کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

پچڕانی بەردەوامی کارەبا، نیشانەیەکی دیکەی ناکارامەیی ڕژیمی دەسەڵاتداری ئێران

p09jdmky

هاوکات لەگەڵ هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، زۆرێک لە شارەکانی ئێران لەگەڵ کێشەی پچڕانی بەربڵاوی کارەبا بەرەوڕوو بوونەتەوە و پچڕانی کارەبا لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران هەروا بەردەوامە. ئەگەرچی بڕیار بوو لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە بڕینی کارەبا بەپێی خشتەیەکی پێشوەختە دیاریکراو ڕووبدات بۆ ئەوەی خەڵک خۆیان ئامادە بکەن بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ لێکەوتەکانی، بەڵام خشتە ڕاگەیەندراوەکان کار ناکەن و بڕینی کارەبا بەبێ پلان ڕوودەدات و خەڵک غافڵگیر دەکەن. ئەو ڕاپۆرتانەی لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێرانەوە بەدەست گەیشتوون، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە، ١٣ پارێزگای ئێران بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک و هەندێکجاریش تەواوی ڕۆژەکە، لەگەڵ پچڕانی کارەبا بەرەوڕوو بوونەتەوە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانە ڕۆژی هەینی لە هەندێک لە ناوچەکانی تاران بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر کارەبا بڕاوە. بەڵام زیانەکانی پچڕانی کارەبا، تەنها هاوڵاتیان ناگرێتەوە، بەڵکوو کار و چالاکی زۆرێک لە پیشەسازی و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری پەکیان کەوتووە. بۆ نموونە پیشەسازی فوولاد، بە کردەوە داخراوە. پیشەسازییەکانی پارێزگای یەزد، باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ پچڕانی هەر سەعاتێک کارەبا، بە ملیاردها دۆلار زیانیان پێدەگات. واتە بۆ هەر سەعاتێک نەبوونی کارەبا، پڕۆسەی بەرهەمهێنان ٢٠% کەم دەبێتەوە. ئیلنا، ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆماری ئیسلامی لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەم بابەتە نووسیویەتی: سەرەتا بڕیار وابوو کە هەفتەی جارێک کارەبای پیشەسازییەکان ببڕدرێت، دواتر بوو بە دوو ڕۆژ لە هەفتەیەکدا. پچڕانی کارەبا نەک هەر گڵۆپی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کوژاندەوە، بەڵکوو شەپۆلێک لە ناڕەزایی لە ناوەندە پیشەسازییەکانی یەزددا، دروستکردووە.

دەوڵەتی ڕەئیسی بەهۆی ترس لە ڕاپەڕینی جەماوەر، دابینکردنی کارەبای ماڵانی کردبوو بە ئەولەویەتی یەکەم و پیشەسازییەکان لە پلەی دووەمدا بوون. لە ئاکامی ئەم سیاسەتەدا بۆ نموونە لە خۆراسانی ڕەزەوی، پچڕانی کارەبا لە کەرتی پیشەسازیدا  گەیشتووەتە ٣ هێندەی ساڵی ڕابردوو و ڕۆژ و نیوێک لە هەفتەیەکدا، هەروەها کەرتی کشتوکاڵیش ٧ ڕۆژ لە هەفتەدا نەبوونی کارەبا ئەزموون دەکات. ئەڵبەتە واقیعییەت ئەوەیە کە سەرەڕای گرتنەبەری ئەو سیاسەتە، دابینکردنی کارەبای ماڵانیش زۆر باشتر نەبووە لە کەرتی پیشەسازی. بۆ نموونه پچڕانی کارەبای ماڵان لەوانە لە شاری تاران، بەشێوەیەکی مامناوەند گەیشتووەتە پێنج کاتژمێر له ڕۆژێکدا. زیانە ماددییەکانی پچڕانی کارەبای سەرتاسەری وڵات، بە پلەی یەکەم بەر چینە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا دەکەوێت. دەوڵەمەندەکان بە بەکارهێنانی مۆلیدەکان کە بە ئاسانی گازۆیلیان بۆ دابین دەکرێت، لە کارەبای ٢٤ سەعاتە بەهرەمەندن. پچڕانی بەردەوامی کارەبا، جگە لە لەکارکەوتنی ئامێرەکانی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوە، گەلێک کێشە و لێکەوتەی نەخوازراویشی بۆ خەڵک دروستکردووە. بۆ نموونە ئاو ناگاتە زۆرێک لە باڵەخانەکانی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران کە بە پۆمپ کار دەکەن و پچڕانی کارەبا بە واتای پچڕانی ئاوی لوولەکەشی دێت. هەروەها پچڕانی کارەبا دەبێتە هۆی کوژانەوەی ئامێرە پزیشکییەکان و لە کاتێکدا کە سیستەمی کارەبای فریاگوزاری نەخۆشخانەکان، بە باشی کار ناکەن، پچڕانی کارەبا گیانی زۆر نەخۆش لە نەخۆشخانەکان دەخاتە مەترسییەوە. پچڕانی کارەبا بۆتە هۆی لەکارکەوتنی هێڵی بەرهەمهێنان لە کارگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و بەشێکی زۆر لەو ناوەندانە داخراون. داخرانی ئەو ناوەندانە دەبێتە هۆی بێکاریی کرێکاران و بەم شێوەیەش زۆرترین زیانی پچڕانی کارەبا لە ئاستی ئێراندا، بەر کرێکاران دەکەوێت.

ساڵانێکە کاربەدەستانی ڕێژیم نەک هەر باس لە چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا دەکەن، بەڵکوو قسە لە زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی دەکەن. واقیعییەت ئەوەیە کە هەموو پێداویستیەکانی دابینکردنی کارەبای پێویست بۆ هەر مەبەستێک لەم وڵاتەدا بەردەستە. ئێران خۆی لەسەر دەریایەک لە سەرچاوە سروشتییەکانی وزە لەوانە (نەوت و گاز) هەڵکەوتووە. بەڵام دەبینین کە یەکێکە لە دواکەوتووترین وڵاتەکانی ناوچەکە لەڕووی بەرهەمهێنانی کارەباوە. پچڕانی بەردەوامی کارەبا، نیشانەیەکی دیکەی بێتوانایی ڕێژیمە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات. نەبوونی کارەبا و پچڕانی بەردەوامی، لە وڵاتێکدا کە خاوەنی دووەم یان سێیەمین یەدەگی گازە لە جیهاندا و ڕۆژانە بەشێکی بە بێ بەکارهێنان دەسوتێنێت، بە ئاسانی دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. بەمەرجێک دەسەڵات لە چەوسێنەران و ستەمکاران و دزەکان وەربگیرێتەوە و ڕادەستی خاوەنانی ئەسڵی وڵات بکرێت.