حکومەتی تازە بەدەسەڵات گەیشتوی کرێکاری میراتگری وێرانیەکانی شەڕی ئهمپڕیالیستی، پیشەسازی وێران بوو، کەشاوەرزی خەسار دیتوو، قاتوقڕی و برسیەتی سەرتاسەری و هەژاری و فەلاکەتی لە ڕادەبەدەر و بێ وێنەی بەجێماو لە حکومەتی تزاری بوو. سێ ساڵی سەرەتای دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری، کرێکاران و زەحمەتکێشان بە تەحەمول کردنی کۆمەڵێک دژواری کەم وێنە، بە فیداکاری و هیوا بە ڕزگاری، حکومەتی کرێکارییان لە قەیرانی مەرگ و ژیان ڕزگار کرد. لە بەرەی نێوخۆییدا باهۆزەکان هێور بوونەوە، بەڵام لە بەری خەباتی نێونەتەوەییدا هیوا بە نزیک بوونەوەی روودانی شۆڕشی کرێکاری لە وڵاتانی سەنعەتیدا بە تایبەت لە ئاڵمان کز بوو.
خەبات بۆ بنیاد نانی بینای سوسیالیزم و بۆ بینای ئابووریەکی سۆسیالیستی لە کۆمەڵگای شۆڕەویدا چووە دەستوری کاری حیزبی بولشویک و دەوڵەتی کرێکاریەوە. قسە و باس و جەدەلێکی زۆر سەبارەت بە ئۆلگوی ئابووری سۆسیالیستی، شێوازی دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ خۆڕاگرییە شاراوەکانی دژی شۆڕشی بۆرژوایی نێوخۆ و گوشارە ئیمپڕیالیستیەکان لە ئاستی جیهانیدا دەستی پێکرد. کێشە سەبارەت بە شێوازەکانی بە سەنعەتی کردنی کۆمەڵگای ڕووسییه و چلۆنایەتی بەرز کردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی لە عەینی پوچەڵ کردنەوەی خۆڕاگری وەرزێرە دەوڵەمەندەکان، کێشە لەسەر نەفسی ئیمکان پەزیر بوونی بینای سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا، لە گرنگ ترین کێشمەکێشەکانی ئەو دەورەیە بوو.
لەم کێشمەکێشانەدا بە داخەوە هیچکام لە باڵەکان و فڕاکسیۆنەکانی نێو حیزبی بولشویک نەیانتوانی کامڵ بوونی شۆڕشی کرێکار و بنیادنانی ئابووری سۆسیالیستی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چینی کرێکار نوێنەرایەتی بكهن و لە گۆڕەپانی کردەوەی واقعیدا دەسەڵاتی سیاسی بەدەست هاتوویان بە قیمەتی دوور کەوتنەوە لە ئاڕمانە سەرەتاییەکان پاراست. لە غیابی ئۆلگوی ئابووری سۆسیالیستیدا ئەمجار، ئەوە بۆرژوازی برینداری ڕووسییه بوو کە ئیمکانی دەستەبەر بوونی ئاواتە دێرینەکانی لە بە دەستەوە گرتنی سوکانی حیزب و دەوڵەت و ناوەندە شۆڕشگێڕەکاندا ئەبینی. کاتێک دەوڵەتی تازەکاری کرێکاری لە شۆڕەوی بێتوانایی خۆی لە پێشکەش کردنی ئۆلگوی ئابووری سۆسیالیستی لەم وڵاتەدا دەرخست، ئەوە بۆرژوازی ڕووسییه بوو کە لە ناوەندە نوێیەکاندا ئەو زەرفیەتەی دۆزیبۆوە کە بە بەکارهێنانیان دەیتوانی خۆی لە بونبەست ڕزگار بکات و ئاواتی دیرینەی واتە بونیادنانی ڕووسییهیەکی پیشەسازی و بەهێز لە بەرانبەر زل هێزە سەرمایەداریە ئیمپڕیالیستیەکانی ئەو سەردەمدا دەستەبەر بکات. ئهو ڕهوته ناوبانگی سۆسیالیزم و ئیعتیباری کۆمەڵایەتیەکەی، نفوزی حیزبی بولشویک کە بەرهەمی ڕێبەریی سەرکەوتوانەی شۆڕشێکی کرێکاری بوو بەگشتی بە لێزانی و وەستایەتی خسته خزمەت ناسیۆنالیزمی مەزن خوازی روسەوە.
باڵی زاڵ لە حیزبی کومونیستدا، لە ساڵەکانی سەرەتای سەدەی ٢٠ ئەو سیاسەتانەی کە دەورەیەک بۆ پاراستنی دەسەڵات لەدەست چینی کرێکاردا وەک پاشەکشەیەکی ئاگاهانە بۆ ئامادەکاری هێرشی دواتر باسی لێدەکرا، تا ئاستی بنەمایەک بردە سەر و لەو فەزیلەتێکی ئەبەدی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات دروست کرد. بەجێگای بەدواداچوونی ئاڕمانی ڕزگاری بهخشی سۆسیالیستی، هەڵوەشاندنەوەی مالیکیەتی خوسوسی، هەڵوەشاندنەوەی کاری موزدی، بهجێگای پێكهێنانی ڕیفاهی مادی لە ژیانی خەڵکدا، بهجێگای دامەزراندنی کۆمەڵگایەک پێکهاتو لە ئینسانی ئازاد و یەکسان و بەدوور لە بێ مافی، سوکایەتی و ستەم، بەکردەوە بوژاندنەوەی ڕواڵەتی نەتەوەی روسی کردە ئامانجی خۆی. نیاز بە قەرەبوی دواکەوتو مانەوەی پیشەسازی، نیاز به زیاد بوونی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ دامەزرانی بینای سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا، ئهمانه بە گشتی بوونە سیاسەتی بە کردەیی بۆ بوژاندنهوهی دەسەڵات و عەزەمەتی ئیمپڕاتۆڕیەتی ڕووسییه. و بەم جۆرە ڕێگای بوونی ڕووسییه بە زل هێزێکی نیزامی و پیشەسازی خۆش کرا.
لەژێر وەها بارودۆخێکدا ئامانجی شۆڕشی کرێکاری لە ویترینەکاندا مایەوە و سۆسیالیزم و کومونیزم و ماڕکسیزم بوونە ئامرازی ڕازاندنەوە و پاساودانی ئەم ڕەوتە دژی شۆڕش و دژی کرێکاریە. یەکێتی سۆڤیەت و حیزبی کومونیستی ئەو وڵاتە لە کۆتاییەکانی دەیەی ٢٠ دا ئیتر بەگشتی پێیان نایە نێو ڕێگای سەرمایەدایەوە و بەرە بەرە سەرمایەداری موتەمەرکزی دەوڵەتی لەژێر ناوی سۆسیالیزمدا شکڵی گرت و وەک دێوەزمە خۆیدا بەسەر ژیان و چارەنووسی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ژێر ستەمی شۆڕەویدا.
هێزی کار و دەسەڵاتی داهێنەرانەی بە ملیۆن ئینسان، لەژێر سیستمێکی موتەمەرکزی دەوڵەتیدا بۆ پەیگیری ئەم ڕیسالەتە مێژووییەی بۆرژوازی ڕووسییه کەوتە جۆڵە و لە ساڵەکانی دەیەی ٣٠ لە حاڵێکدا دنیای سەرمایەداری لە رۆژئاوا لە داوی قەیرانێکی دژواری ئابووریدا گیری خواردبوو، ئیتحادی شۆڕەوی بووە خاوەنی بانترین نرخی گەشەی ئابووری و غولێکی بەهێزی پیشەسازی نوێ وهها دهوڵهتێك لە سەرودەمی شەڕی جیهانی دووهەمدا بە گۆشت و پێست و خوێن و ئارەقی کرێکاران و زەحمەتکێشانی یەکێتی سۆڤیەت پێی نایە نێو گۆڕەپانی ڕقابەتە نێونەتەوەییەکانی سەرمایەداریەوە.
بەڵام زەمانەتی بەرەوپێش چوونی ئەم ڕەوتە زاڵمانە و سەرمایەدارانەیە پێویستی بە شێوازی حکومەتی و ساختاری سیاسی جیاواز تر لەوەی کە کرێکاران و زەحمەتکێشان چاوەڕێیان دەکرد هەبوو. دیکتاتۆڕی حیزبی جێگای دیکتاتۆڕی چینایهتی گرتەوە و لەنێو خۆی حیزبیشدا ئەو باڵەی کە توانیبووی ڕەقیبە حیزبیەکانی سەرکوت بکات و لە مەیدان بیانکاتە دەرەوە، وەک نوێنەری چینی کرێکار، خۆی بەسەر هەموو کۆمەڵگادا سهپاند و بەم جۆرە بۆ بێدەنگ ڕاگرتنی کرێکاران و خەڵکی ناڕازی لە شۆڕەوی و لە ئاکامیدا دابین کردنی ئەمنیەتی سەرمایەداری دەوڵەتی لە بەدواداچوونی ئامانج و ئاواتەکانیدا سیستمێکی دیکتاتۆڕی و بێڕەحمانەی دامەزراند و بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ ڕێگهی نەدا بچوکترین دەنگی ناڕەزایەتی بەرز بێتەوە و هیچ هێزێک لە قاڵبی ئوپوزسیوندا شکڵ بگرێت. خەڵکی کۆمەڵگای شۆڕەوی و لە سەرویانەوە کرێکاران ئەم سیستمە حکومەتیەیان بە گشتی بێگانە بە خۆیان دەزانی. سەرانی حیزب و دەوڵەت کە نفوز و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان لە دەست دابوو بۆ مانەوەیان لەم پێگەیەدا بروکراسیەکی ئالۆز، و سازمانێکی ئەمنیەتی مەترسیداریان دروست کرد و تەنیا بە پشت بەستن بە شێوازی توندوتیژ و بێڕەحمانە و ڕێکخراوی بروکراتیکی دەوڵەتیەکەیان توانیان حکومەت بکەن و سوڵتەی خۆیان بپارێزن.
هەم سەرکەوتن و هەم پرۆسەی شکستی شۆڕشی کرێکاری لە ڕوسیە هەڵگری کۆمەڵێک دەرسی بە نرخە کە دەتوانێ مەسیری خەباتی چینایەتی و شۆڕشی کرێکاری لە ئێران و دنیا لە هەموو بوارەکانی خەباتدا لەدژی بەڕبەڕیەتی زاڵ بەسەر بەشەریەتی ئەمرۆدا، درێژە پێبدات و بە پشت بەستن بە هێزی وشیاری و تەشەکول، ڕێگای گەیشتن بە سۆسیالیزم خۆش و کورت تر بکاتەوە.