کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پیرۆز بێت یاد و بیرەوەری شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ ی ڕووسییه‌ بەشی یەکەم

252

سبەینێ چوارشەممە ٧ ی نوامبر بەرانبەر لەگەڵ ١٦ ی خەزەڵوەر ساڵیادی شۆڕشی کرێکاری روسیەیە. ١٠١ ساڵ لەوە پێش لە وەها رۆژێکدا لە حاڵێکدا کە شەڕی جیهانی یەکەم کە لە لایەن هێزە ئیمپڕیالیستیەکانی ڕەقیب بەشەریەتی بەرەورووی بەڕبەڕیەتێکی نوێ کردبۆوە، چینی کرێکار و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش لە روسیە لەژێر ڕێىەریی و سازماندەهی حێزبی بلشوێک لە درێژەی نزیک بە دوو دەیەخەباتی دژوار و خوێناویدا توانیان نە تەنیا ئیستبدادی تیزاری، بەڵکو دەزگای دەوڵەتی و سیاسی سەرمایەداری زاڵ بەسەر وڵاتدا بروخێنن و حاکمیەتی کرێکاران و خەڵکی ئازار چەشتو و ستەم دیتو دابمەزرێنن.

رۆژی ٧ ی نوامبری ساڵی ١٩١٧ لە گەرماوگەرمی شەڕی جیهانی یەکەمدا، حیزبی بلشویکی روسیە بە هەست کردن بە ڕەوتی روو لە گەشەی شۆڕش لەم وڵاتەدا، ئاخێزی گەورەی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیتوی روسیەی ڕێىەری کرد و چینی کرێکاری روسیە لە ئاخێزێکی سەرکەوتوانەدا حکومەتی بۆرژوایی ئەو وڵاتەی رووخاند و دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە گرت. کرێکارانی روسیە ڕایانگەیاندبوو کە ڕێگای دەرچوون لە دوزەخی شەڕ، شۆڕشە و لە ڕاستیشدا شۆڕشی کرێکاری روسیە لە هەمان رۆژی یەکەمەوە بە فەرمانی ئاشتی ، ڕێگای ڕزگار بوونی لە دۆزەخی شەڕی بە ده‌ركردنی رووی خەڵکی روسیەدا کردەوە.

شۆڕشی ئۆکتۆبر، شۆرشی ئۆردوی چەوساوەکان لەدژی نیزامی کۆیلەداری موزدی سەرمایەداری، شۆڕشی بەشێک لە چینی کرێکاری جیهانی بوو کە چەرخەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگای ئینسانی بە دەستی بەتوانای خۆی هەڵدەسوراند، و لە عەینی حاڵدا سەرجەم مەینەتی و ناهەمواریەکان لەسەر شانی ئەو قورسایی دەکرد.

شۆڕشی ١٩١٧ ی روسیە بۆ دووهەمین جار لە مێژودا و دوای کومونی پاریس لە ساڵی ١٨٧١، وەک یەکەم شۆڕشی کرێکاری بە دروشمی” هەموو دەسەڵات لەدەست شوڕاکاندا” چینی کرێکاری ئەم وڵاتەی لە سەروی دەسەڵاتی سیاسی دانا. حکومەتی شوڕاکان، بە خێڕایی مالیکەیەتی خوسوسی بەسەر زەویدا هەڵوەشاندەوە و زەوی مالیکەکان و دەوڵەت و کلیسای کردە مڵکی گشتی و خستیە ئیختیار هەمو زەحمەتکێشانەوە. حاکمیەتی شوڕایی کرێکاران بە خێرایی یەکسانی کاملی ژنان و پیاوانی لە گشت بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەدا کردە یاسایی. مەزهەبی بە تەواوەتی لە دەوڵەت جیا کردوە و دەستی کلیسای لە کاروباری دەوڵەتی و لەوانە دخاڵەتی لە ئاموزش و پەروەرش کورت کردەوە. شورشی كرێكاری مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکانی لە روسیە دەستەبەر کرد.

ئەم شۆڕشە و سیاسەتە کارساز و پێشڕەوەکانی چینی کرێکاری روسیە، کاریگەریەکی قوڵی لەسەر خەباتی ڕزگاری بەخشی خەڵکی ژێر ستەم هەبوو وە خوی بەڵگەیەکی زیندو بوو سەبارەت بەوەی کە ئەم چینە هیج چەشنە بەرژەوەندیەکی لە مانەوەی هیچ چه‌شنه‌ ستەم و نایەکسانیدا نییە و شێلگیر ترین پێشڕەوی ڕێگای ڕزگارییە لە سەرجەم ستەم و نایەکسانیەکان. لەم روەوە ڕێزگرتن لە شۆڕشی کرێکاری روسیە تەنیا تایبەت بە کرێکارانی وشیار و کومونیست نییە؛ بەڵکو جێگای خۆیەتی کە هەموو جەماوەری ژێر ستەم و ئینسانە ئازادی خواز و شەڕافەت مەندەکان، دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە بە سەرکەوتنی ئاڕمانەکانی خۆیان بزانن و دەستەبەر بوونی ئامانجی دادپەروەرانەی خۆیان لە سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاریدا ببینن.

ڕاستە شۆڕشی کرێکاری لە روسیە روویدا بەڵام ئاڕمان و ئامانجەکانی ئەم شۆڕشە جیهانی بوو. لە حیزبی بلشوێک، ڕێبەر و سازماندەری شۆڕشی ئۆکتۆبردا، دەیان شۆڕشگێڕ و ماڕکسیستی ئوروپایی و تەنانەت ئاسیایی و لەم نێوانەدا لەوانە خەباتگێڕانێک لە بزوتنەوەی شٶڕشگێڕانە و کومونیستی ئەو سەردەمی ئێرانیش لە ڕێبەری و هیدایەت کردنی ئەم شۆڕشە گەورە شکۆدارەدا بەشداریان کرد.

لە جەریانی ئەم شۆڕشەدا بۆ یەکەمجار لە مێژوی دنیادا، به‌ش مه‌ینه‌تانی وڵاتێک، چەوسێنەرانیان لە دەسەڵلات وەلا نا و کۆنترۆڵی چەرخی چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە گرت. بڵێسەکانی ئەم شۆرشە خێراتر لەوەی کە بیری لێ دەکرایەوە سه‌رتاسه‌ری کۆمەڵگای روسیەی گرتەوە. شوڕاکانی خەڵک لە هەموو شوێنێك پێکهاتن، کرێکارانی شۆڕشگێڕ و پێشڕەو لە نێوخۆی ئەم شوڕایانەدا دەنگ و پشتیوانی زۆربەی خەڵکی روسیە بە تایبەت سەربازان و وەرزێرانی هەژاریان دەستەبەر کرد و بە پشت بەستن بەو، دەسەڵاتی سیاسیان بەدەستەوە گرت. خسڵەتی دیموکراتیک و ڕادیکاڵی شوڕاکان بە خێرایی ئەوی وەک ناوەندێکی حاکمیەت لە بەرانبەر ناوەندە ڕەسمیەکانی دەوڵەتی تیزاریدا دانا.

ئەم شۆڕشە گورزێکی به‌هێزی لە نیزامی جیهانی سەرمایەداری وەشاند، لە لایەکه‌وه‌ دیکەوە قین و نەفرەتی سەرجەم سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان و توند ترین کاردانەوەی قین لە دڵانەیانی هەڵخڕاند و لە لایەکی دیکەوە شەپۆلی بەهێزی ئازادیخوازان و عەداڵەت تەڵەبانی لە سەرتاسەری گۆی زەوی خسته‌ ڕێگا. کاریگەری شۆڕشی کرێکاری ١٩١٧ی روسیە لە دنیادا بە ڕادەیەک بوو کە بۆرژوازی روژئاوا لە ترسی دووپات بوونەوەی ئەم شۆڕشە، دەستی دایە کۆمەڵێک ڕیفۆڕمی وەک ئاسایی کردنی مافی دەنگدانی گشتی بۆ سەرجەم هاووڵاتییان لەوانە ژنان، ڕاگەیاندنی بە خۆڕایی بوونی ئاموزش و پەروەرش بۆ گشت منداڵان، پەسند کردنی مافی بیمە و خانەنشینی بۆ بە ساڵاچوان و کەم کردنەوەی ساعاتی کاری رۆژانە بۆ ٨ کاتژمێر لە رۆژێکدا.