کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
جیهانهه‌واڵه‌کان

پێبه‌ندبوونی یه‌كێتیی ئۆرووپا به‌ جێبه‌جێ كردنی رێککەوتنى ئەتۆمى ئێران

پێبه‌ندبوونی یه‌كێتیی ئۆرووپا به‌

پێبه‌ندبوونی یه‌كێتیی ئۆرووپا به‌

نوێنەری باڵای سیاسی و ئەمنییه‌تی دەرەوەی یەکێتیی ئۆرووپا، رایگەیاند  یەکێتییەکە لەسەر جێبەجێکردنى تەواوى رێککەوتنى ئەتۆمى ئێران سووره‌ و رێککەوتنى ئەتۆمى لە ئێستادا زیاتر لە هەرکاتێک پێویسترە بۆ ئارامى جیهان.

دوای راگەیاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئێران سەبارەت بە هەڵپەساردنی تەواوی بەڵێنەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ شەش وڵاتەکە، “جۆزێف بۆرەل”، نوێنەری باڵای سیاسی و ئەمنی دەرەوەی یەکێتیی ئۆرووپا پەیامێکی لە تویتەردا بڵاوکردەوە و رایگەیاند: بە نیگەرانییەکی قوڵەوە دەڕواننە لێدوانی حکومەتی تاران بۆ هەڵپەساردنى رێککەوتنى ئەتۆمى. ناوبراو ئاشکراشی کردووه‌،  ئەوان چاوەڕێی پاڵپشتیکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی دەکەن، چونکە جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، زیاتر لە هەرکاتێک پێویسته‌ بۆ ئارامی جیهان و ناوچەکە. ئەو پەیامەى جۆزێف بۆرەل، دواى ئەوە هات كه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌، حکومەتی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە بەهیچ شێوەیەک چیتر پابەندی کۆت و مەرجەکانی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و شەش وڵاتەکە سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانیان نابن. هاوكات ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ١٦ی به‌فرانبار، هەریەکە لە سەرۆکانى بریتانیا، فه‌ڕانسه‌ و ئاڵمان بەیاننامەیەکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان كردووه‌ کە هەمو لایەک هاوسەنگى دۆخى ناوچەکە بپارێزن و رێگە نەدەن توندوتیژییەکان بەرەو زیادبوون بچێت و رێککەتون لەسەر ئارامکردنەوە و سەقامگیرکردنى دۆخى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. لەو بەیاننامەكه‌دا هاتووه‌، “ئێمە داوا لە ئێران دەکەین کە لەو پێوانانە لانەدات کە لەگەڵ رێککەوتە ئەتۆمییەکە یەکناگرێتەوە.” ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ دوای کوشتنی “قاسم سولەیمانی” فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، ئیدارەی تاران رایگەیاند: کە تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی ئەتۆمیی هەڵدەپەسێرن. هاوکات بەهیچ جۆرێک وابەستی بەڵێنەکان نابن سەبارەت بە پیتاندن و کۆگاکردنی ئۆرانیۆمه‌وه‌.