له‌م ڕۆژانه‌دا شایه‌دی ڕوودانی یه‌كێك له گه‌وره‌ترین ڕووداوه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و چینایه‌تی له ئێرانین. مانگرتنی سه‌رتاسه‌ریی كرێكارانی په‌یمانیی سه‌نعه‌تی نه‌وتی ئێران كه له ڕێكه‌وتی ٢٩ی مانگی جۆزه‌ردانی ١٤٠٠ی هه‌تاوی به مانگرتنی كرێكارانی په‌یمانیی شیركه‌تی فه‌راب له وزه‌خانه‌ی بیدخوونی عه‌سه‌لوویه ده‌ستپێكرد، بۆ ٤مین حه‌فته‌ی به‌رده‌وام هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه. هه‌تا ئێستا كرێكارانی ١٠٥ شیركه‌ت و ناوه‌ندی كرێكاری له ١٩ ئۆستانی ئێران به جه‌معییه‌تی پتر له ١٠٠ هه‌زار كرێكاره‌وه به‌م مانگرتنه په‌یوه‌ست بوون. ئه‌م ئاماره به‌رده‌وام له حاڵی زیاد بوون دایه.
له درێژه‌ی هه‌ڵمه‌تی پشتیوانی له كرێكارانی مانگرتوو، كۆمه‌ڵێك له خوێندكارانی سه‌رتاسه‌ری ئێرانیش ڕۆژی شه‌ممه به بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یانییه‌یه‌ك كه هه‌تا ئێستا له لایه‌ن ٥٠٠ خوێندكاری زانكۆكانی ئێرانه‌وه واژۆ كراوه، وێڕای ده‌ربڕینی پشتیوانی له كرێكارانی مانگرتووی سه‌نعه‌تی نه‌وت به ته‌ئكیدی دووباره له‌سه‌ر خواسته سه‌ره‌كییه‌كانیان، نووسییان: “ئێمه خوێندكاران داخوازییه‌كانی وه‌ك كۆنتڕۆڵی په‌ره‌سه‌ندنی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری خسووسی سازی و په‌یمانكاری، مافی هه‌بوونی ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆ، زیاد كردنی حه‌قده‌سته‌كان به‌پێی واقعییه‌تی ژیان، دانی سه‌ری وه‌ختی حه‌قده‌سته‌كان به كرێكاران، باشتر كردنی باروودۆخی كار، مه‌حكووم كردنی ده‌ركردنی كرێكاران و گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ سه‌ر كار، مه‌حكووم كردنی هه‌ڵسووكه‌وتی قه‌زایی له‌گه‌ڵ كرێكارانی ناڕازی به بێعه‌داڵه‌تی، پێكهێنانی ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی كاتی و زاڵمانه، به‌هرمه‌ند بوون له مافی گشتیی مه‌سكه‌ن، ئیمكاناتی فێركردن، پێداویستی ده‌رمانی و ڕێفاهی، به به‌رحه‌ق و وه‌دیهێنانیان به زه‌رووره‌تێكی خێرا و حاشاهه‌ڵنه‌گر ده‌زانین.”
ئه‌مجۆره پشتیوانییانه هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه و كرێكاران به‌رده‌وام به خۆڕاگرییه‌كی شایانی ستایشه‌وه له‌سه‌ر دابین كردنی گشت خواسته‌كانیان پێداگری ده‌كه‌ن. به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا په‌یمانكاران و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تیش بێكار دانه‌نیشتوون و به‌رده‌وام ده‌ستیان داوه‌ته ڕێكخستنی پیلانگێڕی بۆ به‌لاڕێدابردن و تێكشكاندنی ئه‌م مانگرتنه. “شۆرای ڕێكخستنی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی په‌یمانی” كه له هاوئاهه‌نگ كردنی ئه‌م مانگرتنه‌دا ڕۆڵ ده‌بینێ، له به‌یانییه‌كانی خۆیدا به‌رده‌وام سه‌باره‌ت به‌م مه‌ترسییه هۆشداری داوه و هاوكات هه‌وڵیشی داوه جه‌ماوه‌ری كرێكار بۆ پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی پیلانگێڕییه‌كان ئاماده بكات.
بۆ نموونه ئه‌گه‌رچی كرێكارانی ڕه‌سمی سه‌نعه‌تی نه‌وت و پێترۆشیمی هه‌تا ئێستا به‌م مانگرتنه په‌یوه‌ست نه‌بوون، به‌ڵام شۆرای ڕێكخستنی مانگرتن كه له‌ڕاستیدا وته‌بێژی وشیاری كرێكارانی مانگرتوویه، له به‌یانییه‌كانی خۆیدا به مه‌به‌ستی ته‌ئكید له‌سه‌ر یه‌كگرتوویی چینایه‌تیی كرێكاران و پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ناكۆكینانهوهی ده‌وڵه‌ت، هێندێك له خواستی كرێكارانی ڕه‌سمیشی تێكه‌ڵاوی خواستی كرێكارانی په‌یمانی كردووه.
هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا “كۆمیته‌ی دیفاع له كرێكارانی مانگرتوو” كه له لایه‌ن هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری ناوخۆوه پێكهاتووه، له به‌یانییه‌ی ژماره دووی خۆیدا نووسیویه‌تی: “خاوهنكاران و ده‌وڵه‌تی پشتیوانیان بۆ تێكشكاندنی مانگرتن، گه‌لێك هه‌وڵی جیدییان خستووه‌ته ده‌ستووری كاری خۆیانه‌وه كه بریتین له پێكهێنانی ناوه‌ند و ڕێكخراوی به‌ڕواڵه‌ت كرێكاری به‌ڵام ماهییه‌تدا دژه كرێكار، لابردنی كرێكاران له شیركه‌تێك و دامه‌زراندنیان له شیركه‌تێكی دیكه به‌ئامانجی پچڕاندنی په‌یوه‌ندیی نێوان كرێكاران و كه‌ڵك وه‌رگرتن له تاكتیكی وه‌ك ڕۆژمزدی كردنی كرێكاران و گه‌لێك فڕوفێڵی دیكه بۆ تێكشكاندنی مانگرتنه‌كه‌یان“. له‌م به‌یانییه‌یه‌دا داوا له كرێكاران كراوه تا به‌ره‌و پێكهێنانی “ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆ له ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نكار” هه‌نگاو هه‌ڵگرن، چونكه ئاستی ڕێكخراوبوونی كرێكاران له‌گه‌ڵ توانای دانوستان به‌رامبه‌ر به ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نكار، په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه.
هه‌روه‌ها به پێی ڕاپۆرته‌كان، شیركه‌ته په‌یمانكارییه‌كان له ڕێگه‌ی به بارمته گرتنی حه‌قده‌ست و مافی كرێكاران هه‌وڵ ده‌ده‌ن كرێكاران بگه‌ڕێننه‌وه سه‌ر كار. سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵی كرێكاری باس له دواخرانی حه‌قده‌ستی چه‌ند مانگی ڕابردووی كرێكارانی په‌یمانی له هێندێك له شیركه‌ته‌كان ده‌كه‌ن و ناوی ٣٤ شیركه‌تیان بڵاو كردووه‌ته‌وه كه له‌م ڕێگه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن مانگرتنی كرێكاران تێكبشكێنن. “شۆرای ڕێكخستنی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی په‌یمانی“یش ڕۆژی دووشه‌ممه له به‌یانییه‌یه‌كدا، وه‌ك نموونه‌یه‌ك له‌م شیركه‌تانه ئاماژه‌ی به شیركه‌تی “ئابادراهان كه‌وسه‌ر” كردووه كه حه‌قده‌ستی مانگی جۆزه‌ردانی كرێكارانی مانگرتووی خۆی نه‌داوه. ئه‌م شۆرایه ته‌ئكیدی كردووه كه نابێ ڕێگه بدرێت خاوهنكاران حه‌قده‌ستی كرێكاران به بارمته بگرن و له‌م ڕێگه‌وه كرێكاران ناچار به گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر كار بكه‌ن.
یه‌كێك له كرێكارانی جۆشكاری چالاك له‌م كه‌مپه‌ینه‌دا، سه‌باره‌ت به تاكتیكی دووبه‌ره‌كی نانه‌وه‌ی ڕژیم بۆ تێكشكاندنی مانگرتن ده‌ڵێ: “ده‌یانهه‌وێ ئیداره‌ی كاری ناوچه‌ی تایبه‌تی ئابووری بكه‌نه شۆرای ئیسلامیی كار تا مه‌سه‌له‌ن له كرێكاران “دیفاع” بكه‌ن. به‌ڕاستی پێكهنینییه. به‌ته‌مان ئیداره‌ی كاره‌كه‌یان بكه‌نه شۆرای ئیسلامی و ناویشی ده‌نێن ڕێكخراوی كرێكاری. به‌ڕاستی ٤٠ هه‌زار حه‌راسه‌تیان به‌س نییه كه ئێستا پێویستیان به شۆرای ئیسلامیشه. شۆرای ئیسلامی بۆ ئێمه نابێته وڵام، خواسته‌كانمان وه‌دی بێنن.”
خواستی كرێكارانی په‌یمانیی نه‌وت و پێترۆشیمی له ناوه‌رۆكی واقعیی خۆیدا، خواستی گشت چینی كرێكاری ئێرانه. بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی حه‌قده‌ست، هێنانه‌خواره‌وه‌ی سه‌عاتی كار، ئیمه‌نی شوێنی كار، ئاسایشی شوێنی ژیان، ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی، مافی پێكهێنانی ڕێكخراو، پێدانی سه‌ری وه‌ختی حه‌قده‌سته‌كان و هیتر كه له لایه‌ن كرێكارانی مانگرتووه‌وه به وردی باسی لێكراوه، له زومره‌ی ئه‌و خواستانه‌ن كه كرێكارانی سه‌رتاسه‌ری ئێران بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتنیان به‌رده‌وام خه‌باتیان كردووه و خه‌باتیش ده‌كه‌ن. ئێستا ده‌رفه‌تێكی یه‌كجار به‌بایه‌خه بۆ ئه‌وه‌یكه خه‌باتێك كه تا دۆینێ به‌شێوه‌ی پڕژوبڵاو له‌ئارادا بووه له ده‌وری ئه‌م خواسته گشتییانه یه‌كگرتوو بێت. بێگومان بوونی هه‌ر ئه‌م ئیمكانه واقعییه‌یه كه خاوهنكاران و ده‌وڵه‌تی بۆ ڕاگرتنی ڕه‌وتی ڕوو له گه‌شه‌ی ئه‌م مانگرتنه، وه‌جمووجۆڵ خستووه.