تەنانەت بەر بە گەیشتنی شیری منداڵ و دەرمان بۆ نەخۆشەکانیش دەگرێت بۆ ئەم ناوچەیە. هەر ماوە جارێک و هەر جارە بە بیانویەک، ئەوان ئەداتە بەر هێرش، نەخۆشخانە، قوتابخانە و ژێرخانی ئابووری ناوچە فەلەستینەیەکان وێران دەکات و ماڵەکانی خەڵک بەسەریاندا دەرووخێنێ. بە دەوری ناوچە فەلەستنیەکاندا دیواری بەرز و بورجی دروست کردووە و خەڵکی لە پشت ئەو دیوارانەوە ئەسیر کردووە. ئەم دەوری ستەم و سەرکوتە، تا کاتێک کە خەڵکی شەریف لە سەرتاسەری دنیادا، لە ئه‌و په‌ڕی ئامانجی کۆنەپەرستانی کۆماری ئیسلامیەوە، لە ئاستێکی جیهانیدا نەچن بە یارمەتی خەڵکی ستەم دیتوی فەلەستینەوە، کۆتایی نایەت.