یەکێک لەو گرفتە جیدیانەی کە لەپاڵ مەترسی رۆژ لە رۆژ زیاتری بێکار سازیەکان هاوکات هەڕەشە لە ژیانی کرێکاران دەکات، دواخستنی حەقدەستەکانە. لهگهڵ دواخرانی حەقدەست لە یەکەیەکی بەرهەمهێنان و سەنعەتیدا، کرێکاران خێرا هەست بەوە دەکەن کە تارمایی بێکاریش بەسەریانەوە دەسوڕێتەوە، لەبەر ئەوە مەعمولەن یەکێک لە بیانوە باوەکانی خاوەنکاران لە نەدانی لە کاتی خۆی حەقدەستەکان گرفتی ئابووری و بێ بەهرەمانەوەی کارخانەکانە و ئەمەش دەتوانێ سەرەتای داخرانی یەکەیەک و بێکار سازی واتە دەرکردن یان کەم کردنەوەی هێزی کار واتە دەرکردنی بەشێک لە کرێکاران بێت.بۆ نمونە، بەپێی ئاخرین هەواڵەکان بە سەدان کرێکاری قەتاری شاریی ئەهواز لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی زیاتر لە ٧ مانگی حەقدەستەکانیان، لە رێکەوتی ١٠ی مانگی رەزبەرەوە دەستیاندایە مانگرتن. بەپێی راپۆرتێکی تر زیاتر لە ٥٠٠ کرێکاری فازەکانی ٢١ و ٢٢ی ناوچەی تایبەتی عەسەلویە لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی ٤ مانگ حقوقی دواخراویان لە رۆژی سێ شەممە ٢٨ ی مانگی رەزبەرەوە دەستیانداوەتە مانگرتن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ئەم حەفتانەی دواییدا کرێکارانی فازەکانی ٢٢ و ٢٤ی عەسەلویەش لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی حەقدەستەکانیان بۆ ماوەی ٥ رۆژ دەستیان لەکار کێشابۆوە و مانیان گرتبوو. بەپێی هەواڵێکی دیکە زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە کرێکارانی پەیمانکاری شارەداری شوشتەر هەڵکەوتوو لە ئوستانی خوزستان ماوەی ٨ مانگە کە حەقدەست و باقی داواکاریەکانیان وەرنەگرتوە. لە ماوەی رۆژەکانی سێ شەممە تا پێنجشەممەی حەفتەی رابردوو، کرێکارانی کارخانەی کاشی “جەم” لە بروجێرد لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی ٣ مانگ حەقدەستیان مانگرتنێکی ٣ رۆژەیان دەستپێکرد. لە لایەکی دیکەوە سەندیکای کرێکارانی “فلیزکار میکانیک” لە راپۆرتێکدا باسی لە مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی ساختمانی “هونزا” لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی ٤ مانگ حقوقی دواخراویان لەم رۆژانەی دواییدا کردوە. بەپێی راپۆرتێکی دیکە نزیکەی ٧٥ کرێکاری شاغڵ لە مەجموعە شارەداریەکانی لوشان و سازمانەکانی سەربەوان نزیک بە ٤ مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتوە.
ئەم چەند نمونەیەی کە ئاماژەیان پێکرا، دەرخەری ئەم راستیە تاڵەن کە چلۆن تەیفێکی بەرین لە کرێکاران سەرەڕای کاری دژوار و تاقەت پڕوکێن و بێ بەهرە لە سەرەتایی ترین مافی کرێکاری، تەنانەت حەقدەستەکانیشیان بێ کەموکوڕی و لە کاتی خۆیدا نادرێتێ. دانی حەقدەستی ئەم کرێکارانه لە حاڵێکدا دوادەخرێت کە ئەوان لە بێبەشی زۆر و لە بارودۆخی دژوار و تاقەت پڕوکێندا ناچارن رۆژانە تا ١٢ سهعات کار بکەن. ئەگەر لە هێندێک لە ناوەندەکانی کاردا کە کرێکاران لەسەر بنەمای قەرارداد بە رەسمی دامەزراون، شانسێکیان بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکانیان هەیە، ئەو دەستەیە لە کرێکاران هیچ زەمانتێکیان بۆ درانی حەقدەستە بە بارمتە گیراوەکانیان نییە و ئەگەری ئەوەی کە حاسڵی کار و رەنجی چەند مانگەیان تاڵان بکرێت، گەلێک زۆرە.
بەم حاڵەوە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا بەردەوام بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکانیان خەباتیان کردوە، بەڵام بە شێوەی واقعی لەوێوە کە ئەم خەباتە پڕژوبڵاو و بە بێ پێوەندی بە یەکەوە لە ئارادا بووە، کەمتر توانیویانە داواکاریەکانیان بەسەر خاوەنکاران و دەوڵەتدا داسەپێنن. ئێستا و لە ناخی ئەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ئابووریەدا، بۆ کردنی خەباتێکی پڕژوبڵاو بە خەباتێکی سەرتاسەری و پێوەندانەوەی خەباتی کرێکاری کارخانە جۆراوجۆرەکان بە یەکەوە دەبێ چی بکرێت؟
لە بارودۆخی ئێستادا بۆ یەکخستن و سەرتاسەری کردنەوەی خەباتی کرێکاران دەبێ لە دوو ئاڕاستەی سەرەکیدا هەنگاو بنرێت. یەکەم چەسپاندنی داواکاری و دروشمی وەک یەکی موبارزاتی لەنێو کرێکاراندا و دووهەم پەرەدان بە پێوەندی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری بەشە جۆراوجۆرەکانی بزوتنەوەی کرێکاری لەگەڵ یەکتر. بە واتایەکی تر لە نەبوونی تەشەکولێکی جەماوەری کرێکاراندا کە بتوانێ خەباتی پڕژوبڵاوی کرێکاران یەکبخات و لە ئاستێکی سەرتاسەریدا ریبەری بکات، ئەوە شەبەکەی بە یەکەوە بەستراوی رێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێکارییە کە دەبێ تا رادەیەک ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە. وەحدەت لە داواکاری و دروشمەکاندا هەنگاوی یەکەمی هەموو جۆرە یەک بوونێکە لە خەباتدا. ئەم سادە ترین شکڵی وەحدەتە لە رێگای داواکاری و دروشمی وەک یەکەوە دەرفەت و ئیمکان بە هەڵسوراوان و پێشڕەوانی کرێکاری ئەدات تا رۆحیەی هاوپشتی و وشیاری چینایەتی، تەشەکول پەزیری و باوەڕ بەخۆیی و ئیمان بە هێزی چینی کرێکار لەنێو کرێکاراندا بەرنەسەرێ. وەحدەت لە داوکاریدا هەنگاوێکی بنەڕەتیە لە راستای یەکگرتو کردنی خەباتی کرێکاراندا و ئیمکانی ئەوە ئەدات تا لەدەوری کۆمەڵێک دروشمی وەک یەکدا هێزی پڕژوبڵاوی کرێکاران کە هەرکامە و لە چوارچێوەی کارخانەیەکدا بەتەنیا سەرفی خەباتێکی پڕژوبڵاو بۆ داواکاری جۆراوجۆر دەکرێت لە دەوری داواکاریە گشتیەکانی چینی کرێکار بخرێتەکار.
هاو ئاڕاستە کردن، هاوئاهەنگی و هاوکاتی خەباتی کرێکاران لە بەشە جۆڕاوجۆرەکان و راکێشانی لە کاتی خۆیدای هاوپشتی یەکە جۆراوجۆرەکان بۆ یەکتر بەبێ پێوەندی نزیکی نێوان رێبەران و هەڵسوراوانی کرێکاری پێشڕەو و خەباتکارێک کە سەر رشتەی خەبات لە یەکە جۆراوجۆرەکانیان بە دەستەوەیە مومکین نییە. لە ئێستادا هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری کە بە شێوەی موتەشەکل یان بە شێوەی فەردی خەریکی چالاکین لە یەکە و رشتەی جۆراوجۆری بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری لە شارە جۆراوجۆرەکاندا بەیەکەوە پێوەندیان هەیە. پێوەندی ئەم هەڵسوراوانە خاڵێکی پاڵپشتی گرنگە بۆ بزوتنەوەی کرێکاری ئێران. لە بارودۆخی ئێستادا گەلێک زەروریە کە ئەم هەڵسوڕاوە کرێکاریانە لە هاوئاهەنگی و هاوکاریەکی بەریندا بەیەکەوە وڵامی شیاوی ئەم پێویستیەی خەباتی چینی کرێکار بدەنەوە.
زیاد کردنی حەقدەستی کرێکاران گونجاو لەگەڵ نرخی تەوەڕومی ڕاستەقینە و هەزینەی دابین کردنی ژیانێکی ئینسانی، دانی لەکاتی خۆیدای ئەم حەقدەستانە و دابین بونی بیمەی بێکاری کافی لە زومڕەی داواکاریە مێحوەریەکانی چینی کرێکاری ئێرانە کە زەمانەتی دابین بوونی لە گرەوی خەباتێکی یەکپارچە و یەکگرتوانە و سەرتاسری دایە. ئەوە خەباتی یەکگرتوانە و سەرتاسەری کرێکارانە کە پاشەکشە بە چینی سەرمایەدار و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەکات لە هێرش کردنەسەر کار و ژیان و بەڕێچونی کرێکاران، بەردەوامی بە فەزای خەباتکارانە لە کۆمەڵگادا ئەدات و بەرەوپێش چوونی خەبات بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی زەمانەت دەکات.