ڕۆژی دووشه‌ممه به بۆنه‌ی ٨ی مارسی ئه‌مساڵ، ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر باروودۆخی ژنانی ڕۆژنامه‌وان له ١١٢ وڵاتی جیهان بڵاوكرده‌وه و ٤٠ وڵاتی وه‌ك “مه‌ترسیدار یان یه‌كجار مه‌ترسیدار” بۆ ژنانی میدیاكار وه‌سف كرد. له پێشه‌كیی ئه‌م ڕاپۆرته‌دا كه له‌ژێرناوی ” ڕۆژنامه‌وانی له‌به‌رامبه‌ر سێكسیسم” بڵاوكراوه‌ته‌وه هاتووه كه: “ڕۆژنامه‌وانی پیشه‌یه‌كی پڕمه‌ترسییه. به‌ڵام مه‌ترسییه‌كان زیاتر هه‌ڕه‌شه له ڕۆژنامه‌وانانی ژن ده‌كه‌ن. ژنان سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه چارهههڵنهگرهكانی پیشه‌ی ڕۆژنامه‌وانی، له‌گه‌ڵ توندوتیژیی ڕه‌گه‌زی و سێكسیش به‌ره‌وڕوون“.
ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور له درێژه‌دا ده‌نووسێ “مه‌ترسیی ئازاری ڕه‌گه‌زی و سێكسیی ته‌نیا هه‌ڕه‌شه له‌و ڕۆژنامه‌وانانه ناكات كه له شوێنه جۆراوجۆره‌كان خه‌ریكی ئاماده كردنی ڕاپۆرتن، به‌ڵكوو له‌ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌ناو ئینتێرنێت و ته‌نانه‌ت له شوێنی كاره‌كه‌شیان ئه‌م مه‌ترسییه بوونی هه‌یه”. كه‌سانێك كه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر كراوه ده‌رباره‌ی ئازاره ڕه‌گه‌زی و سێكسییه‌كان ده‌ڵێن كه ٧٣ له‌سه‌دی ئازاره‌كان له فه‌زای ئانلاین و له ڕێگه‌ی ئیمهیل و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ٥٨ له‌سه‌د به‌شێوه‌ی فیزیكی له شوێنی كار، ٤٧ له‌سه‌د له ڕێگه‌ی ته‌له‌فون، ٣٦ له‌سه‌د به شێوه‌ی فیزیكی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، ١٥ له‌سه‌د به نامه و ١٣ له‌سه‌د به‌شێوه‌ی فیزیكی له‌ناو ماڵ، ئه‌نجام دراون. له‌و ڕاپۆرته ٣٧ لاپه‌ڕه‌یه‌دا له‌سه‌ر زاری “رانا ئه‌یووب” ڕۆژنامه‌وانی هێندی كه ڕاپۆرت و لێكۆڵینه‌وه‌كانی به‌ناوبانگن، هاتووه كه “ئه‌و هه‌موو ڕۆژێ له ڕێگه‌ی ئینترنێته‌وه په‌یامی هه‌ڕه‌شه به ده‌ستدرێژی و مه‌رگی پێده‌درا“.
شوێنی كاری ژنانی ڕۆژنامه‌وان كه پێویسته شوێنێكی ئه‌من بێت، دووهه‌مین شوێنێكه كه له‌م ڕاپۆرته‌دا وه‌ك شوێنی تێكه‌ڵ به ئازاری جنسی باسی لێكراوه.
ڕێكخراوی هه‌واڵنێرانی بێ‌سنوور هه‌روه‌ها ده‌نووسێ كه له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌ی “ئه‌منیش یان MeToo” ئه‌م حه‌قیقه‌ته كه “ژنانی ڕۆژنامه‌وان له یه‌كه‌م كه‌سه‌كان بوون كه بوێرانه ده‌ستدرێژی و ئازاره‌كانیان له‌قاودا، به‌هێزتر بوو و په‌ره‌ی سه‌ند“. به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، ٨٥ له‌سه‌دی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پرسیاریان لێكراوه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه به‌خشینی سزای كه‌سانی تاوانبار، ده‌بێته‌وه هۆی دووپات بوونه‌وه‌ی توندوتیژی ڕه‌گه‌زی و هه‌ر ئه‌م ژنانه و یان ژنانی دیكه ده‌بنه‌وه قوربانیی هه‌ر ئه‌م كه‌سانه.
ئاشكرایه كه ئێران یه‌كێك له نائهمنیترین وڵاته‌كانی جیهانه بۆ ژنان، لهبهرئهوهیكه ژنان تێیدا له‌گه‌ڵ توندوتیژیی سیستماتیكی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داریی ئیسلامی به‌ره‌وڕوون. ئه‌گه‌رچی هیچكات ئامارێكی ڕاسته‌قینه له‌م بواره‌دا بوونی نه‌بووه به‌ڵام هه‌وڵی لێكۆڵه‌ران به‌شێوه‌ی جیاواز، سه‌لمێنه‌ری زۆرێك له ڕاستییهكانن. ساڵی ٩٨ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ژێرناوی “هه‌واڵنێرانی ژنی ئێرانی و ئازاره جنسییه‌كان” له بی بی سیی فارسی بڵاوكرایه‌وه، كه بنه‌مای ئه‌م ڵێكۆڵینه‌وه‌یه ئه‌زموونی ژنانی هه‌واڵنێر بوو. یه‌كێك له هه‌واڵنێران وتبووی كه “ئه‌م بابه‌ته بۆ ئه‌و تازه نییه. فه‌زای میدیایی له ئێران یه‌كجار چكۆله‌یه و هه‌واڵه‌كان به خێرایی بڵاو ده‌بنه‌وه به‌ڵام زۆربه‌ی جاره‌كان ئه‌م هه‌واڵانه له‌ناو كه‌سانی فه‌نی و میدیایی دا ده‌مێنێته‌وه و له ترسی ئابڕووچوون و له‌ده‌ست دانی پێگه، بۆ ده‌ره‌وه دزه ناكه‌ن. هێندێك جاریش كه هه‌واڵه‌كان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رانی میدیاكان داوایان له كه‌سه‌كان كردووه كه به‌خاتری “پاراستنی ئابڕوو” پۆستی پێوه‌ندیدار به‌م ڕووداوانه له ئێكانتهكهیان بسڕنه‌وه”. تاوانبار كردنی ژنان و په‌یوه‌ند دانی پێشكه‌وتنی كارییان به قیافه و ڕووخساریان، كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی ژنانه. خاڵی جێگای سه‌ره‌نج ئه‌وه‌یه كه یه‌كێك له‌و هه‌واڵنێرانه‌ی كه وتووژی له‌گه‌ڵ كرابوو وتبووی كه “هێندێك كه‌س كه قه‌راره وت‌ووێژیان له‌گه‌ڵ بكرێ، ده‌زانن كه پێویستمان پێیانه، هه‌ربۆیه خۆیان یه‌كجار لێمان نزیك ده‌كه‌نه‌وه و خۆیان به‌سه‌ر ههواڵنێرهكهدا ده‌سه‌پێنن. هێندێكیان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن كه ده‌ستیان له‌گه‌ڵ لێبده‌ینه‌وه و یه‌كجار لێیان نزیك بینه‌وه. هێندێكیشیان هه‌ڵسووكه‌وتی سه‌میمانه‌ی ئێمه ده‌كه‌نه بیانوویه‌ك بۆ خۆنزیك كردنه‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ریان“.
ئه‌و هه‌واڵنێرانه‌ی كه ئه‌م ههڵسووكهوتانهیان له‌گه‌ڵ كراوه ده‌ڵێن: “سه‌یر ئه‌وه‌یه كه زۆر كه‌س لای وایه ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ ئه‌م كاره‌یان نییه. به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندی گرتن بێ پرس له تێلێگرام و باقیی شوێنه مه‌جازییه‌كان، له ڕوانگه‌ی زۆرێكه‌وه موزاحیمه‌ت نییه”. ڕه‌نگبێ وێبچێت كه له‌چاو جه‌نایه‌ت و توندوتیژییه‌كانی كۆماری ئیسلامی دژبه ژنان به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، ئه‌مجۆره لێكۆڵینه‌وانه كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاویان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا نه‌بێت. به‌ڵام گرینگیی ئه‌مجۆره ڕاپۆرتانه ئه‌وه‌یه كه تێیاندا هه‌وڵ ده‌درێ بواره جۆراوجۆره‌كانی دیكه‌ی توندوتیژی دژبه ژنان شیبكرێته‌وه. به‌داخه‌وه ئێمه ته‌نیا له‌گه‌ڵ شێوازێك له توندوتیژی دژبه ژنان به‌ره‌وڕوو نین. ئه‌سید پژاندن، دستدرێژیی سێكسی، قه‌تڵی نامووسی، ده‌ستدرێژی له ئاستی بنه‌ماڵه و كه‌سوكار، خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان، ئازاری جنسی، ده‌ستماڵی كردن، مهتهڵهك پێدادان، خستنه ژێر چاوهدری، نه‌زه‌ر دان سه‌باره‌ت به قیافه و ڕوخساری ژن، سنووردار كردنی هه‌رچی زیاتری ئیمكاناتی گشتی، هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی له زانكۆ و شوێنه گشتییه‌كان، سنووردار كردنی لقه‌كانی خوێندن له زانكۆ، ڕێگری له سه‌فه‌ر كردن به بێ ئیزنی سه‌رپه‌رست، سیغه، ژنانهكردنی هه‌ژاری، كاری ناوماڵ و ده‌یان جۆری دیكه، شێوازه جۆراوجۆره‌كانی توندوتیژی و سهكوتن دژبه ژنان كه بێگومان، به شیكردنه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری ئه‌م ئازارانه ده‌كرێ ڕێگا بۆ هێنانه مه‌یدانی ژنان و پیاوانی ناڕازی و تووڕه‌ی كۆمه‌ڵگا خۆش بكرێ. كاتێك كه به‌شێوه‌ی گونجاو له‌ئاستی كۆمه‌ڵگادا باسی توندوتیژیی نه‌رم و به‌ڕواڵه‌ت كه‌مڕه‌نگ كرابێ، ده‌كرێ ئه‌وپه‌ڕی دژه‌مرۆیی بوونی توندوتیژییه‌كانی دیكه له‌وانه قه‌تڵی نامووسی و كچكوژی، به كۆمه‌ڵگا بناسێندرێ. كۆماری ئیسلامی له هه‌موو ئه‌م ساڵانه‌دا هه‌وڵی داوه تا له ڕێگه‌ی نۆرماڵیزه كردنی توندوتیژییه به‌رین و دژهمرۆییهكان، په‌رده به‌سه‌ر باقیی توندوتیژییه باوه‌كانی دیكه دابدات. بێگومان، ئه‌ركی سه‌ر شانی چالاكانی ڕادیكاڵی مافی ژن و باقیی بزووتنه‌وه پێشكه‌وتووه‌كانه كه پرۆسه‌ی نۆرمالیزه كردنی توندوتیژی و شێوازه جۆراوجۆره‌كانی ئاشكرا بكه‌ن و ناڕه‌زایه‌تی و تووڕه‌یی گشتی دژبه‌م توندوتیژیانه كاناڵیزه بكه‌ن. ته‌نیا له ڕێگه‌ی په‌ره‌پێدان به باسه‌كانی پێوه‌ندیدار به توندوتیژی سه‌خت و نه‌رم دژبه ژنان، شێوازه گونجاوه‌كانی موقاومه‌ت و ڕێكخستنی ژنان شكڵ ده‌گرێت.