هەواڵنێریەکان لە زمان نەوبەخت، وتەبێژی دەوڵەتەوە، نووسیان کە لانیکەمی حەقدەستێک کە مانگانە کارمەندانی دەوڵەت وەریدەگرن لە ساڵی داهاتودا دەبێ بگاتە ملیۆنێک و ٥٠ هەزار تمەن. ناسر بورهانی، کە لە لایەن شوڕا ئیسلامیەکانی کارەوە کراوەتە ئەندامی شورای باڵای کار، سەبارەت بەم قسە و بۆچونانە کاردانەوەی نیشان دا. ئەو رۆژی ١١ ی مانگی رێبەندان بە هەواڵنێری فارسی وت ئەو بڕەی باس کراوە هەرچەند کەمە، بەڵام ئەگەر لە کۆبونەوەی شوڕای باڵای کاردا بە شێوەی پێشنیاری دەوڵەت ئیرایە بدرێت پێشوازی لێدەکرێت. بورهانی رۆژی ٢٠ ی مانگی بەفرانبار بەم هەواڵنێریەی وتبوو کە دەوڵەت زیاد کردنی ١٢ یان ١٣ لەسەدی بەو لانیکەمی حەقدەستانەوە کە شاملی قانونی کارن لە نەزەردایە.ڕاگەیەنەرە حکومەتیەکان رۆژی ٢٠ ی خەزەڵوەر باسیان لە بەخشنامەیەکی کابینەی رۆحانی کرد کە تێیدا زیاد کرانی لانیکەمی حەقدەستی کارمەندانی دەوڵەت لە ساڵدا بەلانی زۆرەوە ١٠ لەسەد پێش بینی کرابوو. لەوێوە کە لانیکەمی حقوقی ئەوان لە ساڵی داهاتودا دەگەیەنێتە ٨٢٥ هەزار تەمەن. بە قەولی نەشریاتی لایەنگری دەوڵەت لە بوجەی ساڵی ٩٥ یشدا، بە پێچەوانەی ئیدیعاکەی نەوبەخت، زیاد کرانی حەقدەستی مانگانەی کرێکاران و کارمەندانی ژێر چەتری ئیستخدامی دایمی دەوڵەت ١٠ لەسەد پێش بینی کراوە.
پێویستە پرسیار بکرێت کە ئیرایەی ژمارە و زانیاری جۆرار جۆر سەبارەت بە لانیکەمی حەقدەستی ساڵی داهاتو، بۆ ١٣ میلۆن مەشمولی قانونی کاری بۆچیە؟ ئەم تاکتیکە بەم هیوایە لە لایەن خاوەنکارانی دەوڵەتی، ئەمنیەتی و تایبەتەوە دەگیرێتە بەر تا هەڵسوڕاوان و کرێکارانی وشیار لەسەر لێ شێواوی و چاوەڕوانیدا ڕابگرن. بەڵام ئەم کرێکارانە بە باشیی دازانن کە رۆحانی، بە پەیڕەوی کردن لە سیاسەتی بازاڕی ئازاد، لە هەموو ئەو سوخەنڕانیانەیدا کە لە مەجامعی نێونەتەوەیی، و لەوانە لە سەفەری ئەم دواییەدا بۆ ئیتالیا و فەڕانسە، روو بە خاوەنکاران کردونی لەسەر یەک خاڵ جەختی کردوەتەوە. ئەو وتویەتی کە نەوت و گاز و باقی سەرچاوەکان لە ئێراندا زۆرە و بە هۆی هەرزان بوونی هێزی کاری شارەزا هەزینەی دەرهێنانیان کەمە. ئەو بەم جۆرە ویستویەتی تا بەڵکو سەرمایەگازاری لەم مەیدانانەدا هانبدات و هەروەها دڵنیایی بە سەرمایە گوزاران بدات کە دەوڵەت سورە لەسەر ئەوەی هێزی کار هەروا هەرزان ڕابگرێت. بەڵام سەرمایە گوزاران لە ئێستادا لەسەر فرۆشتنی کالا و خزمەتگوزاری زیاتر جەخت دەکەنەوە لەبەر ئەوەی دەزانن کە کۆمەڵێکی زۆر کۆسپ لە سیستمی سیاسی، قەزایی و ئابووری کۆماری ئیسلامیدا لەسەر ڕێی سەرمایەگوزاری درێژماوەدا بوونی هەیە. دیارە ئەوان ئەگەری ئاخێزی ئەم هێزە کارە هەرزان ڕاگیراو و خاوەن تەوەقوعەش لە ئەرزیابیەکانی خۆیاندا وەک ڕیسکێکی گەورەی سەرمایە گوزاری لە ئێران لەبەرچاو دەگرن. نیگەرانی لە ئاخێزە کرێکاریەکان شاملی حاڵی هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامیش دەبێت. هەواڵنێریەکانی سەر بەم هێزانە، وەک فارس و تەسنیم، لە وتاری جۆراو جۆردا بۆ کرێکاران و ئاستی نزمی حەقدەستەکانیان فرمێسکی درۆینە دەڕێژن. ئەوان لە زمان کارناسان و کاربەدەستانی جۆراو جۆرەوە نووسیویانە کە بنەماڵەیەکی ٤ کەسی بۆ دابین کردنی لانیکەمەکانی ژیان پێویستی بە ٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەنە لە مانگدا. هەڵسوڕاوانی کرێکاری ئەم بڕەیان ٣ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن لە مانگدا ڕاگەیاندوە.
لەخوارەوە بوونی حەقدەستی ژنان و پیاوانی شاغڵ لە بازاڕی ڕەسمیدا لەپاڵ بێکاری چەندین ملیۆنیدا لەتمەیەکی توندی لە ئاستی خەباتی چینی کرێکار و هەروەها تەندروستی دەرونی و جەستەیی ئەندامانی بنەماڵە کرێکاریەکان و بەرەی داهاتویان داوە. کرێکاران خۆیان باشتر لە هەموو چین و توێژێکی تر ئەم موسیبەتانە دەناسن. کرێکارانی وشیاریش دەزانن کە ڕێژەی حەقدەست تا ڕادەیەک ئاستی خەباتی کرێکاران دیاری دەکات. بۆ ئەم کارەش پێویستە بزوتنەوەیەک بۆ زیاد کرانی حەقدەست بخرێتە ڕێ. بۆ دەستەبەر بوونی ئەمەش دەبێ کۆسپەکانی سەر ڕێ و هەروەها بوارە موسبەتەکان بناسرێن. لە کۆسپەکانی سەر رێ دەکرێ ئاماژە بە ئیستبدادی هار، بێکاری چەندین ملیۆنی، هەژاری بێ ئەمان و زەربە وێکەوتنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و هێزە چەپ و کومونیستەکان دوای شۆڕش بکرێت. بوارە گونجاوەکانیش یەکێکیان بوونی چینی کڕێکارێکە کە سەرەڕای سەدەمەکانی دوای شکستی شۆڕشی ٥٧ ساتێک لە خەبات بۆ باشتر کردنی بارودۆخی سیاسی، تەشکیلاتی و بەڕێچونی خۆی دەستی هەڵنەگرتوە و ئاستی چاوەڕوانیەکانیشی هەبوونی ژیانێکی گونجاوی ئینسانی سەدەی بیست و یەکە. داواکاری کرێکاران لە خەباتی ئێستادا، کە ئەم دواییانە پیشەسازی کلیدی وەک نەوت و گاز و پیتروشیمی گرتۆتەوە، خۆی سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەیە. ناکرێ لەبەین چوونی نەسڵی ئێستا و بەرەی داهاتوو بە هاسانی بەسەر ئەم چینەدا سەپاند. لە هەمانحاڵدا چینی کرێکار لەگەڵ ڕژیمێکی قەیران لێدراو، کە مەشروعیەتی لە هەموو لایەکەوە کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە، بەرەو روویە. وەعدەی گەشە پێدانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار و باشتر بوونی بارودۆخی ئابووری لە دەورانی دوای تەحریم و یان چاو سور کردنەوەی هێزە نیزامی، پۆلیسی و ئەمنیەتیەکان ناتوانێ ئەم ڕاستیە پەرەدە پۆش بکات. لەگەڵ ئەوەدا دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی، کە لە روو بە روو بوونە لەگەڵ چینی کرێکاردا، دیفاع لە کۆماری ئیسلامی دەکەن خۆیان گیرۆدەی گەلێک قەیرانی روو لە زیاد بوونی ئابووری و سیاسین. لە لایەکی دیکەوە دابەزینی حەقدەستەکان کۆمەڵێک موسیبەتی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندوە کە داوێنی خودی بۆرژوازی و حکومەتیشی گرتوەتەوە. ئەگەر حەقدەستی کرێکاران بەشێوەیەک کەم بێتەوە کە ئەوان نەتوانن کالا بەرهەمهاتوەکان بکڕن ئابووری توشی ڕکودێکی وێرانگەر دەبێت ئەمەش شتێکە کە ئێمە لە ئێراندا دەیبینین.
پێویستە هەڵسوڕاوانی کرێکاری بە هەڵسەنگاندنی واقعبینانەی بارودۆخێک، کە ئاماژە بە هێندێک لە فاکتەکانی کرا، ئەم خەباتەی ئێستا لە ڕاستای زیاد کردنی حەقدەستدا پەرە پێبدەن. بابەتی خەبات بۆ زیاد کرانی حەقدەست ئەرکی بەشە جۆراو جۆرەکانی چینی کرێکاری ئێرانە. نابێ ئیجازە بە خاوەنکاران بدرێت مەسەلەی دیاریکردنی حەقدەستی ساڵی ٩٥ لە هاوکاری لەگەڵ نوێنەرانی بەناو کرێکاری و مدافعی کۆماری ئیسلامیدا دیاری بکرێت و بەسەر کرێکارانیدا بسەپێنن. هاو ئاراستە و هاو ئاهەنگ کردن و هاو کاتی خەباتی کرێکاران لە بەشە جۆراو جۆرەکاندا و ڕاکێشانی لەکاتی خۆیدای هاوپشتی و پشتیوانی یەکە جۆراو جۆرەکان لە یەکتری بەبێ پێوەندی نزیکی نێوان ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری کە لە یەکە و ڕشتە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا خەریکی بەرەو پێش بردنی چالاکی خۆیانن پێویستیەکی چینایەتیە. پێوەندی ئەم هەڵسوراوانە دەتوانێ خاڵێکی پشتیوانی گرنگ بێت بۆ بزوتنەوەی کرێکاری ئێران. لە بارودۆخی ئێستادا زۆر پێویستە کە هەڵسوڕاوانی کرێکارای لە هاوئاهەنگی و هاوکاری بەرین لەگەڵ یەکتردا وڵامی شیاوی ئەم نیازەی خەباتی چینایەتی بدەنەوە.
زیاد کرانی حەقدەستی کرێکاران گونجاو لەگەڵ نرخی تەوەڕومی ڕاستەقینە و هەزینەی دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی، دانی لە کاتی خۆیدای ئەم حەقدەستانە و دابین بوونی بیمەی بێکاری کافی لە زومڕەی داواکاریە مێحوەریەکانی چینی کرێکاری ئێرانە کە زەمانەتی دەستەبەر بوونی لە گرەوی خەباتی یەک پارچە و یەکگرتوانە و سەرتاسەری دایە. ئەوە خەباتی یەکگرتوانە و سەرتاسەری کرێکارانە کە چینی سەرمایەدار و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وادار بە پاشەکشە کردن لە هێڕش بۆسەر کار و ژیان و بەڕێچونی کرێکاران دەکات، فەزای خەباتکارانە لە کۆمەڵگادا درێژە پێئەدات و بەرەو پێش چوونی خەبات لەپێناو روخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا زەمانەت دەکات.