کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی هاپشتی کردنی خەڵكی بومە لەرزە لێدراو کە هێشتا لە خێوەت و کانێکسدا دەژین

53

گەلێک ڕاپۆرتی هەژێنەر لە ناوچه‌ بومەلەزە لێدراوەکانی ئوستانی کرماشانەوە دەگەن. لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧ دا سێ جار بومەلەرزەی توند ئوستانی کرماشانی هەژاندوە و وێرانیەکی زۆر و تەلەفاتێکی ئینسانی گیانتاوێنی بە شوێن خۆیدا هێناوە. لە تازە ترین ئەو ڕاپۆرتە مەیدانیانەی لەو ناوچانەوە هاتون باس لەوە دەکرێت کە لەگەڵ تێپەڕ بوونی ١٦ مانگ بەسەر روودانی یەکەم بومەلەرزەدا، خەڵکی ئازاردیتو هێشتا لە بارودۆخێکی گەلێک دژواردا دەژین. تەنیا لە شارستانی سەرپولی زەهاو زیاتر لە ٥ هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون بەهۆی بوومە لەرزەوە زیانیان وێکەوتوە. نە تەنیا کاری نۆژەن کردنەوەی وێرانیەکان لەم ناوچەیەدا بەرەو پێشەوەچوونێکی ئەوتۆی نەبووە، بەڵکو تەنانەت کانێکسی کافیشیان نەخستۆتە ئیختیار بومەلەرزە لێدراوانەوە، بە شێوەیەک کە تەنیا ٧٠٠ کانێکس لەم ناوچەیەدا داندراوە و بە هەزاران بنەماڵە هەروا لە خێوەتدا دەژین. لە ناوچەیەکدا کە کانێکسەکان داندراون، بۆ هەر ٤٠ کانێکس ئاودەستێکی گشتی بوونی هەیە و دانیشتوانەکەی دەستیان بە ئاوی گەرم ڕاناگات. زۆربەیان لەنێو ئاودەستەکاندا خۆیان دەشۆن. دەوڵەت دەڵێ کە ئامادەکاری نۆژەنکردنەوەی ماڵە روخاوەکانی بومەلەزرە لێدراوانی فەراهەم کردوە. بەڵام ئەم ئیدیعایە ڕاست نیە. کۆماری ئیسلامی تەنیا ڕایگەیاندوە کە وام بە خەڵکی بومەلەرزە لێدراو ئەدات بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانیان. بەڵام یەکەم، هەرکەس لەگەڵ بروکراسی ئاڵۆز و بەرینی کۆماری ئیسلامی ئاشنا بێت، دەزانێ کە ڕەوتی وام وەرگرتن، بە چ مەسیرێکی پڕ لە سەرئێشەدا دەڕوات. دووهەم و گرنگ تر لەوە، خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش کە دوای ساڵانێک، بە داهاتێکی کەم و بە کەم کردنەوە لە نانی شەوی منداڵەکانیان، سەرپەنایەکیان پێکەوە ناوە، ئێستا لە حاڵێکدا کە هەموو شتێکیان لە دەست چووە، چۆن دەتوانن قیستی وامەکان بدەنەوە؟ سێهەم، لە هەموو لایەکەوەگەلێک بینا دەبیندرێن کە بەناچار بە نیوە و ناتەواوی بەچێهێڵدراون. ئەو وامە ٣٠ تا ٤٠ ملیۆن تمەنیانەی کە ڕژیم دەینێتە ئیختیار بوومەلەرزە لێدراوانەوە، بە لەبەرچاو گرتنی هاتنە خواری ئەرزشی پوڵی ئێران، تەنانەت بۆ داڕشتنی بناغەی بیناکانیش بەشناکات. ئەو ماڵە ناقایمانەی کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی مەسکەنی مێهردا دروست کرابوون، لەم بومەلەرزانەدا تاقی کرانەوەی خۆیان داوە و بوونەتە وێرانە، بەڵام دەوڵەت تەنانەت هەزینەی نۆژەنکردنەوەی ئەم ماڵانەشی خستۆتە ئەستۆی بومەرەزە لێکراوان.

قەبارەیەکی بێ وێنە لە یارمەتیە جەماوەریەکان کە لە سەرتاسەری ئێرانەوە بەرەو ئەو ناوچانە دەهاتن، بێ گومان دەیانتوانی لە کەم کردنەوەی ئازار و زیانەکانانەی کە بەسەر خەڵکی ئەو ناوچانەدا هاتون، گەلێک کاریگەر بن. بەڵام لە ئێرانی ژێر ده‌سڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لەگەڵ روودانی هەر رووداوێکی لەم جۆرەدا لە لایەکەوە خەڵک گەلێکیان یان گیان لەدەست ئەدەن و یان دارو نەداریان لەسەدت ئەدەن و لە لایەکی دیکەوە بەساتێکی تاڵان و بڕۆ و گەندەڵی لە دەزگای حکومەتیدا ڕادەخرێت دز و تاڵانچیەکان لەوپەڕی بێ ڕەحمی دا هەلپەرستانە یارمەتیە جەماوەریەکان بە تالان دەبەن. راستیەکەی ئەوەیە تا کاتێک کە ئەم ڕژیمە گەندەڵ و جەنایەتکارە لەسەر دەسەڵات بێت، هەر بەڵایەکی سروشتی دەتوانێ ببێتە کارەساتێکی چەند هێندە پڕ تەلەفات تر.

ئاسەوارەکانی سەرچاوە گرتو لە بومەلەزە بە گشت وێرانیەکانیەوە تا ئاستێکی زۆر شیاوی کۆنترٶل کرانە. ئەگەر ئەو بوجەیەی کە سەرفی پرۆژە نیزامیەکانی ڕژیم و پەرەدان بە هێزی سەرکوتی خەڵک دەکرێت، بۆ قایم تر کردنی شار و بیناکان بەکار بێت، ئەگەر بە سەرفی بوجەیەکی پێیوست و کافی کاروباری شارسازی و بنیاد نانەوەی بیناکان بکرێت بە کەڵک وەرگرتن لە ئاکامی تازە ترین توێژینەوەکانی زانستی بواری زەوی ناسی، ئەگەر دەستی دزە حكومەتیەکان کورت بکرێتەوە، ئەگەر خەڵکی هەژار بە جێگای ئەوەی کە لە ماڵی هەژارانە و بەرەو رووخان چووندا بژین، خاوەنی مەسکەنی گونجاو بن و سەرئەنجام ئەگەر سیستمیکی یارمەتی گەیاندن بە ئیمکاناتی کافیەوە بوونی هەبێت تا کاتی روودانی روداوێکی سروشتی بە خێرایی و بە توانایی پێوستەوە دەست بەکار بێت؛ بە بوجە و ئیمکاناتی گەلێک کەمتر لە هەزینەی زۆری یارمەتی گەیاندن و قەرەبووی زیانە مادیەکان، دەکرێ تەلەفات و زیانەکان گەلێک کەم بکرێنەوە.

لەگەڵ گشت ئەمانەدا ئەمرۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەزیفەیەتی کە هەموو زیانەکانی سەرچاوەگرتو لە بوومەلەرزەی ئوستانی کرماشان بۆ خەڵکی زەحمەتکێش و هەژاری ئەو ناوچەیە قەرەبوو بکاتەوە. وام دان بە خەڵکێک کە هەموو شتێکی خۆیان لەدەست داوە مانایەکی نییە. ئەوە مافی سروشتی ئەو خەڵکەیە کە خاوەنی سەرپەنایەکی گونجاو و بە شێوەیەک ئەمن بن کە بتوانن بێ نیگەرانی شەوی تێدا رۆژ بکەنەوە. دەوڵەت خۆی دەبێ ڕاستەوخۆ کاری دروست کردنەوەی ماڵە وێران بووەکان بە خێرایی بە کۆتایی بێنی. دەوڵەت دەبێ هەموو ئیمکاناتێک کە لەم ماوەیەدا لە بەرانبەر سەرما و باو باراندا بپارێزێ و سڵامەتی و بێهداشتیان زەمانەت بکات، بخاتە ئیختیاریانەوە. ئایا دابین کردنی ئەم پێداویستیە سەرەتاییانە لە توانایی کۆماری ئیسلامیدا نییە؟ بێگومان ئەم ڕژیمە ئیمکاناتی گەلێک لەوە زیاتری لە بەردەست دایە، ڕژیمێک کە بە داهاتێک کە لە ڕەنج و کاری خەڵکی ئەم ولاتە بەدەستی دێنێ و بە دەست بەسەردا گرتنی سەروەتە سروشتیەکانی ئەم سەرزەمینە، لە قوڵایی زەویدا پادگانی نیزامی و ناوەندی زەخیرە کردنی موشەکی دوور هاوێژ دادەمەزرێنێ، ڕژیمێک کە ساڵانە ٧ میلیارد دۆلار تەنیا سەرفی حوزوری لە سوریە دەکات، ڕژیمێک کە پادگانی ئەڕتەش و سپا و بەسیجەکەی، لە گۆشە و کەناری ئەم وڵاتەدا وەک کارک هەڵدەتۆقن، چۆن دەتوانێ خۆی بەرپرسیاریەتیەی دروست کردنەوەی ماڵەکانی خەڵکی بوومەلەزە لێدراو بدزێتەوە و تەرحی گاڵەتەجاڕی وامی مەسکەن بە خەڵکێک کە دارو نەداریان لەدەست چوە، پێشنیار بکات. هاوپشتی بەرینی سەرتاسەری، لە رۆژەکانی سەرەتای رووداوەکەدا، کە دەرورێکی بەنرخی لە کەم کردنەوەی ئازارەکانی خەڵکدا هەبوو، ئیستا دەبێ ئاڕاستەی داسەپاندنی ئەم مافە سروشتیە بەسەر ڕژیمدا بکرێت، بۆ خەڵکی ناوچەی بوومەلەرزە لێدراوه‌كان.