لەم مانگانەی دواییدا گه‌ڵێك مانگرتن و ناڕەزایەتیی زۆری کرێکاری بەهۆی نەدرانی سه‌روه‌ختی هەقدەستەکان كه‌وتووه‌ته ڕێ. ناڕەزایەتیی کرێکارانی کارخانەی کاشی “زه‌ڕرین” ی خۆراسان لە شارستانی تۆربەتی حەیدەرییە، کۆبوونەوەی کرێکارانی کارخانەی ” پارسیلۆن”ی خوڕەم ئاباد بۆ چەندەمین جار لە به‌رامبه‌ر ئۆستانداریی لوڕستان، ناڕەزایەتیی کرێکارانی گواستنەوە و گەیاندنی ڕەجاء، ناڕەزایەتی کرێکارانی سەددی ” حەوزیان ی ئه‌لیگودەرز، مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی مۆخابه‌راتی کرمان، و ئه‌مانه ته‌نها چەند نمونەیەکن لە خەباتی کرێکاران لە پێناو وەرگرتنی هەقدەستی دواخراویان. هەر لەم دەورەیەدا بۆ نمونە شایه‌تی خەباتی شێلگیرانەی کرێکارانی کارخانەی ئێران ترانسفۆی زەنجان و مانگرتنی بەرینی کرێکارانی کشت و سەنعەتی مهاباد و مانگرتنی کرێکارانی پەیمانکاریی پێترۆشیمیی بەندەر ئیمام بووین بۆ زیاد کرانی هەقدەست.ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵکوو گەیشتە دەسەڵاتی لە ساڵی ١٣٥٧ ی هەتاوی، وێڕای بەدوادا چوون، گرتن، ئەشکەنجە، و کوشتاری ڕێبەران و پێشڕەوانی ڕادیکاڵی کرێکاری، و لێک هەڵوەشاندنی شوڕاکان و باقی تەشەکولە کرێکاراییەکان، دەستیدایە پێشێل کردنی مافی کرێکاران لە ماوه‌ی ساڵەکانی دوای شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاقیشدا لەگەڵ گرتنە به‌ری بەرنامەی خسوسی سازی، ڕەواجدان بە قەراردادی کاتیی و سپی ئیمزا، به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی بیمە کۆمەڵایەتیەکان، و…، هێرشێکی هەمە لایەنە تری بۆ سەر سفرەی بێ ڕەونەقی چینی کرێکاری وڵات داڕشت. لەو کاتەوە هه‌تا ئێستا، بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرمایەی نێوخۆیی و دەرەکی، و رێگه كردنه‌وه بۆ ناو بازاڕە نێونەتەوەییەکان و بوونە ئەندام لە رێكخراوی بازه‌رگانیی جیهانیی، هەموو هەوڵێکی خۆی به ئاراسته‌ی بردنه پێشی م‌و به موی سیاسەتی ئابووریی نیئۆلیبڕالیستی خستووه‌تە گه‌ر. بەهۆی ئەم سیاسەتە دژی کرێکاراییانەوە ئاستی گوزەران و بەڕێچونی چینی کرێکاری ئێران ساڵ به ساڵ خراپتر بووە. قەیرانی ئابووریی، ئاوسان، درێژەی دەرکردن و بێکارسازییەکان، نەدانی بیمە دەرمانیەکان و باقی مەزایای کرێکاری، گه‌ڵاڵه‌ی په‌ره‌پێدانی ناوچه تایبه‌ته ئابوورییه‌كان کە کرێکارانی لەسەرکار لەو ناوچانەدا لەژێر چاودێری یاسای دژه کرێکاریش ده‌رده‌هاوێ و ده‌چنه ناو بازنه‌ی یاساكانی كار لە ناوچە ئازادەکان، و سەرئەنجام بێکاریی میلیۆنیی لە وڵات، زۆربەی هه‌ره زۆری کرێکاران و بنەماڵەکرێكارییه‌كانی وه‌زاڵه هێناوه. لەم نێوه‌دا بارودۆخی ژیانی ئەو کرێکارانەش كه ماوه‌ی چەندین مانگە هەقدەستێكیان نەدراوەتێ، ده‌بێ چۆن بێ. کۆماری ئیسلامیی کە دوای پرۆژەی ” بەرجام” یش نەیتوانی بەرسەر قەیرانە ئابووریەکانی سەرمایەداریی ئێران‌دا زاڵ بێت، تاقه رێگه‌ی دەرباز بوون لەم باوردۆخە بە ڕاکێشانی سەرمایە گوزاریی خاریجیدا ده‌زانێت. دەوڵەتی حەسەن رۆحانی وەک هاو قەتارەکانی هەوڵ ئەدات تا سه‌ره‌ڕای دانانی یاسای دژه کرێکاریی، و هەرزان ڕاگرتنی هێزی کار، له‌رێگه‌ی پشتیونیی کردنی ئاشکرا لە خاوەنانی کار و ئەو خاوەنکارانەی کە حەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریی کرێکاران بە بارمتە دەگرن، ده‌یهه‌وێ ئەنگیزەی پێویست بۆ سەرمایەدارانی خاریجی به‌ئاراسته‌ی سەرمایە گوزاری کردن لە ئێران پێك بهێنێت.
له‌راستیدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ زەمانەت کردنی مانەوەی، هیچ ڕێگه‌یەکی نییە بێجگە لەوەیكه بارودۆخێکی لەبار بۆ مانۆڕی سەرمایە دابین بکات. دابین کردنی ئەم بارودۆخەش له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه شتێک نییە بێجگە لە پێشکەش کردنی هێزی کاری هەرزانی چینی کرێکاری ئێران بە سەرمایەدارانی نێوخۆیی و دەرەکیی و دابین کردن و تەزمینی درێژەی ئه‌م ره‌وته، بەو واتایەی کە ده‌رگاکانی له‌رێگه‌ی لابردنی کۆسپەکان، بەڕووی سەرمایە دەرەکییەکاندا بکاتەوە و بواری چه‌وسانه‌وه‌ی هێزی کاری هەرزان لەم وڵاتەیان بۆ بڕه‌خسێنێت. ئەمه هه‌مان نەخشەیە کە ڕژیم نەیتوانیوە لە ڕێگه‌ی رێككه‌وتن لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاوایی‌دا بەرەو پێشی بەرێت.
بەم پێیە لەم دەورەیەدا شەڕ و کێشە و خەباتی کرێکاران به‌ئاراسته‌ی درانی سه‌روه‌ختی هەقدەستەکان، و باقی داواکارییە گرنگە کرێکارییەکان، لەباری چەندایەتیەوە گەشەیەکی بەرچاوی هەبووە كه جێی لێوردبوونه‌وه‌شه. درانی سه‌روه‌ختی هه‌قده‌سته‌كان، خواستی بەشێکی بەرین لە چینی کرێکاری ئێرانه. ئەم داواکارییە هه‌ر وەک خواستی زیاد کرانی هەقدەستەکان، دەبێتە بوار خۆشکەری پێكهاتنی یەکێتی کرداریی سەرتاسەری جەماوەری کرێکاران و هه‌روه‌ها بوار‌و به‌ستێنی پێكهاتنی تەشەکولی سەربەخۆی هەڵسوڕاوانی کرێکاریش خۆشتر ده‌كات. بە لەبەرچاو گرتنی ئەم بابەتە گرنگە، و هه‌روه‌ها بە لەبەرچاوگرتنی بێتوانایی كارگێڕانی حكوومه‌ت بۆ ڕزگار کردنی سەرمایەداریی وڵات لە قەیران و بەمجۆرە درێژەی قەیرانی سیاسیی، پێویستە كه هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستی بزوتنەوەی کرێکاریی زیاتر لە هه‌میشه بۆ یەکگرتویی و هاوده‌نگیی هه‌رچی زیاتری کرێکاران لەسەر درانی سه‌روه‌ختی هه‌قده‌سته‌كان و هاوئاهەنگ بوونی ئەم هەوڵانە لە ئاستی سەرتاسەریدا تێ‌بکۆشن.
پێویستە کە کرێکاران بە دەنگی بەرز هاوار بکەن کە بۆچی کرێکارێک کە بەرهەمهێنەری گشت سەروەت و سامانەکانە، هەمیشە دەبێ لەژێر هێڵی هەژاریدا بژی. بۆچی دەبێ خاوەنی هەر کالایەک بە ئارەزوی خۆی و بە پشتیوانیی دەوڵەت ئەم مافەی هەبێت کە نرخی کالاکەی دیاری بکات، بەڵام کرێکار خۆی ڕاستەوخۆ مافی دیاریکردنی نرخی تاكه کالاکەی، واته مافی دیاریکردنی نرخی فرۆشی هێزی کاری خۆی نەبێ.
هەوڵدان بۆ پەرەدان بە خەبات لە دەوری داواکاریی زیاد کرانی هەقدەست و دانی هەقدەستە دواخراوەکان، لە لایەن ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێکارییەوە پێویستە بە دوور لە هه‌ر جۆره جیاوازیی له بۆ چوون و سەلیقە و تەنها لەسەر بنەمای هاوپشتیی و هاوڕێیەتی کرێکاری و به ئاراسته‌ی یەکێتیی و وەحدەتی هەرچی زیاتری کرێکاران لە دژی سەرمایە بێت. له‌رێگه‌ی وەڕێخستنی وەها خەباتێکه‌وه بە ئیبتیکاری هەڵسوڕاوانی کرێکاریی، نەک هەر دەنگی کرێکاران بۆ داواكردنی ئه‌م خواسته گرنگه كرێكارییه زوڵاڵ تر و هیوا بەخش تر ده‌بێت، بەڵکوو بەکردەوەش بەستێنی به‌رێكخراو بوونیشیان فراوانتر و هه‌موارتر ده‌بێته‌وه.