کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پێویستیی هاوڕێیه‌تی و هاوئاهه‌نگیی بزووتنه‌وه‌ پێشڕه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمان

photo 2021 12 14 11 31 01

به‌یانیی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٢٢ی مانگی سه‌رماوه‌ز له‌ پتر له‌ ١٠٠ شاری ئێران موعه‌لیمان له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌ی به‌رین خوازیاری وەدیهێنانی خواسته‌كانیان بوون. موعه‌لیمانی ناڕازی له‌ تاران له‌ به‌رامبه‌ر مه‌جلیس و له‌ باقیی ئۆستانه‌كان و شاره‌كان له‌ به‌رامبه‌ر بینای ئامووزش و په‌روه‌رشی شوێنی نیشته‌جێ بوونیان ده‌ستیان دایه‌ كۆبوونه‌وه‌. گرینگترین خواستی موعه‌لیمان بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی ڕیزبه‌ندی به‌پێی ٨٠ له‌سه‌دی مووچه‌ی هه‌یئه‌تی زانستیی زانكۆكان و هاوسانسازیی مووچه‌ی خانه‌نشینانه‌. مه‌ئموورانی ئه‌منییه‌تی له‌ تاران هێرشیان كرده‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی موعه‌لیمان و به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و توندوتیژیی هه‌وڵیان دا كۆتایی به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بێنن.

“شۆرای هاوئاهه‌نگیی ڕێكخراوی پیشه‌یی موعه‌لیمانی ئێران” له‌ ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی بڕیارنامه‌ی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری ڕایگه‌یاند كه‌ ساڵه‌هایه‌ موعه‌لیمانی ئێران لەپێناو وه‌دیهێنانی فێركاریی بێبه‌رامبه‌ر و ستاندارد و عادڵانه‌ بۆ خوێندكاران و باشتر كردنی باروودۆخی پیشه‌یی و پێگه‌ی موعه‌لیمان تێده‌كۆشن و له‌م ڕێگایه‌دا هه‌زینه‌ی فراوانیان داوه‌. له‌ درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ ئه‌گه‌ر ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات پێیان وایه‌ كه‌ به‌ ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ڕه‌سووڵ بۆداقی نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تیی ده‌وره‌یی شۆرای هاوئاهه‌نگی،  به‌ دادگایی كردنی جه‌عفه‌ر ئیبراهیمی به‌رپرسی شۆرای هاوئاهه‌نگی و به‌ دانه‌ به‌ر توندوتیژیی ئامانج ئه‌مینی و به‌ زیندانی كردنی محه‌ممه‌د ڕه‌زا ڕه‌مه‌زان زاده‌، ئیسماعیل عه‌بدی و مێهدی فه‌تحی ده‌توانن ڕه‌وتی مافخوازیی ڕابگرن، یه‌كجار له‌ هه‌ڵه‌ دان. ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ له‌ كۆتاییدا ته‌ئكیدی كردووه‌ كه‌ بێگومان سەرکەوتن و وەدیهاتنی داخوازییەکان لە گرەوی هاوپشتی و یەکگرتوویی سەرتاسەریی ئێمە دایە و داوای لە هەموو موعەلیمان کردووە کە بۆ وەدیهێنانی داخوازییەکانیان بە بانگهێشتەکانی داهاتووی شۆرای هاوئاهەنگی پەیوەست بن.

ئاشکرایە کە ئەوە تەنیا موعەلیمان نین کە کەوتوونەتە ژێر گوشاری بەردەوامی ڕژیمەوە. گوشاری سەر موعەلیمان بەشێکە لە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی هەمەلایەنە کە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دادەسەپێت. ڕۆژ نییە هەوڵی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان نەبیستین. زۆربەی دەستبەسەرکراوانی ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ هەروا باروودۆخیان نادیارە و لە زیندانەکاندا ڕاگیراون. دەیان هەڵسووڕاوی کرێکاریی خەباتکار دژبە چەوسانەوە و بێ مافیی کرێکاران، دەیان چالاکی ژینگەپارێز، دەیان ژنی ئازادیخوازی ڕێگای بەرابەری، هەروا لە سیاچاڵەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا بەدیل گیراون. کۆماری ئیسلامی لەگەڵ چالاکانی هەموو بوارەکانی خەباتی سیاسی و مەدەنی لە ئێران دوژمنە و هەموو ئامرازە دژەمرۆییەکانی بۆ کپ کردنی دەنگیان بەکار دێنێت.

بەڵام لەو نێوەدا ترس و نیگەرانی و بەشوێنیدا کینە و نەفرەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەو بزووتنەوانەی کە ڕێکخراون و لە ئاستی سەرتاسەریدا هاوئاهەنگن، پێگەیەکی تایبەتی هەیە. بزووتنەوەی موعەلیمانی ئێران کەم و زۆر لەم جۆرەیە. مانگرتن و کۆبوونەوەکانی موعەلیمان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر سەرتاسەری و هاوئاهەنگ بوون و لە لایەن “ناوەندە پیشەییە خۆجێییەکان” و “شۆرای سەرتاسەریی موعەلیمان”ەوە هیدایەت کراون.  هەستیاربوونی کۆماری ئیسلامی لەئاست چالاکانی بزووتنەوەی موعەلیمان و ئەوەیکە بەمجۆرە بێبەزەیانە دەست دەداتە سەرکوت کردنیان، لە دوو تایبەتمەندیی ئەم بزووتنەوەیەوە سەرچاوە دەگرێت:

یەکەم،  هەروەک  ئاماژەی پێکرا، حەرەکەتە ناڕەزایەتییەکانی موعەلیمان ڕێکخراو و سەرتاسەرین. “شۆرای هاوئاهه‌نگیی ڕێكخراوی پیشه‌یی موعه‌لیمانی ئێران”، لەخۆگری پتر لە ٤٠ ساڵ ڕێکخراوی ئۆستانی و شارستانییە. ئەم ڕێکخراوە ئەرکی خۆی هاوئاراستە و هاوڕێ کردنی ناوەند و ئەنجومەنە پیشەییەکانی موعەلیمان لە ئاستی سەرتاسەریی ئێران پێناسە کردووە. لەئێستادا موعەلیمان لە چوراچێوەی ڕێکخراوی خۆجێیی و سەرتاسەریی خۆیاندا ڕێکخراوترین بەشی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستای  ئێرانن. هەر بەهۆی ئەم تایبەتمەندییە، ئەم بزووتنەوەیە ئەو توانایەی هەیە کە ڕژیم بۆ وەدیهێنانی خواستەکانی بخاتە ژێر گوشاری جیددیترەوە.

دووهەم، ترسی ڕژیم لە ڕەوتی چارەهەڵنەگری چوونەسەرەوەی ئاستی داخوازییەکانی بزووتنەوەی موعەلیمان و پەرەسەندنی لەناو کۆمەڵگادا. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا شایەدی ئەوە بووین کە لە پەنا خواستی ڕەوای وەک بردنەسەرەوی مووچە، ڕەسمی کردنی موعەلیمانی حەقولتەدریسی، پێڕاگەیشتن بە باروودۆخی ژیانی موعەلیمانی خانەنشینکراو و گەلێک خواستی پیشەیی دیکە، درووشم و داخوازییەکانی وەک: فێرکاریی بێبەرامبەر، نەمانی مەدرەسەی پووڵی و کاڵایی بوونی فێرکاری، ئیمەن کردنی مەدرەسەکان، ناڕەزایەتی لەئاست ناوەرۆکی کێتبە دەرسییەکان، پێداگری لەسەر خوێندن بە زمانی دایک  لە لایەن موعەلیمانەوە هاتووەتە گۆڕێ. بێگومان ئەمانە ئەو درووشم و داخوازییانەن کە خەسڵەتی سیاسی بە بزووتنەوەی پیشەیی موعەلیمان دەبەخشن و بەشێوەی بابەتی ئەم بزووتنەوەیە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەوانە بزووتنەوەی کرێکاری نزیک دەکاتەوە. نیگای ئەمنییەتی ڕژیم نیسبەت بە بزووتنەوەی موعەلیمان لەم توانا زاتیانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم توانایەش لە سەرتاسەری بوونی ئەم بزووتنەوەیە و لە بوونی بەستێنی گونجاو بۆ پەرەسەندنی درووشم و داخوازییەکاندا خۆی نیشان دەدات. کۆماری ئیسلامی کە متمانەبەخۆیی لەدەست داوە، لە ترسی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هەر حەرەکەتێکی ناڕەزایەتیی  سەرتاسەری کەوتووەتە لەرزە و هەر ئەم خۆفەی ڕژیمیش بەرەو کردەوەی سەرکوتگەرانەی دەبات و ئەوەش بێگومان خۆی بەشێوەی بابەتی و کردەوەیی، خەسڵەتی سیاسی دەبەخشێتە بزووتنەوەی موعەلیمان. گوشاری ڕۆژانی ڕابردوو دژبە موعەلیمانی خەباتکار و پەرەسەندنی ڕەشبگیرییەکانن لەڕاستیدا کردەوی بەرگرانەن بۆ ڕێگری لە قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی زیاتری بزووتنەوەی سەرتاسەریی موعەلیمانی ئێران. بەڵام ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی لە یەکێک لە قەیراناویترین باروودۆخەکانی تەمەنی خۆیدا بەسەر دەبات. ئەم ڕژیمە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ جەماوەری وەگیان هاتوو بەرەوڕوو بووەتەوە. هەر ئەم واقعییەتە وزە و توانای زیاتر بە بزووتنەوەی موعەلیمان دەبەخشێت و ڕێگا بۆ جێ خستن و ڕادیکاڵ کردنی ڕێکخراوی موعەلیمان و هاوڕێیەتی و هاوئاهەنگی لەگەڵ باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە.