ئیلنا، ڕایگەیاند کە بڕیار بوو ئەمڕۆ، دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمە، کۆمیتەی مووچەی شۆڕای باڵای کار کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەیان خستووەتە سبەینێ سێشەممە. بە وتەی هەواڵنێرەکەی ئیلنا کۆبوونەوەکەی سبەینێ ئەگەر بەڕێوەش بچێت، کۆبوونەوەیەکی جددی نابێت و وەک هەمیشە ڕاگەیاندنی لانیکەمی حەقدەست دەخەنە دواین ڕۆژەکانی مانگی ڕەشەمە. کەسانی ئاگادار لەو بابەتە نووسیویانە، بڕی زیادکردنی لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی داهاتوو، زیاتر لە ٣٠ لەسەد نابێت. واتە لانیکەمی حەقدەستی کرێکارێکی بەرکەوتووی یاسای کار، مانگانە ١١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە نرخی دۆلار، ڕۆژی ڕابردوو گەیشتە ٩٢ هەزار تمەن و پێشبینی دەکرێت تا سەرەتای ساڵی نوێ بگاتە ١٠٠ هەزار تمەنیش. بە بڕوای یەکێک لە ئەندامانی پێشووی کۆمیتەی حەقدەست، بەپێی بەراوردی ئاستی هەڵاوسان و سەبەتەی بژێوی ئێستا، لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی ساڵی داهاتوو، دەبێ ٥٠ ملیۆن تمەن بێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەکانی ساڵانی ڕابردوو کرێکاران و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاری، هیوایەکی ئەوتۆیان بە کۆمیتەی باڵای کار نییە کە حەقدەستێکی گونجاو بۆ مووچەخۆران دیاری بکات. چونکە ئەم ئۆرگانە دەوڵەتییە، بە ئاشکرا لە خزمەت سەرمایەدارانی کەرتی گشتی و تایبەتدایە.
بەهۆی پرشوبڵاوی خەباتی کرێکارییەوە، نوێنەرانی حکومەت و خاوەنکارەکان لە کاتی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستدا، جگە لە هەندێک بۆڵەبۆڵی بێکاریگەری نوێنەرانی ڕێکخراوە دروستکردەکانی دەوڵەت، هیچ گوشارێک لەلایەن کرێکارانەوە هەست پێناکەن. نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بابەتێکی بژێوییە، لە خەباتی چینایەتی لەگەڵ خاوەنانی سەرمایە و حکومەتیشدا، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت.
واقیعییەتئەوەیەکەڕژێمیکۆماریئیسلامیوبەگشتیسیستەمیسەرمایەداریئێران،لەداویقەیرانێکیئابووریهەمەلایەنەداگرفتاربووەووەکهەمیشەبۆکەمکردنەوەیئەمقەیرانە،دەستدەباتبۆبەردەستترینئامڕازکەبریتییەلەپەرەپێدانیچەوساندنەوەیکرێکاران.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی،” هاوسەنگییەکی هێزی گونجاوی لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتی ئیسلامیدا دروست کردووە کە ئاکامەکەی لە سەپاندنی جلوبەرگی ئیختیاری بەسەر ڕژێمدا لەلایەن ژنانی خەباتگێڕەوە، سەپاندنی بەڕێوەبردنی ئازادانەی هەر جۆرە ڕێوڕەسمێکی ئاشکرا لەلایەن دادخوازانەوە، سەپاندنی ڕێوڕەسمە شکۆدارەکانی نەورۆز بەتایبەت لە کوردستان، سیاسیتربوونی کۆبوونەوەکانی کرێکاران، خانەنشینان و گەلێک بابەتی دیکەدا بە ئاشکرا دەبینرێت. ئاشکرایە کە هەڵسووڕاوانی کرێکاری لەسەر بەستێنی هاوسەنگییەکی ئەوتۆ دەتوانن لە خەبات و مانگرتنە کرێکارییەکاندا خواستی زیادکردنی حەقدەست و باشکردنی بژێوی ژیان، هەماهەنگ و یەکگرتووتر بکەن. کرێکارانی یەکگرتوو بە یەکخستنی خەبات و ناڕەزایەتییە بەردەوام و بەربڵاوەکانی خۆیان دەتوانن هەلومەرجێکی باشتری کار و ژیان بەسەر ڕژێم و چینی سەرمایەداری ئێراندا بسەپێنن. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و خاوەنکارەکانی دەوروبەری حکوومەت، کە دەستیان بەسەر سەرچاوەکانی سامانی ئەم کۆمەڵگایەدا گرتووە، تا ئەو کاتەی کە نەکەونە ژێر گوشاری خەباتی یەکگرتووانە و سەرانسەری کرێکاران، هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ لە ژیانی کرێکاران و بنەماڵەکانیاندا پێک نایەت. پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئێران لە ڕووی سەروەت سامانەوە دەیەمین وڵاتی جیهانە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و هەموو ئەو سەرمایەدارانەی کە بە دەوری ئەم ڕژێمەوەن، بە تاڵان و بڕۆی ئەم سامانە و چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزانی ژنان و پیاوانی کرێکار، توانیویانە سەرەوتێکێ زۆر کەڵەکە بکەن. بێگومان ئەوان لە غیابی بزووتنەوەیەکی کرێکاری بەهێزدا، لەسەر درێژەدان بە تاڵان و بڕۆ و پاراستن و بەهێزکردنی دەزگای سەرکوت هەروا بەردەوام دەبن. ئەوان توانیویانە بە پشتبەستن بە لەشکری ملیۆنی بێکاران، هەژاری و دووبەرەکی و هەروەها بە پشتبەستن بە زیندان و هێزی دادوەری، سەختترین هەلومەرجی کاری و حەقدەستی کەم بەسەر کرێکاراندا بسەپێنن. لەو هەلومەرجەی ئێستادا کە چینی کرێکار و نەوەی داهاتووی، لە مەترسی لەناوچووندان، تەنها بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی داواکاری تەوەری بەهێز دەتوانرێت پێش بەم لەناوچوونە بگیرێت. ئاکامی بزووتنەوەیەکی لەو چەشنە لە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا، دەتوانێت ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی لێ بکەوێتەوە. بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی داواکاری تەوەری بەهێزیش پێویستە ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانەی ئێستا، لەم دۆخی پەرشوبڵاوییە دەربێن. پێویستە داواکارییە بەپەلە و هەنووکەییەکانی چینی کرێکار ببێتە پرسی هەموو کرێکارانی لەسەرکار و بێکار، کرێکارانی ژن و پیاو، کرێکارانی شارەزا و ئاسایی و کرێکارانی گرێبەستی و فەرمی، لە ئاستێکی سەرانسەریدا. دەستەبەربوونی ئەم بابەتەش پەیوەستە بە بەرفراوانکردنی پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەڵسووڕاوانی کرێکاریی لە ئاستی سەرانسەریدا. بە بەشداری و ڕۆڵی چالاکانە لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئێستای کرێکاران و بەهێزکردنی هەستی هاوپشتی چینایەتی لەم خەباتانەدا، دەتوانرێت هاوسەنگی هێزی خەبات بە قازانجی کرێکاران بگۆڕدرێت و بزووتنەوەی کرێکاری خۆی لە بارودۆخێکی گونجاوتردا ببینێتەوە بۆ خۆڕێکخستن و گەیشتن بە ویست و داواکارییەکانی.