کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستی به‌ پتەوکردنی هاوخەباتی کرێکاری و هاوئاهنگی درووشم و داخوازییەکانیان

چینی کرێکاری ئێران لە یەکێک لە دژوارترین قۆناغه‌كانی ژیانی خۆیدایە. بێکارسازییە بەرینەکان و نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی بۆتە نیگەرانییەکی بەردەوامی کرێکارانی شاغڵ و بنەماڵەکانیان.بەستنی قەراردادی دەستەجەمعی کار جێگای خۆیان بە قەراردادی تاکە کەسی و کاتی و تەنانەت سپی ئیمزا داوە. حەقدەستەکان چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدان و ئەم حەقدەستە کەمانەش لە کاتی خۆیاندا نادرێن و کرێکاران ناچارن بۆ وەرگرتنی حەقدەستە تەوافوق لەسەر کراوەکانیشیان خەبات بکەن. زۆربەی کرێکاران لە مەسکەنی گونجاو بێبەشن و بەشێکی زۆریش لە داهاتیان سەرفی کرێی ماڵە هەژارانەکەیان دەکرێت. چینی کرێکار بۆ بەرگرتن لە بە هەدەر چوونی جەستەیی و ڕەوانی و بۆ پاراستنی ئینسانییەتی خۆی، هیچ ڕێگایەکی بێجگە لە خەبات دژ به بارودۆخی زاڵ بەسەر ژیانیدا نییە و ئەم خەباتەش لە جەریاندایە.

بەڵام ناڕەزایەتیی و مانگرتنە کرێکارییەکان لەگەڵ بەرین بوونیان، گەلێک پڕژوبڵاون و ئەو ناوەندانەی کە دەبێ ئەم خەباتە ڕێکبخات لە ئارادا نین. ئەم هاوئاهەنگییە تەنانەت لە ئاستی خەباتی مۆعەلیمان و پەره‌ستاراندا کە بە حەڕەکەتی هاوئاهەنگی خۆیان ڕژیمیان بۆ وڵامدانەوە بە داخوازییەکانیان خستۆتە ژێر گوشارەوە بە یەکەوە ناجوڵێنەوە.

لە ئاوا بارودۆخێکدا پرسیارێک دێتە بەردەم پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری کە وه‌ڵامێکی خێرای دەوێ. پرسیارەکە ئەوەیە کە لە بارودۆخی ئێستادا چلۆن و لە چ ڕێگایەکەوە دەکرێ خەباتی کرێکاران لە کورت ترین ماوەی مومکیندا لە پڕژوبڵاوی دەربهێندرێت؟ بۆ کردنی ئەم خەباتە پڕژوبڵاوە بە خەباتێکی سەرتاسەری و بەستنەوەی بە خەباتی باقی کرێکارانی کارخانە و ناوەندە جۆراو جۆرەکانەوە دەبێ چی بکرێت؟

وه‌ڵامدانەوە بەم پرسیارە قسەیەکی نەکراو نییە. دۆزینەوەیەک نییە کە هەڵسوراوانی کرێکاری و کرێکارانی پێشڕەو تا ئێستا لە دۆزینەوەیدا بێتوانا بووبێتن. گرنگ ئەوەیە ئەوەی کە دەرکمان کردوە پەیڕەوی بکەین. بێ گومان پێشڕەوی لەم بوارەدا لە قۆناغی ئێستادا بەرە بەرە و هەنگاو بە هەنگاو دەبێت. لە هەست کردن بەم ڕاستییە نابێ نیگەران بین. لە بەرانبەردا دەکرێ لە هەر بەرەوپێش چوون و سەرکەوتنێکی هەرچەند چکۆلەش بۆ هەڵێنانەوەی هانگاوی دواتر هێز وەربگیرێت. ئەگەر ڕژیم چیدی بە بیانوی سزا ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا ناتوانێ نانی سفرەی خەڵکی چەوساوە و بێبەش ببڕێت، ئەگەر خەبات لەدژی هەژاری و فەلاکەتی ئێستا، تەنیا ڕێگای بەرگرتن لە لەبەین چوونی جەستەیی و ڕوحی کرێکارانە و ئەم خەباتە بە شێوەی واقعی لە ئارادایە، کەوایە ڕێبەران و پێشڕەوانی کرێکاریش دەبێ ئەرکەکانیان ئەنجام بدەن و وڵامدەرەوەی نیازەکانی خەباتی ئەم دەورەیە بن.

تەرحی درووشم و داخوازییە وەک یەک و سەرتاسەرییەکان، تەنانەت ئەگەر خودی خەباتەکەش لە قۆناغی ئێستادا پڕژوبڵاو بێت، دەتوانێ خاڵی دەستپێکی حەڕەکەتێکی نوێی چینی کرێکار لە ئێراندا بێت. هەر ئەو جۆرەی کە بزوتنەوەی سەرتاسەری مۆعەلیمان و دواتر پەره‌ستارانمان بینی کە هاوئاهەنگ کردنەوەی داخوازییەکان لە سەرتاسەری کردنەوەی حەڕەکەتە ناڕەزایەتییەکانیاندا گەلێک کاریگەر بوو.167

یه‌كگرتووبوون لە داخوازی و درووشمەکاندا هەنگاوێکی سەرەتایی هەموو چەشنە یه‌كگرتوویی خەباتکارانەیە. ئەم سادە ترین شێوازی یه‌كگرتوویی لە ڕێگای داخوازی و درووشمی وەک یەکەوە کە ئەو ئیمکانە ئەداتە هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری تا ڕۆحیەی هاوپشتی و ئاگاهی چینایەتی، رێکخراوبوون و بڕوا بەخۆیی و باوەڕ بە دەسەڵاتی چینی کرێکار لە نێو کرێکاراندا بەرنە سەرێ. بۆ نمونە، ئێستا کە سەرجەم کرێکاران بەرەوڕووی گرفتی حەقدەستی لە ژێر هێڵی هەژاریدا و دەرکردن و بێکارسازی بەرین، نەدرانی داخوازییە دواخراوەکانیان بوونەتەوە، دەبێ هەوڵبدرێت تا لەم بوارانەدا درووشمی وەک یەک بێننە ئاراوە و بیان چەسپێنن. خواستی زیاد کرانی حەقدەستی گونجاو لەگەڵ نیازەکانی دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی و داخوازی بیمەی بێکاری، بۆ بەرەنگار بونەوە لەگەڵ درکرانەکان یەکێک لە داخوازییە مێحوەرییەکانی ئەم دەورەیە بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ فەلاکەتی ئابووری ئێستایە. ئەمە هەنگاوێکی بنەڕەتییە لە بواری یەکخستنی خەباتی کرێکاراندا و دەرفەتی ئەوە دەخوڵقێنێ تا لەدەوری ئەم درووشمە وەک یەکانە، هێزی پڕژوبڵاوی کرێکاران کە هەرکامیان لە چوارچێوەی کارخانە و ناوەندێکی خزمەتگوزاری جۆراو جۆردا، سەرفی خەباتێکی پەڕژوبڵاو بۆ داخوازی جیاواز دەکرێت، لە ڕێگای تەرحی درووشم و داخوازی یەک دەستەوە بەکردەوە بکرێتە بەریەکی یەکگرتوی کرێکاری.

بەڵام هاو ئاڕاستە کردن، هاوئاهەنگی و هاوکاتی خەباتی کرێکاران لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا و دەستەبەر کردنی لەکاتی خۆیدا، هاوپشتی و پشتگیری یەکە جۆراوجۆرەکان بۆ یەکتر، بەبێ پێوەندی نزیکی نێوان ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری پێشڕەو و تێکۆشەر کە ڕێبەری خەباتیان لە یەکە جۆراو جۆرەکاندا بە دەستەوەیە، مومکین نییە. لە نەبوونی رێکخراوە جەماوەریەکاندا کە بتوانن خەباتی پڕژوبڵاوی کرێکاران یەکبخەنەوە و لە ئاستێکی سەرتاسەریدا ڕێبەریی بکەن، ئەوە تۆڕی بەستراو بە یەکەوەی ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێکارییە کە دەتوانێ تا ڕادەیەک ئەم کەلێنە پڕ بکاتەوە.

پێوەندی ئەم هەڵسوراوانە خاڵێکی پاڵپشتی گرنگە لە خەباتی داهاتوی چینی کرێکاری ئێراندا. وەها پێوەندیەک دەتوانێ سەرەڕای ئەو جیاوازیانەی کە لە شێوەی کار و ڕوانیندا و جۆری گرایشە سیاسییەکانی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاریدا بوونی هەیە، بە ئامانجی وه‌ڵامدانەوە بە نیازێکی هەنوکەیی چینی کرێکار لە ئێران درووست بکرێت و پەرەی پێبدرێت. دامەزراندنی پێوەندی دۆستانە و پتەو کردنی هاوڕێیەتی کرێکاری نێوان پێشڕەوانی بەشە جۆاراو جۆرەکانی چینی کرێکار، خاڵێکی دەستپێکی گرنگە بۆ هەڵێنانەوەی هەنگاوەکانی دواتر لە بزوتنەوەی کرێکاریدا. پێویستە کە هەڵسوڕاوانی کرێکاری سەرەڕای هەر ناکۆکیەک کە بە یەکەوە هەیانە، بە کردەوەی هاوبەش و هاوئاهەنگی و هاوکارییەکانیان، بازنەی پێوەندیەکانی ئێستایان پەرە پێبدەن. پێویست و زەروریە کە هەڵسوراوانی کرێکاری ناکۆکی ورد و نا مەڕبوت بە ئامانج و ئەرکی گرنگی چینایەتی خۆیان بنێنە لاوە و ئەولەویەتی خۆیان، کار لە ئاستی بە هێز کردنی هاوڕێیەتی کرێکاری لەنێو خۆیاندا و هاوئاهەنگ کردنی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان دیاری بکەن. ئەگەر دەبینین کە دوژمن دەقیقەن بۆ بەرگرتن لە پتەو بوونی ئەم پێوەندیە ڕەفیقانە کرێکاریانە خەریکی پیلان گێڕی و دووبەرەکی نانەوەیە، واتاکەی ئەوەیە کە کانونی مەترسییەکەی ناسیوە. کەوایە وەک زەرب المەسەلێکی مەعروف دەڵێ ” ئەدەب لە کێوە فێر بووی؟ لە بێ ئەدەبان”، دەبێ بە هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی بۆ پوچەڵکردنەوەی نەخشەکانی دوژمن دەست بەکار بوو. ئەگەر تا ئێستا رێکخراوە سەربەخۆ ، جەماوەری و بەهێزە کرێکاریەکان دروست نەبووەن ، گرێی کارەکە لەم خاڵەدا دەبێ ببیندرێت و بکرێتەوە. خەباتێکی هاوئاهەنگ و سەرکەوتوانەی کرێکاری و پەرەپێدانی هاورێیەتی و هاوخەباتی ئێستا، دەتوانن ببنە هەوێنی درووست بوونی ڕێکخراوە سەربەخۆ و بەهێزە کرێکاریەکانی داهاتوو.