کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی هاوئاهەنگی خەباتی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ بە چۆکدا هێنانی کۆماری ئیسلامیی

264

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانی کرێکارانی تێکۆشەری نەیشەکه‌ری هه‌فت تەپە لە ناڕەزایەتیی بە خوسوسی سازی و نەدرانی حەقدەستە دواخراوەکانیان ١٩ هەمین ڕۆژی تێپەڕاند. کرێکارانی تێکۆشەری ناوه‌ندی گەورەی پیشەسازی فولادی ئەهوازیش ١٢هەمینی ڕۆژی مانگرتن و ناڕەزایەتی شێلگیر و لێبڕاوانەی خۆیان بە وریایی و وشیاریەوە بەرەوپێش برد. کرێکارانی هەردوو ناوه‌ند بە دروست لە سوخەنڕانییەکانیان و لە دروشمەکه‌نیاندا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی سەرمایەیان وەک هۆکار و سەبەبکاری ئەم بارودۆخە فەلاکەت بارە دەست نیشان کردووە. لەم ماویەدا کرێکاران و بنەماڵەکانیان عەزم و ئیرادەی خۆیان بۆ درێژەدان بە ناڕەزایەتیی تا گەیشتن بە خواست و داواکارییەکانیان بە پشت بەستن بە هێزی یەکگرتووی خۆیان و باقی کرێکاران، جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و سەرجەم چین و توێژە ستەم دیتوەکان ڕاگەیاندووە. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەم دەورەیە لەخەباتی کرێکاران حوزوری بەرچاو و چالاکانەی ژنانی کرێکار لە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکان دایە کە بێ گومان توانایی و هێزی کرێکاران لە خەباتیاندا لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دوو هێندە دەکات.

هەواڵی سات بەساتی درێژەی ناڕەزایەتیی ڕەوای کرێکارانی ئەم دوو ناوەوندە گەورە و گرنگە کرێکارییەی ئێران لە ئاستێکی بەریندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەیکان و ڕاگەیەنەرە گشتییەکانی نێو خۆ و دەرەوە بڵاو بووه‌تەوە و شەپۆلێک لە پشتیوانی و پشتگیری هاوپەیمانانی چینی کرێکاری لە نێوخۆ و دەرەوەی بەشوێنەوە بووە. گەلێک لە ناوەندە کرێکاری، ئەنجومەن و ناوەندە مەدەنییەکان، مامۆستایانی تێکۆشەر و ئوستادانی زانکۆکان و خوێندکاران و دانش ئاموزان، وکیلە شەریف و ئازادیخوازەکان و جەماوەری خەڵکی زۆر لێکراوی شارەکان بە تایبەت شارەکانی خوزستان و ڕای گشتی لە ناڕەزایەتیی کرێکاران پشتیوانیان کردووە. ڕاگەیاندنی پشتیوانی کرێکارانی هپکۆ لە ئەراک، پیترۆشیمی ماه شەهر و بەندەری خومەینی، پارسی جنوبی، هەڵسوڕاوانی کرێکاری جنوب و شوش و ئەندیمشک و مێحوەری تاران، سەندیکای شۆفیرەکانی شیرکەتی واحیدی تاران و دەوروبەر، ڕاگەیاندنی پشتیوانی کۆمەڵێک لە زیندانیای سیاسی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ڕاگەیاندنی پشتیوانی شۆفیرانی ١٦ یه‌كێتیی، سەندیکا، کانون، ئەنجومەن، بونگای گواستنەوە و گەیاندن و واحیدەکانی ئاگر کۆژێنەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا، ڕاگەیاندنی پشتیوانی ٣٠ ئەنجومەنی کرێکاری بیناسازی شارەکانی کوردستان و ڕاگەیاندنی ٤٢ کەس لە وەکیل و مافناسان کە ڕایانگەیاندووە بە شانازیەوە ئامادەی قەبول کردنی وەکالەت کردنی کرێکارانی دەست بەسەر کراون، ڕاگەیاندنی پشتیوانی گرووپی یەکێتیی خانەنشین کراوان و ڕاگەیاندنی پشتیوانی و پشتگیری سەرجەم ئەحزاب و سازمانە چەپ و کۆمۆنیستەکانی ئێران، ڕاگەیاندنی پلاتفۆڕمی سەندیکا کرێکارییەکانی سوئێد و نامەی یەکێتی مامۆستایانی ئینگلس بۆ پشتیوانی لە سەندیکای کرێکارانی هه‌فت تەپە، بەشێک لەم پشتگیریانە لە پشتیوانی کردنی کرێکارانی پیشەسازی فولاد و کرێکارانی نەیشەکەری هه‌فت تەپە و لەدژی مەحکوم کردنی کرێکارە گیراوەکان و پەیڕەو کرانی توندوتیژی لەدژیان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوەیە.

کرێکاران لەم نەبەردە چینایەتیەدا تەنیا گۆشەیەک لە هێز و توانایی بنەماڵەی ٥٣ ملیۆنی خۆیان پیشانی سەرمایەداران، ڕژیمی ئیسلامیی و دەستو پێوەندە گەندەڵەکانی و باقی دوژمنانی ڕەنگا و ڕەنگیان داوە کە بووه‌تە خه‌ونێكی وه‌حشه‌تناك بۆیان. لە جەریانی ئەم خەباتەدا ئەگەر کرێکاران هاوپەیمانان و دڵسۆزانی خۆیان زیاتر ناسیووە، دوژمنەکانیشیان باشتر ناسیوە. ڕوون و ئاشکرایە کۆماری ئیسلامیی تووشی کۆمەڵێک قەیرانی قوڵ و هەمەلایەنەیه‌، داماو تر لەوەیە کە وڵام دەرەوەی داخوازییەکانی کرێکاران بێت. لە وەها بارودۆخێک دا ڕژیم ئامرازێکی بێجگە لە فریودان و درۆ و هەڕەشە و سەرکوت بە دەستەوە نییە. بەڵام کرێکارانی هه‌فت تەپە و پیشەسازی فولادیش کە كارد گیشتۆتە سەر ئێسقانیان ڕێگایەکیان جگە لە درێژەدان بە خەبات بۆ نەماوەتەوە. ئەوان وڵامی هەڕەشەکانی ڕژیم هەم بە دروشمی” نە هەڕەشە و زیندان ئیتر کاریگەری نییە”، و هەم بە درێژەدان بە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی دوای گیرانی ١٩ کەس لە نوێنەران و هەڵسوراوانی کرێکاری، پیشانداوە و ڕژیمیان وادار بە ئازاد کردنیان کردووە. دوای ئازادی ئەوانیش نیشانیاندا کە خواست و داواکاریەکانیان جارێکی تر لەسەر جێی خۆیەتی و قەول و قەراری بەرپرسان بۆ دانی بڕی یەک مانگ لە چوار مانگ حەقدەستی کرێکاران و وەعدەی لە ڕێدا بوونی دانی مانگێکی تر لە حەقدستەکانیان قەبوڵ نەکردووە. ئەوان جارێکی تر بە ڕوونی وتیانە کە نە تەنیا خوازیاری ئازاد کردنی ئیسماعیل بەخشی و وەرگرتنی سەرجەم حەقدەستە دواخراوەکانیانن، بەڵکوو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی قەراردادی خوسوسی سازی موجتەمەعی نەیشەکەری هه‌فت تەپەش سەرلەنوێ جەختیان کردەوە و دژایەتی خۆیان لەگەڵ خوسوسی سازی شیرکەت، کە سیاسیەتێکی دژی کرێکاری نیئۆلیبڕاڵی سەرمایەدارانەیه‌، ڕاگەیاندووە. ئه‌وان خوازیاری بەڕێوەبەردنی شیرکەت لە لایەن خودی کرێکارەکانه‌وه‌ و یان چاودێری کردنی ڕاستەوخۆی خۆیان دان. کرێکارانی پیشەسازی فولادیش لە بەرانبەر پیلانی داخستنی ئەم ناوه‌نده‌ گەورە کرێکاریەدا لە لایەن دەوڵەتەوە، خوازیاری ڕێکارێکی جدین بۆ زەمانەتی بەردەوام بوونی کار تێیدا.

لە وەها بارودۆخێکدا بە دڵنیاییەوە ڕژیم لە مەوقعیەتێکی گەلێک لاواز دایە. ئامرازەکانی سەرکوت لە بەرانبەر بارودۆخێکی گەلێک دژواری بەڕێچوونی کرێکاران و خەڵکی هەژاردا، کارایی خۆی لە دەست داوە. داماوی و ڕیاکاری سەران و بەرپرسانی ڕژیم لە پاشەکشەی بە شێنەیی و پەروەندە سازی درۆینەی ئەمنییەتی بۆ کرێکاران ناتوانێ کرێکاران ڕازی بکات. پێکهاتنی جەلەساتی” شوڕای ئەمنییەتی وڵات” بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم ناڕەزایەتیانە و هێنانە مەیدانی هێزە سەرکوتگەرەکان بەتایبەت و بەکرێگیراوانی بەسیجی و ئاخوندەکان بۆ هەڵگرتنی وێنەی جەنایەتکارانێکی وەک خومەینی و خامنەیی و وتەی داماوانەی سەرۆکی دادگوستەری شوش کە گۆیا” قوەی قەزاییە پشتیوانی پێویست لە داخوازی کرێکارانی نەیشەکەری هه‌فت تەپە دەکات.” دەقیقەن نیشانەی ئەم ڕیاکاری و داماویەی ڕژیمە.

بەڵام بۆ سەرکەوتنی کۆتایی کرێکارانی هه‌فت تەپە و فولاد، پێویستە کرێکارانی باقی بەشەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری و گواستنەوە و گەیاندنیش تەنیا بە دانی ڕاگەیاندن و پشتیوانییەوە نەوەستن و بۆ ویست و داخوازیەکانیان هاوکات لەگەڵ بە هەزاران کرێکاری فولاد و هه‌فت تەپە دەست بدەنە مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایەتیی. هەوڵدان بۆ دامه‌زراندنی پێوەندی بەردەوام لەنێوان هەڵسوراوان و نوینەرانی ناوەندە کرێکارییەکان بۆ پێكهێنانی شوڕای هاوئاهەنگی هەڵسوڕاوانی بەشە کرێکارییەکان لە وەها بارودۆخێکدا دەتوانێ لە سەرکەوتن و بە ئاکام گەیاندنی خەباتی کرێکاریدا هۆکارێکی گرنگ بێت. ئەم ناڕەزایەتیانە هەروەها دەتوانێ بەستێنێکی گونجاو و خاڵێکی ئەرێنی بێت بۆ بزوتنەوەی خوێندکاریش. ئەگەرچی خوێندکاران و مامۆستایانی ژمارەیەک لە زانکۆکان لە کۆبوونەوەکانی خۆیاندا پشتیوانیان لە ویست و داخوازییەکان و خەباتی کرێکارانی نەیشەکەری هه‌فت تەپە و پیشەسازی فولاد کردووە، بەڵام وەها بارودۆخێک بوارێکی گونجاوی بۆ بزوتنەوەی خوێندکاری و ناڕەزایەتیی و مانگرتن لە سەرجەم زانکۆکان و ناوەندەکانی ئاموزشی باڵاشدا فەراهەم کردووە.