هێرشی بەرینی ئاسمانی بۆسەر پێگەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە باکوری کوردستانی عێڕاق هەروا درێژەی هەیە. دارستانەکانی ناوچەکە لە ئاگردا دەسوتێن و زیانێکی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە، کە بەتایبەت لە وەرزی هاوین و بەهاردا بژیوی ژیانیان لە سروشتی ئەو ناوچەیە دابین دەکەن بەدواوەیە. هەروەها فرۆکە و تۆپخانەی ئەرتەشی تورکیە لە هەمانحاڵدا بۆمبارانی سەنگەری “یەکینەکانی پاراستنی گەل” ناسراو بە ” یه. په. گه” دهكات. یه په گه لە بەرەیەکی بەرین له شهڕی دژی داعشدا بهشداره و دیفاع لە کانتۆنەكانی خۆیان لە “جهزیرە و کۆبانی و عەفرین” دەكهن. بۆمبارانی بنكه و بارهگاكانی پ کا کا سەرەڕای ئهوهیكه ئێستا لهچاو جاران گهلێك بهرینتره، بهڵام رووداوێکی نوێ نییە. دەوڵەتی تورکیە دەمێکە ئاتەش بەسی لەگەڵ پ کا کا بەشێوەیەکی یەک لایەنە شکاندووە و فرۆکە شەڕکەرەکانی لە چەند مانگ لەوەپێشەوە ناوە ناوە بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دهسوڕێنهوه و چەندین جار زنجیرە چیای قەندیل لە باکوری ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کە شوێنی جێگیر بوونی هێزەکانی “پ کا کا”یە بۆمباران کردووە.لەم روەوە بە پێچەوانەی ئەوەیکە هێندێک حێزبی ناسیۆنالیست، کە بەردی دیفاع لە خەڵکی کوردیش لە سینگ دەدەن، دەڵین: ئەوە دەوڵەتی تورکیەیە کە رێكهوتنی ئاتەش بەسی پێشێل كردووه و بە هۆكارگهلێكی سیاسی ئاشكرا، پرۆسهی ئاشتی و وتووێژی وهلا ناوه.
چاوگێڕانێک بەسەر رووداوەکانی یەک ههفتهی رابردوو نیشانهی پیلانی نوێی دەوڵەتی تورکیەیە لەدژی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی خەڵکی کورد لە هەر دوو وڵاتی تورکیە و سوریە:
رۆژی ٢٩ی مانگی پوشپەڕ هێرش دەکرێتە سەر کۆبونەوەی “فیدڕاسیۆنی لاوانی سوسیالیست” لە ناوەندی فەرهەنگی ئامارا لە شاری سنوری “سوروچ” ی تورکیە. لە جەریانی ئەم هێرشە تیرۆریستیەدا ٣٢ کەس لە لاوانێک کە دەیانویست لە رهوتی بنیات نانەوەی کۆبانیدا بەشداری بکەن، گیان بهخت دهكهن. گەلێک نیشانە ههبوون کە ئەم جهنایهته بە هاوکاری نێوان “میت”ی تورکیە و داعش ئەنجام دراوه. ئەم رووداوە جەنایەتکارانەیە شەپۆلێک لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی و نەفەرەتی لە شارەکانی تورکیە بەشوێنەوە بوو. لەم جەریانەدا چەند پۆلیسی تورکیەش کوژران.
دەوڵەتی تورکیە دەرفەتێک بەدەست دێنێ تا كهش و ههوایهكی توندی ئەمنیەتی له سەرتاسەری تورکیە و ناوچە کورد نشینەکاندا بسەپێنێ. لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا سەدان کەس لە چالاکانی سیاسی و چەپ دهستبهسهر دهكرێن. لە هەمانحاڵدا دەوڵەتی تورکیە بە ئامانجی بەلارێدا بردنی رای گشتی و شاردنەوەی مەبەستی راستەقینەی، ژمارەیەک لە کەسانی سەر بە داعشیش دهگرێت و رایدەگەیەنێت کە ئەرتەشی تورکیەش چۆتە بەرەی شەڕ لەدژی داعشەوە. لە ئاڵوگۆڕێکی تردا کۆمەڵێک راپۆرت بڵاو بۆوه كه باس له رێكهوتنی نێوان دەوڵەتانی ئامریکا و تورکیە سەبارەت بە پێكێهنانی پشتێنهیهكی ئهمنیهتی لە نێوان سنوری تورکیە و سوریە بە قوڵایی نزیکەی ٤٠ کیلۆمیتر لەنێو خاکی سوریەدا کە زیاتری دهكهوێته ناوچە کورد نشینەکانی ئەم وڵاتە، دهكات. هاوکات لەگەڵ ئەم روداوانە هێرشی ئاسمانی لەدژی بنكه و بارهگاكانی پ کا کا لە ناوچە سنورییهكان توندتر دەبێتەوە. پایەگاکانی ئەرتەشی تورکیە کە لە ساڵانێک لەوەپێشەوە لە قوڵایی ههرێمی کوردستان جێگیر كراون، بەهێزتر دەکرێن. ئەم بابەتانە نیشانهی ئەوەن کە دەوڵەتی تورکیە لەگەڵ ئەوەدا کە بەشوێن چارەسەر كردنی قەیرانی نێوخۆیهتی، لە هەمانحاڵدا پرۆژەیەکی بەرینیشی لەدژی خەڵکی کوردستان بهدهستهوهیه.
دوژمنایەتی دەوڵەتی تورکیە بەگشتی و حیزبی حاکمی “ئا کە پە” لە دەورەی ئێستادا، دیاردەیەکی نوێ نییە. ئەوەی کە نوێیە، شکستی بەتەواوەتی حیزبی حاکمە لە هەڵبژاردنی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیە و سەرکەوتنی حیزبی “دیموکراتیکی گەلان”ه له چوونه ناو پاڕلمان، لە لایەکەوە و بەرەوپێش چوونی خەباتی رەوا و ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستانی سوریە و خۆڕاگری ژنان و پیاوانی بوێر لە بەرانبەر یەکێک لە دڕندەترین هێزە کۆنەپەرستەکانی ئەم سەردەمەدا، لە لایەکی ترەوەیە. بەڵام بهستێنی شکڵ گرتنی پیلانی نوێی دەوڵەتی تورکیە لەدژی خەڵکی کورد، ئەساسەن دەبێ لە قەیرانی سیاسی حکومەتی ئێستای تورکیەدا بدۆزینەوە. سەرانی حیزبی داد و گەشەپێدان نایانەوێ شکست لە هەڵبژاردنی پارلمانی مانگی جۆزهردانی ئەمساڵدا و سەرکەوتنی حیزبی دیموکراتیکی گەلان، قەبوڵ بکەن. ئەوان ئهو هاوسەنگییه نوێیهی كه پێكهاتووه، تەحەمول ناکەن و لەم روەوە به شێوهی سهركوتگهرانه لە هەوڵی قەرەبوو کردنەوەیدان. دهستبهسهر كردنی سهدان كهس و ئەمنیەتی کردنی كهش و ههوای وڵات، بە بونبەست گەیاندنی ئەو هەوڵانەی کە بۆ بەرەوپێش بردنی ئاشتیخوازانهی مەسەلەی کورد لە تورکیە لە ئارادایە، دوژمنایەتی لەگەڵ دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانی سوریە لە بواری بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا، رێگا خۆش كردن بۆ داگیر کردنی ئەم ناوچەیە لەژێر ناوی دروست کردنی پشتێنهی ئهمنیهتی، زەمینە سازی کردن بۆ قەدەغە کردنی “حیزبی دیموکراتیکی گەلان”، ئهمانه بەگشتی ئاڵقەكانی زنجیرێکن کە قەرارە حیزبی حاکمی “داد و گەشە پێدان”، له بونبەستی سیاسی بۆ پێکهێنانی دەوڵەت دەربێنێ و رێگا بۆ هەڵبژاردنی سەرلەنوێ خۆش بکات. “ئا کە پە” هیوادارە ئەمجارە بە ئەمنیەتی کردنی کەش و هەوای سیاسی تورکیە و لە مەیدان وەدەرنانی فیزیکی رەقیبەکانی، سهركهوتن بهدهست بێنێت. دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکی کورد لە تورکیە و سوریە لە ناوەندی ئەم سیاسەت و جیهەت گیریەی دەوڵەتی تورکیەدایە. حیزبی دهسهڵاتداری “ئا کە پە” دەیەوێ بە تیرێک دوو نیشان بپێكێ. لە لایەکەوە پرۆسەی ئاشتی لە کوردستان بەکردەوە کۆتایی پێبێنێ و لەلایەکی ترەوە دهلاقهیهكی نوێ بۆ دهخاڵەت کردن لە سوریەدا بەرووی خۆیدا بکاتەوە.
ئەم هەڵبژاردنەی دوایی له توركیه نیشانیدا کە بەرەوپێش چوونی رهوتی ئاشتی، خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری تورکیەدا پەرە پێدەدات و هاوسەنگی هێز بە زەرەری حێزبی دهسهڵاتدار دەگۆڕێت. چەسپاندنی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانی سوریەش راستەوخۆ هاوسەنگی هێز لە خودی تورکیەدا بەزیانی دەوڵەتی ناوەندی دەگۆڕێ و بەرەی خەباتی ئازادیخوازانە و رادیکاڵ لە سەرجەم ناوچەکەدا بەهێز دەکات و هەڵبەت هیچکام لەمانە بە دڵی حیزبی دهسهڵاتدار لە تورکیە نییە.