هیچ حه‌فته‌یه‌ك نییه كه ڕاپۆرت و ئاماری نوێ له په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری و فه‌لاكه‌ت له‌ناو كۆمه‌ڵگادا بڵاو نه‌كرێته‌وه. دوایین ئاماری بڵاوكراوه له سایتی “تجاره‌ت نیوز” باس له‌وه ده‌كات كه له ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ڕێژه‌ی هه‌ژاری له ناوچه گوندنیشینه‌كان ٢ به‌رابه‌ر بووه و له ناوچه شارنشینهكانیش ئه‌م ڕێژه‌یه ٦٠ له‌سه‌د په‌ره‌ی سه‌ندووه. به پێی هه‌ر ئه‌م ڕاپۆرته ٨ ملیۆن هاووڵاتی له كه له “چینی مامناوه‌ند“دا ده‌سته‌به‌ندی ده‌كران، له ئێستادا بوونه‌ته “چینی مامناوه‌ندی خواره‌وه”. نوێترین ڕاپۆرتی ناوه‌ندی ئامار له ڕێژه‌ی ڕه‌سمیی تهوهرۆمی نوقتهیی كه مامناوه‌ندی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی كاڵاكان و خزمه‌تگوزارییه یه‌كسانه‌كان له ماوه‌ی یه‌كساڵدا نیشان ده‌دات، له ساڵی ١٣٩٩دا گه‌یشتووه‌ته ٤٨ و ٧ دههۆمی له‌سه‌د. به پێی ئه‌م ڕاپۆرته ده‌ركه‌وته‌ی قیمه‌تی خوارده‌مه‌نییه‌كان نزیكه‌ی ٢٠ له‌سه‌دی ئه‌م ڕه‌قه‌مه‌یه. له ناو خوارده‌مه‌نییه‌كاندا، قیمه‌تی ڕۆن ١٠٥ و ٩ دههۆمی له‌سه‌د، میوه و ویشكهبار ٨٤ و ٢ دههۆمی له‌سه‌د، شیر و په‌نیر و هێلكه ٧٩ و ٤ دههۆمی له‌سه‌د، به‌رز بووه‌ته‌وه. له ڕۆژانی كۆتایی ساڵدا وه‌زاره‌تی سه‌نعه‌ت، مه‌عده‌ن و تجاره‌ت له نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگه‌یاند كه قیمه‌تی برینج ١٢٣ له‌سه‌د و قیمه‌تی مریشك ٧٧ له‌سه‌د له چاو هه‌ر ئه‌م مانگه له ساڵی ڕابردوو زیادی كردووه.
هه‌ر ئه‌م وه‌زاره‌تخانه‌یه له ڕاپۆرتێكی دیكه‌دا كه هه‌ڵسه‌نگاندنێكی له نێوان مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ و ٩٩دا ئه‌نجام دابوو، ڕایگه‌یاند كه قیمه‌تی هێندێك له ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان، به‌رهه‌مه‌كانی بێستان، میوه، دانه‌وێڵه و برینج له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٩دا له‌چاو ده‌ركه‌وته‌ی قیمهتهكان له خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، له نێوان ٢٠٠ تا ٤٥٠ له‌سه‌د چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی به‌خۆوه بینیوه. له مانگی به‌فرانباریشدا ناوه‌نده‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی مه‌جلیسی ڕژیم باسی له دابه‌زینی سه‌رانه‌ی خواردنی گۆشت بۆ ٢٥ گره‌م كرد و هاوكات نوێنه‌رێكی مه‌جلیس له‌سه‌ر زاری دیوانی موحاسبات باسی له گوم بوونی نیوه‌ی پێداویستیی ئاژه‌ڵه‌كان به ئه‌رزشی ٢ ملیارد و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار كرد. بێگومان، ئاماره بڵاوكراوه‌كان له لایه‌ن ناوه‌نده دهوڵهتییهكانهوه ڕاست نین و یه‌كجار كه‌متر له ئاماری واقعین، به‌ڵام به پێی هه‌ر ئه‌م ئامارانه لانیكه‌م ٢٨ ملیۆن كه‌س له جه‌معییه‌تی ئێران تووشی بهدخوراكیی و كه‌مبوونی كالۆری بوون. به‌مجۆره ده‌رده‌كه‌وێ كه چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ٣٩ له‌سه‌دیی لانیكهمی حه‌قده‌ست بۆ كرێكارانێك كه حه‌قده‌ستی پایه وه‌رده‌گرن، چ هێرشێكی وه‌حشیانه‌یه بۆسه‌ر ژیان و بژێوی ملیۆنان مرۆڤی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش.
دواهاتی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی قیمه‌تی كاڵا سه‌ره‌كییه‌كان و هاوكات دیاری كردنی لانیكهمی حه‌قده‌ستی دوو ملیۆن و ٦٥٠ هه‌زار تمه‌ن، په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاریی ملیۆنییه له ئاستی كۆمه‌ڵگادا. به‌رپرسی باڵای به‌ناو نوێنه‌ری كرێكارانی سه‌ربه شۆرای باڵای كاری ڕژیم وێڕای ئاماژه به دابه‌زینی ئاستی بژێوی كرێكاران له هێڵی هه‌ژارییه‌وه بۆ هه‌ژاریی تۆخ ڕایگه‌یاند كه “به‌خاتری نه‌بوونی هیچ جۆره پشتیوانییه‌ك له توێژی كرێكار و زیانههڵگری كۆمه‌ڵگا، زیندوو مانه‌وه یه‌كه‌مین ئه‌وله‌وییه‌تی ئه‌وان ده‌بێت“.
ئه‌م هه‌ژارییه له‌تاقه‌ت به‌ده‌ره بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه بازاڕی فرۆشی ئه‌ندامه‌كانی له‌ش له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا ڕه‌ونه‌ق بگرێت. هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه چاوێك له تابلۆی ئاگاداریی په‌نا ده‌رگای نه‌خۆشخانه‌كان بكه‌ین تا له پانتایی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م بازرگانییه دژه مرۆییه بگه‌ین. لێره‌دا ته‌نیا هه‌ژارترین مرۆڤه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا نین كه بۆ تێر كردنی زگی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كه‌یان ناچارن ده‌ست بده‌نه فرۆشتنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شیان، لێره جه‌معییه‌تی ملیۆنیی په‌نابه‌ران، به‌تایبه‌ت هه‌زاران منداڵ كه به به‌هۆكاری یاسای دژه په‌نابه‌ری، ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌یه‌كی پێناسیان نییه، به ئاسانی ده‌بنه ئامانجی قاچاغچیانی ئه‌ندامانی له‌ش. هێندێك جار بیندراوه كه بنه‌ماڵه‌ی منداڵانی ڕفێندراو، ته‌نانه‌ت له ترسی ده‌ركران نه‌یانوێراوه سه‌ردانی ناوه‌نده ده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌ن. بێگومان فرۆشتنی ئه‌ندامانی له‌ش، ڕوخسارێكی دیكه‌ی ئه‌و هه‌ژاری و فهلاكهتهیه كه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا زاڵه و ڕۆژبه‌ڕۆژ په‌ره ده‌ستێنێت و ئه‌م بازرگانییه دژه‌مرۆییه قوربانیانی زیاتری لێده‌كه‌وێته‌وه.
له‌م باروودۆخه‌دا كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم بێشه‌رمانه دێنه به‌ر دووربینه‌كان و باس له “گه‌شه‌ی ئابووری” ده‌كه‌ن. به‌ڕاستی له جه‌رگه‌ی هێرشی وه‌حشیانه‌ی كۆرۆنا و بێ كهفایهتیی ڕژیم له كۆنتڕۆڵ كردنی ئه‌م په‌تایه‌دا، كێ باوه‌ڕ به‌و درۆودهلهسانهیان ده‌كات. كاتێك ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌كانی مه‌جلیس باس له كه‌مبوونه‌وه‌ی یه‌ك ملیۆن پیشه له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا ده‌كات، كاتێك وه‌زاره‌تی كاری ڕژیم ڕایده‌گه‌یه‌نێ كه پیشه‌ی لانیكه‌م ٦ ملیۆن كه‌س له ده‌ستپێكی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆناوه هه‌تا ئێتستا زیانی به‌ركه‌وتووه، كاتێك ملیۆنان مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌یكه برسییه‌تی له پێیان نه‌خات، ناچار ده‌بن له نائه‌منترین شوێنه‌كان كار بكه‌ن، كاتێك هه‌زینه‌ی سه‌به‌دی بژێو گه‌یشتووه‌ته ١٠ ملیۆن تمه‌ن، خه‌ڵك چۆن ده‌توانێ باوه‌ڕ بكات كه “گه‌شه‌ی ئابووری” ڕوویداوه. به‌ڵام خه‌ڵك به‌ڕوونی ده‌بینن له باروودۆخێكدا كه لانیكهمی حه‌قده‌سته‌كان، چوار به‌رابه‌ر له خوار هێڵی هه‌ژارییه، ڕژیم له بوودجه‌ی ساڵی داهاتووی دا، ٢ هه‌زار و ١٤ ملیارد تمه‌نی به ٦ ناوه‌ندی په‌ره‌پێده‌ری كۆنه‌په‌رستی و دواكه‌وتووترین بیر و باوه‌ڕی خورافی ته‌رخان كردووه. هه‌ڵبه‌ت له جه‌رگه‌ی ئه‌م هه‌ژارییه بێسنووره‌دا هیچ ڕۆژێك نییه كه هه‌واڵی دزیی كهڵانی كاربه‌ده‌ستانی ڕژیم و ده‌ست و پێوهندهكانیان نه‌بیسترێ.
ئه‌وه‌یكه له‌م باروودۆخه فهلاكهتبارهدا و له جه‌رگه‌ی هێرشێك كه بۆ سه‌ر سفره‌ی ملیۆنان مرۆڤ كراوه، كۆمه‌ڵگا شایه‌دی ناڕه‌زایه‌تیی به‌رده‌وامی كرێكاران، موعه‌لیمان، خانه‌نشینكراوان و په‌رستارانه، خۆی به‌رچاوترین هێمای كاریگه‌ر نه‌بوونی درۆودهلهسهكانی سه‌رانی ڕژیم و هاوكات، بوونی پۆتانسیه‌لێكی ئاڵوگۆڕخوڵقێنی مه‌زنه له ناخی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا. خه‌ڵك له ژیانی ڕاسته‌قینه‌یاندا ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر به‌م حه‌قیقه‌ته ده‌گه‌ن كه ڕێگای ڕزگاری له‌م باروودۆخه فهلاكهتباره، په‌ره‌پێدانی ناڕه‌زایه‌تی، هاتنه سه‌ر شه‌قام، مانگرتن له كارخانه و ناوه‌نده‌كانی سه‌نعه‌ت و به‌رهه‌مهێنان و ئاماده‌كاریی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌م ڕژیمه. پێویسته پێشڕه‌وانی ڕادیكاڵی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌موو هێز و توانای خۆیان بۆ هێنانه مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك و كۆتایی هێنان به ته‌مه‌نی ڕژیمی سه‌رمایه‌داریی ئیسلامی به‌كار بێنن. بێگومان قۆناغی پاش كۆرۆنا قۆناغی هاتنه مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و هه‌ژارانی كۆمه‌ڵگا ده‌بێت.