ناڕه‌زایه‌تیی به‌رینی خه‌ڵكی خووزستان له پتر له ١٧ شاری ئه‌م ئۆستانه هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه، ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی ناڕازی گیانیان به‌خت كردووه، بریندار بوون و ژماره‌یه‌كی زیاتریش ده‌ستبه‌سه‌ر و زیندانی كراون. شاره‌كانی خووزستان بوونه‌ته هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می شه‌ڕی ئێران و عێراق و ئه‌مجاره‌یان حكوومه‌تی به‌عس و سه‌دام حسێنیش له گۆڕێ دا نین و خامنه‌یی و ئه‌وباشانی ئیسلامی به‌هه‌موو هێزه‌وه دژبه خه‌ڵكی بێبه‌ش و تینوو سه‌نگه‌ریان گرتووه. ده‌نگی گولـله و ته‌قه، هاویشتنی گازی فرمێسك ڕێژ، بۆسه‌ی به‌كرێگیراوانی لیباس شه‌خسی به كۆڵتهوه له په‌نا هێزه ئه‌منی و نیزامییه‌كان به چه‌كی جۆراوجۆره‌وه، له هه‌ر گۆشه‌یه‌كی شاره گه‌وره و چكۆله‌كان ده‌بیندرێن. ئۆستانداری خووزستان ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ساخته‌كاری و كاری دوژمنان ناولێنا و ئاخوندی نوێنه‌ری خووزستان له مه‌جلیسی خۆبرێگان هێرشی كرده سه‌ر خه‌ڵكی ناڕازی و هۆشداری پێدان كه ئه‌گه‌ر ده‌ست له خۆپێشاندان هه‌ڵنه‌گرن نیشانه‌یه‌ك له حكوومه‌تی ئیسلامی نامێنێته‌وه و به قه‌ولی خۆی نه له “ڕه‌ز” و نه له “ڕهزچێن“، ئاسه‌وارێك نامێنێت.
بۆچی له خووزستان و له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی عه‌ره‌بی خۆجێییدا ڕژیم به دڕنده‌یی و توندوتیژییه‌وه هه‌ڵسووكه‌ت ده‌كات؟ بۆچی له خووزستانێك كه ١٢ ڕووباری گه‌وره‌ی وه‌ك كارون و كهرخهی هه‌یه، خه‌ڵك ئاوی خواردنه‌وه‌یان نییه؟ بۆچی له خووزستان كه له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك له گاز و نه‌وته خه‌ڵك كار، نان، به‌رق و ئاویان نییه؟ ئایا ئه‌وه له ناكارامه‌بوونی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت، له دزی و گه‌نده‌ڵی بێسنووری ده‌زگا نیزامی و ئه‌منییه‌كان و له پێبه‌ند نه‌بوونی ڕێبه‌رانی ڕژیم به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت یان مه‌سه‌له‌كه له‌وانه واوه‌تره و خه‌ریكی پیلانگێڕین و سیاسه‌تی سه‌رزه‌ویی سووتاو به ئامانجی سیاسیی تایبه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن؟ زۆربه‌ی خه‌ڵكی خووزستان عه‌ره‌بن و پێنجه‌مین ئۆستانی پڕجهمعییهتی ئێرانه و له دوایین سه‌رژماریی جهمعییهتدا، كه به‌هۆكاری سیاسی و ئه‌منی زۆریش جێگای متمانه نییه، ئه‌م ئۆستانه پتر له ٤ ملیۆن و ٧٠٠ هه‌زار كه‌سی جه‌معییه‌ت هه‌یه. خاوه‌ن ٢٠ شاری گه‌وره و چكۆله، ١٢ ڕووبار و ده‌ریایه‌ك له گاز و نه‌وته.
ڕێژه‌ی بێكاریی له خووزستان تا نزیك ٤٠ له‌سه‌د چووه‌ته سه‌رێ و عه‌ره‌به‌كانی دانیشتووی خووزستان به‌كرده‌وه له سه‌نعه‌ته خۆجێیی و حكوومهتییهكاندا دانامه‌زرێن. بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه مافی ناولێنانی منداڵه‌كانیان نییه، به‌هۆی كه‌مبوونی ئاوی كه‌شاوه‌رزی، نهخلستانهكانیان سووتاوه و له‌ناوچووه، له به‌شی حكوومهتیدا دانامه‌زرێن، له گه‌رمای تاقه‌ت پڕووكێندا له ئاوی خواردنه‌وه بێبه‌رین، به‌ڕاستی چ بژارده‌یه‌كی دیكه‌یان بێجگه‌له خۆپێشاندان هه‌یه؟
له سه‌ره‌تاكانی دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له ئێران، خووزستان دایكی هه‌زینه‌ی سه‌ره‌كیی خه‌ڵكی ئێران، دابینكه‌ری خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت له باقی شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران بوو، به‌ڵام ئێستا خۆی له هه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه بێبه‌ری كراوه. له سه‌رده‌می ڕه‌زا شا و پاشان په‌هله‌ویی دووهه‌م و تا به‌ئه‌مڕۆ پاش تێپه‌ڕینی ٤٢ ساڵ له سه‌قامگیر بوونی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی، به‌شێوه‌ی شاراوه و یان به‌ئاشكرا و تێكه‌ڵ به توندوتیژی، شایه‌دی به‌ڕێوه‌چوونی سیاسه‌تی دژه‌عه‌ره‌ب، گۆڕینی پێكهاته‌ی جه‌معییه‌تی خووزستان، گۆڕینی ناوی شاره‌كان له عه‌ره‌بییه‌وه بۆ ناوه فارسییه‌كان، دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ كلتوور و پۆشش و زمان و سوننه‌ته باوه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه بووین. كۆماری ئیسلامی سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ندی ئیدێئۆلۆژیكی خۆی له‌گه‌ڵ ئیسلام و كلتووری ئیسلامی – عه‌ره‌بی، له ناوخۆی ئێران دژبه خه‌ڵكی عه‌ره‌بی خووزستان، به‌كرده‌وه سیاسه‌تی دوو دوژمنی خۆی، واته حكوومه‌تی ئیسرائیل به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی فه‌له‌ستین و حكوومه‌تی به‌عسی پێشوو و سه‌دام حسێن به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی كوردستان و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی عه‌ره‌بی شیعه له عێراق، گرتووه‌ته به‌ر.
ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له سه‌ره‌تای دامه‌زرانییه‌وه له ساڵی ١٩٤٨، به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی داگیركردنی خاكی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین و سڕینه‌وه‌ی قه‌ومی دا بووه و به سه‌ركوت و شهر، به تیرۆر و توندوتیژی، به داسه‌پاندنی هه‌ژاری و بێكاری، به هه‌ڵاواردن و بێبه‌ری كردن له ئاو، به‌رق و ته‌نانه‌ت ده‌رمان بۆ په‌ره‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی و كۆچی ئیجباریی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین كه‌ڵكی وه‌رگرتووه.
حكوومه‌تی به‌عس و سه‌دام حسێن كه ٨ ساڵ له‌گه‌ڵ ئێران له‌شه‌ڕدا بوون، له كوردستانی عێراق سیاسه‌تی ته‌عریبیان له ڕێگه‌ی جینۆساید و عه‌مه‌لیاتی به‌دناوی ئه‌نفال، به بۆمبارانی شیمیایی هه‌ڵه‌بجه و كوشتنی پتر له ٢٠٠ هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی كوردستان به‌ڕێوه‌برد.
كۆماری ئیسلامی كه خۆی به دوژمنی سوێند خواردووی ئیسرائیل و حكوومه‌تی پێشووی عێراق له سه‌رده‌می به‌عسیه‌كان ده‌زانێ، له هه‌مان حاڵ‌دا سیاسه‌تی ئه‌م دوو ڕژیمه‌ی دژبه خه‌ڵكی خووزستان به‌كار بردووه. سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی قه‌ومیی خه‌ڵكی عه‌ره‌بی خووزستان و ناچار كردنیان به كۆچ و یان قه‌بووڵ كردنی مانه‌وه و له‌ناوچوون به‌هۆی توونیه‌تی و بێبه‌شی. خووزستان ته‌نیا خاوه‌ن سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی نه‌وت و گاز و ئاو نییه، خه‌ڵكێكی هه‌یه كه له‌ماوه‌ی یه‌ك سده‌ی ڕابردوودا زۆرترین خزمه‌تیان به هونه‌ر، ئه‌ده‌بیات، شێعر، سینه‌ما، داستان و چیرۆك نووسین و وه‌رگێڕان كردووه كه ناوه ناسراوه‌كانی وه‌ك ئه‌حمه‌د مه‌حموود، ناسر ته‌قوایی، ئه‌میر نادری، سه‌ید عه‌لی ساڵحی، نه‌جه‌ف ده‌ریابه‌نده‌ری، نه‌سیم خاكسار، مه‌نووچێهر ئاته‌شی ته‌نیا چه‌ند نموونهیانن.
خووزستان مه‌ڵبه‌ندی خه‌باتی كرێكارییه كه بوو به‌هۆی ڕووخانی ڕژیمی پاشایه‌تی له ئێران. خووزستان ده‌توانێ هاوڕێ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران، هاوهه‌نگاو له‌گه‌ڵ كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانی باقیی شوێنه‌كانی ئێران پشتی حكوومه‌تی ئیسلامی بشكێنن، هه‌روه‌ك چۆن پشتی حكوومه‌تی محه‌ممه‌دڕه‌زا شای په‌هله‌وییان شكاند.
پێویسته خه‌ڵكی شه‌ریف و زه‌حمه‌تكێشی باقیی شوێنه‌كانی دیكه‌ی ئێران به هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه ده‌توانن له خواست و خه‌باتی ڕه‌وا و ئینسانیی خه‌ڵكی خووزستان پشیتوانی بكه‌ن.