ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانان، “ڕاحلە ڕاحمی پوور” بەندکراوی تەمەن ٧٤ ساڵ، کە سەرەڕای تووشبوونی بە جۆرەها نەخۆشی بۆ ماوەی زۆرتر لە دوو ساڵە لە زیندانەکانی ڕژیمدا رادەگیرێت، بە هۆی خراپی دۆخی تەندرووستی، ٥ ڕۆژ مورەخەسی دەرمانی پێ درا.
“ڕاحلە ڕاحمی پوور” چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان، ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٨، هاوکات لەگەڵ چالاکوانانی دیکە لە کۆبوونەوەیەک لە پارکی لالەی تاران دەستبەسەر، و پاشان بە تۆمەتی “ڕێکخستنی کۆبوونەوە و تەبلیغ دژ بە ڕژیم“، حوکمی ٦ ساڵ و ٤ مانگ زیندانی بە سەردا سەپێندرا. ئەو چالاکوانە لە چەند حەفتەی ڕابردوودا لە دۆخێکی خراپی تەندرووستیدا لە زیندان ڕاگیراوە، کە لە ئاکامدا بە هۆی پێداچوونەوەی پارێزەر و چالاکانی مافی مرۆڤ، بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ مورەخەسی دەرمانی پێدراوە.