کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

پێویستی هاوپشتی ئینسانی لە بەرامبەر سیناریۆی شکستخواردووی ناکۆکی و دووبەرەکی نانەوە لە ورمێ

photo 2025 03 25 10 07 08

ڕاگەیاندنی هاوبەشی

هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) و کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

 

 

ڕۆژی دووی خاکەلێوەی ١٤٠٤، شاری فرەکەلتووری ورمێ شایەتی کۆبوونەوەیەک بوو کە بە ڕواڵەت بە بیانووی بۆنەیەکی ئایینی شیعە تورکزمانەکان ڕێکخرابوو. بەڵام، دەستی شاراوەی کۆنەپەرستانی ناوچەیی، ناسیونالیستە پان تورکەکان و هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە پشتی پەردەی ئەم کۆبوونەوەیەوە بوو. ئەوان هەوڵیان دەدا ئەم ڕووداوە وەک ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی گرژیی و ناکۆکییە ناسیونالیستییەکانی نێوان خەڵکی کورد و تورک بەکار بهێنن. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە تەنها سێ ڕۆژ پێش ئەوە، ڕێوڕەسمێکی شکۆداری نەورۆز بە بەشداری خەڵکی کورد و ژمارەیەک لە تورکەکان و نەتەوەکانی تر، لە مەیدانی تیری ورمێ بەڕێوە چووبوو. ڕێوڕەسمێک کە نیشانەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و هاوبەشییە کەلتوورییەکان بوو و بچووکترین نیشانەیەک لە دروشمی دووبەرەکی تێدا نەدەبینرا. لەسەر ئەم زەمینە کۆمەڵایەتی و پێشینە مێژووییە بوو کە ئازەربایجانییە پێشڕەو و پێشکەوتنخوازەکان، بە شێوەی بەکۆمەڵ یان تاکەکەسی، پیلانگێڕییەکانی ڕژێم و پان تورکەکانیان بەمەبەستی دروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی نانەوە، مەحکووم کرد و لەسەر پێویستی بەهێزکردنی یەکگرتوویی نێوان نەتەوەکانی کورد و تورک جەختیان کردەوە. کەم نەبوون ژمارەی ئەو تورک زمانانەی کە لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ لە مەیدانی تیری ورمێ، دەست لەناو دەستی کوردەکان، شادی و هەڵپەڕکێیان کرد. ئەم هاودەنگی و هاوپشتییە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، لە بەرزترین ئاستدا خۆی نیشان دا. ئەم هاوپشتی و هاوخەباتییە نەک هەر نیشانەی خۆڕاگریی بوو لە بەرامبەر سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامیدا، بەڵکوو نیشانی دا کە نەتەوە جیاوازەکان دەتوانن بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە مێژوویی، زمانی، کەلتووری ئایینییەکان و هتد، لە پێناو ویست و داواکارییە هاوبەشەکانی وەک ئازادی، دێموکراسی و یەکسانیدا، یەکگرتوو بن. ورمێ سەدان ساڵە وەک شارێکی فرەکەلتووری ناسراوە کە تێیدا تورک، کورد، ئەرمەنی، ئاشووری و گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە لە پەنای یەکتردا ژیاون. ئەم پێکەوە ژیانە  تەنها خۆی لە بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا نابینێتەوە، بەڵکوو لە گەلێک بواری تریشدا بە قووڵی ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە. بۆ نموونە، بنەماڵە تورک و کوردەکان لە ورمێ دەیان ساڵە بە پێکهێنانی پەیوەندی خزمایەتی، شوناسی خۆیان لە چوارچێوەیەکی بەدەر لە سنوورە نەتەوەییەکان پێناسە کردووە.

ئەمە یەکەم جار نییە کە شاری ورمێ دەبێتە ئامانجی ئەم چەشنە سیناریۆی ناکۆکی و دووبەرەکی نانەوە. دوایین نمایشی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئیسلامی، پەردەیەک بوو لەم سیاسەتە پیلانگێڕانەیە لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامییەوە، کە بە هاوکاری ناڕاستەوخۆی هەندێک لە ناسیۆنالیستە کورتبینەکانی کورد، هاتە سەر شانۆ. لەو کاتەدا، لە کوردستان ئەم نمایشی هەڵبژاردنە بە شێوەیەکی بەرفراوان بایکۆت کرابوو و کوردستان بە بەراورد لەگەڵ هەموو ناوچەکانی تری ئێران، کەمترین ڕێژەی بەشداری بوو. بەڵام بە پێچەوانەی کوردستان، نمایشی هەڵبژاردنی ورمێ بە شێوەیەک ئەندازیاری کرا کە لە کۆی دوازدە نوێنەری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا، حەوت کەسیان بە ڕواڵەت بە زۆرترین ڕێژەی دەنگ بە بەراورد لەگەڵ هەموو ئێران، کورد بوون، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ئەم ژمارەیە تەنها سێ کەس بوون. ئەم نمایشە پیلانگێڕانەیە بۆ دروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان خەڵکی تورک و کورد زمان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا داڕێژرابوو.

 

حکوومەتی ئێران هەر لە سەرەتاوە بە کەڵک وەرگرتن لە سیاسەتی هەڵاواردن، هەوڵی داوە هاوپشتی دێرینەی نێوان نەتەوەکان لاواز بکات، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە درێژە بە دەسەڵاتدارێتی ناکارامە، کۆنەپەرست، گەندەڵ و سەرکوتگەری خۆی بدات. لە ورمێ، ئەم ستراتێژییە، بە شێوەی پشتیوانی ناڕاستەوخۆ لە ڕەوتە پان تورکەکان و چاو نوقاندن لە حاند توندوتیژی هاندەرانەیان، بەرەوپێش چووە. ئەم دووبەرەکی و ناکۆکییە ساختەی کە ئاماژەی پێکرا، نەک هەر ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ئاگاهانەی حکوومەتە بە مەبەستی لاوازکردنی یەکگرتوویی نەتەوەکانی نیشتەجێی جوگرافیای ئێران، بەڵکوو نیشانەی ڕۆڵی تێکدەرانەی ئەو ڕەوتە ناسیۆنالیستییە توندڕەوانەشە کە بەرژەوەندی خۆیان لەسەرەوەی بەرژەوەندییە گشتییەکانەوە دەبینن. جگە لەمە، ناکرێت چاوپۆشی لە سیاسەتە ناسیونالیستی و فراوانخوازییەکانی دەوڵەتی تورکیاش بکرێت. دەوڵەتی تورکیا مێژوویەکی دوور و درێژی لە جێبەجێکردنی سیاسەتە نیمچە فاشیستییەکان و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان نەتەوەکانی نیشتەجێی ئەم ناوچانەدا هەیە. لەم ڕووەوە پان تورکەکان بە پشتگیری وڵاتەکانی وەک تورکیا و ئازەربایجان، ناسنامەی تورکەکانی ئێران وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە ژیۆپۆلیتیکەکانی خۆیان بەکار دەهێنن. بە ڕێکەوت نییە کە دروشمی “تەورێز، ورمێ، باکۆ، ئانکارا، پەیوەندیتان پیرۆز بێت” لە ڕاگەیاندنەکانی تورک زمانی ناوچەکەدا ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبوو.

 

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووی خاکەلێوەدا، کۆمەڵێک کەس بە هاندانی ناسیۆنالیستە پان تورکەکان و بە هاوکاری دەزگا ئەمنییەکان، گۆپاڵ بەدەست و بە دروشمی دژە ناسنامەی کوردی هاتبوونە مەیدان. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە هەمان شار، تەنها سێ ڕۆژ پێش ئەوە، لە کەشێکی زۆر ئارام و بەبێ هیچ پەراوێزێکی ئەمنی بەڕێوەچوو. کۆماری ئیسلامی باش دەزانێت کە ئەم هاوپشتییە بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژاوای وڵات کە خەڵکی کورد و تورک، شیعە و سوننی لە پەنای یەکتردا دەژین، دەتوانێت ببێتە بزووتنەوەیەکی بەهێز و بەربڵاو لە دژی دەسەڵاتی ئیسلامی و پێکهاتە سەرکوتگەر و چەوسێنەرەکەی. لەمڕووەوە، بە ئامرازەکانی وەک پڕوپاگەندەی هەڵاواردنی فیرقەیی (شیعە و سوننی) لەبری تەرکیزکردن لەسەر هاوبەشییە ئینسانییەکان، قەدەغەکردنی فێرکردن و بارهێنان بە زمانی دایک، پشتگیری لە گرووپە توندڕەوەکانی وەک سەلەفییەکان، ڕەوتە پان تورکەکان و بەکرێگیراوە ناوچەییەکانی کورد، بە مەبەستی دروستکردنی دووجەمسەرییەکی ساختە، هەوڵ دەدات ڕێگری بکات لە شکڵگرتنی یەکگرتووییەکی ئەوتۆی کە لە ئاخێزەکانی چەند ساڵی ڕابردوودا گەلێک جار شایەتی بووین. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە تورکەکان و کوردەکانی ئێران، نەک هەر دوژمنی یەکتر نین، بەڵکوو قوربانیانی سیستەمێکی چەوسێنەر و سەرکوتگەرن کە سەرەتاییترین مافەکانیان پێشێل دەکات. قەیرانەکانی وەک بێکاری بەربڵاو، وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، کەمبوونەوەی ئاو، هەڵاواردن و بێبەشییە ژێرخانییەکان، بەرۆکی هەردوو لای ئەو نەتەوانەی گرتووە. بۆ نموونە، ئاماری بێکاری گەنجان لە شاری تورکنشینی میاندواو و کوردنشینی مەهاباد، هەردووکیان بە یەک ڕادە بەرزترن لە ناوەندی وڵات. ئەم هاوبەشییانە، بنەمایەکی پتەون بۆ هاوپشتی و هاوخەباتییەکی بەدەر لە چوارچێوەی نەتەوەیی. هەروەک لە ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی”دا شایەتی بووین، گەنجانی تورک، کورد، بەلووچ، تورکمەن، عەرەب و فارس شان بە شانی یەکتر لە دژی دیکتاتۆری ئایینی وەستانەوە. گەلێک ئەزموونی مێژوویی لە پەیوەندییەکانی نێوان گەلانی کورد و تورک لەم ناوچەیەدا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ناکۆکییە نەتەوەییەکان نەک خۆڕسک، بەڵکوو دروستکراوی ڕەوت و لایەنە بەرژەوەندیخوازەکانن (چ ناوخۆیی و چ دەرەکی). ناسیۆنالیزمی توندڕەو بە پشتگوێخستنی کەلێنە چینایەتییەکان و تەرکیزکردن لەسەر شوناسە نەتەوەییەکان، تەنها کۆمەک بە بەردەوام مانەوەی سیستەمە سەرکوتگەرەکان دەکات.

 

*بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیناریۆکان بە مەبەستی دروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی ئەم دواییانەی ورمێ، دەبێت لەسەر ئەم تەوەرانەی خوارەوە پێداگری بکرێت.

 

  • جەختکردنەوە لەسەر شوناسی ئینسانی هاوبەش و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتە ناسیونالیستییەکانی هەردوو لایەن کە ناسنامەی خۆیان بە بانتر، باشتر و پەسەندتر لە ناسنامەکانی دیکە لەقەڵەم دەدەن و مرۆڤە خاوەن ناسنامەکانی دیکە وەک مەترسییەک بۆسەر ناسنامەی ساختەی خۆیان دەبینن.
  • بەهێزکردنی هاوپشتی دێرینی نێوان تورکەکان و کوردەکان و ناوەند و دامەزراوە مەدەنییە نانەتەوەییەکان و هەروەها گوتاری عەداڵەت تەوەری کۆمەڵایەتی.
  • پێکهێنانی دامەزراوەکانی پێکهاتوو لە نوێنەرانی کورد، تورک، ئەرمەنی و نەتەوەکانی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوچەییەکان.
  • یەکگرتوویی کرێکاران، مامۆستایان و مووچەخۆرانی کورد و تورک، لە دامەزراوە پیشەییەکاندا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چەوسانەوەی ئابووری.
  • تێکۆشانی هاوبەشی ژنانی تورک و کورد لەدژی پیاوسالاری و یاسا دژە ژنەکانی کۆماری ئیسلامی.

 

ڕووداوەکەی ئەم دواییانەی ورمێ، هەوڵێکی ناسەرکەوتوو بوو بۆ تێکدانی ئەو پێکەوە ژیانە و دروستکردنی ناکۆکی و دوژمنایەتی. بەڵام کاردانەوەی خێرای هاووڵاتیانی وشیاری ئەم شارە  نیشانی دا کە خەڵک بە باشی لە تاکتیکەکانی حکوومەت بۆ پێکهێنانی دووبەرەکی ئاگادارن. مێژوو سەلماندوویەتی کە هەر کاتێک جەماوەری هاوچارەنووس لەسەر تەوەری ویست و داخوازییە هاوبەشەکان یەکگرتوو بوون، توانیویانە لە بەرامبەر دیکتاتۆریدا ڕابوەستن. ئێستاش تەنها بە پشت بەستن بە یەکگرتوویی مرۆڤەکان بەدەر لە نەتەوە، زمان، ئایین و ڕەگەز، دەتوانرێت بە داهاتوویەک ئومێدەوار بین کە تێیدا، مرۆڤەکان بەدەر لە زمان، جیاوازییە نەتەوەیی و کەلتوورییەکان نەک وەک هەڕەشە، بەڵکوو وەک گەنجینەیەک لە پێناو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، یەکسان و خۆشگوزەراندا بەکار بهێنرێت.

 

بڕووخێت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

بژی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

 

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەیئەتی ئیجرایی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

دووشەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ بەرامبەر بە ٢٤ی مارسی ٢٠٢٥